سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

سەکۆ زارۆک، گرنگی و پێویستیەکانی

جێگای دەستخۆشی و دڵخۆشییە کە ٤٠ ڕۆژ زیاترە دامەزراوەی سەکۆ بۆ نیشتمانسازی، بە هەوڵ و هیممەتی چەند دڵسۆزێکی نەتەوە و نیشتمان، ماڵپەڕێکی تایبەتیان کردەوە بە ناوی سەکۆ زارۆک (https://zarok.sekokurd.org/)
لە ڕێگای کارکردن بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست و گونجاو بۆ پەروەردەکردنی منداڵ و هاندەر بۆ فراوانکردنی ئاسۆی بیرکردنەوەیان وەک بەشێک لە پڕۆسەی نیشتمانسازی و جێگیرکردنی هەستی نەتەوەیی و دیدگای نیشتمانییانە لە کەسایەتیی نەوەی ئایندەدا. ماڵپەڕی سەکۆ زارۆک دەستی بە بڵاوکردنەوەی بابەتەکانی کرد. لەگەڵ ئەوەی ئەم ماڵپەڕە گرنگە و پێویستە، گرنگی و پێویستییەکانی لە خوارەوە گفتوگۆ دەکەین.
سەکۆ زارۆک پێویستی بە ئەدەبێکی چۆنایەتیی منداڵانە، ئەدەبێک هەڵقوڵاوی ژیانێکی مەدەنی و سەردەمییانە و ئەقڵێکی کراوە و جیهانبینییەکی شارستانییانە بێت. ئەدەبێک ختوژەی توندوتیژی نەدات و پۆلێنکردنی مرۆڤەکان نەکات لەسەر بنەمای ڕەگەز و ڕەنگ و پێگەی کۆمەڵایەتی. بەپێچەوانەوە جەخت لەسەر یەکسانیی مرۆڤەکان و پێکەوەژیان و قبوڵکردنی جیاوازییەکان و هزری ناتوندوتیژی بکاتەوە.
سەکۆ زارۆک پێویستی بە پسپۆڕانی بواری ئەدەبی منداڵانە، لەو ڕوانگەی یەکێک لە ئاستەنگەکانی گەشەکردنی نەتەوەیی و نیشتمانیی لە کوردستان‌دا بە درێژایی مێژووی سەد ساڵی ڕابردوو بریتی بووە لە کارنەکردن بە پسپۆڕیی، یان لاوازی ڕۆڵی پسپۆڕییە لە جێبەجێکردنی ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا!
هەر کایەیەک بە نموونە وەربگرین لە کایەکانی ژیانی کوردەواریدا، لاوازی ڕۆڵی پسپۆڕان دەبینین، لە کایەی سیاسیدا نزیکەی سەد ساڵێکە ژیانی حیزبایەتی و کۆمەڵە و ڕێکخراوی سیاسی دەستی پێ کردووە، بەڵام پسپۆڕانی زانستە سیاسییەکان و هەڵگرانی بڕوانامەی ئەکادیمی ئەم بوارە لە سەرکردایەتی و دروستکردنی بڕیاری سیاسی چارەنووسسازدا ڕۆڵ و کاریگەرییان زۆر لاواز بووە. ئەمەش یەکێک بووە لە هۆکارەکانی شکستە سیاسییەکان. لە بواری سەربازی و ڕێکخستنی هێزی چەکداریشدا بە هەمان شێوە، سەد ساڵ زیاترە کورد بۆ وەرگرتنی مافەکانی، دەستی داوەتە ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانە، بەڵام ڕۆڵی پسپۆڕانی بواری زانستە سەربازییەکان لە ڕێکخستن و مەشق و ڕاهێنان و هێرش و بەرگری و کشانەوەدا زۆر لاواز بووە، ئەمەش هۆکارێک بووە بۆ شکستە سەربازییەکان لە کوردستان‌دا.
کایەی ئابوورییش بە هەمان شێوە، هەزاران ساڵە کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و پیشەی دەستی و بەرهەمی خۆماڵی لە کوردستان هەیە، بۆ خۆبژێوی وەکوو کاری نەریتی و بۆماوەیی دەکرێ و پسپۆڕی و بەکارهێنانی بنەما زانستییە کشتوکاڵییەکان زۆر لاوازە، ئەمەش هۆکارێک بووە لەو کەرتانە سەرکەوتن بە دەست نەهێنین.
بە گشتی بەکارهێنانی زانست و ڕۆڵی پسپۆڕان لە هەموو بوارەکاندا لاوازە، هەموو کارەکان بە وزەی حەز و ئارەزووی کەسیی، یان دڵسۆزی یان دانان و پێدانی ئەرک بەڕێوە دەچن لە کوردستان‌دا.
ئەگەر زیانەکانی ئەم دیاردەیە بۆ هەموو بوارەکان یەک بەرامبەر بێت، لە بواری ئەدەبی منداڵاندا دوو بەرامبەرە. ئەویش بەهۆی تایبەتمەندی تەمەنی منداڵی و پێویستی قۆناغەکە بە کاری زانستی.
تەمەنی منداڵی هەستیارترین قۆناغی تەمەنی مرۆڤە، بەشێکی زۆر لە تیۆرە دەروونی و پەروەدەیی و کۆمەڵایەتییەکان جەخت دەکەنە سەر تەمەنی پێنج شەش ساڵی یەکەم بۆ پێکهاتنی خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی. بە جۆرێک لێکدانەوەی بۆ دەکرێت کە کەسایەتی لەسەر بنەمای ئەم قۆناغە دادەمەزرێت، بۆیە بەپێی ئەو هەستیارییە مەترسییەکانی مامەڵە لەگەڵ منداڵ زیاتر دەبن، دەبێ نووسەران و هونەرمەندان و بەرهەمهێنەرانی ئەدەب و هونەری منداڵان باکگراوندێکی مەعریفیی قووڵ و شارەزاییەکی بەرزی فەلسەفەی پەروەردەییان هەبێت، توێژەری ئیسپانی، سانشیز کۆراڵ، دەڵیت: لە کوێدا باسی ئەدەبی منداڵی بکرێت یەکسەر ئەدەبی پەروەردەیی و فێرکاریمان بە خەیاڵدا دێت. بۆیە هەندێک لە کۆمەڵگەکان ئەدەبی منداڵان وەکوو ئامراز و کەرەستەیەکی پەروەردە و فێرکردن بەکاردێنن، چۆن دەکرێ لە ڕێگای نووسینەوە بۆ منداڵ گەشە بە توانای وەرگرتن و کۆگاکردن و بیرکردنەوە و خەیاڵکردن و داهێنان بدەن هەر لە منداڵی و تەمەنی پێش قوتابخانەوە؟
سەکۆ زارۆک پێویستی بە ئەنجام و دەرئەنجامی توێژینەوە زانستییە پزیشکییەکانی بواری تەندروستی و بەرنامەی خۆراکی و پەرستاری و دووگیانی و لە دایکبوون و دایەنگایی منداڵانە، چونکە کەسایەتی تەندروست بۆ نەتەوەسازی و نیشتمانسازی پەیوەندی بە پێش لە دایکبوون و دوو ساڵی یەکەمی تەمەنیشەوە هەیە. بۆ نموونە، منداڵ له‌ چوار مانگییه‌وه‌ ده‌نگه‌كان له‌یه‌ك جیا ده‌كاته‌وه‌، له‌ پێنج مانگیدا كێشی دوو به‌رامبه‌ر زیاد ده‌كات، فێری قسه‌كردن و وه‌رگرتنی زمان ده‌بێت، چه‌مكی خودی لا دروست ده‌بێت كه‌ به‌ردی بناغه‌ی كه‌سایه‌تیی تاكه‌، كارلێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێگه‌یشتن به‌ جیهانی ده‌وروبه‌ر تیایدا ڕوو ده‌دات، ‌ هه‌ست به ‌شوێن و سه‌رچاوه‌ی ده‌نگه‌كان ده‌كات و تاموچێژ له‌ ده‌نگه‌ خۆشه‌كان وه‌رده‌گرێت. منداڵ له‌ شه‌ش مانگییه‌وه‌ خه‌ڵكی بێگانه‌ له‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانی جیا ده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر شتێك له‌ ده‌ستی به‌ر بێته‌وه‌ سه‌یری خواره‌وه‌ ده‌كات، ئه‌گه‌رچی په‌روه‌رده‌ و فێركردن تا دوو ساڵی تەمەنی منداڵ زۆر له‌سه‌رخۆیه ‌و لە لایەن دەوروبەرەوە دەکرێت، به‌ڵام قۆناغێكی گرنگ و هه‌ستیاره‌ چونكه‌ لاسایی كه‌سانی ده‌وروبه‌ری ده‌كاته‌وه.‌
ئەم لاساییکردنەوەیەش چەند جۆرێکی هەیە وەکوو لاسایی كردنه‌وه‌ی خۆكاری (تلقائی)، پشت به‌ بینین و بیستن ده‌به‌ستێت، هه‌ستی بیستنی زۆر به‌خێرایی گه‌شه‌ ده‌كات، هه‌ر وشه‌یه‌ك ببیستێت و چۆنی ببیستێت هه‌وڵ ده‌دات به‌و شێوه‌یه‌ بیڵێته‌وه‌. ئەمە بۆ فێرکردنی زمان بەردی بناغەیە و زمانیش ڕەگەزێکی سەرەکی ناسنامەی نەتەوەییە، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ستی بیستنی منداڵ لەم تەمەنە زۆر به‌هێزتره‌ له‌ توانای ده‌ربڕین و توانای فێربوونیش، بۆیە زۆرجار هه‌ندێك له‌ پیته‌كان یان وشه‌كان وه‌كوو خۆی ناڵێت، له‌ خێزانه‌كاندا پێی ده‌ڵێن سه‌رزمان ده‌گرێت.
جۆرێكی تری لاساییكردنه‌وه‌ بریتییه‌ له‌ لاساییكردنه‌وه‌ی نواندن (ته‌مسیلی). به‌ هه‌مان شێوه ‌و كوتومت لاسایی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی ناكاته‌وه‌، به‌ڵكوو جۆرێك له‌ گۆڕانكاری تێدا ده‌كات به‌ پێی خه‌یاڵ و لێكدانه‌وه‌ی خۆی، ئه‌م جۆره‌ لاساییكردنه‌وه‌یه‌ ده‌رگای فێربوون و گه‌شه‌كردنی ئه‌قڵی لا ده‌كاته‌وه‌. لاساییكردنه‌وه‌ی مه‌به‌ستدار، بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجێك یان له‌ كاتی یاریكردن و هه‌وڵدان بۆ ترساندنی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی لاسایی ده‌نگی ئاژه‌ڵێك یان ڕیتمی ده‌نگی خۆی ده‌گۆڕێت.
لاساییكردنه‌وه‌ نموونه‌ی باڵا: منداڵ هه‌وڵ ده‌دات یه‌كێك بكاته‌ نموونه‌، شوێن ڕه‌فتار و كرداره‌كانی ده‌كه‌وێت، چاو له‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانی ده‌كات، به‌ تایبه‌تی ئه‌گه‌ر خوشك و برای له‌ خۆی گه‌وره‌تر و نزیك له‌ ته‌مه‌نی خۆی هه‌بێت .
به‌گشتی له‌م قۆناغه‌دا منداڵ زۆر حه‌ز ده‌كات فێر بێت و ته‌واوی ڕه‌گه‌زه‌ كولتوورییه‌كانی وه‌كوو زمان و دابونه‌ریت و كار و چالاكییه‌كانی ده‌وروبه‌ری به‌ ماوه‌یه‌كی كورت وه‌ربگرێت. پرسیار له‌ دوای پرسیار ده‌كات، هه‌تا ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵیش زۆر جار پرسیاره‌كانی هیچ په‌یوه‌ندییان به‌و بابه‌ته‌وه‌ نییه‌ وا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، له‌سه‌ر خه‌یاڵ ده‌ژین. بۆیه‌ هه‌ر پرسیارێكیان به‌ خه‌یاڵدا بێت ده‌یكه‌ن، له‌ پێگرتن و ڕێكردن و ڕۆیشتنی سه‌ره‌تاییدا له‌ هیچ ناترسێت و له‌ هیچ ناگه‌ڕێته‌وه‌، به‌ كونوقوژبنی ماڵ و په‌یژه ‌و سه‌ربانه‌كاندا ده‌گه‌ڕێت، حه‌زی به‌ سوڕان و گه‌ڕانه ‌و بە ڕاوه‌ستان نییه‌. له‌ ده‌ربڕین و داواكاری و خواستن و ویستندا هیچ له‌به‌رچاو ناگرێت.
پێویستە ماڵپەری سەکۆ زارۆک ببێتە سەرچاوەی هۆشیاری خێزانەکان و پێدانی زانیاری زانستی لەسەر پەروەردە و پێگەیاندنی منداڵ. ئەمەش لە ڕێگای پسپۆڕان و پزیشکان و دەروونناسان و دڵسۆزانەوە دەکرێت کە بۆ ئەم ماڵپەرە پێویستن، بە تایبەت لە کوردستان‌دا بۆ تەمەنی پێش قوتابخانە، خێزان و ژینگەی کۆمەڵایەتی ڕۆلی بنچینەیی دەگێڕن بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی پەروەردەکراو بە هزر و هۆشیاریی نەتەوەسازی و نیشتمانسازی. لێرەوە ڕۆڵی ماڵپەڕی سەکۆ زارۆک بۆ هۆشیارکردنەوەی خێزانەکان لە پەروەردە و فێرکردن و پێگەیاندنی منداڵدا زیاتر دەبێ. پێویستی ماڵپەرەکەش بە مەعریفەی زانستی زیاتر دەبێت بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی پەروەردەکراو بە زانست.
لە کۆتاییدا پێویستییەکی دیکەی سەکۆ زارۆک بە بابەتی زانستی و ڕۆشنبیری و تەڕفیهی و هەمەڕەنگەوە، چونکە مەرج نییە نووسین بۆ منداڵ هەمیشە بۆ مەبەستی پەروەردەیی و مایەی پەند وەرگرتن و ئامۆژگاری و ڕێپیشاندان بێت، دەکرێ وەکوو بەرهەمێکی کولتووری مایەی چێژوەرگرتن و چالاککردنی هزر و ڕاکێشانی خوێنەرانی منداڵ بێ.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO