شورای مەزن ڕێکخراوێکە کە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی ئێوارەی ڕۆژی دووشەم، 8ی کانوونی یەکەمی 2025 لە هۆتێل دیڤان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک دەستەبژێری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوە چوو. بەڕێزان دکتۆر محەمەد سابیر و کاک فەلاح مستەفا کراون بە سەرۆکی فەخری شورای مەزن. ڕاگەیاندن و دامەزراندنی ئەو ڕێکخراوە و بەڕێوەچوونی لەڕووکەشدا، کارێکی ئاسایی و هیچ کێشەیەکی تێدا نییە، وەکوو ئەوەی ڕۆژانە دەیان ڕێکخراو دادەمەزرێن و زووش کۆتاییان پێ دێت. بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە هێزێکی ئایدیۆلۆجی تازە هەڵتۆقیوی وەکو چین بۆچی لەپشت وەها “شورا”یەکە، کە پاشناوی مەزنیشی پێوە لکێندراوە. ئایا ئەو دەستەبژێرە سیاسییەی کە پێدەچێت بەشێکیان لە ناوەندی بڕیاریشەوە نزیک بن، بە سەرۆکی فەخرییشەوە، لەسەر بنەمای توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و ڕاوێژەوە ئەو هەنگاوەیان ناوە؟ ئایا ئەو دەستەبژێرە لەوە تێدەگەن، کە ململانێیەکی ئابووری و سیاسی و تەنانەت کولتووری زۆر توند لەنێوان ڕۆژئاوا و بلۆکی رۆژهەڵاتەوە هەیە، ئەگەر دروست بێت ناوی بنێین بلۆکی ڕۆژهەڵات، کە بریتییە لە چین و ڕووسیا و تەنانەت کۆریای باکوور و ئێران و زۆری دیکەش. لە ڕاستیدا، سەدان پرسیار لەسەر ئەو بلۆکە و پێگە و ئاڕاستە سیاسییەکەیانەوە هەیە؟
چین، لەڕێگای هێزی نەرمەوە، دەیەوێت پانوپان بێتە ناو ئەو پانتاییانەی کە پێشتر دوور و نزیک هیچ جۆرە هەژموونێکی تێدا نەبوو. بەتایبەتیش ئەو پانتاییانەی کە زێدەتر پارێزبەندی ویلایەتە یەگکرتووەکانی ئەمریکان، لەوانە، هەرێمی کوردستان. لای هەمووان ڕوونە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی سەرەکی لەژێر پارێزبەندی ئەمریکا دایە. تا چرکەساتی نوسینی ئەو بابەتەش، ئەمریکا بەهێزەوە لەتەواوی پانتاییەکانی هەرێمی کوردستاندا ئامادەیە. ئەگەر ئەو پارێزبەندییەش نەبووایە، ناحەزان و داگیرکەران نەیاندەهێشت ئەو هەرێمە بۆ چرکەساتێکیش ئارامی بەخۆیەوە ببینێت. لەگەڵ هەموو ئەو ڕێککەوتننامانەی کە لەنێوان هەولێر و بەغدا دا هەن، لەسایەی دەستوورێکیش کە شەرعییەتێکی بەردەوامە بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها لەکاتێکدا کە سەرۆکی ئەم وڵاتە و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و نزیکەی شەست پەرلەمانتار و دەیان پۆستی دیکەش لەو بەغدایە لەژێر دەستی کورد دان، لەگەڵ هەموو ئەوەش هەموومان شاهیدی ئەو دۆخەین کە ساڵانێکە بەغدا زیرەکانە و وشیارانە چۆن هەرێمی کوردستان لەسەر سک ڕادەکێشێت. ئەوە لە حوزووری ئەمریکا، ئەی ئەگەر ئەو ئامادەبوونەی ئەمریکییەکان نەبوایە؟ بە دڵنیایی دۆخی کوردستان لە ئێستا باشتر نەدەبوو.
لای هەموو چاودێرێکی هەرێمی کوردستان ڕوونە، بەتایبەتی لای دەستەبژێری سیاسی و ڕووناکبیریی کە ململانێیەکی قووڵ لەنێوان ئەمریکا و چین دا هەیە. ئەو ململانێیە ڕۆچووە بۆ هەموو بوارەکان. لەسەر ئەو بنەمایەش زۆرجار هەردوو لا گرەو لەسەر ناوچە پەڕاوێزەکانی خۆشیان دەکەن، یان هەر هیچ نەبێت چاودێری وڵات و ناوچە پەراوێزەکان دەکەن. باڵوێزخانە و شابەندەرخانە (کونسوڵخانە)کان زۆر بە وردی هەموو جموجۆڵەکان دەبینن. چاودێرە ئەمریکییەکان دەزانن چین دەیەوێت بەرەو کوێ بڕوات، لەهەمان کاتیشدا تەماشای ئەوەش دەکەن داخۆ کێ دەیەوێت ببێتە هاوکار و دەستباری چین بۆ فراوانبوونە نەرمەکەی و لاوازکردنی پێگەی ئەمریکا.
چین لە ڕێی ئەو خول و کۆرسانەی کە پارەیەکی خەیاڵی تێدا سەرف دەکات، بەهیچ جۆرێک بۆ چاوی ڕەشی بەشداربووان نییە، بەڵکوو لە چوارچێوەی ستراتیجییەتێکی درێژخایەنی خۆیەتی بۆ دروستکردنی زەمینەی گونجاو لەناو دڵی هەژموونی ئەمریکییەکان و ڕۆژئاوا. تا ئێستا 1200 کەس کە زۆربەیان دەستەبژێری سیاسی و ڕووناکبیریی و ئەکادیمین، بە تەواوی لەخۆگرتنی تێچوونەکانەوە بردراون بۆ چین، لە هۆتێلە پێنج ئەستێرەکان پێشوازیان لێ کراوە و وەک میوانی ڤی ئای پی بۆ شوێنە مەبەستدارەکان گەڕێندراون و پاشان گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان. بۆ دواجاریش هەموو ئەوانە، بە ڕێبەرێتی دەستەبژێرێکی سیاسی حکومەت و دامەزراوەکانی هەرێم، شورایەکییان لێ دروست کراوە. شورای تازەدامەزراو نەک بۆ پارێزگاریکردن لە هەرێم و خەڵکی کوردستان بەڵکوو بۆ بوون بە بەشێک لە ستراتیجییەتی دوورمەودای کۆماری کۆمۆنیستی چین دی ئەمریکا دامەزراوە. چین باش دەزانێت ئەوانەی کە لەو گەشتە زانستییەدا دەگەڕێنەوە سۆزێکی قووڵ بۆ چین دایان دەگرێت، چونکە، چین دیوە جوان و ڕازاوەکەی پیشانی میوانەکانی دەدات، چینێکی تازە، چینێک کە دیوە ئایدیۆلۆجییە ترسناکەکەی پیشانی میوانەکان نادات، ئەو دیوەی کە مرۆڤ بێجگە لە ئامرازێک بۆ ئامانجە ئایدیۆلۆجیاکەی، شتێکی دیکە نییە. لەکاتێکدا هەموومان دەزانین چین یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بەشێوەیەکی بەردەوام پێشێلی مافەکانی مرۆڤ دەکات و سیستەمە سیاسییەکەی پێچەوانەی هەموو ئەو نۆرم و بەهایانەی کە مرۆڤایەتی ئەمڕۆ پێیان گەیشتووە. لەپێشەوەی هەمووشیانەوە سیستەمی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ. هەمووشمان ڕەفتاری چین لەگەڵ تایوان، تیبت، شینجیانگ، مەنگۆلیای ناوخۆ دەزانین، کە چۆن لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤەوە بەردەوام و بەتوندی ڕەخنە دەکرێت (بڕوانە https://www.hrw.org/world-report/2025/country-chapters/china).
ئێستا ئەوە دیارە کە چین لەپێناو هەژموونی ئابووری خۆی هەنگاو دەنێت، بێ ئەوەی سەربازێکی لەگەڵدا بێت. بۆ چین گرنگ نییە هەرێمی کوردستان بەشێک بێت لە عێراق، یان سەربەخۆ، بەڵکوو بۆی گرنگە لەڕێی بەرهەمەکانییەوە بازاڕی هەرێمی کوردستان قۆرخ بکات و نوزە نەک هەر لە بەرهەمە بیانییەکان ببڕێت، بەڵکوو نوزە لە بەرهەمە ناوخۆییەکانیش ببڕێت ئەگەر هەبن. بەو مانایەی ئەگەر هەر چرکەساتێک دوژمنکارییەک دژ بە هەرێم دەستی پێ کرد، فەرمانبەرانی چین لەپێشەوەی هەمووان هەرێم بەجێ دێڵن چونکە پارێزگاریکردن لە هەرێمی کوردستان نە بەکاری خۆیان دەزانن و نە لە ستراتیجییەتی چین دایە.
کەواتە، دەستەبژێری سیاسی هەرێمی کوردستان لەسەر چ بنەمایەک، پێشبڕکێیانە بۆ چوونە ناو شورای مەزنی چین؟ ئایا ئەو شورایە خۆیان و نەتەوەکەیان لە گوللـەکانی دوژمن دەپارێزێت؟ بەدڵنیایی نەخێر. ئایا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەوەها جووڵەیەکی دەستەبژێری سیاسی هەرێم قەڵس و پەست دەبێت؟ بەدڵنیایی وەها جووڵەیەک دڵی ئەمریکییەکان خۆش ناکات، لەکاتێکدا وزەیەکی زۆری ماددی و مەعنەوی بۆ پارێزگاریکردن لە هەرێمی کوردستان سەرفکردووە و سەرفیش دەکات.
ئەوەی لێرەدا گرنگە ئاماژەی پێ بکەین، بەرژەوەندییەکانی هەرێم و ڕاگرتنی باڵانسە لەنێوان وڵاتانی دنیا. هیچ کەسێک دژ بە ڕاگرتنی ئەو باڵانسە نییە، بەڵام باڵانسیش ئاست و پێگەی هەن. ئەوە ڕاستە کە چین ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاساییشە، بەڵام ئەوەش ڕاستە، کە ئەوەی ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان دەپارێزێت چین و ڕووسیا نین، بەڵکو وڵاتە یەکگرتووەکان و ڕۆژاوان. جگە لەوەش، چین مافی خۆیەتی وەها ڕێکخراوێک دروست بکات، بەڵام قۆستنەوەی سۆز و سادەیی دەستبەژێرێک و چوونە ناو ئەو ڕێکخراوە بەبێ قەید و شەرت، بەدڵنیایی هەم نیشانەی پرسیار لەسەر ئەو باڵانسە دروست دەکات و هەمیش دەبێتە جێگای سەرسوڕمانی چاودێرە ڕۆژئاواییەکان، چونکە هیچ حکومەت و دەستەڵاتێکی دنیا ئامادە نییە فەرمانبەرێکی سادەی ناو دامەزراوە سیاسییەکانی خۆشی بنێرێتە ناو وەها ڕێکخراوێک. مەگەر ئەوە تەنها لە هەرێمی کوردستان ڕووبدات.
لەسەر ئەو کەمە زانیاریانەش کە لەسەرەوە باسکراون، پێدەچێت دەستەبژێری سیاسی هەرێمی کوردستان نەک هەر هۆشیار نین بە گەمەی زلهێزەکان و تێکدانی باڵانسی نێوان ئەو زلهێزانە، بەڵکوو واپێدەچێت نەشیانەوێت بزانن داخۆ چوونە ناو وەها شورایەک تا کوێ لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دایە؟



