ڕەنج نەوزاد
پاش چەندين ساڵ لە هاوپەيمانێتی و پشتگيری لەیەکدی کردن لە زۆربەی پرسەکان، سعوديە و ئيمارات لەسەر پرسی یەمەن ناکۆکی دروست دەبێت لە نێوانياندا. چەند ڕۆژێک پێش ئێستا بۆ یەکەم جار سعوديە بە فەرمی ئيماراتی تۆمەتبار کرد بە هاوکاری و ناردنی چەک بۆ دەسەڵاتی باشووری یەمەن.
لە سەردەمی ئەوەی پێی دەڵێن “بەهاری عەرەبی”، هەردوو دەوڵەت لەسەر زۆربەی پرسەکان هاوڕا بوون و بەیەکەوە کاريان دەکرد، بەڵام ئەو کاتيش لەسەر پرسی یەمەن جۆرێک لە ناکۆکی و جياوازی لە بۆچوون و سياسەت هەبوو لە نێوانيادا. چەقی ململانێکە لە یەمەن دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری ئەوەی، لای سعودييە هەژموونی ئێران هەڕەشەی یەکەمە و ئيسلامی سياسی دووەم، لای ئيمارات هەڕەشەی یەکەم و سەرەکی ئيسلامی سياسييە و ئێران دووەم. لە یەمەن، سعودييە ئامادەیە نەرمی بنوێنێت لەگەڵ ئيخوان و ئيسلامی سياسی لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی حوسییەکان و هەژموونی ئێران. لە بەرانبەردا ئيمارات ئامادەیە نەرمی بنوێنێت بەرانبەر بە ئێران لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی ئيخوانییەکان لە هەر فۆرمێکدا بن.
ئيمارات، لە یەمەن، پشتگيری حکومەتێک، یان ميليشيایەک دەکات بە ناوی “ئەنجوومەنی کاتیی لە باشوور”، سعوديە پشتگيری حکومەتی فەرمی یەمەن، کە پێی دەڵێن “شەرعی”، دەکات. لەناو حکومەتی شەرعی ئيخوانییەکان بوونیان هەیە، ئەمە ئيمارات نيگەران دەکات. ئەنجوومەنی کاتیی لە باشوور دژە ئيخوانە.
هۆکارێکی تر ئەوەیە، ئيمارات پێی وایە کۆمەڵێک دەوڵەتی وەک یەمەن و سوودان و سۆماڵ و ليبيا، تا ڕادەیەک سوورياش، نابنە دەوڵەتی ڕاستەقينە و پێويستە دابەش بکرێن، ئيتر بە دروستبوونی دەوڵەتی نوێ و فەرمی، یان دەوڵەت و هەرێمی ديفاکتۆ بێت، ئەگەر نا، ئيسلامی سياسی و ئيخوان دۆخەکە دەقۆزنەوە و دەگەنە دەسەڵات.ئەمە بۆ کورد گرنگە کە ئاگاداری بێت چونکە ئیمارات تاکە دەوڵەتی عەرەبییە کە زۆر گوێ بە دابەشبوونی وڵاتە عەرەبییەکان نەدات ئەگەر بەرژەوەندییەکانی بێنە دی.
نەخشەی دابەشبوونی هێز لە یەمەن؟
یەمەن لە ڕووی جوگرافييەوە بە یەکێک لە گرنگترين وڵاتەکانی جيهان دادەنرێت. کەنار دەریاکانی دەڕوانێتە سەر دەریای عەرەب و کەنداوی عەدەن (بەشێکن لە ئۆقيانووسی هيندی)، هەروەها دەوڵەتی سەرەکييە لەسەر بابولمەندەب و دەڕوانێتە سەر دەريای سوور. واتە ڕێگای سەرەکی نێوان ئاسيا و ئەوروپا. دەکرێت بگوترێت ٩٩٪ی گرنگی کەناڵی سوێسی ميسری، بۆ ئەو ڕێگایە دەگەڕێتەوە.
ئەنجوومەنی کاتیی لە باشوور، بە پشتگيری ئيمارات دەوروبەری ٥٢٪ی خاکی یەمەنی لەژێر کۆنتڕۆڵە. ئەم ناوچەیە هەر چەند لە ڕووی دانيشتوانەوە زۆرينەی یەمەنييەکان لەخۆناگرێت، بەڵام لە ڕووی سامانی سروشتی و بەندەر و کەنارەکانی دەريا، گرنگترينە. دەوروبەری ٧٠٪ی کەنار دەريای یەمەن، تەواوی کەناری وڵاتەکە لەسەر دەريای عەرەب و کەنداوی عەدەن، دەکەوێتە ئەم ناوچەیە، هاوکات لە ڕێگەی شاری “لحج”ـەوە دەڕوانێتە سەر بابولمەندەب. شارە گرنگەکانی وەک عەدەن و حەزرەمۆت، کە گەورەترين شاری یەمەنـە لە ڕووی ڕووبەرەوە، لەژێر دەسەڵاتی ئەو حکومەتە “پڕۆئيمارات”يیەیە. لە ماوەی مانگی ڕابوردوو، ئەنجوومەنی کاتیی بە هاوکاری ئيمارات پێشڕەوییەکی گەورەی ئەنجامدا، توانی هەردوو شاری حەزرەمۆت و ئەلمەهرە بگرێت، واتە گەيشتە ڕۆژهەڵات و باکوری یەمەن کە هاوسنوورە لەگەڵ عومان و سعودييە. هەرچەند حکومەتەکە وەک ناو تايبەتە بە باشووری یەمەن، بەڵام وەک جوگرافيا زۆر فراوانترە.
حووسييەکان بە پشتگيریی ئێران نزيکەی ٣٥٪ی یەمەن، بە سەنعای پايتەختەوە، لەژێر کۆنتڕۆڵە، ئەم ناوچەیە لە ڕووی دانيشتووانەوە زۆريینەی یەمەنييەکان لەخۆدەگرێت.
حکومەتی فەرمی، یان شەرعی، بە پشتگيریی سعودييە تەنيا ١٠-١٢٪ی ڕووبەری یەمەنی بەدەستە، ئەوەش بە شێوەیەکی پچڕ پچڕ و دابڕاو لە یەکدی. هەر دوێنێ ئەم حکومەتە داوای کرد ئيمارات هەموو هێزەکانی بکشێنێتەوە لە یەمەن. هێزەکانی سەر بە ئيمارات، تا ڕادەیەک دەتوانن حکومەتی شەرعی و حووسی گەمارۆ بدەن.
سعودييە دەيەوێت هەموو یەمەن یەک بخات و لەژێر دەسەڵاتی شەرعی بێت. ئيمارات پێی وایە ئەم پلانە واقعی نييە، دەچێتە سوودی ئيخوان یان ئێران. چونکە دەسەڵاتی شەرعی، کە ئيخوانەکانيش لە خۆدەگرێت، بێئەندازە گەندەڵ و لاواز و بێئيرادە و شکستخواردووە. بۆیە وادیارە ئيمارات هەوڵی ئەوە دەدات بەشێک لە یەمەن بکاتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، ئەو بەشەی کە لە ژێر دەسەڵاتی ئەنجوومەنی کاتييە، دەوڵەتێک کە دژی ئيسلامی سياسی و ئێران بێت و پڕۆئيمارات بێت. سعودييە ئەمە بە هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر ئاسايشی نەتەوەیی خۆی دەبینێت و بە شکستێکی ستراتيجی دادەنێت، چونکە پاش پێشڕەوييەکانی ئەنجوومەنی کاتیی، بەشێکی گەورەی ڕووبەری ژێر دەسەڵاتی هاوسنووری سعوديەـیە. هاوکات ساڵانێکی زۆرە سعودييە سەرقاڵی پرسی یەمەنە و وزە و داهاتێکی گەورەی لەو وڵاتە خەرج کردووە، نایەوێت بەو شکستە گەورەیە لێی دەربچێت.
جارێ ڕوون نييە ئایا دەگەنە ڕێککەوتنێکی دياريکراو، یاخود دەسەڵاتی باشووری یەمەن سەربەخۆیی ڕادەگەیەنێت و ململانێکە قووڵتر دەبێتەوە. یاخود سعودييە ئەو واقیعە قبوڵ دەکات بەو مەرجەی ئەنجوومەنی کاتیی لە هەردوو شارەکانی حەزرەمۆت و ئەلمەهرە بکشێنەوە، چونکە کێشەکە هەر چەند کۆنە، بەڵام بە هۆی گرتنی شاری حەزرەمۆت تەقييەوە.
دوێنێ بۆ یەکەمجار، سعودييە بە فڕۆکە هێرشێکی سنوورداری ئەنجامدا دژی ئەو چەک و هاوکارييە سەربازييانەی کە لە “ئيمارات”ـەوە گەيشتبوونە یەمەن. پاشان بە بەياننامەی فەرمی ئيماراتی تۆمەتبار کرد. پێش هێرشەکە ئاگاداری بڵاوکرایەوە، بۆ ئەوەی هيچ ئيماراتييەک پێوە نەبێت و کێشەکە قووڵ نەبێتەوە. بۆیە زیاتر وەک پەيامێک بوو کە سعوديە بە تەواوی نيگەرانە لە سياسەتەکانی شێخ محەمەد بن زايد، سەرۆکی ئیمارات.
بە گشتی، وڵاتانی کەنداو، زۆربەی کات ناکۆکی و ململانێيان هەبووە، بەڵام هەڕەشەکان یەکيان دەخات. بۆ نموونە، لە سەردەمی جەمال عەبدول ناسر، ئیمارات و سعودیە بەیەکەوە دژی تەوژمی ناسيوناليستی پان-عەرەبی دەجوڵانەوە، ئەو کات هاوکاری ئيخوانەکانيان دەکرد دژ بە ناسر. پاشان بە یەکەوە دژی تەوژمی سۆسياليستی و سۆڤيەت بوون. لە بەهاری عەرەبی، ئيمارات و سعوديە بەیەکەوە دژی ئەو تەوژمە ڕۆڵێکی مێژووییان بينی و ناوچەکەیان پاراست لە تەوژمێکی ئیخوانیی-ئيسلامیی کە خەريک بوو دەسەڵاتی زۆربەی وڵاتەکانی ناوچەکە بگرێتە دەست. هاوکات، هەر تەوژمێکی ديموکراسی هەبێت، یەک دەگرن لە دژی.
جگە لەو شێوازی دەسەڵاتەی کە لەکەنداو هەیە، هەموو پڕۆژەیەکی سیاسی و ئايدۆلۆجیایەکی دينی و ڕاست و چەپ ڕەت دەکەنەوە. بێ گومان، ئەگەر بە پێوەری ڕۆژئاوایی هەڵسەنگاندن نەکەين، ئەو سياسەتە ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە گەشە و سەقامگيری کەنداو. بۆیە، بە دڵنياییەوە ئەم شێوازە لە دەسەڵات زۆر باشترە لە تيرۆر و دیکتاتۆرییەت و گەندەڵ و چەپ و ڕاست و ئیسلامی. قەتەر هەر چەند لەناوخۆ هەمان سياسەتی ئيمارات و سعودييە پەيڕەو دەکات، بەو مانایەی، هەموو جووڵەیەکی ئيسلامی سياسی و ئايدۆلۆجی و ديموکراسی و پڕۆژەی سياسی و ڕيفۆرم ڕەت دەکاتەوە، بەڵام لە سياسەتی دەرەوە هەموو ئەوانە بەکاردەهێنێت دژی ئيمارات و سعوديە.
ئيسرائيل بە دڵنيایەوە لەگەڵ پڕۆژەکانی ئيماراتە، ئاستی هاوڕایی ئيمارات و ئيسرائيل، بۆ زۆر پرسی سياسی لە ناوچەکە، بەرزەترە لە ئاستی هاوڕایی ئيسرائيل و ئەمريکا. ئەو جۆرە ساردی و نيگەرانیەی سعوديە بەرانبەر بە ئيسرائيل هەیەتی لە ئێستادا، هۆکارەکەی بۆ غەززە ناگەڕێتەوە، غەززە وەک هەميشە هەر پاساوە و هيچی تر، بەڵکوو هۆکارەکەی ئەو نزيکایەتییەی “ئيمارات و ئيسرائيل”ـە لەسەر ئەو بابەتانە.
لە “سوودان و سۆماڵ”يش، ئيمارات و سعودييە ناکۆکی جديان هەیە، بەڵام جارێ نەبووە بەياننامەی فەرمی. پێش ماوەیەک سعوديە هەنگاوی توندی دژ بە “هێزەکانی پشتيوانی خێرا” (قوات سریعة التدخل) لە سوودان گرتەبەر، کە ئيمارات پشگيريان دەکات. هەر پاش ماوەیەکی کورت، ئيمارات لە سۆماليلاند و یەمەن (بە گرتنی حەزرەمۆت) وەڵامی سعوديەی دایەوە. محەمەد بن سەلمان، شازادەی سعودیە، باش تێگەيشت لەو وەڵامە، بۆیە دوێنێ بە بەياننامەی فەرمی ئيماراتی تۆمەتبار کرد و هێرشێکی سەربازيشی ئەنجامدا دژ بە هاوکارييە سەربازييەکانی ئيمارات لە یەمەن. ئەو هەنگاوە ڕاستەوخۆ مانای ئەوە بوو کە محەمەد بن سەلمان، پێی وایە محەمەد بن زايد هەموو سنوورەکانی تێپەڕاندووە و بێزاری سعوديە و نيگەرانييەکەی گەيشتووەتە لوتکە.
ئيسرائيل لە یەمەن و سۆماليلاند بە تەواوی لەگەڵ ئيماراتە. ماوەیەکە ئيمارات دەيەوێت ئيسرائيل لە سوودانيش خۆی یەک لابکاتەوە و پشتيوانی “هێزەکانی پشتیوانی خێرا” بکات. چونکە لە سوودان، هەردوو بەرەکە، پەيوەندييان ئاساییە لەگەڵ ئيسرائيل، ئيسرائيل پێشنياری کرد هەردوو بەرەکە لە تەل ئەبیب دانيشن و ڕێک بکەون. ئيمارات دەيەوێت ئيسرائيل لەوێش پشتگيری یەک لایەن بکات و دژی لایەنەکەی تر بجوڵێنەوە کە سوپای سوودانـە. ئەگەر زۆرە ئيسرائيل ئەو هەنگاوە بنێت. لە ئێستادا هەرێمی دارفور، ناڕاستەوخۆ، لە ژێر هەژموونی تەواوەتی ئيماراتە. ئەمەش بۆ کورد گرنگە کە ئاوڕی لێ بداتەوە و دیراسەی بکات.
لە غەززە، کە ميدياکان ئاماژەی پێ ناکەن، ئيمارات جموجوڵێکی گەورەی کردووە. لە ئێستادا نزيکەی ٦٥٪ی غەززە، نەک ٥٣٪ وەک لە ڕێککەوتنەکە هەیە، وەک سەربازگەی ئيسرائيلە، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەکشێت، ئەوەی ماوەتەوە ئۆردۆگایەکی گەورەیە و نزيکەی ٢ مليۆن کەسی تیایە، پاشماوەکانی حەماس لەوێن، ژیان لەو ئۆردۆگایە بە تەواوی پەيوەستە بە ڕەزامەندی ئيسرائيل. لەو ناوچەیی غەززە کە بووە بە سەربازگەی ئيسرائيل، هاوکات لە ئۆردۆگا گەورەکەش، ٥-٦ ميليشيای چەکدار دروست بوونە، واتە بە “حەماس”ـەوە، نزيکەی ٧ ميليشيا هەیە لە غەززە. ميليشياکانی دژ بە حەماس ناوچەی زیاتريان بەدەستە، چونکە لە زۆنی ئيسرائيل چالاکن و بارەگایان هەیە، لەناو ئۆردۆگا گەورەکەش ئامادەییەکی بەهێزيان هەیە. ئيمارات پەيوەندی دروست کردووە لەگەڵ ئەو ٥-٦ ميلشيایەی غەززە کە دژە “حەماس”ن. لە غەززە، تەنيا ئيمارات ئازادە لە کارکردن و ناردنی هاوکاری و دروستکردنی هەندێک پڕۆژەی مرۆیی. جگە لەو، ئيسرائيل ئەو ئازادييەی بە هيچ وڵات و ڕێکخراوێکی تر نەداوە.
لە “ئەسيوپیا و سووريا و لوبنان”يش ئەگەری زۆرە سيماکانی هاوپەيمانێتی ئيسرائيل و ئيمارات دەربکەون.
کێشەی سەرەکی ئيمارات ئەوەیە، بە پێچەوانەی ئيسرائيل، توانای جەنگ و شەڕی ڕاستەوخۆی زۆر کەمە، زیاتر بە چەتەی کۆڵۆمبی و شيلی و ئەفريقی شەڕ دەکات. ئەوەش هۆکاری زۆرە، مەسەلەکە چەک نييە، لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابووری و مێژوویی و ژێرخانەوە ئیماراتییەکان ئامادەی جەنگ نين. قەتەر و ئەوانی تريش بە هەمان شێوە. لە کاتێکدا ئيسرائيل پرسی ئاسایش ئاراستەی دەکات و بە جەنگ دروست بووە و ماوەتەوە، ئابووری و پەروەردە و حکومەت و ژێرخان و پيشەسازی هەمووی لەسەر بنەمای جەنگ بنياتنراوە، بەو مانایەیی هەموو کات ئامادەیە بچێتە جەنگەوە. بۆیە، ئيمارات پێويستييەکی زۆری بە ئيسرائيل هەیە. هەرچەند ئيسرائيل ناچێتە هاوپەيمانێتی سەربازييەوە لەگەڵ ئیمارات بە شێوەی فەرمی، بەڵام دەکرێت هاوکارييەکی گەورەی بکات لە چەندين ڕووەوە، هاوکات ئيسرائيليش پێويستييەکی گرنگی بە توانا دارایی و بەرهەمهێنییەکانی ئيمارات هەیە.
سەرکردایەتی کورد لە باشوور و ڕۆژاڤا، پێويستە بە وردييەوە بڕواننە ئەو هاوکێشەیە. سياسەتی بەرەی ئيسرائيل و ئيمارات بە گشتی لە بەرژەوەندی کوردە، لە زیانی هەر چوار داگيرکەرەکەی کوردستانە. ڕاستە هەر یەک لە ئيسرائيل و ئيمارات بە شێوەیەکی جياواز ململانێی بەرەی تورکيا و ئێران دەکەن، ئيسرائيل ڕاستەوخۆتر و توندتر، بەڵام بە گشتی ئەم بەرەیە، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، لە ململانێدایە لەگەڵ بەرەی ئێران هەروەها هی تورکيا، کە عێراق و سوورياش دەگرێتەوە (ئيسلامی سياسی سوننی و شيعی). یەکێک لە ئامانج و ويستەکانی ئيمارات و ئيسرائيل لە ناوچەکە بريتييە لە لاوازکردنی ناوەندەکان، ناوەندی ئەو دەوڵەتانەی کە دژ، یان نەیاری ئيمارات و ئيسرائيل-ن، یاخود ئەو وڵاتانەی کە دەکەونە دۆخێکی ناسەقامگير و زەمينەسازی هەیە بۆ دابەشکردن و لاوازکردنی ناوەندەکانيان.
بۆ نموونە، یەکێک لە سيما ديارەکانی دەستتێوەردان و سياسەتی ئەم بەرەیە، چ هەردووکيان بە یەکەوە، یان یەکێکيان، لە سووريا و ليبيا و یەمەن و سۆماڵ و سوودان، بريتييە لە لاوازکردنی ناوەندەکانی ئەو دەوڵەتانە. ئەمە دەکرێت لە زیانی دەوڵەتەکان بێت، بەڵام لە بەرژەوەندی پێکهاتە و کەمينەکانی ناوچەکەیە، وەک کورد. بۆ نموونە یەکێک لە هۆکارە سەرەکييەکانی دروستبوونی هەرێمی کوردستان و قەوارەی ڕۆژاڤای کوردستان، بريتی بوو لە کەوتن و لاوازبوونی بەغدا و ديمەشق وەک ناوەند. ئەگەر ئەمە لە ئێران و تورکياش ڕووبدات، دەکرێت دوو قەوارەی کوردی دی لە دايک ببن، ئەمەش دەکرێت زەمينەیەک بڕەخسێنێت بەرەو سەربەخۆیی.
لەوانەیە کارێکی قوورس و سەرکێشيانە بێت ئەگەر سەرکردایەتی کورد بە ئاشکرا پشتگيری سياسەتی ئيمارات-ئيسرائيل بکات، بەڵام تێگەيشتن لە هاوکێشەکە و دابەشبوونی هێز لەناوچەکە دەروازەیەکی گرنگە بۆ قۆستنەوەی بۆ بەرژەوەندی کوردستانیان. بە تايبەت، لە هەندێک پرس، بۆ نموونە، لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەرەی ئێران، ئەمريکا و سعوديەش لەگەڵ بەرەی ئيسرائيل-ئيماراتن، واتە ئەم بەرەیە پشتيوانی ئەمريکاشی هەیە کە زەمينە دەڕەخسێنێت کورد نزيکی ببێتەوە و سوودی لێ ببينێت.



