سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

حیزبی کوردیی بەبێ دیدگای نیشتمانی و بنەمای نەتەوەیی!

دلێر محەمەد نوری

حیزبەکانی باشوور بە تایبەتی و پارچەکانی دیکەش بەگشتی دەیانەوێ وامان لێ بگەیێنن کە ئێمەی حیزب یاخود منی سەرۆک، واتا کوردستان و نیشتمان و نەتەوەی کورد. بێ ئاگا لەوەی کە تۆ هەرچەند بە ژمارەی چەکدار و ئەندام و ژمارەی کورسی پەرلەمانیش گەورە بیت، دواجار گرووپێکی بچووکی ناو نەتەوەکی گەورەی خۆتی، چونکە جیاوازی نێوان حیزب و نەتەوە ئەمەمان پێ دەڵێت.

نەتەوەی کورد واتا ئەو هاوبەشییانەی کە کوردەکان پێکەوەیان دەبەستێتەوە لە ڕێگەی کولتوور و زمان و مێژوو و دابونەریت و ناسنامەوە. لەکاتێکدا نەتەوەی کورد زیاتر ئەوە دەگەیێنێت ئێمەی کورد کێیین، حیزبی سیاسی کۆمەلێک مرۆڤن کە له دەوری  ڕێکخراوێکی سیاسی کۆبوونەتەوە، لەبەرئەوەی خاوەن بیروڕا و ئامانجی سیاسی تایبەت بە خۆیانن و دەخوازن کۆمەڵگە لەو ڕێگایەوە بەڕێوەبەرن. جا لە ڕێگەی سیاسەت و هەڵبژاردنەوە یاخود کودەتا و شۆڕش دژی داگیرکەران. پارتی سیاسی زیاتر لە خەمی ئەوەدایە چۆن لە داهاتوودا یاخود لە دوای لەناوبردنی هەژموونی داگیرکەر، کۆمەڵگە بەڕێوە ببات.

بە کورتی نەتەوە ناسنامە یان هەستی بەیەکدی بوونە و حیزبی سیاسیش بیروڕای سیاسی و هەوڵی دەسەڵات بە دەست خستنە.

ئەگەر لە ڕوانگەی ئەوەی کە تا ئێرە گوتراوە، تەماشای حیزبەکانی باشوور بکەین، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە حیزبەکانی باشوور خاوەن کورتترین دیدگا نیشتمانییەکان و بنەما نەتەوەییەکانن! بۆچی؟

چونکە ئەگەر لەبەر تیشکی مێژوو و ئەو کارەساتانەی بە سەر نەتەوەی کورد و کوردستان دا هاتووە، تەماشای ئەم مەسەلەیە بکەین، ئەوە دەتوانین کە دیدگا نیشتمانییەکانی کوردستان و بنەما نەتەوەییەکانی کورد، بەم جۆرەی لای خوارەوە پێناسە بکەین.

دیدگا نیشتمانییەکانی کوردستان، ئەو وێنە گشتییە هاوبەشەیە کە هەموو کوردستانییەک بۆ داهاتووی وڵاتەکەی/دەوڵەتەکە/هەرێمەکەی دەیخوازێت یان دەشێ بیخوازێت!

ئەم دیدگایانە خۆی لە خەونی سەربەخۆبوون و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئاراستەی داهاتووی کوردستان دا دەبینێتەوە، یاخود دەشێ ببینێتەوە.

من لێرەدا قسەم لە سەر کاتی گونجاوی  بڕیاردان لە سەربەخۆیی نییە، هێندەی گرنگی خودی چەمکە گشتییەکە و خەونە ئەبەدییەکەی سەربەخۆیی خەڵکی کوردستانە.

هاونیشتمانییانی کوردستان دەشێ دیدگایەکی نیشتمانییان هەبێت بۆ داهاتووی کوردستان کە خۆی لە دادپەروەری و ئاسایش و خۆخاوەنداریدا ببینێتەوە.

 بە کورتی دیدگای نیشتمانی واتا ئێمەی کوردستانیان چی بە ئاوات دەخوازین بۆ داهاتووی کوردستان یاخود دەشێ چی بە ئاوات بخوازین؟

ئەگەر لە ڕستەی کۆتایی هەندێ لەو بڕگانەی سەرەوە وردببنەوە کە بە پرسیاری دەشێ؟ کۆتاییم بە بڕگەکان هێناوە. هەڵبەتە ئەمەم بە مەبەست کردووە. خودی ئەم مەبەستەش، دەکرێ بەم جۆرەی خوارەوە ڕوونی بکەمەوە.

گەلی کوردستان تەنها لەم سەد ساڵەی کۆتایی بە هەموو شێوەیەک لە لایەن داگیرکەری بێگانە بە خاکەکەی، ستەمی لێ کراوە. گەلێک هەمیشە لە شۆڕشی توندی چەکداری  و خوێناوی و ڕکەبەرێتی سیاسی بووە دژی نەک یەک بەڵکوو چوار داگیرکەر. بە ڕای ئێوە دەشێ دیدگای نیشتمانی بۆ داهاتوو کەمتر لە سەربەخۆیی بوون چ مانایەک ببەخشێ؟

دواجار قەبارەی قوربانی و زیان و درێژی ساڵانی خەباتە کە بڕیاری قەبارەی قەرەبووەکان و داخوازییەکانی قوربانیدەر دەداتەوە. ئاخۆ دەبێ قەرەبووی ئەو هەموو ماڵوێرانی و خوێنە ڕژاوە بە درێژایی سەدەیەک لە لایەن چوار داگیرکەرەوە، چی بێ جگە لە سەربەخۆیی بوون؟

بەڵام ئەگەر تاکەکانی ئەم نەتەوە لە ژێر کاریگەری هەر ئایدۆلۆجیایەک، سەرکردەیەک، یان سوودوەرگرتنی ماڵی لە هەر لایەک یاخود بە هەر هۆکارێکی دیکە لەم دیدگایە لایاندا و بە ئاستەم چوونە خزمەت ئەجێندایەک کە دژ بەم دیدگایە بوو، ئەوە خیانەتە لە مەسەله مەزنەکە. ئیتر با هەزار و یەک مکیاج و جوانکاری بۆ ئەم هەنگاوە یان ئەو هەڵوێستەش بکەین.

یەکێ لە هۆکارە سەرەکییەکانی لادان لە دیدگای نیشتمانی نەبوون یان ئاشنا نەبوونە بە بنەما نەتەوەییەکان کە ئێستا دێینە سەر باسکردن و پێناسەکردنیان.

بە ڕای من بنەما و پرنسیپه نەتەوەییەکان، ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە دیدگا نیشتمانییەکەوە، بە جۆرێک لادان لە پرنسیپی نەتەوەیی، دوورمان دەخاتەوە لە دیدگا نیشتمانییەکە. جا با بێینە سەر پێناسەکردنی بنەما و پرنسیپە نەتەوەییەکانی کورد.

بنەما نەتەوەییەکانی کورد، خۆی لەو بەها نەتەوەییە بنەڕەتیانە و ئەو ڕێگا و ڕێسایانە دەبینێتەوە کە دەمانگەیێننە ئامانجە سەرەکییەکەی نەتەوەی کورد کە سەربەخۆیی کوردستانی گەورەیە. جا سەرەکیترین ئەو بنەما یان پرنسیپانەی نەتەوەی کورد دەشێ، گیانی دیموکراتیزە بوون و عەقڵی ئازادیخوازانە و برایەتی و یەکسانی ڕاستەقینەی کوردانی هەر چوار پارچەی لێکدابڕاو و سەرجەم چین و توێژ و ئایینزا جیاواز و تیرە و بنەماڵە جیاوازەکان و زۆر بنەمای دیکەش بێت. بەڵام لە هەموو ئەمانە گرنگتر خیانەت نەکردنە لە هیچ کام لەم بنەمایانە و زیان نەگەیاندنە بە یەکتری و بگرە هاوکاری کردن و پاڵپشتی کردنی یەکتریشە لە تەنگانەدا.

بە کورتی بنەما و پرنسیپەکانی نەتەوەی کورد لەو بەها نەتەوەییانە پێک هاتووە کە ڕێگای گەیشتن بە سەربەخۆییمان بۆ ئاسان دەکەن. بە جۆرێک هەر لادانێک لەم بنەمایانە لێدانە لە دیدگا نەتەوەییەکە و دواجار لێدانە لە خەونی سەربەخۆیی بوون.

زۆر بە کورتی دیدگای نیشتمانیی کوردستان واتا خەونی داهاتووی سەربەخۆییە. بەڵام بنەما و پرنسیپەکانی نەتەوەی کورد، ڕێکارە بنەڕەتییەکان و بەها نەتەوەییەکانن کە ڕێگای سەربەخۆیی بوونمان نزیک دەخەنەوە.

ئەگەر ئەمڕۆی حیزبەکانی باشووری کوردستان و هەڵسوکەوت و ڕەفتاری سی ساڵەی کۆتاییان چاو لێ بکەین، دەبینین بە گشتی سەرجەمی حیزبەکان هەموو ئەو بنەما نەتەوەییانەیان پێشێل کردووە، خیانەتیان لە هەر هەموویان کردووە، بۆیە زۆر لە دیدگای نیشتمانی بۆ سەربەخۆیی بوون بە گشتی  دوورکەوتوونەتەوە و مەسەلە نەتەوەییەکانیش لە چوار چێوەی عێراق دا پاشەکشەی زۆری کردووە.

گەر ورتر تەماشای وێنەکە بکەین دەبینین پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامی و حیزبی سۆسیالیست و حیزبی شیوعی و حیزبی زەحمەتکێشان و هەندێک حیزبی بچووکتر، بوون بە جێگرەوەی ڕژێمی سەددام، بە تایبەتی لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک. بەڵام  بێ کاریگەریش نەبوون لە کەرکووک و موسڵ و دیالە. ئەم باڵا دەستییەی کورد لە باشوور کەوتۆتە  نێوان ساڵانی دوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١و تاوەکو ئەمڕۆ.

جا با ئەم چەند پرسیارە لە خۆمان بکەین:

یەکەم، بەدرێژایی ٣٠ ساڵی ڕابردوو، چەند خولی شەڕی براکوژی لە نێوان ئەم حیزبانە ڕووی داوە؟ کە دەکرا لە بری شەڕی خۆکوژی، توانا مرۆیی و ماڵییەکان یەکبخرێن و زەخیرە و تەقەمەنییەکان هەڵبگیرێن بۆ ڕۆژی ڕەش دژی داگیرکەر نەک دژ بە براکان. سەرباری هەموو ئەمانەش زۆر بیباکانە توانا سەربەزییەکانی ئێرانیشیان بەکارهێنا دژی یەکتری و گاردی کۆماری سەددامیشیان پەلکێشی سەر یەکتری کرد. لێرەدا دەپرسم ئەمانە لە کوێی بنەما و پرنسیپە نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان دا جێگەیان دەبێتەوە؟

دووەم، چەند نیمچە حیزبی دیکە لە هەر یەک لەم حیزبانە جیابوونەتەوە و پارچە پارچە بوون و بوون بە دوژمنی یەکتری؟ لە جێی ئەوەی یەکبگرن و خەڵکی لە دەوری بەها و بنەما و پرنسیپە جێگیرەکان کۆبکەنەوە و ململانێی سیاسییانەی شەریفانە لەگەڵ یەک بکەن، دیسان لە پێناو هەمان ئەو بنەمایانەدا.

سێیەم، لە درێژەی ٣٠ ساڵی ڕابردوو چەندەها ملیار دۆلار سەروەت و سامانی ژێرزەوی و سەرزەوی بە هەدەر دران و چوونە گیرفانی بنەماڵە سیاسییەکان؟ لە بری ئەوەی لە جێگەیەک و دەستێکی ئەمیندا هەڵبگیرێن یاخود وەبەرهێنانی گەورەتری پێ بکرێ، لە پێناو خودبژێوی و بازرگانی و ئاڵوگۆڕی نێوخۆیی و هەناردەکردنی دەرەکی.

چوارەم، داخۆ ئەم حیزبانە چییان بۆ خەباتی براکانیان لە باکوور و ڕۆژاڤاو و ڕۆژهەڵات کردووە؟ داخۆ بێ لایەنییان هەڵبژاردووە یاخود بوون بە لایەنگر و یاریدەدەری داگیرکەر دژ بە براکان؟ گەر بۆ نموونەی زیندووش بگەڕێین ئەوا دەتوانین لە کۆماری مەهاباد و جەنگی خومەینی لە سەرەتای هەشتاکان دژ بە کوردانی ڕۆژهەڵات و لێدانی دیموکرات لە کۆیە و ئابڵووقەی سەر ڕۆژاڤاا و جێهێشتنی شەنگال و کەرکووک ئەو بێباکیانە ببینین کە هەتا ئەمڕۆ بەردەوامە. جگە لەمەش نەک هەر بە خیانەتکردن لە براکان نەوەستاون بگرە دەست تێوەردانیشیان لە خەباتی بەشەکانی دیکەی کردەوە و دەیکەن.

پێنجەم، داخۆ لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس چەند توانیوویانە یەکڕیز و یەکدەست و یەکهەڵوێست بن لە بەرانبەر بەغدا؟ داخۆ دابەشبوونیان بە سەر بەرەی عەرەبی سوننە و تورکمان و عەرەبی شیعە، دژ بە یەکتری لە بەغدا لە کوێی ئەو پرنسیپە نەتەوەییانەی کوردستان دا جێیان دەبێتەوە؟ چ گاڵتەجاڕییەکە دوو حیزبی سەرەکی لە بەغدا وەکوو دوو دوژمن لە باوەشی داگیرکەر سەنگەر لە یەکتری بگرن.

شەشەم، لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوو، چییان کردووە بۆ پەروەردەکردنی نەوەیەکی کوردپەروەر نەک سەرکردە و حیزب پەروەر؟ چ جۆرە سیستەمێکی پەروەردەیی و نیشتماندۆستی و ژینگەدۆستی و ڕووناکبیریی و بیر فراوانیان بەرهەم هێناوە؟ یاخود هەر لایەک و ئایدۆلۆجیای خۆی خزاندۆتە مێشک و هزری کۆمەڵێکەوە و لە جێی پرنسیپ و‌ بنەما نەتەوەییە هاوبەشەکان، لە سەر پرنسیپ‌ و بنەمای تەسکی ئادیۆلۆجی و بنەماڵەیی و تاکپەرستی پەروەردەیان کردوون.

حەفتەم، هەر لە درێژەی ئەو خاڵەی پێشوودا، ئێمە لە باشوور خاوەن حیزبگەلێکین کە هەڵگری ئایدیۆلۆجیای جیاوازن، هەر لە چەپ و سۆسیال دیموکرات و ئیسلامی تا دەگاتە حیزبی موحافیزکار و بنەماڵەیی و هەتا حیزب و بزاوتی گۆڕانخوازی بێ فیکر و ئایدیا. داخۆ کام حیزبی ئیسلامی توانیوێتی بنەما نەتەوەییەکان پێش ئایدۆلۆجیای ئایینی خۆی بخات. داخۆ سۆسیال دیموکراتەکان توانیویان کاریگەریی لەسەر سۆسیال دیموکراتەکانی دنیا دابنێن لە خزمەتی گەلی کوردستان. یاخود چ بنەمایەکی سۆسیال دیموکراتیان خستۆتە خزمەتی بنەما نەتەوایەتییەکانی کورد لە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی و ئازادیدا؟ داخۆ حیزبە موحافیزکار و بنەماڵییەکان خۆیان کردووە بە قوربانی بنەما نەتەوەییەکان یاخود بە پێچەوانەوە هەموو موقەدەراتی وڵاتیان خستۆتە خزمەتی حیزب و بنەماڵەوە؟

 من چی لە حیزبی کۆمۆنیستی بکەم کە باوەڕی بە یەکسانی ڕەهای مرۆڤەکان هەبێ بەڵام باوەڕی بە سنوورێک و کیانێکی نەتەوەیی بۆ نەتەوەکەی خۆی نەبێ؟ من چی لە ئیسلامییەک بکەم کە ئامادە بێ خوێن بۆ غەززە بدات بەڵام جولانی کۆنە داعشی لە مەزلووم عەبدی پێ ڕەواتر بێ. من چی لە حیزبێکی تەمەن ٧٠ ساڵە بکەم کە تازە بە تازە لە کەرکووک هاوپەیمانی شۆڤێنی و تەعریبچی و بەرەی تورکیایە دژ بە خەڵکانی خۆی لە کەرکووک. من چی لە حیزبێکی ٥٠ ساڵە  بکەم کە تازە بە تازە بە نیازە لە هاوپەیمانی شیعەکاندا یان ڕەیانی دژەکورد دا کورسییەکی سارد و سڕی بێ کەڵکی بەغدا له براکەی بباتەوە.

ئەگەر له دەیان وتاردا خاڵە نەرێنییەکانی ڕەفتار و کردەوەکانی حیزبەکانی باشوور بنووسینەوە کۆتاییان نایەت، بەڵام ئەوەی زۆر بە ئاسانی دەتوانی لە یەک خاڵدا کۆییان بکەینەوە ئەوەیە، کە حیزبەکانی باشوور خاوەنی هیچ دیدگایەکی نیشتمانی نین و تاکە بنەمایەکی نەتەوەییشیان پێ نەماوە تا لە دیدگای نیشتمانییانەی کۆمەڵگەی کوردەواریمان نزیک بکەنەوە.  هەڵبەتە ئەم بۆچوونە کەم و زۆر بۆ خەبات و حیزبەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش هەر ڕاستە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO