ئهحمهد فاتح محهمهد
دەستووری کۆماری عێراقی 2005 نەوەکوو هەر باڵاترین بەڵگەنامەی یاسایی وڵاتە، بەڵکوو نەخشەڕێگەی گۆڕینی ناسنامەی سیاسی عێراق بوو لە دەوڵەتێکی مەرکەزیی توندوتیژەوە بۆ دەوڵەتێکی فیدراڵی فرەیی. ئەم دەستوورە لە ژینگەیەکی پڕ لە ئاڵنگاریی ئەمنی و سیاسی و نەتەوەییدا نووسرایەوە، تێیدا سازانی سیاسی کاتیی بەسەر داڕشتنی توندی دەقە یاساییەکاندا زاڵ بوو. پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو دەیە بەسەر جێبەجێکردنیدا، ململانێ یاسایی و دەستوورییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان دەریانخستووە، پێکهاتەی فیدراڵی عێراق ڕووبەڕووی لادانێكی یاسایی مەترسیدار بووەتەوە. لێرهدا، باس لەو مهترسییانه دهكهین، کە له ئهگهری ههمواركردنهوهی دهستووردا ڕووبهڕوویی ههرێمی كوردستان دهبێتهوه.
فەلسەفەی یاسایی سیستەمی فیدراڵی لە عێراقدا
ماددەی (1) لە دەستووری عێراق بە ڕوونی ناسنامەی دەوڵەت دیاری دەکات و دەڵێت: کۆماری عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵی و سەربەخۆ و خاوەن سەروەریی تەواوە، سیستەمی حوکمڕانی تێیدا کۆماریی و پەرلەمانیی و دیموکراتییە. ئەم جۆرە لە فیدراڵییەت لە ڕووی فیقهی یاساییەوە بە فیدراڵییەتی نێوان پێکهاتەکان، یان فیدراڵییەتی ڕێککەوتنخوازی دادەنرێت، کە ئامانجی سەرەکی پاراستنی مافی کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان و ڕێگریکردنە لە دووبارەبوونەوەی دیکتاتۆریەتی مەرکەزی.
لە ڕووی دابەشکردنی دەسەڵاتەکانەوە، دەستوورەکە ڕێڕەوێکی پێشکەوتووی گرتووەتەبەر. ماددەی (110) دەسەڵاتە بەجێماوەکان و تایبەتەکانی حکومەتی فیدراڵی دیاری کردووە، وەکوو سیاسەتی دەرەوە و بەرگری و سیاسەتی نەختینەیی. لە بەرانبەردا، ماددەی (115) پرەنسیپێکی گرنگی جێگیرکردووە، کە دەڵێت: هەموو ئەو دەسەڵاتانەی کە لە دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکوومەتی فیدراڵیدا نەهاتوون، دەبنە دەسەڵاتی هەرێم و پارێزگاکان، لە کاتی هەبوونی ناڕوونی، یان ناکۆکی لەسەر دەسەڵاتە هاوبەشەکانیش، پێشینەیی بۆ یاسای هەرێمەکان دەبێت. ئەم داڕشتنە یاساییە نیشانی دەدات دەرچه دەستوورییەکە مەیلی بەرەو جۆرێک لە فیدراڵییەتی بۆ هەرێمەکان هەیە، بەو پێیەی دەسەڵاتی بنەڕەتی بەخشیوە بە هەرێمەکان و دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵی بە بەرتەسککراوەیی و تەنیا لەو بوارانەدا هێشتووەتەوە، کە دەقی ڕوونیان لەسەرە.
گرێکوێرەی یاسایی و دەستووریی هەموارکردنەوە
لە فیقهی یاسای دەستووریدا دەستووری عێراق لە ڕیزی دەستوورە ڕەقەکاندا، یان توندەکاندا، پۆلێن دەکرێت. ئەم جۆرە دەستوورانە ناتوانرێن بە یاسایەکی ئاسایی پەرلەمانی هەموار بکرێن، بەڵکوو پێویستیان بە ڕێکاری ئاڵۆز و ڕەزامەندیی جەماوەریی فراوان هەیە. دەستووری عێراق دوو ڕێگەی بۆ هەموارکردنەوە داناوە، کە بوونەتە گرێکوێرەیەکی یاسایی.
١. ڕێڕەوی ماددەی 142
ئەم ماددەیە کاتیی بوو و لەژێر گۆشاری لایەنە سوننەکاندا پێش ڕاپرسییەکەی 2005 زیاد کرا. ماددەکە داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانی کرد بۆ پێشنیارکردنی هەموارکردنەوەی پێویست لە ماوەی چوار مانگدا. بەربەستی سەرەکی لەم ماددەیەدا بڕگەی چوارەمە، کە دەڵێت: هەموارەکە سەرکەوتوو دەبێت ئەگەر لە ڕاپرسی گشتییدا زۆرینەی دەنگدەران پەسەندی بکەن، بە مەرجێک سێ لەسەر چواری دەنگدەرانی سێ پارێزگا، یان زیاتر ڕەتی نەکەنەوە. ئەم مەرجە لە ڕووی عەمەلییەوە مافی ڤیتۆی بەخشییە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، یان پارێزگا سوننەکان بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەموارێک کە مەرکەزیەت بسەپێنێتەوە.
2. ڕێڕەوی ماددەی 126
ئەم ماددەیە چوارچێوەی هەمیشەیی هەموارکردنەوە دیاری دەکات. بەپێی بڕگەی چوارەمی ئەم ماددەیە، نابێت هیچ هەموارێک لە دەستووردا بکرێت، کە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی ئەو هەرێمانەی ناکەونە ناو دەسەڵاتە بەجێماوەکانی فیدراڵییەوە، مەگەر بە ڕەزامەندی دەسەڵاتی یاسادانانی هەرێمی پهیوهندیدار و ڕەزامەندی زۆرینەی دانیشتووانهكهیهوه نهبێت لە ڕێگەی ڕاپرسییەوە. ئهم گرێ یاساییە، پارێزبەندییەکی توند دەداتە قەوارەی هەرێمی کوردستان. لە ڕووی شیکاری یاساییەوە، هەموارکردنی دەستوور بە مەبەستی گۆڕینی سیستەمی فیدراڵی، یان کەمکردنەوەی دەسەڵاتی دارایی و کارگێڕی هەرێم، بەبێ ڕەزامەندی پەرلەمانی کوردستان پڕۆسەیەکی سەرنەکەوتوو و نادەستووری دەبێت. ئهگهرچی ههرێمی كوردستان زۆر كهمتهرخهمه، كه تاوەکوو ئێستا دهستووری تایبهت به خۆی نییه.
مەترسییە یاساییەکان لەسەر فیدراڵییەت لە عێراقدا
سەرەڕای پاراستنە دەستوورییەکان سیستەمی فیدراڵی لە عێراقدا لە ڕووی پراکتیکی و یاساییەوە ڕووبەڕووی چەندین مەترسی جدی بووەتەوە، کە پێگەکەی لاواز دەکەن.
١. دهسهڵاتی مهركهزی دادگای فیدراڵی
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، کە بەرپرسە لە شیکردنەوەی دەقەکانی دەستوور، لە ساڵانی ڕابردوودا ستراتیجیەتێکی یاسایی گرتووەتەبەر مەیلی بەلای مەرکەزیەتدا هەیە. ئهویش لە ڕێگەی چەندین بڕیاری مێژووییەوە، دادگاکە دەسەڵاتی بەغدای بەسەر هەرێمدا فراوانتر کردووە.
بڕیاری ژمارە 59ی فیدراڵی (2022): لەم بڕیارەدا دادگای فیدراڵی یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستانی ژمارە 22ی 2007ی بە نادەستووری دانا و ناچاری کرد کێڵگە نەوتییەکان ڕادەستی بەغدا بکات. ئەم بڕیارە پشتی بە لێکدانەوەیەکی بەرتەسک بۆ ماددەکانی (111 و 112) بەست، لە کاتێکدا فیدراڵییەت بەبێ سەربەخۆیی دارایی تەنیا ناوێکی بێ ناوەڕۆکە.
بڕیارەکانی پەیوەست بە پەرلەمانی کوردستان: ڕەتکردنەوەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکان، دەستێوەردانێکی ڕاستەوخۆ بوو لە سەربەخۆیی یاسادانانی هەرێم.
٢. پەکخستنی دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدراڵی
له ماددەی (48)ی دەستوور هاتووه دەسەڵاتی یاسادانانی فیدراڵی لە عێراقدا لە دوو پایە پێکدێت: ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی فیدراڵی (مجلس الاتحاد). ماددەی (65) دەڵێت؛ پێویستە بە یاسایەک ئەم ئەنجوومەنە پێکبهێنرێت کە نوێنەرایەتی هەرێم و پارێزگاکان بکات. تاوەکوو ئێستا پەرلەمانی عێراق ئەم یاسایەی دەرنەکردووە.
ئەنجامی یاسایی: نەبوونی ئەم ئەنجوومەنە وای کردووە ئەنجوومەنی نوێنەران، کە لەسەر بنەمای زۆرینەی ژمارەی دانیشتووان بونیادنراوە، بە تەنیا یاسا فیدراڵییەکان دەربکات. ئەمەش مافی ڤیتۆی فیدراڵی لە هەرێمەکان زەوت دەکات و دەبێتە هۆی سەپاندنی یاسای وا کە دژی بەرژەوەندی کەمینە نەتەوەییەکانە.
٣. کەمکردنەوەی ڕۆڵی ماددەی (115) و سەپاندنی یاسای مهركهزی
پرەنسیپی گشتیی لە دەوڵەتە فیدراڵییەکاندا ئەوەیە، کە یاسای هەرێمی دەسەڵاتی باڵای هەیە لەو بوارانەی کە تایبەت نین بە مەرکەز. بەڵام لە عێراقدا حکوومەتی فیدراڵ و وەزارەتەکانی ناوەند، لە ڕێگەی دەرکردنی ڕێنمایی و یاسای جۆراوجۆرەوە، دەسەڵاتە کارگێڕیی و داراییەکانی هەرێمیان سنووردار کردووە، ئەمەش پێشێلکردنێکی ڕوونی پرەنسیپی باڵادەستی یاسای هەرێمەکانە لە کاتی ناڕوونیدا.
چارەسەر و دەرئەنجامە یاساییەکان
بۆ پاراستنی سیستەمی فیدراڵی لە عێراقدا لە هەرەسپێهێنان، پێویستە چەند ڕێکارێکی یاسایی توند بگیرێتەبەر:
١. دەرکردنی یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی: پێویستە دەستبەجێ ئەم ئەنجوومەنە دابمەزرێت، بۆ ئەوەی هاوسەنگیی یاسادانان لەنێوان ناوەند و هەرێمەکاندا بپارێزرێت.
٢. یاسای دادگای فیدراڵی بەپێی ماددەی (92): پێویستە دادگای ئێستا هەڵبوەشێتەوە و دادگایەکی نوێ بەپێی ماددەی 92ی دەستوور پێک بێت، کە پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان هەیە، بۆ ئەوەی نوینەرایەتی ڕاستەقینەی هەرێمەکانی تێدا بێت و بڕیارەکانی سیاسی نەبن.
٣. دەرکردنی یاسای نەوت و غازی فیدراڵی: بە سازانی نێوان هەولێر و بەغدا، بۆ ئەوەی لێکدانەوەی دەستووری بۆ ماددەکانی 111 و 112 لە چوارچێوەی یاسایەکی هاوبەشدا ڕێک بخرێتەوە.
ههموو ئهمانه ئهوه دهخاتهڕوو، کە هەر هەموارکردنەوەیەکی دەستووری بیەوێت فیدراڵییەت لاواز بکات، نەوەکوو هەر نادەستووری دەبێت بەپێی ماددەی 126، بەڵکوو دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتی و سیاسییەی عێراقی نوێی لەسەر بونیادنراوە.


