سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

هۆکارەکانی تەڵاق و جیابوونەوە لە کوردستان

بەهێ بارام

ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان بە پێی هەموو ئەو داتاو زانیاریانەی بڵاودەکرێنەوە ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەران زۆر بەرزبووەتەوەو پێکەوە ژیانی خێزانەکان لە مەترسیدایە. جیابوونەوە هەڕەشەیەکە لەسەر کۆمەڵگەی کوردستانی، بۆیە ئەم بابەتە شایانی توێژینەوە و لەسەر ڕاوەستانە کە من لێرەدا هەوڵ دەدەم هەندێک لە هۆکارەکانی بخەمەروو.

ناپاکیی هاوسەر بەرامبەر هاوسەرەکەی کە بریتییە لە کردنی کردارێک یاخود قسەیەک لەلایەن یەکێک لە هاوسەرانەوە، یاخود درۆکردن و وەرگرتنی چێژ و خۆشیە لە ڕەگەزی بەرامبەر، کە یەکێ لە هاوسەران بەنهێنی یاخود بە ئاشکرا دەیکات. دەشتوانین بڵێین ناپاکیی هاوسەرگیریی بریتییە لە بەستنی پەیوەندی ناشەرعی و نایاسایی لەلایەن یەکێ لە هاوسەرانەوە بەنهێنی یاخود ئاشکرا لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر. ئەم کردارە دوورە لە ڕەووشتی ئایین و ئەخلاق و مرۆڤایەتی و کولتووری، کە بەڕێژەییەکی بەرچاو لە زیاد بووندایە. لە هەموو کۆمەڵگەکان بە هۆی دوورکەوتنەوە لە بنەما ئایینییەکانە ئیتر هەر ئایینێک بێت چونکە هیچ ئایینێک ڕێگا بە پەیوەندی ناشەرعی و نایاسایی نادات لە نێوان ژن و پیاو، بەتایبەتی لە ئایینی ئیسلام‌دا کە سزای ئەوانەی کاری زینا دەکەن و هاوسەردارن قوورستر و بەئازارترە لەوانەی هاوسەرگیریان نەکردووە. هەر کەسێک چ ئافرەت بێت یاخود پیاو ئەگەر بەشێوازێکی جوان پابەند بێت بە ڕێسا ئایینییەکان هەرگیز جورئەتی ئەوەی نییە پەنا بەرێتە بەر کارێکی وا ناپاک و ناشایستە بۆ چێژ و خۆشی خۆی.

هۆکارێکی دیکەی جیابوونەوە، بە پێچەوانەوە نەبوونی یان لاوازی هەستی سێکسیە لە یەکێک لە هاوسەران، واتە ساردوسڕی لە پەیوەندیی جنسی. ئەگەر هاوسەران یەکتریشیان تاڕادەیەکی زۆر خۆش بوێت بەڵام لەکۆتاییدا ئەم خاڵە هۆکارێکی زۆر گرینگ و کاریگەرە بۆ ناپاکی، کە زیاتر پیاوان بەهۆی ئەم هۆکارەوە خیانەت دەکەن. ئەگەرچی  بەگوێرەی هەندێک لە توێژینەوەکانی ئەم بوارە بەهۆی چوونە دەرەوەی  ئافرەتان و دەوام  و کارکردنیان ئەوانیش تاڕادەیەکی زۆر تووشی ئەم جۆرە پەیوەندیانە دەبن، کە پێی دەگوترێ پەیوەندی سێکسی ناشەرعی لە ئەنجامی سستی بەرامبەرەکەی.

تۆڵەکردنەوە لەلایەن یەکێک لە هاوسەران، بەتایبەتی ئەگەر هاوسەران دڵیان لەیەک بێشێ و گرفتێک لە نێوانیان ڕووبدات لایەنێکیان هەست بە شکست بکات، ئەوا هەوڵدەدات لەڕێگایەکی ترەوە ڕقی خۆی هەڵبڕێژێ و بە مافی خۆی دەزانێت تۆڵەی خۆی بکاتەوە. بۆیە پەنا بۆ ئەم جۆرە پەیوەندییە دەبات لە ڕقی هاوسەرەکەی کە بە حیسابی خۆی تۆڵەی لێ دەکاتەوە، بەڵام نازانێت بەم کردارەی تەنها ڕەوشتی خۆی لەکەدار دەکات و بێگومان کێشەی گەورەتری بۆ دروست دەبێت. ئەم خاڵەش دەتواندرێ بەوە وەسف بکرێ کە هۆکارێکە بۆ سەرهەڵدانی کێشەی گەورەتر لەنێوان هاوسەران، نەوەک ڕێگایەک بێت بۆ تۆڵەکردنەوە، چونکە خودی خۆی لەدواجاردا دەبێتە قوربانی ئەو جۆرە پەیوەندییە ناڕەووشتیە. کە دوورە لە هەموو جوانی  و مرۆڤایەتییەک، ناپاکی نییە تەنها بەرامبەر هاوسەر بەڵکوو ناپاکییە بەرانبەر منداڵ و هەموو تاکێکی ئەو خێزانە.

هۆکارێکی دیکەی جیابوونەوە لەم سەردەمەدا ئاڵوودە بوونە بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەر یەکێک لە هاوسەران بە مانەوەی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سەر حیسابی کاتی گفتوگۆ و تەرخانکردنی کاتە بۆ هاوسەرەکەی ئەمەش هۆکارێکی زۆر ڕوون و ئاشکرایە کەسانێکی زۆر بەهۆی ناسینی ڕەگەزی بەرانبەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەوتوونەتە گرێدانی ئەم جۆرە پەیوەندییانە و بووەتە مایەی جیابوونەوە.

لێکتێنەگەیشتن و نەشارەزایی لە گفتوگۆ و ئاژاوەی ماڵ، ئەم هۆکارە کاریگەرییەکی زۆری هەیە لە دروست بوونی زۆری خیانەت و جیابوونەوە. ماڵ واتە ئارامی و خۆشەویستی و ڕێز  و لێک تێگەیشتن، هەموو کەس پێویستی بە کەسێک هەیە قسەی لەگەڵ بکات و گرینگی پێ بدات و لێی تێ بگات. بەڵام ئەگەر هەر ئاژاوە و دەنگەدەنگ بەردەوامی هەبوو ئەوە دەبێتە هۆی بێزاری و دڵتەنگی، زیاتر پیاوان بەم هۆکارە خیانەت ئەکەن و بیانوویان ئەوەیە ژنەکانیان لێیان تێناگەن و بەردەوام داوای شتی خەیەڵیان لێ دەکەن. بەکوردی خۆمان دەڵێن بۆڵەبۆڵ زۆر دەکەن، یاخود ئافرەتان بەبیانوی ئەوەی کەس نییە گوێی بۆ بگرێت و گرینگی پێ بدات هەوڵ دەدات ئەم بۆشاییە بە بوونی کەسێک پڕ بکاتەوە، ئەمەش پەیوەندی ناشەرعی و خیانەتی لێ دروست دەبێت و دەبێتە مایەی جیابوونەوە و تێکچوونی خێزان.

گرینگی نەدان بە تایبەتمەندی و کەسایەتی یەکتر، واتە پیاوەکە دەیەوێت ئەو ژنەی بەو شێوەیە بێت کە خۆی دەیەوێت و زاڵ بێت بەسەریدا و چی ویست بەڵێی بۆ بکات، یان بە هەمان شێوە  ژنەکەش دەیەوێت ئەو کەسایەتیەی خۆی بێت، وەکوو خۆی قبوڵ بکرێت و ڕەخنەی لێ نەگیرێت. ئەم هۆکارە لەم ڕۆژگارەدا کاریگەرە لەسەر جیابوونەوە چونکە ئەو قبوڵ نەکردن و ڕێز نەگرتنە دەبێتە ڕق و قینە و تۆڵە. زۆرجاریش بۆشایی گەورە لە دەروونی ژن یان پیاو دروست دەکات، وای لێ دەکات بەدوای کەسێکدا بگەڕێت کە وەک خۆی چۆن هەیە وا قبوڵی بکات. لەم هاوسەرگیرییەی پەشیمان دەبێ و بە دوای بیانوویەکدا دەگەڕیت بۆ جیابوونەوە.

دەستێوەردانی ماڵەباوان و خزموکەسوکار، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هاوسەران تەنیا بۆ خۆیان ناژێن، ڕایەڵەیەکی پەیوەندی توندوتۆڵیان لەگەڵ ماڵە خەسوو و خەزوور و کەسوکاری یەکتر هەیە. زۆرجار گرفتی ئەوانە دەپەڕێتەوە ناو خێزانی ئەمان و ژیانیان لێ تێک دەدات.

نەخۆشی و باری بایۆلۆجی و منداڵ نەبوون، لە هەر یەکێکیاندا، لە ژێر فشاری کۆمەڵگەدا نەبوونی منداڵ دەبێتە گرفت، بە تایبەت ئەگەر هۆکار ژنەکە بێت. ئیدی هەر زوو پیاوەکە هاندەدرێت بۆ ژنی دووەم یان جیابوونەوە لە کاتی قبوڵ نەکردنی.

بۆیە پێویستە هاوسەران تێگەیشتنیان بۆ یەکتر زیاتر بێت و گرینگی بدەن بە یەکتر و ڕێزی بوونی یەکتر بگرن و بەرانبەر یەکتر بە وەفا بن، ڕێزی خانەوادەی یەکتر بگرن، دوور بکەونەوە لە بۆڵەبۆڵ و ڕەخنەگرتن لە یەکتر، زیاتر گرینگی بە چاککردنی ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان بدەن، لەخەمی داهاتووی منداڵەکانیان بن، بیر لە تێکچوونی کۆمەڵگە بکەنەوە بزانن کە خێزان گەورەترین نیعمەت و جوانترین و گرینگترین بناغەی دروست بوونی کۆمەڵگەیەکی تەندروستە. گرینگی بە شتە لاوەکییەکان نەدەن، خۆیان هۆشیار بکەن و گوێ بە قسەی خەڵک نەدەن و خۆشیان نەچنە پەیوەندی نێوان هیچ کەس و هاوسەرێکەوە تاکو کەسیش نەیەتە نێوان پەیوەندی ئەوانەوە. هەستی تۆڵەکردن و ڕق لێ بوونەوە لەیەکتر بگۆڕن بۆ هەستی لێبووردن و خۆشەویستی و گفتوگۆی شیرین لەگەڵ یەکتردا. بێزار نەبن لە دەردەدڵ کردن لەگەڵ یەکتر و گوێ بۆ یەکتر بگرن. وابکەن ببنە  پێشەنگ بۆ منداڵ و نەوەکانیان و کەسانی چواردەوریان. لەوانەوە ئارەزوویان بچێتە هاوسەرگیریی و لەوانەوە فێر بن چۆن هەڵسوکەوت بکەن لەگەڵ هاوسەرەکانیان.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO