سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

وانەکانی کارەساتەکەی چەمچەماڵ، نیشتمانسازی لە لێقەوماندا

نەوید قادری

کەم کەس هەیە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە دیتنی دیمەنی خەڵکی زیانبەرکەوتووی لافاوەکەی چەمچەماڵ و دەورووبەری خەمبار نەبووبێت و فرمێسکی هاوسۆزی و هاوخەمی نەڕشتبێت. بەڵام کاردانەوەکان بۆ کارەساتە سروشتییەکە تەنیا لە ڕۆندک ڕژاندن کورت نەبووەوە بەڵکوو هەر بەزوویی چووە بواری کردەوە و ڕاگەیاندنی کەمپەین و دەستپێشخەری لەلایەن خەڵکی شار و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان‌ـەوە. لەم بەینەدا، هەر لە کاتی دەست پێ کردنی هەڵمەتی هاوکارییەکانەوە هێندیک جیاوازی لە چۆنێتی کاردانەوەی کوردستانییان و شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئەم کارەساتە بەدی دەکرا کە لە حاڵەتە هاوشێوەکانی ڕابردوودا بە دەگمەن بینرابوو. هەر بۆیە، لەم بابەتەدا هەوڵ دەدرێت بە کورتی تیشک بخرێتە سەر ئەو خاڵانەی کە ڕوانگەی ئەم پێنووسەوە کارەساتەکەی ئەمجارە لەوانی تر جیا دەکەنەوە.

خاڵی یەکەم، ڕۆڵی بەرچاو و بێ وێنەی میدیا بوو لە گواستنەوەی وردی ڕووداوەکان و پێشاندانی قەبارەی کارەساتەکە لەڕێگای ئەنجامدانی چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەل زیانلێکەوتووان، کە نەک تەنیا بوو بە هۆی تێگەیشتنی خەڵک لە ئاستی کارەساتەکە، بەڵکوو بوو بە هۆی بزواندنی هەست و سۆزی ملیۆنان کەس و ڕژانی فرمێسکی پیرۆزی ملیۆنان هاووڵاتی. ئەمەش بۆخۆی ڕاگەیاندنی چەندین کەمپەین و دەستپێشخەری بۆ کۆکردنەوە و ناردنی یارمەتی لەلایەن هاووڵاتییانی لێ کەوتەوە.

وەک فۆکۆیاما دەڵێت، کاتێک مرۆڤەکان یارمەتی کەسێکی خاوەن پێداویستی دەدەن، نایانهەوێ سەیری ناوچاوانی بکەن چونکە دەزانن کاتێک سەیری ناوچاوانی ئەو کەسە بکەن، ئەو چاولێکردن و تێڕامانە جۆرێک لە بەفەرمی ناسینی لایەنی بەرامبەری لێ دەکەوێتەوە و ئەمەش بۆخۆی کاریگەری لەسەر جۆری پێوەندییەکە دەبێت. بۆیە، کاتێک میدیا دیمەنی ڕاستەوخۆی زیانبەرکەوتووانی گواستەوە، کاتی پێشاندانی ڕووخساری زیانبەرکەوتووانی کارەساتەکە، ئیتر خەڵک دەیانزانی یارمەتییەکانییان بۆ کێ و بۆ کوێ دەچێت، کە هەر ئەوەش گوڕوتینێکی زۆرتری بە کەمپەینی هاوکارییەکان بەخشی.

خاڵی دووەم، ڕۆڵی کەسانی خۆبەخش و دەزگا و ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە بەهانا چوونی لێقەوماوان بوو، کە ئەمە بۆخۆی پێچەوانەی ئەو بۆچوونە کۆنە بوو کە پێیوایە خزمەتگوزاری و هەست بە بەرپرسیارێتیکردن تەنیا ئەرکی حکومەتە. لەڕاستیدا هەبوون و چالاکبوونی ڕێکخراوەی ناحکومی نەک هەر قوڕسایی ئەرکەکانی حکومەت کەم دەکاتەوە، بەڵکوو لەڕێگەی کۆکردنەوەی خەڵکانی خاوەن دید و ئامانجی هاوبەش، دەبێتە هۆی پێکهێنانی کۆمەڵ و گرووپی بەهێز کە ئەوەش لە ئەنجامدا گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی کاری ڕێکخراوەیی لەناو کۆمەڵگەدا لێ دەکەوێتەوە. دیارە کاری خۆبەخش، بەو پێیەی کە مرۆڤەکان، کات، واتە بەنرخترین شتی خۆیان لە پێناو ئامانجێکی تایبەتدا دەبەخشن، گوزارشت لەوپەڕی لەخۆبردوویی و ڕەوشت بەرزی مرۆڤەکان دەکات. دیمەنەکانی دوای کارەساتەکە تەژی بوون لە کەسانی خۆبەخش کە ئامادەبوون کات، خەو و خۆراکی خۆیان ببەخشن بە هاونیشتمانیانیان و لەژێر سەرما و لە برسێتیدا بەتەنیا بەجێیان نەهێڵن.

خاڵی سێیەم، گۆڕینی ئەو ئەقڵییەتە لەنێو چڤاکی کوردستانیی بوو کە یارمەتیدان تەنیا بە واتای پێدانی پارە دێت. دیارە زۆرمان بیستووە کە هێندێک کەس بۆ خۆ دەربازکردن لە بەرپرسیارێتی دەڵێن “خۆ من حکومەت نیم و پارە بەدەست من نییە، ئیتر با حکومەت و کەسانی خاوەن سامان یارمەتی خەڵک بدەن.” لەڕاستیدا، چوونی 150 وەستا و کرێکار لە هەولێرەوە بۆ چەمچەماڵ بە مەبەستی یارمەتیدانی بێ بەرامبەر لە نۆژەنکردنەوەی خانووی زیانلێکەوتووان یان ژی چوونی فیتەرێکی هەولێری بۆ چەمچەماڵ و بردنی 40 ئۆتۆمبێلی خەڵکی زیانبەرکەوتوو بۆ هەولێر و لەئەستۆ گرتنی بێ بەرامبەری ئەرکی چاککردنەوەیان پێچەوانەوەی ئەو بۆچوونە بوو کە پێیوایە هاوکاریکردن و بەهاناوەچوون تەنیا بە پێدانی پارە و لەڕێگای مادییەوە دەکرێت. هاونیشتمانیان بەم کردارە، نیشانیاندا کە نیشتمانسازی لە هەموو کایەکاندا و بە ئاستی گەورە و بچووک دەکرێت ئەنجام بدرێت.

خاڵی چوارەم، ڕاگەیاندنی دەستبەجێی کەمپەینی هاوکاری لە شارەکانی هەولێر، دهۆک و زاخۆ و لەلایەن تاک و ڕێکخراوە ناحکومییەکانی ئەو شارانەوە هەڵگری چەند پەیامە:

  1. خەڵک و دەزگا ناحکومییەکانی ئەو ناوچانەی کە تیایدا پارتی دیموکراتی کوردستان خاونی پێگەیەکی بەهێزە (بە پێچەوانەوەی هێندێک بانگەشە) هیچ بڕوایان بە هێڵبەندی سیاسی لە نێوان شار و ناوچەکانی هەرێمدا نییە و هەموو شار و ناوچەکانی هەرێم بە یەک چاو سەیر دەکەن و تەنیا کوردستانیبوون بۆ وان گرنگە.
  2. فرمێسکەکان و هاوکارییەکانی خەڵکی هەولێر نیشانی دا کە هەولێر نەتەنیا لەڕووی سیاسییەوە پایتەختی هەرێمی کوردستانە، بەڵکوو لەڕووی هاوسۆزی و کوردایەتیشەوە لە ئاستی پایتەختدا مامەڵە دەکات. ئەوەش بۆخۆی لە داهاتوودا دەبێتە هۆی بەهێزتربوونی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانیی لەنێوان سەرجەم شار و ناوچەکانی هەرێم و کاڵبوونەوەی و لاوازبوونی ئەو هەوڵانەی کە ویستوویانە لەڕێگای زەقکردنەوەی جیاوازییەکانی نێوان ناوچەکانی هەرێمەوە ڕێگە لە چێبوونی هەستێکی نەتەوەیی گشتگیر لە هەرێم بگرن.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO