سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

نەدۆڕاو، وانەیەک لە لێبووردەیی ماندێلا لەبری ڕق و تۆڵەی سەرکردەکانی کوردستان

سلێمان مستەفا حەسەن

نەدۆڕاو (Invictus) ناونیشانی ئەو فیلمە ئەمریکییە بوو لە کانوونی دووەمی ٢٠٠٩دا لە سینەمای ئەمریکی نمایش کرا. سیناریۆی فیلمەکە لەلایەن ئەنتنی پێکهام، نووسەری ئەفریقای باشوور، نووسراوە. سەرچاوەی ئیلهامی فیلمەکەش ڕۆمانی “یاریکردن لەگەڵ دوژمن”ی جۆن کارلینە. ڕۆمانەکە لە بنەمادا دیوێکی ژیانی ماندێلا باس دەکات. نەدۆڕان، کە ئەکتەری ناوداری ئەمریکی فریمان ڕۆڵی سەرەکی تێدا گێڕاوە، باس لە ئازادبوونی ماندێلا دەکات لە زیندان و هەڵبژاردنی وەک یەکەم سەرۆکی ڕەشپێستی ئەفریقای باشوور لە ١٠ی ئایاری ١٩٩٤، دوای ئەوەی پارتەکەی، کۆنگرەی نیشتمانی ئەفریقا (ANC) سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا لە یەکەم هەڵبژاردنی فرەڕەگەزی وڵاتەکەدا.

بابەتی سەرەکی و باڵکێش لە فیلمەکەدا بەکارهێنان و دروست کردنی ڕووداوێکە بۆ دەست پێکی سەردەمێکی نوێ و جیاواز، ڕەکبی و وەرزش ئەو ڕووداوە بوو بەکارهێنران، وەک زمانێکی گشتگیر لە دژی جیاکاریی ڕەگەزیی و توندوتیژیی لە وڵاتێکدا کە تازە لە ئازارەکانی ئاپارتایدەوە بەرە و یەکسانیی هەنگاوی دەنا. لە بەختی ئەفریقای باشوور ساڵی ١٩٩٥وەک وڵاتی میوانداری مۆندیالی ڕەکبی هەڵبژێردرا. ڕووداوەکانی ناو فیلمەکە باسی هەوڵەکانی ماندێلا دەکات بۆ کۆکردنەوەی سپیپێستەکان و ڕەشپێستەکان لە ڕێگەی ڕووداوێکی وەرزشییەوە دوای ئاپارتاید. فیلمەکە نیشان دەدات کە چۆن ماندێلا ئەم ڕووداوەی لە پڕۆژەی دژە ڕەگەزپەرستیدا بەکارهێناوە.

نمایشکردنی فیلمەکە لە کات و ساتی خۆیدا و تا ئەم ڕۆژگارە، لەگەڵ ڕوانگەیەکی سینەمایی بۆ ساتەوەختە سەرەکییەکانی ژیانی ئەو خەباتگێڕە ئازایەی ئەفریقا و جیهان دەنگدانەوەیەکی ئێجگار گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە.

بابەتی ئێمە گێڕانەوەی ژیانی ماندێلا و ڕۆمانی یاریکردن لەگەڵ دوژمن نییە، بەقەد ئەوەی خستنە ڕووی چەکی نەدۆڕان و لێبوردەییە، کە توانی ببێتە ئەفسانە و قەڵای ئاپارتاید و توندوتیژیی بڕوخێنێ. ماندێلا لە زیندان نەدۆڕا، کە ئازادیش بوو نەدۆڕا بەسەر قین و تۆڵەدا سەرکەوت، سەرکەوت بەمانای چنینەوەی ئازارەکانی سیاسەتی ئاپارتاید و پەڕینەوە بۆ لێبوردەیی و دروست کردنی نیشتمانێک بۆ هەمووان.

بێ گومان نووسەری سیناریۆکە ساتە وەختێکی مێژووی هەڵبژاردووە، ماندێلا بووەتە سەرۆکی ئەفریقای باشوور، وڵات لەبەردەم دەیان تەنگەژەوە بەربەست و بارودۆخی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و جیاکاریدا بووە، ئەوە سەرباری ئەوەی ئەفریقای باشوور وەک خانەخوێی میوانداری یاری ڕەکبی نێودەوڵەتی دەست نیشان کراوە.

ئا لێرەدا ماندێلا بڕیاری نەدۆڕان و لێبوردەیی دەدات، ماندێلا یاری ڕەکبی دەکاتە خاڵی دەستپێکی یەکخستنی (ڕەش و سپی). لە لایەک هەوڵی بەدەست هێنای سەرکەوتن و بردنەوەی یارییەکە دەدات، لە لایەکی تر دەیەوێت سەرنجی جیهان بۆ وڵاتەکەی کەمەندکێش بکات. لە لایەکی تریشەوە ماندێلا تیپی ڕەکبی کە تیپی سپیپێستەکان بوو دەکاتە تیپی هەموو ئەفریقایی باشوور.

زۆر دیمەنی جوان و هەست بزوێن لە فیلمەکەدا بەرجەستە کراون، ماندێلا دەڵێت لە زیندان شیعری دانتی هێنلی بە ناوی Invictus سەرچاوەی ئیلهام و خۆڕاگریم بوو، نەک هەر ئەوە بەڵکوو بوو بە قیبلەنمام. بەڵێ من کاپتنی ڕۆحی خۆمم، من وەستای مایسترۆیی چارەنووسی خۆمم. ناوی فیلمەکەش لە شیعرەکەی شاعیری بەریتانی ویلیام ئێرنست هێنلی وەرگیراوە.

بۆ ئێمەی کوردستانیان فیلمکە زۆر کاریگەرە، منیش زیاتر لە جارێک سەیری ئەو شاکارەم کردووە و هیوای من و هەموو کوردێک ئەوەیە لەناو گەلەکەی ئێمەش “ماندێلا”ێک دەربکەوێت و ئیلهامەکەی شیعرە ناودارەکەی ئەحمەدی خانی بێت؛ ڕۆمانی ژانی گەلی ئیبراهیم ئەحمەد بێت؛ ڕۆمانی پێشمەرگەی ڕەحیمی قازی بێت؛ بیرەوەرییەکانی ئاپێ موسا عەنتەر بێت؛ ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکیی بەختیار عەلی بێت؛ ڕۆمانی دوا شەوی دابەزینی حەزرەتی عیسای شێرزاد حەسەن بێت؛ چیڕۆکی بەرخودانی سەید عوبەیدوڵڵای نەھری یان شێخ سەعیدی پیران یان سەید ڕەزاو بێت؛ چیرۆکی بەرخودانی کۆبانێ و ڕزگاربووانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە و ئەنفال بێت؛ یان چیڕۆکی ڕزگاربووان و بێ سەروشوێنانی شەنگال بێت.

بۆیە سەیرکردنی فیلمی (Invictus) هەر تەماشا کردنێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو گرنگە و چێژ بەخشە چونکە پڕیەتی لە وانە و پەند و خۆدۆزینەوە. بردنەوە و نەدۆڕانی ماندێلا زاڵبوونی بوو بە سەر خۆیدا و خۆی نەدایە دەست ڕق و تۆڵە، بە لێبوردەیی بە باوەڕ بوون بە دوا ڕۆژێکی گەشتر نەتەوەیەکی بێ جیاوازی دروست کرد. ئەو ئازادیخوازە خەڵاتی وڵاتە داگیرکەرەکانی ڕەت کردەوە و لە ١٩٩٣دا خەڵاتی نۆبێلی لە ئاشتیدا پێبەخشرا. دوای ٢٧ ساڵ زیندانی سەرکەوت و نەدۆڕا، بەو هیوایەی ئێمەش ئیتر نەدۆڕێن و بمان بێت ماندێلا و وڵات و ئیتفاق و ئینقیاد.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO