سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

مۆسیقای میسۆپۆتامیا: ئایا عود لە وڵاتی “کوردانی فەیلیی”ەوە هاتووە؟

موئەیەد عەبدولستار

وەرگێڕانی: هۆمەر محەمەد

لە سەردەمی شارستانییەتی سۆمەری‌دا، ئامێری عود لە باشووری عێراق بڵاو نەبوو، بەڵام دواتر لە سەردەمی ئەکەدییەکان‌دا بڵاوبووەوە. هەندێک لە توێژەران پێیان وایە کە ئەم ئامێرە لە قەوقاز یان لە گەلە سامییە ڕۆژئاواییەکانەوە (سووریا) هاتووە، بەڵام لەو پەیکەرانەی کە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی بڕۆنزی لە سووریا، هیچ نەخش و نیگارێکی ژەنیارانی مۆسیقامان بەرچاو ناکەوێت.

ئەو شوێنەوارانەی لە شاری سووس (Susa)، پایتەختی شانشینی ئیلام دۆزراونەتەوە -کە پایتەختی مێژوویی وڵاتی کوردانی فەیلی یان “لوڕستان”ـە- نیشتمانی ڕەسەنی عودیان بۆ ئاشکرا کردین. لەوێ چەندین نەخشی عود لەسەر پەیکەرە قوڕینەکان دۆزراونەتەوە، لەوانە عودێکی شێوە هێلکەیی کە ملەکەی دوو کونی تێدایە و وا دیارە هی ژەنیارێکی پایەبەرز بووبێت، وەک ئەوەی جادووگەرێک بێت.

هەروەها عودێکی دیکە لە لوڕستان دۆزراوەتەوە کە لە مس (بڕۆنز) دروست کراوە و سندوقەکەی بازنەییە و لە سک دەچێت. ئەم جۆرە لەسەر بووکەڵەیەکی نمایشیش دەبینرێت کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەشکانییەکان (پارسییەکان).

دەفرێکی زیویشمان هەیە کە لە مۆزەخانەی بەریتانی پارێزراوە و لە ئێران دۆزراوەتەوە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانی و وێنەی عودێکی لەسەر نەخشێنراوە لە دیمەنێکی شەونخونی و ئاهەنگدا.

ئەو نەخشانەی لەسەر دەفر و کەرەستە دۆزراوەکان لە ئیلام هەن، باو و بڵاوی ئامێری ‌عود لەو سەردەمە کۆنانەدا دەردەخەن. بەناوبانگترین ژەنیاری عود لە سەردەمی ساسانی‌دا ناوی باربەد (Barbad) بووە، کە چەندین گێڕانەوە دەربارەی لێهاتوویی ئەو لە ژەنیندا هەیە. وا باوەڕ دەکرێت کە ناوی “بەربەت” (Barbat)، کە ناوێکی تری عودە- لە ناوی ئەم ژەنیارە ناودارەوە وەرگیرا بێت، پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی دەڵێت لە شێوەی “بەربەت” (بەت = مراوی)ـەوە هاتووە کە دەڵێن عود لە مراوی دەچێت.

لە چیرۆکە کۆنەکاندا هاتووە کە “خەسرەو پەروێز”ی پاشای ساسانی، ئەسپێکی هەبووە زۆری خۆشویستووە بە ناوی “شەودێز” (دزی شەو). کاتێک ئەسپەکە دەمرێت، کەس ناوێرێت هەواڵەکە بە پاشا بدات، بۆیە داوا لە “باربەد”ی ژەنیار دەکەن کە پێی ڕابگەیەنێت. ئەویش ئاوازێکی مۆسیقی لەسەر ئامێری عود دەژەنێت، کاتێک خەسرەو پەروێز گوێی لێ دەبێت، هاوار دەکات: “شەودێز مرد!”  

ئامێری عود لە شارستانییەتی فیرعەونی‌ـشدا دەبینرێت، توێژینەوەکان ئاماژە بە دوو جۆر عود دەکەن: یەکەمیان ملێکی کورتی هەیە و لە عودی ئێستا دەچێت و بە پەڕەیەکی دارین دەژەنرێت کە بە ئامێرەکەوە بەستراوە، دووەمیان ملێکی درێژی هەیە و لە “سێتار” دەچێت و سندوقەکەی هێلکەییە.

مێژوونووسی ناوداری یۆنانی “هێرۆدۆت” دەڵێت میسرییەکان لە کاتێکدا بە بەلەمەکانیان بە ڕووباری نیل‌دا دەڕۆیشتن، مۆسیقایان دەژەنی.

هەندێک توێژەر پێیان وایە ئامێری عود لە یۆنانییەکانەوە بۆ ڕۆژهەڵات گوازرایەوە و هەندێکی تر داهێنانەکەی دەدەنە پاڵ “ئەفلاتون” و دەڵێن لە ڕێگەی سوپا و جەنگەکانی ئەسکەندەری مەکدۆنی‌یەوە گەیشتۆتە ئاسیا و میسر و باکووری ئەفریقا، بەڵام بەڵگە مێژووییەکان دەری دەخەن کە عود لە شارستانییەتی میسری‌دا هەبووە پێش ئەوەی سوپای ئەسکەندەر بگاتە میسر.

لە یۆنانیدا بە عود دەگوترێت “باربیتۆس” (Barbitos)، یان “باربیتۆن” و لە ئاهەنگە ئایینی و نا-ئایینییەکاندا بەکاردەهێنرا. بەڵام لە ڕێگەی ئەو بەڵگە مێژووییانەی لە شانشینی ئیلامی و شارستانییەتی سۆمەری لە باشووری عێراق دۆزراونەتەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە عود ئامێرێکی مۆسیقی ڕەسەنی ئەو ناوچەیە بووە. ئەو شوێنەوارانەی لە شاری “سووس” دۆزراونەتەوە و مێژووەکەیان بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، وەک نەخشی عود لەسەر دەفر و کەرەستە فەخاری و کانزاییەکان، ڕەسەنایەتی عود بۆ شانشینی ئیلامی پشتڕاست دەکەنەوە.

ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگرین کە شارستانییەتی ئێرانی لە بنەڕەتدا شارستانییەتی شانشینی ئیلامییە -واتە وڵاتی کوردانی فەیلی- و فارسەکان لە زمان و کولتوور و نیشتماندا برای کوردن، ئەوا ئەوەی پێی دەگوترێت شارستانییەتی ئێرانی یان فارسی، لە ڕاستیدا شارستانییەتی کوردییە کە لە سەردەمانێکی زۆر کۆنەوە لە “ئیلام-لوڕستان” سەریهەڵداوە (کە عەرەبەکان پێی دەڵێن عیلام). شارە بەناوبانگەکانی وەک “سووس” و “پێرسپۆلیس” و کۆنترین پایتەختی کوردی بەناوی “ئەنشان” کە لە شاری سووس کۆنترە، بەشێکن لەم مێژووە.

وا پێدەچێت ناوی “عیلام” ئەو گەلە سامییانە لە وڵاتی کوردانی فەیلییان نابێت کە دراوسێیان بوون، بەڵام یۆنانییەکان پێیان دەگوتن “ئیلام”. کوردەکان لە ئیلام بە خۆیان دەوت “آری” (ئاری)، کە بە واتای “ئازاد” دێت و ناوی گەلانی ئاری لەوەوە هاتووە کە فارسیش دەگرێتەوە. من پێم وایە ئەم ناوە لە داهێنانی “محراس”ـەوە هاتووە کە لە زمانی ئیلامی و سۆمەری‌دا پێی دەگوترێت (ئار)، دواتر ئەم بۆچوونە لە چوارچێوەی پەیوەندییە زمانەوانییەکانی سۆمەری و کوردی دا بڵاودەکەمەوە. هەروەها ناوی “کاردۆ” و “ماد” یان گەلی میدیا وەک ناوێک بۆ کورد لە نووسینە سۆمەری و ئیلامی و ئاشوورییەکان دا هاتووە.

لەسەردەمی ساسانییەکان‌دا، ئایینی زەردەشتی ئایینی فەرمی شانشینی ئیلامی بوو. شانشینەکەیان ڕووبەرێکی جوگرافی فراوانی دەگرتەوە لە شام و فەلەستین و میسرەوە تا خۆراسان و ئەفغانستان. بەناوبانگترین شارەکان لە سەردەمی ساسانی‌دا بریتی بوون لە “سووس” و “پێرسپۆلیس” (عەرەب پێی دەڵێن ئیستەخر) و “تەیسەفون” (کە دوای فتوحاتی ئیسلامی پێی دەگوترا “مەدائین” و دواتر “سەلمان پاک”، کە دەکەوێتە نزیک بەغدا). عەرەبەکان ناوی ساسانییەکانیان تێکەڵ دەکرد و بە فارسیان دەزانین -بەهۆی لێکچوونی زمان و کولتووری کورد و فارس- بەڵام لە ڕاستیدا بەپێی توێژینەوە ئێرانییەکان ئەوان کورد بوون. بۆیە دەبینین بەناوبانگترین شارەکانیان دەکەوێتە وڵاتی کوردانی فەیلی (لوڕستان و دەشتی دیجلە لە کەرکووک‌ـەوە تا بەغدا و بە تێپەڕبوون بە جەلەولا، خانەقین، بەدرە، زەرباتییە و عەمارە تا بەسرە). دوا شاری کوردی/ساسانی کە لەسەر دەستی فاتیحە عەرەبەکان کەوت، شاری “نەهاوەند” بوو لە پارێزگای دیالە، کە بەهۆیەوە دەرگای وڵاتی کورد و ئێران بە ڕووی موسڵمانان‌دا کرایەوە، بەمەش سەردەمێکی نوێ دەستی پێ کرد کە تێیدا مۆسیقا و سروود و جەژنە زەردەشتییەکان کەم کەم قەدەغە کران، بەپێی ئەوەی تا چەند موسڵمانان دەسەڵاتیان بەسەر شارە فەتحکراوەکاندا دەشکایەوە.

کۆنترین بەرهەمی مۆسیقی کوردی/ ئێرانی کە تا ئێستا پارێزراو بێت، سروودە زەردەشتییەکانە، گاتا (Gatha)، وشەی “گیت”ی کوردی و فارسی و هیندی کە بە واتای گۆرانی دێت، لەم وشەیەوە وەرگیراوە. ئەم سروودانە شیعرن و ئیقاعێکی تایبەتیان هەیە و بە شێوەیەکی مۆسیقی دانراون تا لەبەرکردن و بیرمانەوەیان ئاسان بێت، ئەم سروودانە بۆ چەندین سەدە بە زارەکی گوازرانەوە پێش ئەوەی بنووسرێنەوە.

هاوشانی ئەم سروودانە، چەندین ئامێری مۆسیقی دەبینین کە لە شانشینی ئیلامی و بەتایبەت لە شاری “سووس” و دەوروبەری دروست کرابوون پێش زایین بە چەندین سەدە، دواتر بۆ بەشەکانی تری ئێران و شانشینەکانی تر گوازرانەوە. بەشێک لەم ئامێرانە ناوەکەیان یان شوێنەواری ناوە کوردییە/ئێرانییە کۆنەکەیان پاراستووە، بۆ نموونە “تار” کە بە واتای (وێتر/ژێ) دێت لە کوردی و فارسی و هیندی، وەک خۆی ماوەتەوە لە ئامێرە بەناوبانگەکەی “تار”. هەروەها لە ئامێرەکانی تریشدا دەردەکەوێت وەک (گیتار، دووتار، سێتار). “دووتار” واتە ئامێری دوو وەتەری، “سێتار” واتە سێ وەتەری.

بەهۆی گرنگیدانی گەلانی کوردی/ئێرانی بە مۆسیقا، سیستەم و یاسا و تایبەتمەندییان بۆ دانا. هەرچەندە زانیاری تەواومان نییە لەسەر سەردەمە سەرەتاییەکانی مۆسیقا لە کوردستان/ئێران/لوڕستان، بەڵام لەلای ساسانییەکان مۆسیقاژەنی بەناوبانگی وەک “باربەد”، “ناکیسا” و “ڕامتین” دەبینین کە ناوەکانیان لە مێژوودا ماوەتەوە. “باربەد” بەناوبانگترین مۆسیقاژەنی گەورەیە کە سیستەمێکی مۆسیقی داناوە پێکدێت لە حەوت مەقامی شاهانە بە ناوی “خەسرەوانی”، لەگەڵ ٣٠ ئاواز و ٣٦٠ “داستان” (چیرۆک، ئەفسانە، حیکایەت). ئەمە کۆنترین سیستەمی مۆسیقی بووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە شوێنەوارەکەی تا ئێستاش ماوە. هەندێک لە بەرهەمەکانی: “کینی ئیرەج” (تۆڵەی ئیرەج)، “تەختی ئەردەشێر”. ڕەنگە ئەم بەرهەمانە داستانی گۆرانی بووبن.

بەرهەمەکانی تری وەک “باخی شەهریار”، “هەفت گەنج” (حەوت گەنجینەکە)، “مانگ”، “هەور”، “گەیهان” (کەیهان)، جگە لە ناوەکانیان کە مێژوونووسانی دواتر باسیان کردووە، شتێکی ترمان دەربارەیان لەبەردەست نییە. ڕەنگە دوای فتوحاتی ئیسلامی لەناوچووبن چونکە مۆسیقا لە وڵاتی کوردان کە کەوتە ژێر دەسەڵاتی عەرەبەکان قەدەغە کرا و بە کارێکی خراپەکار هەژمار دەکرا. بەڵام دواتر لە کۆشکی خەلافەتی عەباسی‌دا بووژایەوە و ژەنیار و گۆرانیبێژە کورد و فارسەکان لە وڵاتانی ئیسلامی‌دا بڵاوبوونەوە و دەستیان کرد بە دانان و گۆرانی گوتن بە زمانی عەرەبی.

لە نێو مۆسیقاژەنە بەناوبانگەکاندا، “ئەبونەسر فارابی” کە کتێبی مۆسیقای مەزن (الموسیقی الکبیر)ی دانا و بنەماکانی مۆسیقای لە جیهانی ئیسلامی‌دا داڕشت، هەروەها “سەفییەدینی ئورمەوی” کە ئاوازی خستە دوازدە بەش و شەش پارچەی گۆرانییەوە، کە هاوچەرخی فارابی بوو.

ئایینی ئیسلام هانی بڵاوبوونەوەی مۆسیقای نەدەدا، بۆیە هەر کاتێک دەسەڵاتی ئایین بەهێز بووبێت، مۆسیقا دیار نەماوە و چۆتە ژێر زەوی، بەڵام هەر کاتێک دەرفەتی بۆ ڕەخسا بێت سەرلەنوێ دەرکەوتۆتەوە.

مەنسور زەلزەل و ئیسحاق مەوسڵی

بەناوبانگترین ژەنیارانی سەردەمی عەباسی، “مەنسور زەلزەل” بووە کە بە “زەلزەل” یان “زەلزول” ناسراوە. ئەو مام و مامۆستای “ئیسحاق مەوسڵی” (ئیسحاقی کوڕی ئیبراهیم کوڕی ماهان) بووە.

مەنسور زەلزەل گەورەترین مۆسیقاژەنی کۆشکی هارون ڕەشید و مەهدی هادی بووە و لە مۆسیقادا هاوکاری ئیبراهیمی کوڕی ماهان بووە.

مەنسور زەلزەل شارەزای مۆسیقا و لێهاتوو بووە لە ژەنینی ئامێرەکاندا، نۆتەی نوێی داهێناوە و دەستکاری نۆتە کۆنەکانی کردووە. نۆتەی سێیەمی داهێنا و خستیە سەر نۆتە ئێرانییە بەناوبانگەکان و ئەم نۆتانە بە ئاوازی زەلزەل دەژەنران. هەروەها عودێکی دیزاین کرد بە ناوی “شەبوت” چونکە لە ماسی شەبوت دەچوو، ئەم ناوە لە سەردەمەکەیدا زۆر باو بوو.

توێژەرێک دەربارەی لێهاتوویی زەلزەل دەڵێت: پەنجەکانی دیاریی خودا بوون، کاتێک عودی دەژەنی تەنانەت “ئەحنەف” (کەسێک کە قاچی خوار بووە) هەڵدەستا بۆ سەما، ئەمەش نیشانەی لێهاتووییەکەی بووە. پیاوێکی بەخشندە بووە و پارەکانی بەسەر هەژاراندا دابەش کردووە و بیرێکی ئاوی لە بەغدا دروست کرد کە بە ناوی ئەوەوە ناونرا.

مەنسور زەلزەل بە فەرمانی هارون ڕەشید دە ساڵ زیندانی کرا، کاتێک ئازاد بوو لاواز و پرچ سپی بوو بوو. مێژووی کۆچی دوایی بە ساڵی ٧٩١ز. (١٧٥ ک.) داندراوە، بەڵام کتێبی مێژووی مۆسیقای ئێران بە ٢٠٠ی کۆچی دای دەنێت.

سەبارەت بە ئیبراهیمی کوڕی ماهان، باوکی ئیسحاق مەوسڵی، ئەو هاوڕێ و دانیشتووی دیوانی خەلیفە و بەناوبانگترین گۆرانیبێژی کۆشکی عەباسی بووە، هەروەها بەناوبانگترین گۆرانیبێژ بووە بە زمانی عەرەبی. باوکی ماهان لە خێزانێکی ناودار بووە و لە “ئەرجان” لە ناوچەی شیراز لەدایک بووە، بەڵام بەهۆی ستەمی دەسەڵاتی ئەمەوی‌یەوە کۆچی کردووە بۆ کوفە، لەوێ ئیبراهیم لە ساڵی ١٢٥ی کۆچی لەدایک دەبێت.

ئیبراهیم لە کوفەوە دەچێتە موسڵ و ساڵێک لەوێ دەژی و فێری عود دەبێت، بۆیە نازناوی “مەوسڵی” (موسڵی) وەردەگرێت. دواتر لە خوزستان و بەسرە و ناوچەکانی تری ئێران و عێراق فێری هونەری گۆرانی و مۆسیقا دەبێت لەسەر دەستی مۆسیقاژەنە ئێرانییەکان. ئیبراهیم شاعیر و گۆرانیبێژ و مۆسیقاژەن بووە و یەکێکە لە کۆڵەکەکانی مۆسیقای عەرەبی و ئێرانی.

ئیبراهیم شیعری فارسی/کوردی تێکەڵ بە عەرەبی کرد و جۆری نوێی لە مۆسیقای عەرەبی دروست کرد و گۆڕانکاری لە شێوازی گۆرانی عەرەبی‌دا کرد. لە بەسرە بوو کاتێک خەلیفە مەهدی بانگهێشتی کرد بۆ بەغدا، بەڵام لەگەڵ کۆشکدا نەگونجا و بەهۆی مەیخواردنەوەوە زیندانی کرا. لە زیندان فێری خوێندنەوە و نووسین بوو. لە سەردەمی هادی پێگەیەکی گەورەی هەبوو. لە سەردەمی هاڕونە ڕەشید زیاتر بەرز بووەوە و بووە مۆسیقاژەنی کۆشک و هاوڕێی نزیکی خەلیفە. هاڕونە ڕەشید زۆری خۆشدەویست و پارە و دیاریی زۆری پێ دەبەخشی.

خەلیفە لەگەڵ خۆی بردی بۆ دیمەشق، بەڵام لەوێ نەخۆش کەوت و گەڕێنرایەوە بەغدا و لە ساڵی ١٨٨ی کۆچی، کۆچی دوایی کرد. ڕەشید کوڕەکەی خۆی، مەئمونی، ڕاسپارد نوێژی لەسەر بکات و هەموو نازناوەکانی بەخشی بە ئیسحاقی کوڕی.

ناوی لە کتێبی “گۆرانییەکان” (الاغاني)دا هاتووە. ئەو یەکەم کەس بوو قوتابخانەی مۆسیقای لە ماڵەکەی خۆیدا کردەوە و کچانی فێری عود دەکرد. خێزانە بەغداییەکان کچەکانیان دەناردە لای بۆ فێربوونی مۆسیقا.

ئیسحاق ڕێچکەی باوکی گرتەبەر

هەرچی “زەریاب”ـە، قوتابی ئیسحاق بوو و مۆسیقای گەیاندە ئەندەلوس. زەریاب لە کوردی/فارسی دا بە واتای (ئاوی ئاڵتوون) دێت: زەر = ئاڵتوون، ئاب = ئاو.

شوێنەوارە هونەرییە مۆسیقییەکان

لە خوارەوە باس لە هەندێک لەو دەفر و پارچە هونەرییانە دەکەین کە لە مۆزەخانە جیهانییەکاندا پارێزراون و ئاماژەن بۆ بڵاوبوونەوەی گۆرانی و سەما لە سەردەمی ساسانی‌دا لە وڵاتی کوردانی فەیلی (عیلام/لوڕستان) و ناوەڕاست و باشووری عێراق.

لە شارستانییەتی میسۆپۆتامیا، پەیکەری قوڕین بۆ ئاژەڵ و مرۆڤ لە کۆتایی هەزارەی سێیەمی پێش زایینەوە دەرکەوتوون.

تابلۆی ژەنیاری چەنگ (الهارب): مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠٠٠ ساڵ پێش زایین (٤٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر). مۆسیقا ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئایینی. ئەم چەنگە شێوەی وەک بەلەمە و لە وڵاتی ئاشوور و ئێران بڵاو بووە. پارچەی فەخاری ئوور/ئەشنونا: درێژییەکە ٨ سم و پانییەکەی ٩ سم بووە، لە مۆزەخانەی لۆڤەر پارێزراوە (AO 12454).

زەوی کۆشکی شاپووری یەکەم: دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی دووەمی زایینی، لە شاری بیشاپوور (نێوان سووس و تەیسەفون). دەفری زیوی تەبەرستان: لە مۆزەخانەی بەریتانییە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەشتی زایینی (سەردەمی ساسانی). وێنەی ئیمپراتۆری ساسانی تێدایە لە دانیشتنێکی ئاهەنگدا بە دەوریەوە گۆرانیبێژ و مەی هەیە. ژنێک عودێکی بەدەستەوەیە بە شێوەیەک گرتوویەتی جیاوازە لە ئێستا. پیاوێک فوو لە بۆق دەکات.

دەفرەکەی مۆزەخانەی میترۆپۆلیتان: مەسینەیەک (ئەبریق) لە سەدەی شەشەمی زایینی، بەرزی ٣٤ سم، وێنەی ژنێکی سەماکەری لەسەرە (ڕەنگە خوداوەند ئەناهیتا بێت).

دەفری دەیلام/ئێران: سەدەی ٥-٦ی زایینی. شێوەی هێلکەییە و چوار ژنی سەماکەری لەسەر نەخشێنراوە.

شووشەی سەفەوی: لە سەدەی ١٧ی زایینی لە ئیسفەهان دروست کراوە، وێنەی ژنێکی سەماکەری لەسەرە، لە مۆزەخانەی لۆڤەر پارێزراوە.

تێبینی:

موئەیەد عەبدولسەتار نووسەر و ئەکادیمییەکی عێراقی‌ـیە کە نیشتەجێی سوید‌ە.

پەراوێزەکان

حەوت خەسرەوانی (هەفت خەسرەوانی): سیستەمە مۆسیقییە حەوتگۆشەکە، لەلایەن مۆسیقاژەنی ناودار “باربەد” (مۆسیقاژەنی کۆشکی خەسرەو پەروێزی دووەم ٥٩٠-٦٢٨ز) دانراوە. مەسعودی لە کتێبی “مروج الذهب” بە “ڕێگە شاهانەکان” ناوی دەبات. ناوەکانیان:

    ١.  سوکافە: واتە “میزراب” (ئامێری لێدان لە تەل).

    ٢.  (دیار نییە).

    ٣.  ئەمراش: ڕەنگە هەمان “ئەبرینا” بێت.

    ٤.  مادرو وەسبان: پەیوەندی بە شاری مادر و وەسبانەوە هەیە لە نزیک حەلوان.

    ٥.  سایقات: ڕەنگە گۆڕاوی “شایجان” بێت (کۆشکی شا).

    ٦.  سیسەم: گۆڕاوی “شەشەم” (ژمارە ٦)ی کوردی/فارسییە.

    ٧.  جەباران یان حەران.

ئیبن خەردادبە ناوەکان بەم شێوەیە دەهێنێت: بەندستان، بەهار، ئەبرین (ئافرین/سوپاس)، ئەبرینا، مادر و وەسبان، سیسەم، قوببە (ڕەنگە گۆڕاوی گومبەد بێت).

هێشتا هەندێک مەقام لە عێراق ناوە کوردی/فارسییەکەیان ماوە وەک: سێگا (سێیەم)، چوارگا (چوارەم)، پێنجگا (پێنجەم)، نەهاوەند (بە ناوی شاری نەهاوەند). هەروەها وشەی وەک: دونبک (تەپڵ)، بەستە (بەستن/داخستن)، میانە (ناوەڕاست).

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO