ئەلەند ئیبراهیم و عەبدولڕەزاق مەهدی
دەروازەیەک بۆ ستایشی وێرەکیی:
پێش ئەوەی پێ بنێینە نێو قوڵاییە ڕامیارییەکانی ئەم باسە و پەیوەستی بکەین بە چارەنووسی نەتەوەکەمانەوە، پێویستە لە کڕۆک و هەناوی شاکارەکەی دێسیدێریووس ئیراسمۆس تێبگەین، کە لە ساڵی ١٥٠٩دا بە ناوی ستایشی شێتی هێنایە بەرهەم. ئەم پەرتووکە تەنها نووسینێکی تەنزئامێز نەبوو بۆ گاڵتەکردن بە پیاوانی ئایینی سەردەمەکە، بەڵکو بانگەوازێکی هزریی مەترسیدار بوو بۆ هەڵتەکاندنی ئەو بتەی ناوی: عەقڵی ڕووت. ئیراسمۆس لەم دەقەدا هونەرێکی ئەدەبیی بەرز بەکاردەهێنێت: شێتی دەکاتە ئاخێوەر و دێتە سەر شانۆ بۆ ئەوەی بەرگری لە بوونی خۆی بکات.
تێزە فەلسەفییەکەی ئیراسمۆس لێرەدا ڕوون و بڕەرە: عەقڵی ژمێریار و وشک، مرۆڤ تووشی ئیفلیجی دەکات. ئیراسمۆس پێی وایە ئەو عەقڵەی تەنها لەسەر بنەمای قازانج، زیان و لێکدانەوەی ماددی کار دەکات، دەبێتە ڕێگر لەبەردەم هەموو جووڵەیەکی مەزنی مێژوویی. ئەو دەڵێت: مرۆڤی زۆر ژیر و ژمێریار، هەمیشە دوودڵ و ترسنۆکە، چونکە مەترسییەکان دەبینێت، بەڵام ئەوانەی ئەو بە شێت ناویان دەبات، لە فەرهەنگی سیاسیی ئێمەدا ناوی وێرەکییە و ئەوانەن بەبێ ترس دەرگا ئەستەمەکان دەکەنەوە.
لە بەشێکی گرنگی پەرتووکەکەدا، ئیراسمۆس ڕستەیەکی ترسناک دەڵێت کە بۆ دۆخی ئێمە دەگونجێت: ئەوەی شار و ئیمپراتۆریەتەکان بەڕێوە دەبات، عەقڵ و یاسا نییە، بەڵکو شێتییە، چونکە کێ دەوێرێت ژیانی خۆی بخاتە مەترسییەوە بۆ بەرژەوەندیی گشتی، ئەگەر کەمێک لەو شێتییەی تێدا نەبێت کە ئێمە ناوی دەنێین وێرەکی؟
ئەم دێڕە کلیلی تێگەیشتنە لەو هێزە شاراوەیەی ژیان. نووسەر پێمان دەڵێت ژیان بەهۆی لۆژیکەوە بەردەوام نییە، بەڵکو بەهۆی ویست و ئارەزوو و عیشقەوە بەردەوامە، کە هەموویان لە دەرەوەی بازنەی ژمێرکاریی عەقڵدان. ئەگەر مرۆڤ تەنها گوێ بۆ لۆژیک بگرێت، هەرگیز نە عاشق دەبێت، نە خێزان پێک دەهێنێت، نە دەچێتە جەنگەوە بۆ پاراستنی خاکەکەی، چونکە عەقڵ پێی دەڵێت: مردن مەترسیدارە. کەواتە، ئەو شێتییەی ئیراسمۆس باسی دەکات، بریتی نییە لە لەدەستدانی هۆش، بەڵکو ڕێک ئەو خەسڵەتەیە پێی دەڵێین وێرەکی: واتە بوێریی تێپەڕاندنی سنوورەکان. بریتییە لەو وزە زیندووەی گوێ بەو دیوارە بەرزانە نادات کە واقیع دروستی کردوون. لێرەوە تێدەگەین، شێتی لای ئیراسمۆس و وێرەکی لای ئێمە، بریتییە لە ڕەتکردنەوەی ئەو واقیعەی هەمووان بە چارەنووس ناوی دەبەن و هەوڵدان بۆ گۆڕینی، تەنانەت ئەگەر هەموو جیهانیش پێی بڵێ مەحاڵە. لە پەرتووکەکەیدا لە پێناسەی ئەم دۆخەدا دەڵێ: شێتی دێت و پەردەیەکی شیرین بەسەر تاڵییەکانی ژیاندا دەدات و وا دەکات مرۆڤ بتوانێت بەردەوام بێت.
لە کوردبوونەوە بۆ کوردستانیبوون: بازدان لە جوگرافیای ملکەچییەوە بۆ وێرەکی سەروەری
لێرەدا پرسیارێکی جەوهەری و بوونناسیی گەورە دێتە پێشەوە: بۆچی ئێمە پێویستمان بە گەڕانەوەیە بۆ فەلسەفەی ئیراسمۆس بۆ ئەوەی لەو کەلێنە قوڵە تێبگەین کە چەمکی کوردبوون لە چەمکی کوردستانیبوون جیا دەکاتەوە؟ ئەمە تەنها یارییەک نییە بە وشەکان، بەڵکو دابەشبوونێکی مەترسیدارە لەنێوان دوو جۆر لە بووندا. کوردبوون بە دیوە تەقلیدییەکەی، بریتییە لە دۆخێکی وەستاو و کولتووریی پەتى، دۆخێکە تێیدا تاک دەتوانێت لەژێر سێبەری قورسی داگیرکەردا درێژە بە ژیان بدات، زمانی خۆی بپارێزێت و نان و ئاوی خۆی بخوات، بەڵام بێ ئەوەی هەرگیز ببێتە خاوەنی بڕیاری سیاسیی خۆی. ئەم جۆرە لە بوون، لە دیدگای عەقڵی ئامرازی و لۆژیکی مانەوەدا، هەڵبژاردنێکی ژیرانە و پڕ لە حیکمەتی خۆپارێزییە، چونکە تێچووی خوێن و ماڵوێرانیی نییە و سازشکردنە لەگەڵ واقعێکدا کە بەسەر شانی نەتەوەدا سەپێنراوە. لە ستایشی ئەم جۆرە کەسانەشدا ئیراسمۆس دەڵێگەورەترین بەدبەختی بۆ مرۆڤ ئەوەیە ناچار بکرێت لە سروشتی خۆی دەربچێت و ببێتە کەسێکی تر، بەڵام خۆشبەختی لەوەدایە کە مرۆڤ بوێریی ئەوەی هەبێت خۆی بێت، تەنانەت ئەگەر جیهان پێی بڵێت شێت. بەگشتی جیا لە دیوە تەقلیدییەکەی کوردبوون، دیوە ئایدیۆلۆژییەکەشی مرۆڤی کورد بەرەو پاسڤیزم و پاسیڤبوون دەبات کە دایدەبرێت لە بوێری و کارکردن بە هێزی بوێڕی و بوێرەکی، کەواتە لە ئاستی ئایدۆلۆژی دیوە تەقلیدییەکەی کوردبوون ناتوانێت ئەوەندە کاریگەر بێت پرۆژەی نەتەوەی کورد لەخۆی بگرێت، کە پرۆژەی نەتەوەیی هەڵگری: خەونی نەتەوەیی و بوێری و ئازایەتی قوربانیدان بۆ نیشتیمان، هەست و پەیوەستی بە خاکەوە، هەستکردن بە بەرپرسیارەی لە نێوان تاکەکانی یەک نەتەوە و چەندینی دیکە. کەواتە لێرەدا تێزەکەی ئیرامۆس دەبێتە گۆزەرای باڵا لە کوردبوون و کوردایەتی کە پارادایمی تەقلیدی و دیوە کلاسیکیی و مێژووییەکەی ئەقڵی نەتەوەیی کوردن، بۆ پارادیمی باڵای ” کوردستانیبوون” کە پارادیمێکی باڵایە و کورد بە کوردستان دەبەستێتەوە، خەونی نەتەوەی زیندوو دەکاتەوە، بەرپرسیارەتی لە نێوان تاکەکان زیندوو دەکاتەوە لە بەرامبەر خاک و نەتەوە، پرۆژەی نەتەوەیبوون لەخۆیدا دروست دەکات.
بۆیە لێرەوە کاتێک باسەکە دەگوازرێتەوە بۆ کوردستانیبوون، ئێمە لەبەردەم وەرچەرخانێکی ڕادیکاڵ و ترسناکداین. کوردستانیبوون چیتر تەنها هەستکردن نییە بە ناسنامەیەکی ئەتنیکی، بەڵکو پرۆژەیەکی سیاسیی گشتگیرە داوای خاوەندارێتیی ڕەها دەکات بەسەر تەواوی پاوانی نەتەوەییدا. لێرەدا مەبەست لە پاوانی نەتەوەیی تەنها خاک نییە وەک ماددە، بەڵکو ئەو جوگرافیا سیاسییەیە کەرامەت و سەروەریی نەتەوەی لەسەر بنیات دەنرێت. دەکرێت بە وردتر بەرەو کوردستانبوون باسەکەمان درێژ بکەین. کوردستانیبوون تەنها هەستکردن نییە بە ناسنامە بەڵکوو لە خۆیدا ناسیۆنالیزمێکی باڵای نەتەوەی کوردە دەتوانێت نوێنەرایەتی پرۆژەی نەتەوەی کورد بکات لە سەدەی بیست و جیهانی مۆدێرندا، کوردستانیبوون گوزەرای ڕادیکاڵە لە ئاستی ئەقڵی نەتەوەی لای مرۆڤی کورد، کە مرۆڤی کورد لە مرۆڤێکی ناچالاک ( پاسیڤ) بەرەو چالاکبوون دەبات، کوردێکی نامۆ بە نەتەوەیبوون دەیبات بەرەو قووڵایی هەستی نەتەوەیی کوردستانیی و دروستکردنی خەونی نەتەوەیی و کارکردن بۆ جێبەجێکردنی ئەم خەونە لە جیهانی هەقیقیدا. کەواتە ئیرامۆس و تێزەکەی لە جیهانی ئەمڕۆی کورد پێویسترین و زیندووترینن بۆ ناسین و کارکردن لەسەریان.
ئەم قەڵەمبازە لە ناسنامەی ژێردەستەوە بۆ داواکاریی دەوڵەتداری، لە تەرازووی لۆژیکی هێزە هەرێمی و جیهانییەکاندا، گەورەترین جۆری “شێتی”یە لە دەمی ئیراسمۆس و “وێرەکی”ـش لە دەمی ئێمەوە. چونکە کاتێک تۆ داوای سەروەری بەسەر پاوانی نەتەوەییدا دەکەیت، تۆ ڕاستەوخۆ دژی هەموو ئەو هاوکێشە ماتماتیکی و بەرژەوەندیخوازییانە دەوەستیتەوە کە نەخشەی ناوچەکەیان پێ داڕێژراوە. بەگوێرەی پێوەرەکانی عەقڵی باڵادەست، نەتەوەیەک کە دەرچەی دەریایی نییە و لەلایەن چوار دەوڵەتی سەربازییەوە گەمارۆ دراوە، دەبێت مل بدات بۆ قەدەر و تەنها داوای مافی کولتووری بکات. کەواتە، هەڵبژاردنی کوردستانیبوون وەک ئایدۆلۆژیایەک بۆ بەدەستهێنانی سەروەری، ڕێک ئەو شێتییە پیرۆزەیە ئیراسمۆس باسی دەکات و ئێمە وەک وێرەکی دەیناسێنین: واتە بوێریی تێکشکاندنی ئەو سنورەی داگیرکەر وەک حەقیقەتێکی نەگۆڕ وێنای کردوون. ئەمە ئەو ساتەیە نەتەوە بڕیار دەدات لەبری ئەوەی بە عەقڵێکی کۆیلە و سەلامەت بژی، بە وێرەکییەکی ئازاد و سەربەرزەوە بەرگری لە پاوانی نەتەوەیی خۆی بکات.
سیاسەتی واقیع و ئەندازیاریی بێهوودەیی: لۆژیکی داگیرکەر لەنێوان هەژموونی ماددە و تێکشکاندنی دەرووندا
کاتێک لە ڕوانگەی سیاسەتی واقیعی ڕووت و هاوکێشە ستراتیژییە نێودەوڵەتییەکانەوە لە دۆزی کورد دەڕوانین، بەو ئەنجامە دەگەین زلهێزەکان و سیستەمی چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکە، خاوەنی عەقڵییەتێکی ئامرازی و پۆزەتیڤیستن تەنها دان بە هێزی ماددی و سەروەریی دیفاکتۆدا دەنێنن. لۆژیکی ئەم هێزانە لەسەر بنەمای جۆرێک لە حەتمییەتی جیۆپۆلیتیکی دامەزراوە: بەو مانایەی گەمارۆدرانی جوگرافیی کورد لەلایەن چوار سوپای زەبەلاح و نەبوونی دەرچەیەکی دەریایی وەک شادەمارێکی ئابووری، وەک بەڵگەیەکی ئۆنتۆلۆجی بۆ مەحاڵبوونی دەوڵەت بەکاردەهێنن. لە فەرهەنگی سیاسیی ئەواندا، هەر هەوڵێک بۆ سەپاندنی سەروەری بەسەر پاوانی نەتەوەییدا، تەنها سەرکێشییەک نییە، بەڵکو خۆکوژییەکی سیاسی و دەرچوونە لە بازنەی عەقڵانییەت و تێگەیشتن لە زمانی سەردەم.
بەڵام مەترسیدارترین ڕەهەندی ئەم هاوکێشەیە تەنها داگیرکاریی سەربازی نییە، بەڵکو پرۆسەی داگیرکاریی هۆشیارییە. لێرەدا ستراتیژیی داگیرکەر دەگوازرێتەوە بۆ سایکۆلۆژیای ستەمکاری: ئەوان تەنها کار لەسەر دزینی پاوانی نەتەوەیی ناکەن، بەڵکو کار لەسەر بەنەخۆشخستنی چەمکی بەرگری دەکەن. ئامانجی ستراتیژیی ئەوان ئەوەیە کورد تووشی دۆخێک بکەن لە دەروونناسیدا بە خووگرتنی بێدەسەڵاتی ناسراوە، واتە چاندنی ئەو باوەڕەی بەرەنگاربوونەوە جۆرێکە لە “شێتی” و پێکدادانی نالۆژیکی لەگەڵ واقیعدا. داگیرکەر بەردەوام چەمکی عەقڵ وەک چەکێک بەکاردەهێنێت بۆ شەرعیەتدان بە ملکەچی: ئەوان پێمان دەڵێن عاقڵمەندی بریتییە لە قبوڵکردنی دۆخی ژێردەستەیی و توانەوە لەناو شوناسی سەردەستدا، هەر خەونێک بۆ سەربەخۆیی، وەک نیشانەیەک بۆ لەدەستدانی هۆشی سیاسی و هەڵچوونی سۆزداری وێنا دەکەن، لەکاتێکدا ئەمە لای ئێمە نە هەڵچوونە و نە شێتی، بەڵکو ترۆپکی وێرەکییە.
ململانێی بەرگری و جیهانبینیی ویست: شێتیی پیرۆز وەک وێرەکیی ئازادبوون
لەم وێستگە هەستیارەدا، گەڕانەوەمان بۆ ئیراسمۆس تەنها گەڕانەوەیەکی ئەدەبی نییە، بەڵکو زەروورەتێکی مەعریفییە بۆ ئەنجامدانی پێچەوانەکردنەوەیەکی گەورە لە پێناسەی عەقڵ و شێتیدا. گەر بمانویستایە مێژووی مانەوەی خۆمان بەپێی ئەو لۆژیکە ماددی و ژمێریارییە بنووسینەوە کە داگیرکەر پیادەی دەکات، دەبوایە دەیان ساڵ لەمەوبەر ناوی کورد تەنها وەک شوێنەوارێکی ئەرشیفی لە مۆزەخانەکانی مێژوودا بمایەتەوە و لەنێو شارستانیەتی سەردەستدا بتوابایەتەوە.
کەواتە چ هێزێک توانی ئەم هاوکێشە فیزیاییە تێکبشکێنێت؟ وەڵامەکە لەو چەمکەدایە دەتوانین ناوی بنێین شێتیی پیرۆز یان وێرەکیی باڵا: بریتییە لە زاڵبوونی هێزی باڵای ویست و ئیرادە بەسەر یاسا وشکەکانی هێزدا. ئیراسمۆس دەڵێ: دوو کۆسپ هەن لەبەردەم مرۆڤ بۆ ئەنجامدانی کاری گەورە و مێژوویی، یەکەمیان شەرمە کە مێشک دەشێوێنێت و دووەمیان ترسە کە مەترسییەکان لەبەرچاو گەورە دەکات، بەڵام شێتی دێت و مرۆڤ لە هەردووکیان ڕزگار دەکات و هێزی ئەنجامدانی کارەکەی پێ دەبەخشێت. ئەم ڕزگارکردنە لە شەرم و ترس، ڕاستەوخۆ پێناسەی وێرەکییە.
لێرەدا چەمکی کوردستانیبوون ڕەهەندێکی بوونناسی وەردەگرێت: بریتییە لە پرۆسەی ڕەتکردنەوەی ڕیشەیی ئەو واقیعەیەی سیستەمی جیهانی و نەخشە ئەندازیارییەکانی داگیرکەر بۆیان دیزاین کردووین. لە فەلسەفەی بەرگریدا، شێت بوون واتە یاخیبوونێکی ئاگایانە دژی حەتمییەتی مێژوویی: واتە من ئامادەم بە شێوەیەکی بوونگەرایانە ئەو واقیعە ڕەت بکەمەوە تێیدا من وەک کۆیلەیەکی ملکەچ پێناسە دەکرێم، تەنانەت ئەگەر هەموو جیهان و دامەزراوە عەقڵانییەکان بەیەک دەنگ ئەمە بڵێنەوە کە ئێستا دەیڵێن!.
لەم ڕوانگەیەوە، پێناسەی سیاسەت بۆ نەتەوەیەکی ژێردەستە و تراژیدی، جیاوازییەکی جەوهەریی هەیە لەگەڵ پێناسە باوەکاندا. ئەگەر لە دۆخی ئاساییدا سیاسەت بریتی بێت لە هونەری گونجاو و ئەوەی ڕێی تێدەچێ، ئەوا بۆ کورد سیاسەت بریتییە لە هونەری خوڵقاندنی مەحاڵ. ئێمە لەبەردەم پارادۆکسێکداین: مانەوەمان بەندە بە ئەنجامدانی کارێکەوە لە دیدی لۆژیکی هێزە جیهانییەکانەوە لوتکەی شێتییە، بەڵام لە جەوهەری هەبوونی ئێمەدا، ئەم شێتییە وێرەکییە، تاکە ڕێگایە بۆ سەلماندنی بوون و گەیشتن بە ئازادی و سەروەری. لێرەدا شێتی و وێرەکی دەبنە بەرزترین پلەی ژیری، چونکە تاکە هێزە بوێریی ئەوەی هەبێت چۆک بۆ جوگرافیای دەستکرد دابدات.
فەلسەفەی مانەوە: لەنێوان مەرگی ژیرانە و ژیانی شێتانە (وێرەکییانە)دا
لە قوڵایی تێڕامانەکانی ئیراسمۆسدا، پێوەرێکی جیاواز بۆ جیاکردنەوەی ژیان لە مردن دەبینینەوە کە پەیوەندی بە لێدانی دڵ و هەناسەدانەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە جووڵەی ڕۆح و ئازایەتیی بڕیاردانەوە. ئەو پێی وایە مرۆڤی زۆر ژیر و ئەوەی کە هەموو هەنگاوەکانی بە تەرازووی قازانج و زیان دەپێوێت، لە ڕاستیدا وەک تەرمێکی جووڵاو وایە: چونکە ترس لە دەرەنجامەکان وای لێ دەکات لە بازنەی ساردوسڕی خۆپارێزیدا زیندانی بێت و هیچ پاپۆڕێک بەرەو دەریا نەخات. لێرەوە دەتوانین خوێندنەوەیەکی بوونگەرایانە بۆ دۆخی مرۆڤی کورد بکەین لەنێوان دوو هەڵبژاردەی چارەنووسسازدا.
لەلایەکەوە، ئەو کەسایەتییە کوردییەمان هەیە تەنها بەدوای کوردبووندا دەگەڕێت وەک ناسنامەیەکی کولتووریی ڕووت و بێ پاوانی نەتەوەیی. ئەم کەسایەتییە لە ڕووی لۆژیکی پەتی و دەروونناسیی خۆپارێزییەوە، گوایە هەڵبژاردنێکی عاقڵانەی کردووە، خۆی لە بەریەککەوتن لەگەڵ زەبروزەنگی داگیرکەر دەپارێزێت و بە کەمترین ماف ڕازی دەبێت تاکو لە ژیاندا بمێنێتەوە. بەڵام ئەم جۆرە لە مانەوە، لە فەلسەفەی مێژوودا بە مەرگی شاراوە ئەژمار دەکرێت. ئەو نەتەوەیەی تەنها خەمی پاراستنی خۆیەتی و ئامادە نییە لەپێناو سەروەریدا خۆی تووشی مەترسی بکات، لە ڕاستیدا لە دەرەوەی مێژوو دەژی و بوونێکی سێبەرئاسای هەیە.
ئێرامۆس لە تێزەکیدا ئێمە دەگەرێنێتەوە بۆ قووڵای پرسی مەعریفەی پەتی و مەعریفەی داگیرکراو. مەعریفەی داگیرکراو ئەو مەعریفەیە نەتەوەی داگیرکەر دەیسەپێنێت بەسەر نەتەوەی داگیرکراو، کە جیهانبینی و ئەقڵییەتی نەتەوەی داگیرکراو بە گوێرەی مەعریفەی داگیرکەر شێوە دەگرێت، ئەم مەعریفەیە لە زۆربەی جارەکان، لە خزمەتی پرۆژەی کۆلۆنیالیستی داگیرکەرەکەیە، لە دۆخی ئاساییدا لوژیکێکی سادە و وشکە، کە بە ئایدۆلۆژیای داگیرکەر ڕەنگڕێژ کراوە، ئەم لوژیکە بەناوی هەقیقەت دەرخواردی ئەقڵی نەتەوەی داگیرکراو دەدرێت، بەمجۆرە نەتەوەی داگیرکراو لە خۆی نامۆ دەکرێت، بە گوێرەی هۆشیاری ساختە، هۆشیاری لە قالب دەدرێت، لە تایبەتمەندییەکانی وەک وێرەکی، ئازایەتی، خاوەن خەونی نەتەوەیی، نەتەوەیبوون دادەبرێندرێت، دەکرێتە ناو زیندانی هۆشیاری ئەقلەوە کە زنجیرەکەی لوژیکی سارد و سری مەعریفەی داگیرکەرەکەیە. بەمجۆرە تێزی ئیرامۆس گوزەرایەکی ڕادیکاڵی مەزنە لە ئاستی مەعریفیش لە ڕێگەی بوێرەکییەوە، کە تاکێک ئەوەندە بوێر دەکات لە دەرەوەی فەقەزی دروستکراوی داگیرکەر جیهان ببینێت و ببێتە خاوەن خود و تاکیكی جیاواز لەوەی کە داگیرکەر دەیەوێت.
لەلایەکی ترەوە، ئەو کەسایەتییەمان هەیە کە هەڵگری بیری کوردستانیبوونە: واتە خواستی سەروەریی سیاسی و خاوەندارێتیی ڕەها بەسەر خاکدا. لە چاوی دەرەوە و لە دیدی ڕیالپۆلیتیکدا، ئەمە لوتکەی شێتییە، بەڵام لای ئێمە لوتکەی وێرەکییە، چونکە وەستانەوەیە دژی تەواوی سیستەمی جیهانی و هەرێمی. بەڵام گەڕانەوە بۆ جەوهەری فەلسەفەی ئیراسمۆس فێرمان دەکات ئەم شێتییە تەنها ڕێگایە بۆ سەلماندنی بوون. نەتەوەیەک کە ئامادە نەبێت بەرگری لە کەرامەتی خۆی بکات، شایستەی ژیان نییە. کەواتە ئەم شێتییە سیاسییە، تاکە گرەننتییە کورد لە کۆمەڵە خەڵکێکی پەرتەوازەوە ببێتە نەتەوەیەکی خاوەن شکۆ. ئەوەی وادەکات ئێمە وەک بوونەوەرێکی مێژوویی بمێنینەوە.
دەرئەنجام
لە کۆتایی ئەم خوێندنەوەیەدا، دەگەینە ئەو ڕاستییەی خەباتی کورد بۆ بەدەستهێنانی سەروەریی پاوانی نەتەوەیی، لە دیدی شرۆڤەی سیاسیی باو و تەنانەت لەلایەن دۆست و نەیارانەوە، زۆرجار وەک جۆرێک لە خەیاڵپڵاوی یان سەرکێشیی بێ ئەنجام وێنا دەکرێت. بەڵام کاتێک لە ڕێگەی ئاوێنە فەلسەفییەکەی ئیراسمۆسەوە لەم دیاردەیە دەڕوانین، تێدەگەین کە ئەم “شێتییە ڕووکەشە”، لە جەوهەردا بەرزترین پلەی هۆشیاریی دەروونی و کامڵبوونی نەتەوەییە کە ئێمە بە وێرەکی ناوی دەبەین.
کوردستانیبوون بریتییە لەو ساتەوەختە مێژووییەی کە نەتەوەیەک بڕیار دەدات بە تەواوی کۆتایی بە ملکەچی بۆ عەقڵی داگیرکەر بهێنێت و تەنها گوێ بۆ دەنگی ڕەسەنی ناخی خۆی ڕادێرێت. ئەم شێتییە پیرۆزە لە ڕاستیدا وادەکا ناوی کوردستان وەک حەقیقەتێکی سیاسی و مێژوویی بمێنێتەوە و نەخشەکەی لە یادەوەریی نەوەکان و سیاسەتی داهاتوودا هەرگیز کاڵ نەبێتەوە.



