سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

خوێندنی باڵا و بەڵای ناوەندخوازی

وەزارەتی خوێندنی باڵا، بۆ دواجار بەسەرپەرشتی د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا، بەنیازن پڕۆژە یاسایەکی نوێ بۆ خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان دابڕێژن، وەکوو نەخشەڕێگایەک بۆ سەربەخۆیی زیاتری زانکۆکان و دەرچوون لەو ناوەندخوازییەی کە هەموو زانکۆکانی کوردستانی شەپڵە، دەستەمۆ و بێکاریگەر کردووە. لەو کورتە نووسینەدا دەمەوێت جەخت لەسەر وشەی سەربەخۆیی بکەمەوە، ڕەهەندەکانی سەربەخۆی و دەرەنجامەکانی شرۆڤە بکەم.

هەڵبەت ناوەندخوازی (centralization)، زۆر شێوازی هەس، ڕێک وەکوو ناوەندخوازی دەوڵەت. هەموو وڵاتە پێشەوتووەکانی دنیا لە سایەی سیستەمێکی سەربەخۆ و ناناوەند بەهەموو شێوازەکانییانەوە بەڕێوە دەچن، لەوانەش فیدڕاڵی و کۆنفیدڕاڵی. بەڵام شێرپەنجەی دیکەش هەن کە کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا پەک دەخەن و نزیکی دەکەنەوە لە مردن، لەوانەش دەستوەردانی حیزبیی و شەپڕێوی ئیداری، بەتایبەتیش سێ کوچکەی دەستوەردان. لەخوارەوە چەند خاڵێک دەخەمە ڕوو، بەهیوام دڵۆپێک بێت بۆ پڕکردنەوە و ڕوونکردنەوەی دەریای خوێندن و پەروەردە.

یەکەم: دامەزراوەی پەروەردە و خوێندنی باڵا بەشێکە لە دامەزراوە گشتییەکانی دەوڵەت، ئەگەر هەموو دامەزراوەکان بەیەک ئاست چاکسازییان تێدا نەکرێت، مەحاڵە دامەزراوەیەک بە تەنیا بتوانێت خۆی لە بێسەرووبەری و ئەو ناوەندخوازییە بترازێنێت، کە وڵات پێیەوە دەناڵێنێت. هەموومان دەزانین هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای حیزبۆکراسی بەڕێوە دەچێت. بەو مانایەی حیزب قۆرخی هێزە ئەمنییەکان و سەرچاوەکانی داهاتی نیشتمانی کردووە. لە بنەڕەتیشدا دەبێت ئەو دوو سەرچاوەیە لەلایەن دەوڵەت و حکومەتێکی نیشتمانییەوە قۆرخ بکرێن، بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا حکومەت دەستی کراوە بێت لە داڕشتنی سیاسەتەکانی، ئاراستە و چۆنایەتی و ئیدارەیەکی سەرکەوتووەوە. ئەو قۆرخکردنەی حیزب، ڕەنگی داوەتەوە بەسەر هەموو دامەزراوەکان، لەنێوانیشیاندا پەروەردە و خوێندنی باڵا.

دووەم: لەسەر بنەمای خاڵی یەکەم؛ یەکەم هەنگاوی سەربەخۆیی زانکۆکان، دوورخستنەوەی دەستی حیزبە لەناو دامەزراوەی پەروەردە و خوێندنی باڵادا. با لەڕووی کردەیی و میکانیکییشەوە، سەربەخۆییەکی زیاتر بە زانکۆکان ببەخشن، ئەگەر دەستی حیزبی لەسەر بمێنێت، بە دڵنیایی یەک هەنگاو نەک هەر ناچێتە پێشەوە، بەڵکوو بۆی هەیە قەیرانەکان قوڵتریش ببنەوە. نموونەی دەستوەردانی حیزبیش زۆرن، هەر لە دامەزراندنی سەرۆکی زانکۆکان و ستافە سەرەکییەکەیان، تا هەندێک جار دەگاتە ڕاگرەکانیش. ئەمەش بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بە نەرێنی لەسەر ئاست و ئازادیی خوێندن و ئیدارە و هاندانی زۆرینەی مامۆستایان ڕەنگ دەداتەوە. لێرەدا بە هیچ جۆرێک قسەمان لەسەر کەسایەتی سەرۆک و بەڕێوەبەرەکان نییە، کە مرۆڤی بەڕێز و بەتوانان لە بواری خۆیاندا، بەڵکوو ڕەخنەکە ئاراستەی پڕۆسەی دەستوەردانە.

سێیەم: بە پلەی سێیەم، ئەوەی کە زانکۆکانی پەکخستووە دەستوەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵایە لە گچکە و گەورەی زانکۆکان، لەڕێی کۆمەڵێک ڕێنماییەوە، کە بەشێک لەو ڕێنماییانە وەکوو پەتی نەفرەتوان لە گەردەنی توێژی ئیداری، مامۆستایان و فەرمانبەران. خوێندنی باڵا، دەکرێت هەندێک هێڵی گشتی بۆ زانکۆکان دابنێت، وەکوو سیاسەتێکی نیشتمانی بۆ ڕەوتی خوێندن، بەڵام هەرگیز نەچێتە ناو وردەکارییە ئیدارییەکان و ڕەوتی خوێندن و ئازادیی زانکۆکان. ئەوکاتە زانکۆکان بۆ خۆیان بەپێی بەرژەوەندی خۆیان ڕێنماییەکان لە بەرژەوەندی چۆنییەتی و کوالیتیی خوێندن و ئارامیی زانکۆکەیان ستافی زانستی دادەنێت. ئەمە جۆرێک لە ململانێی نیشتمانیش لەنێوان زانکۆکاندا دروست دەکات، بەوەی هەر زانکۆیە و هەوڵ بدات باشترین و گرنگترین ڕێنمایی پێڕەو بکات لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی پەروەردە و خوێندن. ئەوکاتە زانکۆکان بەدوای جۆرێتیدا دەگەڕێن و لەیەکدی فێردەبن و ئاستەکان بەرز دەبنەوە، تەنانەت خوێندەڤانەکانیش هەوڵ دەدەن بەرەو ئەو زانکۆیانە بڕۆن کە ئاستییان بەرزتر و ئازادییان زیاترە. ئەوەی ئێستا هەیە، زانکۆکانی کردوون بە مێگەل و دەبێت هەمووان وەکوو یەک ڕەفتار بکەن، کە لەکۆتاییدا تیمێکی نانیشتمانیی ناشیرینی دروست کردووە. ئەوە هیچ لەوەی کە زانکۆکان لە ئامادەییەکان خراپتریان بەسەر هاتووە و تەنها ئەو خوێندەڤانانە دەبینین، کە خەڵکی ئەو دەڤەرەن کە زانکۆکەی تێدایە، ئەمەش دژ و پێچەوانەی سیاسەتی نیشتمانسازی و دروستبوونی نەتەوەیەکی هۆشیارە.

چوارەم: زۆربەی وڵاتانی دنیای سێیەم کە پێیان دەڵێن “تازە گەشەسەندوو”، پارەیەکی پێویست و گونجاو بۆ خوێندن دابین ناکەن. نەک هەر ئەوە، زانکۆکان شانازی بەوەوە دەکەن کە دەست بەپارەوە بگرن و کۆتایی ساڵ بڕێکی باش بگەڕێننەوە بۆ حکومەت، لەکاتێکدا بواری توێژینەوە لەو زانکۆیانە لە وێرانە وێرانترە. لە دنیای پێشکەوتوودا باڵاخانەکانی ناوەندەکانی توێژینەوە لە فاکەڵتییەکان زەبەلاحتر و کاراتر و دەوڵەمەندترن، بەڵام لە کەرتی پەروەردە و خوێندنی هەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا ئەگەر ناوەندێکی توێژینەوە لەلایەن حیزبێکەوە پشتیوانی نەکرێت، پەکی دەکەوێت، نەک هەر ناتوانێت بستێک بڕواتە پێشەوە، بەڵکوو بەربەستیشی بۆ دروست دەکرێن و لەکۆتاییدا شکست دێنێت. تەرخاننەکردنی بودجەیەکی دروست، دەبێتە هۆکارێک بۆ بەسەریەکداکەوتنی پۆلەکان و جەنجاڵییەکی زۆر، نەبوونی تاقیگەی پێویست، کەمی داهاتی مامۆستا و بەکەم تەماشاکردنیان.

پێنجەم: قەیرانی چوار کوچکەیی؛ “سیستەم، مامۆستا، بەرنامە و شوێن”. هەر چوار کۆڵەگە بە شێوەیەکی ڕێژەیی بەشدارن لە دابەزینی چۆنایەتی خوێندن. لە خاڵی یەکەم و دووەمدا بەشێکی باسەکە پەیوەندی بە سیستەمەوە هەیە. سیستەمی خوێندن دابڕاو نییە لە سیستەمی سیاسی، سیستەمی ئابووری و سیستەمی کۆمەڵایەتی. هەر چوار سیستەمەکە وەکوو پەراسوو دەبەریەکڕاچوون و یەکتر تەواو دەکەن. ئینجا ئەو سیستەمە سەقەتە بەدڵنیایی مامۆستای سەقەتیش بەرهەم دێنێت، مامۆستای سەقەتیش ناتوانێت بەرنامەیەکی قووڵ و تۆکمە و ئاراستەکەر بۆ خوێندەڤانان دابین بکات. ئینجا بەپلەی کەمتر شوێنی خوێندن و باڵاخانەی زانکۆکان دێن. لە کوردستان نەک هەر مامۆستا شوێنێکی شایستەی بۆ دابین ناکرێت بۆ ئەوەی کار و بەرنامەکانی خۆی تیادا دابین بکات و سەربەخۆیی و چۆنایەتی مامۆستا بپارێزێت، بەڵکوو لە زۆر شوێن خوێندەڤانان پێویستییان بە پۆلی زیاتر و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر هەیە. ئەم قەیرانە، هەر لە زانکۆوە دەست پێناکات، بەڵکوو لە باخچەی منداڵانەوە دەست پێ دەکات، لەجیاتی منداڵی ئازا و ڕەخنەگر پەروەردە بکرێت، ژمارەیەک ڕۆبۆت دروست دەکرێن و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، داهێنان و کارامەیی ڕاستەقینە بلۆک دەکات، لە کۆتاییدا زۆربەی ئەوانەی دەگەنە زانکۆ، ئامادە نەکراون بۆ خوێندنی باڵا.

شەشەم: قەیرانی توێژینەوە لەباشترین حاڵەتدا بەرهەمهێنانی توێژینەوەی ئاست نزمە. لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوودا دەوڵەت سیاسەتەکانی خۆی لەسەر بنەمای توێژینەوەکان بەرەوپێش دەبات. شارەوانییەکان بەبێ توێژینەوە و تەرخانکردنی بودجە بۆ ئەو مەبەستە دارێک لەسەر بەردێک دانانێن. بەوجۆرە، بودجە و یارمەتییەکانی توێژینەوە لەجێی نەبوون دان، کولتوورێکی بەهێزی توێژینەوە دروست نەبووە، بەبێ توێژینەوەش زانکۆکان ناتوانن داهێنان بکەن.

هەروەها کێشەی بڵاوکردنەوە لە گۆڤاری زانکۆکان، لەلایەک توێژەر مووچەی نییە، بەڵام ئەگەر توێژینەوەیەک بداتە هەر گۆڤارێک دەبێت بڕە پارەیەک بدات بۆ ئەوەی گۆڤارەکەش بەلای خۆیەوە بیدات بە ستافی پێداچوونەوە، کە ئەمەش کاریگەرییەکی خراپ لەسەر لایەنی دەروونی توێژەر دادەنێت. ئەوە جگە لەوەی کە گۆڤارەکانیش بوون بە چێشتی مجێور و هیچ جۆرە تایبەتمەندییەکیان تێدا نییە. گۆڤاری هەموو زانکۆکان هەرچی بۆیان بڕوات بڵاوی دەکەنەوە. لەکاتێکدا پێویستە گۆڤارەکانیش بەرەو تایبەتمەندێتی بڕۆن و بڵاوکردنەوە لەپێناو بڵاوکردنەوە نەبێت.

هەر لە پەیوەندی بە بواری توێژینەوە و هاوکاری زانستی نێودەوڵەتی، لەگەڵ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان تا سەر ئێسقان سنووردارە. زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی کەمی بودجە و سنووردانان و ئاستی نزمی مامۆستایان و بەربەستی سیاسییش، کێشەیان هەیە.

حەوتەم: وەکوو بەشێک لە قەیرانی دامەزراوەکانی وڵات، دامەزراوەی پەروەردە و خوێندنی باڵاش لەدەست خراپی بەڕێوەبردن دەناڵێنێت. دیارە ئەو خاڵەش پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەهەموو خاڵەکانەوە هەیە، بەتایبەتیش خاڵی یەکەم و دووەم، دەستوەردانی حیزب ڕێگرە لەوەی مرۆڤی شیاو بۆ شوێنی شیاو دابندرێت. ئەمەش بەشێوەیەکی نەرێنی ڕەنگدانەوەی لەسەر سیستەمی بەڕێوەبردن دەبێت. زۆر جار ئەو تیمەی کە زانکۆ بەڕێوە دەبات یان بەهۆی فشاری حیزبییەوە یان بەهۆی ئاراستەی حیزبیبوونییان و لە زۆربەی حالەتەکانیش تێنەگەیشتنیان لە زانستی بەڕێوەبردن و ململانێی ئیداری لەسەر حیسابی چۆنایەتی خوێندن و چۆنایەتی بەڕێوەبردنیش، زانکۆکان بەرەو داتەپین دەچن. مرۆڤی ئیداری مەرج نیە لە بوارێکی زانستی لێهاتوو بێت، بەڵام مەرجە لە ئیدارە لێهاتوو بێت. هەندێک جاریش سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان لێهاتوون بەڵام دەست و پێیان بە ڕێنماییە بێ بنەما و ناوەندخوازی بێتام بەستراون. بەو جۆرە لە کۆتاییدا زانکۆکان بەرەو داڕمان دەچن. لە سیستەمێکی ئیداری خراپیشدا بەدڵنیایی گەندەڵی ئیداری و دارایی بەشی شێر بۆ خۆی دەبات و دەبن بە شێرپەنجە.

خاڵی دیکە زۆر هەن، بەڵام بەو هێندە ئاماژانە واز دێنم، بەو هیوایەی ئەو سەربەخۆییەی کە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەیەوێت کاری بۆ بکات، هەنگاوی جیددی بن و لەهەموو ڕووەکانەوە ئەو ناوەندخوازییە لەبار یەک هەڵبوەشێنێت و سەربەخۆییەکی جیددی لەڕووی سیاسی، ئیداری و دارایی بۆ زانکۆکان بڕەخسێنێت.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO