مایکڵ گونتە
وەرگێڕانی: پێشڕەو محەمەد
پوختە
لە پاییزی ٢٠٢٤دا حکومەتی تورکیی لە ناکاو پێشنیازی ئەوەی کرد لە بەرانبەر هەندێک دەستکەوت و سازانی نادیار و نەزانراو، {پە}کە[کە] دەبێت چەک دانێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە. ئەبجەلان (ناوەکە بە ئانقەست شێوێنراوە، سەکۆ)، ڕابەری لەمێژ زیندانیکراوی حیزبەکە، ئەم پێشنیازەی قبووڵ کرد. لەمیانەی دوازدەمین کۆنگرەی نائاسایی خۆی لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥دا {پە}کە[کە] ڕایگەیاند کە کۆتایی بە خەباتی چەکدارییی ٤٠ ساڵەی خۆی دەهێنێت، چونکە «لەڕێگەی سیاسەتی دیموکراتییەوە کێشەی کوردی بە ئاستی چارەسەریی گەیاندووە، لەبەرئەوە ئێستا کۆتایی بە ئەرکە مێژووییەکەی دەهێنێت». بۆیە خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە. ئەم ڕێکارە کۆمەڵێک هیوای بەدوای خۆیدا هێنا کە لە کۆتاییدا دوای چەندین دەیە توندوتیژیی، ئەنقەرە و گرووپە چەکدارەکە بەرەو ئاشتیی مل دەنێن. بەڵام ئەم نووسینە دەڵێت سەرەڕای بەڵێنەکانی [تورکیا]، هەوڵەکە بە ئەگەری زۆرەوە شکست دەهێنێت، چونکە هیچ جۆرە گەرەنتیی و پارێزبەندییەکی دەستووریی بۆ مافەکانی کورد تێدا نییە – تەنها داوایان لێ دەکات خۆیان بەدەستەوە بدەن. ئەم شیکارییەوە لەوە دەکۆڵێتەوە بۆچی وا دیارە ئەبجەلان قبووڵی کردووە ڕێکخراوەکەی هەڵوەشێنێتەوە و ئەوەش دەردەخات کە دەشێت ئامانجی ڕاستەقینەی حکومەت بەکارهێنانی کوردان بێت وەک هاوپەیمانی کاتیی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ٢٠٢٨دا بۆ پەراوێزخستنی ئۆپۆزسیۆن. دەرەنجامی ئەم نووسینە دەڵێت ململانێ و ناکۆکیی بەردەوام دەبن، بەڵام بەئەگەری زۆرەوە بە کەمترین توندوتیژیی، بەڵام بە دەستێوەردان و بەشداریی سیاسیی زیاترەوە.
پێشەکیی
لە ٢٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤دا، دەوڵەت باخچەلیی، هاوپەیمانی دیفاکتۆی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، پێشنیازی دەستپێشخەرییەکی کرد کە ڕەنگە ببێتە هۆی ئازادکردنی ئەبجەلانی ڕابەری لەمێژ زیندانیکراوی {پە}کە[کە][١]. باخچەلی، ڕابەری حیزبی ڕاستڕەوی پەڕگیری بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، داوای ئەوەی کرد دەبێت ئەبجەلان ئیدانەی تیرۆریزم بکات، پاشان چەک بە {پە}کە[کە] دابنێت و پارتەکە هەڵوەشێنێتەوە. ئەبجەلان بەزوویی ڕێگەی پێدرا کۆتایی بە گۆشەگیرییەکەی و نەبوونی پەیوەندیی بە لایەنگرانییەوە بهێنێت و لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا داوای لە {پە}کە[کە] کرد چەک دانێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە. وا دیارە ڕێکخراوەکە لە کۆنگرەی دوانزەهەم کە سێ مانگ دواتر بەسترا، بەپیر ئەم بانگەوازەوە چووبێت.
ئەم جووڵەیە سەرسووڕهێنەرانە وەک دابڕانێک لێکدرایەوە و ستایشکرا، بەوەدا کۆتایی بە ٤٠ ساڵی توندتوتیژیی لە تورکیا و لە دەرەوەی سنوورەکانی دەهێنێت، کە سەرەتا هەوڵی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەدا، بەڵام لە دەیەی ١٩٩٠ بەدواوە بەرەو گەرەنتییەکی زیاتر میانەڕەوانەی مافە دەستوورییەکان ملی نا.[٢] کۆنگرەی مانگی ئایاری ٢٠٢٥ی {پە}کە[کە] ڕایگەیاند خەباتی دوور و درێژی ڕێکخراوەکە «لەڕێگەی سیاسەتی دیموکراتییەوە کێشەی کوردی بە ئاستی چارەسەریی گەیاندووە، لەبەرئەوە ئێستا کۆتایی بە ئەرکە مێژووییەکەی دەهێنێت».[٣] بەمپێیە «هەر چالاکییەک بەناوی {پە}کە[کە]وە بە فەرمیی هەڵدەوەشێتەوە». ئەردۆغان خێرا ئەم هەلەی قۆستەوە و گوتی «بە ئاستێکی دیکە لە پڕۆسەی تورکیایەکی بێ تیرۆر گەیشتووین».[٤] وەزیری دەرەوە، هاکان فیدان، ئەم جووڵەیەی بە «مێژوویی» ناوبرد و ئەنتۆنیۆ گوتەرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، وەک «هەنگاوێکی گرنگ بەرەو چارەسەری ئاشتییخوازانەی ململانێیەکی دوور و درێژ» ستایشی کرد.[٥]
بەڵام جۆش و خرۆشەکە پێدەچێت زۆر نابەجێ و ناژیرانە بێت. ئامانجی ئەم نووسینە ئەوەیە ڕوونی بکاتەوە کە ئەوەی پێی دەڵێن پڕۆسەی ئاشتیی بە ئەگەری زۆرەوە شکست دەهێنێت. سەرەتا هەڵوەستە لەسەر ئەوە دەکات بۆ وا دیارە ئەبجەلان هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکەی قبووڵ کردووە کەچی هاوکات هیچ گەرەنتییەکی دەستوورییش نییە؟ هەروەها دەری دەخات ئامانجی ڕاستەقینەی حکومەت دەشێت بەکارهێنانی کوردان بێت وەک هاوپەیمانی کاتیی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ٢٠٢٨دا بۆ پەراوێزخستنی ئۆپۆزیسیۆن، ئەو هەڵبژاردنەی دەکرێت زووتر لە وادەی خۆی ئەنجام بدرێت. پاشان بابەتەکە لەڕێگەی هەڵوەستەکردن لەسەر هەوڵە شکستخواردووەکانی پێشوو بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ هۆکارەکانی ڕەشبینبوون شی دەکاتەوە. دەرەنجامی نووسینەکە دەیەوێت بڵێت بە ئەگەری زۆرەوە ناکۆکیی و ململانێ بەردەوام دەبن، ئەگەرچی لەڕێگەی کەمتر توندوتیژیی، بەڵام بەشداریی سیاسیی زیاترەوە.
ئاشکراکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنێکی پشت پەردە
ئەوەی وا دەردەکەوێت پڕۆسەیەکی ئاشتیی بێت زێدەتر لە خۆبەدەستەوەدان دەچێت تا ئەوەی لە بەرانبەر چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی {پە}کە[کە] دووپاتکردنەوەی بەردەوامی گەرەنتیی مافە سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکانی کورد بێت.[٦] وا دەرناکەوێت هیچ ئامادەکارییەکیش بۆ ئەوە هەبێت ڕێگە بە چەکدارانی {پە}کە[کە]، لایەنگران و ڕابەرانی بدات –بە خودی “ئەبجەلان”یشەوە– لە تورکیایەکی تیۆرییانە دیموکراتیزەکراودا جێگەیان بکرێتەوە.
کێشەی سەرەکیی و بنچینەیی ئەم جووڵە تازەیە ئەوەیە هەردوو بەرەکە بەردەوامن لە باسکردن لەو ململانێ دوور و درێژە بە زاراوە و وشەگەلی تەواو جیاواز. حکومەتی تورکیی کێشە سەرەکییەکە لە تیرۆریزمدا دەبینێتەوە، لەکاتێکدا بۆ {پە}کە[کە] بابەتەکە شتێکی فراوانترە بۆ مافەکانی کورد. بەم ڕوانگەیە، چارەسەری ئەنقەرە چەکدانانە، ئەویش لەنێو دەستووری هەنوکەییدا کە تەواو ناسیۆنالیستیی شۆڤێنییە و گەرەنتیی هیچ مافێکی بۆ ئەو هاووڵاتییانە تێدا نییە کە خۆیان بە کورد پێناسە دەکەن. ئەمەش پێویستی بە تواندنەوەی کورد هەیە لەنێو کۆمەڵگەیەکی فراوانتری تورکییدا. بەڵام {پە}کە[کە] و لایەنگرانی دیکە کە هەموویان بە نەتەوە کورد نین، داوای شوێنێکی گەرەنتییکراو دەکەن بۆ خۆیان وەک کورد.
لەبەرئەوە ئەم جووڵە تازەیە کەمترین گۆڕانکاریی بەسەر ئەم بنبەستەدا دەهێنێت، مەگەر ئەوەی گەرەنتییەکی نهێنیی و نەزانراو هەبێت دەوڵەت لەبەرانبەر داواکانی {پە}کە[کە] جێبەجێی بکات. بەو مێژووەی تورکیا لە بەڵێنگەلی پووچ و بەتاڵ هەیەتی، دەبێت بپرسین ئەبجەلان بیر لە چی دەکاتەوە. پێناچێت هیچ چاوەڕوانییەکی بزوێنەر و جووڵێنەر هەبن، ڕەنگە تەنها هەندێک بەخشش لە دواتردا. ڕەنگە لێخۆشبوون بۆ چەکدارانی {پە}کە[کە] بێتە ئاراوە، ئەندامە زیندانیکراوەکانی و هەروەها سیاسەتمەدارانی زیندانیکراوی پارتی یەکسانیی و دیموکراتیی (دەم پارتی) –وەک سەڵاحەدین دەمیرتاش، سەرکردەی پێشووی پارتی دیموکراتیی گەلان (هەدەپە)– و ئازادکردنی مەرجدارانە و مانەوەی لە ماڵەوە، بۆ ئەبجەلان، لێبکەوێتەوە و هەروەها ڕەنگە هەندێک هەمواری دەستووریی بۆ فراوانکردنی مافەکانی کورد، وەک خوێندن بە زمانی کوردیی، بێتەئاراوە. بەڵام بەبێ زانینی ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکەی نێوان {پە}کە[کە] و ئەنقەرا، ئەمانە تەنها گریمانە و وادانانن. بۆیە پێدەچێت هیواخواستن بە سەرکەوتن ساویلکانە بێت، ڕوانگە و گۆشەنیگاکان بۆ چارەسەریی بەئەگەرەوە هەر بەڕێگەوە دەمرن.
هەروەها {پە}کە[کە] دوای زیاتر لە چل ساڵ خەبات نایەوێت ون ببێت. بە زیندانییکرانی بۆ زیاتر لە چارەگە سەدەیەک، گۆشەگیرکردنی تەواوەتیی بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ، ئەبجەلانی ٧٥ ساڵ پەیوەندیی بە واقیعەوە لەدەستداوە و ڕەنگە سیندرۆمی ستۆکهۆلمیش تێیدا گەشەی کردبێت یاخود بە نزیکەیی ستایشکردنی زمانلووسانەی هەوادارانی بووبێتە هۆی لێڵبوونی ئاسۆی بڕیارەکانی، ئەمەش وای لێ کردووە باوەڕی وا بێت هیچ هەڵەیەک ناکات. ئەگەر عاقڵانە بجووڵێتەوە، ڕەنگە ئەبجەلان هیوای بەوە هەبێت بە پێدانی زۆر ئیمتیاز بە وڵاتەکە، تورکیا هەست بەوە دەکات پێویستە ئەویش لە بەرانبەردا هەندێک شت بدات. ئەگەر وا نەبێت، ئەوا {پە}کە[کە] دەتوانێت بە ئاسانیی بۆ هەڵمەتە میلیتارییەکانی بگەڕێتەوە، بۆ ئەمەش بەرپرسیارێتیی شکست لە هەڵنەهێنانی جووڵەی بەرچاو بۆ کۆتاییهێنان بە دوژمنایەتییەکان بە حکومەت بدات.
بەڵام ئەنقەرا هەوڵ دەدات بزووتنەوەی کوردیی دژی خۆی، دابەش و لاواز بکات. {پە}کە[کە] و ئەبجەلان وەک ڕابەرە سیمبولییەکەی، وەک هێزێکی کاریگەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەمێنێتەوە. کتێبەکانی ئەبجەلان هەم سەرسوڕهێنەرانە ئاستی فراوان و جۆراوجۆری فیکرییان تێدایە و هەمیش پێدەچێت هەڵگری جۆرێک بەرپرسیاریی بن بەرانبەر بە چارەسەرێکی سیاسیی –بۆ ئەمەش بە ئەگەرێکەوە بەهۆی شکستی خەباتی چەکدارییەوە. بەڵام لە کاتێکدا ئەبجەلان سەرە ڕەمزییەکەیە، {پە}کە[کە] لە میانەی زیاتر لە چارەگە سەدەیەکی زیندانیبوونی ئەو، لەلایەن ڕابەرایەتییەکی پێکەوەیی و هاوبەشەوە بەڕێوە دەبرێت. ڕەنگە حکومەت هیوای بەوە هەبێت بە ئازادکردنی ئەبجەلان تێکهەڵچوون و ڕکابەریی دروست دەکات و بەمەش بەئەگەرێکەوە گرووپەکە دابەش دەکات. هێشتا ئەمەش هەر وەک گریمانەیەک دەمێنێتەوە.
زۆر گرنگتر لەمەش، ئەگەر لە ڕاستییدا {پە}کە[کە] بێدەنگ بکرێت و بکوژێنرێتەوە، شتێکی ئەوتۆ بۆ ئەبجەلان نامێنێتەوە فەرمانی بەسەردا بکات. ئەبجەلان بۆ ناونانەوەی بزووتنەوەکە دەستەواژەگەلی وەک «تەڤگەری جڤاکیی هەڤالەتیی» یاخود «کۆمەڵگەی ئاشتیی و دیموکراتیی» بەکارهێناوە. بەڵام {پە}کە[کە] پێشتریش هەوڵی گۆڕانی ناوەکەی داوە – کۆنگرەی ئاشتیی و دیموکراتیی کوردستان لە شوباتی ٢٠٠٢دا و پاشان بۆ کۆما چڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە) لە ئایاری ٢٠٠٧دا –لە هەوڵدا بۆ خۆدەربازکردن لە مۆرکی تیرۆریزم. لە هەردوو حاڵەتەکەدا، گرووپەکە دەگەڕایەوە سەر ناوە زۆر باوتر و جەماوەرییەکەی خۆی «پارتی کرێکارانی کوردستان– {پە}کە[کە]»، ئەگەرچی کەجەکە بەردەوامە وەک جەستەیەک، {پە}کە[کە] و ڕێکخراوەکانی دیکەی تێدایە.[٧] جگە لەوەش، سەرەڕای ئەوەی {پە}کە[کە] هەڵوەشابووەوە، بڕێکی زۆر لە گرووپە ناتوندوتیژ و ناچەکدارەکانی نزیک لە {پە}کە[کە]، کە بە ئاستێکی دیاریکراو لەلایەن کەجەکەوە بەڕێوە دەبران، لەمێژە بوونیان هەیە. ئەمەش هەموو ڕێکخراوە سیاسیی، کولتووریی، ئایینیی، لاوان و ژنان لەخۆدەگرێت. لەکاتێکدا ئەوان درێژە بە ئامانجەکە دەدەن، توانا و هێزیان زەحمەتە پێشبینیی بکرێت و لە دەرەوەی توانای ئەم شیکارییەی ئێرەوەن.
گومان و تۆمەتەکانی کورد دژی حکومەت
لە تەموزی ٢٠٢٥دا دوای ئەوەی پێی دەگوترێت چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی {پە}کە[کە]، گرووپەکە ڕای گەیاند کە «هەنگاوی داهاتوو بۆ پێشکخستنی پڕۆسەکە دەبێت لەلایەن دەوڵەتەوە ئەنجام بدرێت».[٨] مخابن، بەداخن بۆ ئەوەی ئەنقەرا ئەم چاوەڕوانییانە بەدی ناهێنێت. حیزبەکە کێشەکەی لەم دوو ئاستەوە دەستنیشان کرد:
- حکومەت بەشێوەیەکی نادروست کێشەکە تەنها لەگۆشەنیگای بنبڕکردنی تیرۆریزمەوە دەبینێت، نەک لەگۆشەنیگای دیموکراتیزەکردنی تورکیا و دابینکردنی مافەکانی کورد.
- پاڵنەری سەرەکیی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی حوکمڕان بریتییە لە بەکارهێنانی ئاسۆی ئاشتیی وەک ڕێگەیەک بۆ بردنەوەی پشتیوانیی کورد و شکستهێنان بە ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکیی، پارتی گەلی کۆماریی (جەهەپە) لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.
ئەگەر گلەیی و گازندەکەی {پە}کە[کە] دروست بێت، ململانێکە شانسێکی زۆر کەمی بۆ تێپەڕاندن و چارەسەرکردن دەبێت بەبێ گۆڕانکاریی سەرەکیی لە ئاراستەی حکومەتدا.
لەبەرئەوەی ئەم دوو بابەتە زۆر گرنگن بۆ ئەوەی جووڵەی ئاشتیی سەرکەوێت، گرنگە و پێویستە لە نزیکەوە سەیری ئەوە بکەین چۆن {پە}کە[کە] ڕەخنە توندەکانی خۆی بە وردەکارییەوە دەباتە پێشەوە. گرووپەکە گلەیی لەوە دەکات کە لەکاتێکدا «بەرپرسیارێتییەکانی خۆی ئەنجام داوە»، کەچی دەوڵەت تەنها چاوی لەسەر ئەو شتەیە کە وای دەبینێت کۆتایی بە چالاکییە تیرۆریستییەکان دەهێنێت. {پە}کە[کە] دەڵێت «حکومەت هیچ فۆرمێکی یاسایی یاخود دامەزراوەیی بە پڕۆسەکە نەبەخشیوە، تەنانەت هیچ گەرەنتییەکیشی نەداوە». {پە}کە[کە] باس لەوەش دەکات لە بەرانبەردا ئەنقەرا داوا دەکات ڕێکخراوەکە چەک دانێت بەبێ هیچ جۆرە دڵنیاییەک بۆ ئەوەی گەریلاکانی پێشوو، ئێستا بێ بەرگریی، ڕاوەدوو نانرێن و زیندانیی ناکرێن، یاخود خراپتر لەوەش: «ئەوان مەڕی قوربانیی نین؛ ملی خۆیان ناخەنە ژێر قەنارەی “ئاکەپە”وە». لەبەر ئەم هۆکارە، {پە}کە[کە] داوا دەکات کە دەوڵەت دەبێت بە ڕاشکاویی باس لە پرسی کورد بکات، کۆتایی بە بەئاساییشکردنی ململانێکە بهێنێت و «پڕۆسەکە بەدروستیی وەک پڕۆسەیەکی دیموکراتیزەکردن و چارەسەریی پێناسە بکات».[٩]
گلەییەکی دیکەی بنچینەیی بریتییە لەوەی دەوڵەت چاوی لەسەر بەرژەوەندییەکانی حیزبی حوکمڕانە نەک گردکردنەوە و یەکخستنی سەرجەمی کۆمەڵگە بۆ بانگەوازکردن و هاندانی ئامێزانکردنی کوردان. {پە}کە[کە] دەڵێت «حکومەتی ئاکەپە کار بۆ ئەوە ناکات هەموو هێزە سیاسییە تورکییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە کۆبکاتەوە». {پە}کە[کە] دەڵێت کەڵکەڵە و خەمی سەرەکیی ئەردۆغان بریتییە لە لەخشتەبردنی دەم پارتی بۆ پشتیوانیکردن لە حیزبەکەی ئەو لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ٢٠٢٨دا. ئاکەپە «خەریکی خراپ قۆستنەوەی ئاراستەی بونیادنەرانەی لایەنی کوردییە تا بتوانێت ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکیی، پارتی گەلی کۆماریی (جەهەپە) سەرکوت بکات و بردنەوەی خۆی مسۆگەر بکات».
لە کۆتاییدا، {پە}کە[کە] دەڵێت قومارەکە تەنها ڕێگەیەکە بۆ ئەردۆغان بۆ پاراستنی دەسەڵات. {پە}کە[کە] باس لەوەش دەکات «حکومەتی ئاکەپە کار بۆ گۆڕینی چوارچێوە یاساییەکان لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیی ناکات. بەڵکوو کاتێک بکەوێتە ژێر فشارەوە هەوڵ بۆ ڕواڵەتی چاکسازیی دەدات، بەڵام هەموو شتێک دەکات بۆ بەرگرتن بە گۆڕانکاریی ڕاستەقینە». حکومەت لە بەرانبەردا «دەبێت ئاراستەیەکی یەکخستنی سیاسیی بگرێتەبەر کە بتوانێت هەموو پارتە سیاسییەکان پێکەوە کۆبکاتەوە» و هەنگاوی دەستپێشخەرانەی زۆر هەڵبهێنێت تا بتوانێت متمانە دروست بکات.
لێرەوە، گرووپەکە باس لەوە دەکات ناردنی هەر بانگهێشتێک بۆ ئەبجەلان تا لە پەرلەمان قسە بکات، کە لە لایەنگران و پشتیوانانی ئەردۆغانـەوە، وەک باخچەلی، دێن، «هیچ واقیعێکی کردارەکییان نییە». لە کاتی نووسینی ئەم بابەتەدا لە پاییزی ٢٠٢٥، ڕابەرەکەی {پە}کە[کە] هێشتا لەژێر چاودێریی توندی ئەمنیی زیندانە لە دوورگەی ئیمرالیی، لەو شوێنەی، {پە}کە[کە] دەڵێت ئەبجەلان «گۆشەگیر کراوە و ئەشکەنجە دراوە». هەروەها، {پە}کە[کە] دەڵێت بۆ ئاشتەوایی ڕاستەقینە «ئەبجەلان دەبێت لەنێو هەلومەرجێکی ئازادیی تەواوەتییدا بژیت و بجووڵێتەوە».
لە کۆتاییدا، چالاکوانانی کورد داوا دەکەن کە حکومەت دەبێت «خەریکی ئەنجامدانی کۆمەڵێک چاکسازی یاسایی و دەستووریی بێت کە پێویستن بۆ گەرەنتییکردنی ئەم هەنگاوانە و لەڕێگەی بونیادنانی چوارچێوەیەکی یاساییەوە، پڕۆسەکە بکاتە پڕۆسەیەکی هەمیشەیی». بەسێ هۆزات، لەڕووی تیۆرییەوە هاوسەرۆکی {پە}کە[کە] لە ڕۆڵی خۆیدا وەک هاوسەرۆکی کەجەکە، ئەمەی دووپات کردەوە کاتێک نمایشێکی سیمبولیی ٣٠ گەریلای {پە}کە[کە]ی بەڕێوە برد کە چەکەکانیان لە سلێمانی لە ١١ی تەموزی ٢٠٢٥ سوتاند: «ئەمە جووڵەیەکی سیاسییە و دەمانەوێت وەڵام ببیستین».[١٠] بەسێ هۆزات زیاتر ڕوونی کردەوە «بۆ ئەو بزووتنەوەیەی داوای سیاسەتی دیموکراتیی دەکات، چەکەکان ئێستا بەربەستێکن. دەمانەوێت بە جددیی و بە بەرپرسیارێتییەوە ئەم بەربەستانە لابەرین». عەلی بۆزان، ئەندامێکی پەرلەمان لەسەر لیستی دەم پارتی، گوتی «ناکرێت باسی پڕۆسەیەکی ڕاستەقینەی دیموکراتیی بکرێت بەبێ جێبەجێکردنی ڕێساکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، کە ساڵانێکە چەندین نموونەی چەوتکاریی تۆمارکردوون و بەرپرسیارێتیی حکومەتی بۆ مەرگی هاووڵاتییان کەوتووەتە بەردەست».[١١]
وەڵامی سەرۆک
دوای ئەوەی {پە}کە[کە] ئەم تۆمەتانەی ئاراستە کردن، ئەردۆغان باسی لە هەندێک لەم مێژووە کرد، دانی بە «تاوانە ئاشکرانەکراوەکان» و هەروەها سوتاندنی گوندەکان، ڕاگواستنی زۆرەملێ، زیندانییکردنەکان و جیاکردنەوە و لێکدابڕانە سەپێنراوەکاندا نا. لە دەربڕینی ئەوەی «هەڵە و خەتا» تۆمارکراوەکان نابەرهەمهێنەرانە و تێکدەرانە بوون، ئاشتیخوازانە دەردەکەوت. لە لێدوانێکدا بۆ ئەندامانی ئاکەپە کە لە دیدارێکی حیزبەکەدا کۆببوونەوە، ئەردۆغان گوتی: «ڕێگە و میتۆدەکانی ئەو خەباتەی لە دەرەوەی پابەندیی و پەیمانەکانی یاسا و ڕەوایەتیی بوون، کۆتاییان بە تیرۆریزم نەهێنا؛ بەپێچەوانەوە، زیاتر تەشەنەیان بە تیرۆریزم دا و وایان کرد گەشە بکات، و زەمینەیەکی بەپیتیان بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە دا بیقۆزێتەوە. هەموومان باجی ئەم هەڵانەمان دا».[١٢]
بەڵام ئەردۆغان هەموو ئەمانەی وەک چارەسەرکردنی کێشەکانی مافی مرۆڤ و پەرەدان بە دیموکراسیی نەخستەڕوو، بەڵکوو وەک کۆتاییهێنان بە باری سەرشانی دەوڵەت قسەی لێوە دەکرد. بە خەم و نیگەرانییەوە گوتی «تێچوونی جەنگەکە بۆ ئابووریی بە ٢ ترلیۆن دۆلار گەیشتووە»، بەهەدەردانێک کە لە پەیوەندییدا بە کێشە ئابوورییە کوشندەکانی وڵاتەکەوە، ئێجگار بەژان و ئازارن. بە چەککردنی {پە}کە[کە]، ئەردۆغان گەشبینانە ڕایگەیاند «٤٧ ساڵ کارەساتی تیرۆریزم، بە ویستی خوا، چووەتە ناو قۆناغی کۆتاییهاتنەوە». بەڵێنی ئەوەشی دا کە ئەمە هەم دانیشتووانی کەمینە و هەم نەتەوەکە بەهێز دەکات. «کاتێک تورکەکان، کوردەکان، عەرەبەکان پێکەوە بن، ئەوا پێکەوە بوونیان هەیە، کاتێک جیاببنەوە، شکست هەیە».[١٣]
هەروەها پێدەچوو ئەردۆغان بەڵگە بۆ یەکێک لە گلەیی و ڕەخنە سەرەکییەکانی {پە}کە[کە] بەدەستەوە بدات، واتا ئامانجەکە بریتییە لە لەناوبردنی ئۆپۆزیسیۆنە سەرەکییەکەی حیزبەکەی ئەردۆغان. سەرۆکی تورکیا گوتی «ئێمە وەک ئاک پارتی، مەهەپە و نوێنەرانی دەم پارتی پێکەوە کاردەکەین بۆ دروستکردنی ئەم پڕۆسەیە و هەڵگرتن و بردنی بۆ داهاتوو».[١٤] ئاماژەنەکردن بە جەهەپە لە لێدوانەکەدا ئەوە پیشان دەدات کە ئەردۆغان {پە}کە[کە] و ئەندامانی وا دەبینێت بە ئاسانیی لەخشتەببرێن– ئامادەن بۆ پشتیوانیکردن لە حکومەت بەبێ هیچ جۆرە گەرەنتییەک کە خواستەکانیان بەدی دەهێنرێت یاخود پارتە کوردییەکە لە داهاتوودا بە شایانی پشت پێ بەستن دەمێنێتەوە. تەنها دواتر، لە کۆتایی مانگی تەمووزدا سەرۆکی تورکیا ڕۆڵێکی لاوەکیی بە جەهەپە بەخشی و ڕێگەی دا بێنە نێو کۆمیسیۆنە پەرلەمانییەکەوە وەک بەشێک لە پڕۆسەی ئاشتەوایی.[١٥]
هێشتا کۆمەڵێک پرسیار هەن دەربارەی ئەوەی ئایا بردنەوەی پشتیوانیی کوردیی دەتوانێت یارمەتیی ئەردۆغان بدات بۆ خولی سێیەم بەشێوەی نادەستووریی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.[١٦] بەئەگەرێکی زۆرەوە ئێستا ئەو بەشێوەیەکی نایاسایی لە حکومەت دایە، بەوەدا ڕاڤەیەکی خەیاڵییانەی بۆ دەستووری تورکیا بەکارهێناوە دوای بردنە پێشەوەی پڕۆسەیەکی هەموارکردن لە ساڵی ٢٠١٧دا. جگە لەوەش، ئەردۆغان لە پێگەیەکی بەهێزدا نییە. لەکاتێکدا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو هەڵبژاردنی ٢٠٢٣ی بردەوە، ئاکەپە لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکانی ساڵی ٢٠٢٤دا بارودۆخی زۆر خراپ بوو. هۆکارگەلی مەحاڵی ئێجگار زۆر هەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی {پە}کە[کە] تا بتوانێت پشتیوانیی دەم پارتی بەدەستبهێنێت کە ئەردۆغان بەدووایدا دەگەڕێت. ئەردۆغان و کوردەکان پێشتر لە حوزەیرانی ٢٠١٥دا ئەم ڕێگەیەیان تاقی کردەوە، بەڵام شکستیان هێنا، کە وای کرد ئەردۆغان کۆتایی بەو پڕۆسەی ئاشتییە بێنێت بە «کرانەوەی کوردیی» ناسرابوو. جگە لەوە، تەندروستیی ئەردۆغان خۆشی بەردەوام لەژێر پرسیار دایە.
گرفت و ئاڵۆزییەکان لە کوردانی سووریا
کوردانی سووریا کێشەیەکی دیکەن. تورکیا باڵە چەکدارییەکەیان، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) وەک باڵێکی {پە}کە[کە] دەبینێت. مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی سەرەکیی هەسەدە، ڕایگەیاند کە بڕیارەکەی {پە}کە[کە] بۆ چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە «شایانی ڕێزە» و «ڕێگە بۆ پڕۆسەیەکی نوێی سیاسیی و ئاشتیی لە ناوچەکە خۆش دەکات». بەڵام ئەوەشی زیاد کرد کە ئەم بڕیارە پەیوەندیی بە هەسەدە و بە ڕێکخراوی سیاسیی کوردیی، خۆسەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە نییە.[١٧] بەڵام عەبدی بەشداریی لە هەوڵگەلێکی وەها لە سووریا کرد. لە ١٠ی ئاداری ٢٠٢٥دا ڕێککەوتننامەیەکی لەگەڵ ئەحمەد شەرعی سەرۆکی کاتیی سووریا ئیمزا کرد، کە تیۆرییانە بدوێین هەسەدە ئاوێتەی ناو سوپای نیشتمانیی و حکومەت دەکات.[١٨]
بەڵام مەرجەکانی ئەم ڕێککەوتننامەیە بەتاڵ بوون. شەرع هەوڵی داوە سووریایەکی دەسەڵات ناوەندیی لەژێر حکومی خۆیدا سەقامگیر بکات، کە ڕێگە بە هیچ ئۆتۆنۆمییەکی واتادار و گرنگی ڕۆژاڤا نادات. لە بەرانبەردا، لەو کاتەوەی ڕێککەوتننامەکە ئیمزا کراوە، سووریای نوێ سەرقاڵە بە جەنگ دژی لایەنگرانی ئەسەد لە لازقییە و شەرع بێتوانایی خۆی لەوەی چۆن دروزەکانی پارێزگای سوەیدا بێنێتە ناو حکومەتەوە، پیشان داوە. ئەمەش پێمان دەڵێت حکومەتەکەی شەرع زۆر لەوە لاوازترە پەلاماری نزیکەی ٥٠ بۆ ١٠٠ هەزار شەڕڤانی هەسەدەی مەشقپێکراوی بەڕادەیەک چەکدارکراو لەلایەن ئەمریکاوە، بدات. لەلای خۆیەوە، ئەمریکا لە هەوڵەکانی پێشووی خۆی بۆ ناچارکردنی ڕۆژاڤا بۆ چوونە پاڵ دیمەشق پاشەکشەی کردووە. وەک ئامبەرین زەمان دەرەنجامگیریی بۆ دەکات، ئەگەر ئەنقەرە یان دیمەشق دەستێوەردانی سەربازیی بکەن «کوردانی سووریا بە توندیی وەڵام دەدەنەوە… {پە}کە[کە] سەرەڕای ناوە تازەکەی بەشداریی لە خەباتەکەدا دەکات… [و] بەڵێنی ئەردۆغان بۆ ‘تورکیایەکی بێ تیرۆر’ دەبێتە دووکەڵ».[١٩]
لەبەرئەوە لانیکەم لە ئێستادا، کوردانی سووریا لە هەر جووڵەیەکدا بۆ هەڵوەشاندنەوە و نەهێشتنی {پە}کە[کە] وەک فاکتەرێکی میلیتاریی، بە سەلامەتیی دەمێننەوە. لە ڕاستییدا، تەنانەت مەحاڵە خەیاڵیشمان بۆ ئەوە بچێت کوردانی سووریا بە سانایی واز لە توانا باش دامەزراوە سەربازییەکان و دامەزراوە دیموکراتییەکانیان بهێنن کە بە زەحمەتێکی ئێجگار زۆر بەدەستیان هێناون.[٢٠] پێدەچێت ڕێککەوتنە بەتاڵەکەی نێوان دیمەشق و هەسەدە بەگشتیی ڕواڵەتییانە بووبێت کە فشاری تورکیا و ئەمریکا بۆ سەقامگیرکردنی سووریای پاش ئەسەد پاڵنەری بووە. تەنانەت ئەگەر کوردانی سووریا خۆیان ئامێزانی ناو سووریایەکی یەکگرتووش بکەن، هێشتا ڕوون نییە ئایا ئەم دەوڵەتە بەتازەیی یەکگرتووە دەتوانێت گەرەنتیی ئاساییشی تورکیا بکات و پڕۆسەی ئاشتییەکەی لەگەڵ کورداندا بەرێتە پێشەوە.
میراتێک لە شکست
هەوڵەکانی پێشوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی {پە}کە[کە] گومانی زیاتر دەخەنە سەر توانا و ئەگەری پڕۆسەکەی ئێستا. لە تشرینی دووەمی ١٩٩١دا، کاتێک سلێمان دەمیریل دووبارە بووەوە بە سەرۆکوەزیران، هەلومەرجی کوردی وەک «کێشەی هەرە سەرەکیی تورکیا» لەقەڵەم دا.[٢١] لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا دەمیریل گوتی ڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە هەبووە:
«سنوورەکان، ئاڵا و زمانی فەرمیی تورکیا گفتوگۆیان لەسەر ناکرێت، بەڵام کاتێک گرووپە ئیتنیکییەکان داوای گەڕاندنەوەی ناسنامەی ئیتنیکیی و کولتووری خۆیان دەکەن، نابێت ڕەت بکرێتەوە. ئەوان هەر لە دێرزەمانەوە زمانی خۆیان بەکاردەهێنن. خاوەن مێژوو، زمان و فۆلکلۆری خۆیانن. ئەگەر دەیانەوێت گەشەیان پێ بدەن، با لێگەڕێین ئەم کارە بکەن».[٢٢]
ماوەیەکی کەم دواتر، بە قسەکردن بۆ دەیان هەزار هاووڵاتیی کورد لە دیاربەکر، دەمیریل گوتی «تورکیا دانی بە واقیعی کوردیی دا ناوە».[٢٣] هەرچۆنێک بێت، هیچ پێشکەوتنێکی واتادار و جەوهەریی ڕووینەدا؛ خەبات و جەنگ بەردەوام بوون.
دوو ساڵ دواتر، کاتێک {پە}کە[کە] ئاگربەستێکی تاکلایەنەی دوای پەیوەندییە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەبجەلان و سەرۆکی ئەوکاتی تورکیا، تورگوت ئۆزال، ڕاگەیاند، دیسان گەشبینییەکی زۆر لەئارادا بوو، بەڵام وەک هەمیشە لەلایەن سیاسەتەوە و بە مەرگی لەناکاوی ئۆزال، لەباربرا.[٢٤] لە ١٩٩٩دا بەماوەیەکی کەم دوای گرتنی، ئەبجەلان فەرمانی بە عەلی ساپان، ڕابەری بەناوبانگی {پە}کە[کە] لە ئەوروپا و حەوت کەسی دیکە کرد وەک «نیشانەیەکی نییەتباشیی» خۆیان ڕادەستی دەسەڵاتدارانی تورکیی بکەن. وەڵامی ئەنقەرە بریتی بوو لە زیندانیکردنی دەستوبردی ساپان و هاوەڵانی، هەوڵەکەیانی وەک فێڵ و بیانوویەک بۆ کڕینی کات زانی و تورکیا هێرشەکانی خۆی دەست پێ کردەوە.[٢٥] ئەبجەلان هەوڵی دیکەشی بۆ دیالۆگ و ئاگربەرست دا، هەموویان لەباربران. تەنانەت لە ئابی ٢٠٠٥دا کاتێک ئەرۆغان، ئەوکات سەرۆکوەزیران بوو، ڕایگەیاند کە تورکیا «کێشەی کورد»ی هەیە، لە ڕابردوودا «هەڵەی زەق»ی کردوون و پێویستی بە «دیموکراسیی زیاتر بۆ چارەسەری کێشەکە هەیە»، ئاشتیی هەمیشە وەهم و بەدینەهاتوو بووە.[٢٦]
جددییترین هەوڵ بریتی بوو لە کرانەوەی کوردیی ٢٠٠٧-٢٠١١ و ٢٠١٣-٢٠١٥، کە لە دووەمیاندا ئاگربەستی لێکەوتەوە. ئەبجەلان کەسی سەرەکیی بوو ئەم پێشنیارانە بگەن بە ئاستێکی جێبەجێکردن، کە لە کۆتاییدا شکستیان هێنا. لە بەهاری ٢٠١٣دا گۆڤاری تایم (Time)ئەبجەلانی وەک یەکێک لە «کاریگەرترین ١٠٠ کەس لە جیهاندا» ناوبرد و ئەوی وەک «دەنگی ئاشتیی» لەقەڵەم دا.[٢٧] پێشتر، ئەمجۆرە ستایشکردنە بەتەواویی مەحاڵ بوو.
ساڵی دواتر، ئەبجەلان ڕۆڵێکی گرنگی لە دامەزراندنی پارتی دیموکراتیی گەلان (هەدەپە) گێڕا –کە کەسانی پێشکەوتووخوازی ناکوردیشی تێدا جێ بووەوە. لە حوزەیرانی ٢٠١٥دا هەدەپە توانی ببێتە یەکەم حیزبی کوردی بەربەستی ١٠٪ی هەڵبژاردن ببڕێت و بچێتە پەرلەمانەوە. بەداخەوە پێکدادانی قورسی نێوان دەوڵەت و {پە}کە[کە] مانگێک دواتر سەری هەڵدا– بەشێکی بەهۆی ئاڵنگاریی هەدەپە بۆ زۆرینەیی ئاکاپە، بەڵام بەزۆریی بەهۆی ڕوانگە بەیەک ناسازەکانیان. ئەم توندوتیژییە تازەبووەوە تا بانگەواز بۆ چەکدانان لە شوباتی ٢٠٢٥ دەستی پێ کردەوە.
ئەوەی سەیرە ئەوەیە {پە}کە[کە] پێدەچێت بە گرتنی ئەبجەلان زۆر زیاتر سەرکەوتووتر بووبێت. کاتێک ئەبجەلان ئازاد بوو و لە سووریا بوو، وەک فرانسیس ئۆکۆنەر تێبینیی دەکات، «بێ ئەزموونیی ئەبجەلان وەک شەڕڤانێکی گەریلایی بەو ئاراستەیەیدا برد کۆمەڵێک فەرمانی مەحاڵی کارپێنەکراو بەسەر فەرماندە مەیدانییەکانیدا بسەپێنێت».[٢٨] بەڵام حوکمڕانییەکەی بەجۆرێک لە جۆرەکان بووە جۆرێک لە کەسایەتییپەرستیی (Cult of Personiality). «ئەو گەشەسەندنە ستراتیجییانەی کۆمەڵێک دەرەنجام و ئاکامی ئەرێنییان لێکەوتووەتەوە دەدرێنە پاڵ ئەبجەلان و ئەو ستراتیجییانەی کەمتر سەرکەوتووانەن دەخرێنە ئەستۆی ئەوانی دیکە لەناو بزووتنەوەکەدا، یاخود وا لێک دەدرێنەوە ڕێنماییەکانی ئەبجەلانیان بەنادروستیی جێبەجێ کردووە».[٢٩] ئەبجەلان «پێدەچێت بەڕاستیی باوەڕی بەوە هەبێت خاوەن کۆمەڵێک تایبەتمەندیی و چۆنایەتییە لەسەرووی ئەندامانی دیکەی بزووتنەوەکە و کۆمەڵگەی کوردی».[٣٠] بەڵام ژمارەیەکی دیکەی ڕابەران لە کاتی گرتنی ئەوەوە لە ١٩٩٩ دەرکەوتوون و ڕوون نییە ئەبجەلان دەتوانێت لە هەوڵدا بۆ دیموکراتیزەکردن یان لە پێشبڕکێدا بۆ ڕابەرایەتیی گرووپەکە سەرکەوتوو بێت.
دەرەنجام
ئەم مێژووەوە کۆمەڵێک تەریبی نەخوازراومان بۆ ئەمڕۆ پیشان دەدات. هەوڵەکانی پێشووتر بۆ ئاشتیی شکستیان هێنا، وەک بینیمان لە پەیوەندییدا بەم پڕۆسەیەی ئێستاوە، بەهۆی ئەوەی هەردوو بەرەکە خاوەن ڕوانگەی تەواو جیاوازن. ئەنقەرە بابەتەکەی هەمیشە وەک کێشەیەکی تیرۆریزم بینیوە؛ {پە}کە[کە] وەک پرسێکی مافەکان سەیری دەکات. حکومەت بە بەردەوامیی لەنێو دەستووری تورکیی ناسیۆنالیستی شۆڤێنیستییدا بەدووی ئامانجی لەچەکداماڵین کەوتووە، کە هیچ مافێک بە نەتەوایەتیی کوردیی نادات. لەبەرئەوە بەخشش بۆ {پە}کە[کە] بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکان بریتی دەبێت لە تواندنەوە لەنێو کۆمەڵگەیەکی فراوانتری تورکیی و نەزمێکی دەستوورییدا، شتێک ئێجگار دوور لە هاوار بۆ خواستی پارێزبەندییەکان بۆ مافە سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکان.
لەکاتێکدا هەموو جەنگەکان لە کۆتاییدا کۆتاییان دێت، ئەوەی پێی دەگوترێت پڕۆسەی ئاشتیی تورکیی-{پە}کە[کە] لە ئەمڕۆدا بە ئەگەرێکی زۆرەوە توانای بەرهەمهێنانی ئەم دەرەنجامەی نییە. لە بەرانبەردا، بە ڕوانین لە پێویستیی تورکیا بۆ داڕشتنی پڕۆسەیەکی شایانی کارپێکردن، چەکدانانی {پە}کە[کە] زۆر زیاتر لە خۆبەدەستەوەدان دەچێت تا مامەڵەیەک کە بتوانێت کۆمەڵێک گەرەنتیی دەستووریی بەدەستەوە بدات. جگە لەوەش، چەند نموونەی پێشتر هەن بۆ گەریلاکان یان لایەنگران و ڕابەرانیان، بە خودی ئەبجەلانیشەوە، کە پیشانی دەدات ئایا ئەوان لەنێو تورکیایەکی لەناکاو دیموکراتیزەبوودا قبووڵ دەکرێن. ناکۆدەنگیی دەربارەی سروشتی ململانێکە متمانەیەکی زۆر کەم دروست دەکات بەرانبەر بە هەبوونی گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە.
تەریبەکانی نێوان ئەم پڕۆسەیە و هەوڵەکانی پێشووتر بۆ ئاشتیی پێشنیازی ئەبجەلان بۆ بانگەواز بۆ چەکدادان دەباتە ژێرپرسیارەوە. ئەبجەلان ئەمەی وەک وەرچەرخانێک نەک شکشتێک لێکداوەتەوە و دەڵێت «ئەوەی ئەنجام دراوە بریتییە لە تێپەڕینێکی خۆویستانە لە خەباتی چەکداری بۆ قۆناغی سیاسەت و یاسای دیموکراتیی». زێدەتر بەردەوام دەبێت و دەڵێت «بوونی [کوردان] دانی پێدانراوە؛ لەبەرئەوە ئامانجە بنچینەییەکە بەدیهاتووە».[٣١] ئەبجەلان بە ئەگەرێکەوە لە وانەکانی ناو ئەم شیکاریی ئەم وتارە بۆ مێژووی ململانێکە تێدەگات و پێداویستیی بۆ گۆڕانی ستراتیجیی نەک بەهۆی سەرکەوتنەکانی پێشوو، بەڵکوو بەهۆی شکستەکانەوە دەبینێت.
وەک لوقمان ڕادپەی زیرەکانە تێبینیی دەکات «ئەو بیرۆکەیەی دەڵێت پرسی کوردستان دەکرێت بە چوونە ناو ئەو چوارچێوەیەی ئەم بەرەنگارییە چەکدارییەی دروستکردووە، چارەسەر بکرێت، لەڕووی مێژووییەوە لە باشترین حاڵەتدا وەک بیرۆکەیەکی ساویلکانە دەردەکەوێت و لەڕووی سیاسییەوە لەخراپترین حاڵەتدا نابەرپرسانە دەردەکەوێت».[٣٢] ئەبجەلان متمانەیەکی زۆر زۆری بە حکومەتی تورکیی کردووە، بە ئەگەرێکەوە بەهۆی ئەوەی بژاردەی کەمی هەبوون. بەدڵنیاییەوە ئەبجەلان ئەمە دەزانێت و هەروەها لەوەش تێدەگات زۆرێک لە ئەندامان و لایەنگرانی {پە}کە[کە] لەم بانگەوازەی ئەو بێهیوا دەبن. لە ڕاستییدا، ئەمە دەتوانێت ڕێکخراوەکە بۆ نێو چەندین بڕگە و فراکسیۆن دابەش بکات، یەکێکیان داوای ئاشتیی و ئەوی دیکەیان داوای بەردەوامی خەباتی چەکداریی بکات –کە تورکیا دەتوانێت بیقۆزێتەوە بۆ کەم کردنەوەی دەسەڵاتی گرووپەکە. ئەگەر ئەبجەلان هێشتا بتوانێت ڕوون بیربکاتەوە، ئامانجی ئەو دەشێت پێدانی دونیایەک بەخشش بن بە حکومەت کە ئەردۆغان هەست بەوە بکات پێویست بە قەرەبووکردنەوە دەکات. ئەگەر نەتوانێت بەڕوونیی بیربکاتەوە، {پە}کە[کە] دەتوانێت سەرزەنشتی ئەنقەرە بکات و بگەڕێتەوە بۆ خەباتە سەربازییەکەی خۆی.
شکست دەتوانێت ببێتە هۆی گەڕانەوە بۆ توندوتیژیی، وەک لە ٢٠١٥دا ڕوویدا. بەڵام دوای ٤٠ ساڵ خەباتی توندوتیژ – بە کۆمەڵێک هەوڵ و پەیمانی ناوبەناو (ئەگەرچی شکستخواردوو) بۆ ئاشتیی – ئەزموونی کەڵەکەکراو دەتوانێت ببێتە نوێکردنەوەی بڕیاردان و ویستی هەردوولا بۆ دانوستان. دۆزینەوە و هەبوونی نێوانگرێک هەردوولا متمانەی پێ بکەن دەتوانێت ئاسانکاریی بۆ پڕۆسەکە بکات. جگە لەوەش، تورکیا ڕەنگە هەندێک پاڵنەری هەبن بۆ جووڵان بەرەو چارەسەریی. ئەردۆگان خەم لە کاریگەریی نەرێنیی، ٢ ترلیۆن دۆلاری جەنگی {پە}کە[کە] لەسەر سیاسەتی ناوخۆیی و هەروەها لاوازبوونی پێگەی هەرێمیی و جیهانیی تورکیا بەهۆی ململانێکەوە، دەخوات. ئەوەی هەندێک لە لێکۆڵەران بە بەرزەفڕیی و خەونە نیو-عوسمانییەکانی ئەردۆگان لەقەڵەمیان داوە بە ئەگەری زۆرەوە دەکرێت دوای چارەسەرکردنی کێشەی {پە}کە[کە]، بەدەست بێن.[٣٣]
لە ڕاستییدا، لەکاتێکدا ململانێی {پە}کە[کە]-تورکیا، بەچاوپۆشیی لە دەرکەوتە هەنوکەییەکانی، بە بەستوویی دەمێننەوە، بەڵام ململانێ بەستووەکانیش دەکرێت وردە وردە بتوێنەوە. مافەکانی کورد لە تورکیا فراوانتر بوون بەراورد بەو بارودۆخەی پێش ئەوەی ئەبجەلان لە دەیەی ١٩٧٠دا بزووتنەوەکەی دامەزرێنێت. لەو کاتەدا، کوردەکان لە تورکیا وەک «تورکی کێویی» دەبینران. خودی وشەی «کورد» کە سەردەمانێک لە گوتاری تورکیی دا ناقبووڵکراو بوو، ئێستا بەشێکە لە دەستەواژەی ژیانی ڕۆژانە؛ زمانی کوردییش، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان تابوو بوو، ئێستا بە ناچاریی قبووڵ دەکرێت.
دەکرێت زیاتر بڵێین، کە خەباتی {پە}کە[کە] لەمێژە دەوڵەتی تورکیی ناچار کردووە ڕژێمێکی ئەمنیی بسەپێنێت کە بەها لیبراڵییەکان دەباتە ژێر پرسیارەوە. تەبایی و لێکنزیکبوونەوەیەک دەتوانێت وەرچەرخانێک بێت بە ئاراستەی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسییدا، «دووبارە وێناکردنەوەیەکی هاووڵاتیی تورکیی و نەتەوەبوون کە ناسنامەی کوردییش دەگرێتەخۆی».[٣٤] ئەنقەرە دەتوانێت لەم ڕووەوە باشتربوونێک لە پەیوەندییە دەرەکییەکاندا بەخۆیەوە ببینێت، بەتایبەت لەگەڵ ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپا و ئەندامەکانی و ڕووسیا، هەروەها دەوڵەتانی هەرێمیی وەک سووریا، ئێران و عێڕاق. ئایا ئەمە بەس دەبێت بۆ زاڵبوون بەسەر شکستە مێژووییەکاندا؟
پەراوێزەکان
1. Alper Coskun and Sinam Ulgen, “Ankara’s Surprising Ofer to the Imprisoned PKK Leader,” Emissary, October 24, 2024,
2. See Ben Hubbard and Safak Timur, “In Rare Video, Jailed Kurdish Leader Declares an End to Armed Struggle,”
The New York Times, July 9, 2025, https://www.nytimes.com/2025/07/09/world/middleeast/turkey-pkk-kurdish-leader-
ocalan-armed-struggle.html; PBS News Hour, “After Decades of Insurgency against Turkey, PKK Begins Disarming in Step toward Peace,” July 11, 2025, https://www.pbs.org/newshour/show/after-decades-of-insurgency-against-turkey-pkk- begins-disarming-in-step-toward-peace.
3. Suzan Fraser, “The PKK Kurdish militant group will disarm and disband as part of a peace initiative with Turkey,” The Associated Press, May 12, 2025, https://apnews.com/article/turkey-kurdish-militants-disarm- 9f4347a04cba48ceb509d2e82023al9e.
4. Ibid.
5. United Nations Türkiye, “UN Secretary-General has welcomed the announcement that the PKK will disarm,” May 13,
2025, https://turkiye.un.org/en/294213-un-secretary-general-has-welcomed-announcement-pkk-will-disarm.
6 For background on the PKK and Ocalan, see Joost Jongerden and Ahmet Hamdi Akkaya, “Born from the Left: The Making of the PKK,” in Nationalisms and Politics in Turkey: Political Islam, Kemalism and the Kurdish Issue, ed. Marlies Casier and Joost Jongerden (London and New York: Routledge, 2011), 123-142; Aliza Marcus, Blood and Belief: The PKK and the Kurdish Fight for Independence (New York and London: New York University Press, 2007); Ali Kemal Ozcan, Turkey’s Kurds: A Theoretical Analysis of the PKK and Abdullah Ocalan (London and New York: Routledge, 2005); Paul White, Primitive Rebels or Revolutionary Modernizers? The Kurdish National Movement in Turkey (London: Zed Books, 2000);Cengiz Gunes, The Kurdish National Movement in Turkey (London and New York: Routledge, 2012); Mehmet Gurses, Anatomy of a Civil War: Sociopolitical Impacts of the Kurdish Conflict in Turkey (Ann Arbor: University of Michigan Press,
2018); and William Gourlay, The Kurds in Erdogan’s Turkey: Balancing Identity, Resistance and Citizenship (Edinburgh: Edinburgh University Press, 2022). See also Ismet G. Imset, The PKK: A Report on Separatist Violence in Turkey (1973-1992) (Istanbul: Turkish Daily News Publications, 1992); and Ismet G. Imset, “The PKK: Terrorists or Freedom Fighters?” International Journal of Kurdish Studies 10, no. 1-2 (1996): 45-100.
7. On the KCK, se Seevan Saeed, Kurdish Politics in Turkey: From the PKK to the KCK (London and New York: Routledge, 2017).
8 Fuat Ali Riza, “Next Steps Must Come from the State to Advance the Process,” ANF News, July 12, 2025, https://anfenglishmobile.com/news/next-sceps-must-come-from-the-state-to-advance-the-process-80255. ANF is often described as affiliated with the PKK.
9. Al quotations in this paragraph in Ibid.
10 ANF News, “Bese Hozat: We Burned the Weapons, Now the Ball is in the Other Side’s Court,” July 11, 2025, https://
anfenglishmobile.com/news/bese-hozat-we-burned-the-weapons-now-the-ball-is-in-the-other-side-s-court-80252.
11.NF News, “Kobane Trial and the Right to Hope Are a Test of Trust in the New Era,” July 12, 2025, hups:/ anfenglishmobile.com/news/kobane-trial-and-the-right-to-hope-are-a-cest-of-trust-in-the-new-era-80256. Bozan was referring to the lengthy incarceration of Selahattin Demirtas, the former leader of the pro-Kurdish HDP and twice a popular Turkish presidential candidate in 2014 and 2018.
12 ANF News, “Erdogan: The First Step Wil Be to Establish a Commission in Parliament,” July 12, 2025, https://anfenglish. com/news/erdogan-the-first-step-will-be-to-establish-a-commission-in-parliament-80264.
13 Al quotations in this paragraph in Ibid.
14 Ibid.
15 Turkish Minute, “Turkey’s Main Opposition to Join Parliamentary Commission on Peace Process with PKK,” July 30, 2025, https://www.turkishminute.com/2025/07/30/turkeys-main-opposition-to-join-parliamentary-commission-on-peace-process-with-pkk. The 51-member Parliamentary Commission on the Peace Process will include 21 lawmakers from the governing AKP, 10 from the CHP, four from the DEM, four from the MHP, and the remainder from smaller parties. The PKK apparently will have no representation as the commission will consist only of members of parliament.
16 For recent background on Erdogan, see M. Hakan Yavuz, Erdogan: The Making of an Autocrat (Edinburgh: Edinburgh University Press, 2021); and Michael M. Gunter, Erdogan’s Path to Authoritarianism: The Continuing Journey (Lanham, MD: Lexington Books, 2024).
17 Daren Butler and Jonathan Spicer, “Turkey and PKK Face a Tricky Path Determining How Militants Will Disband,” Reuters, May 13, 2025, https:/
18 On the Syrian Kurds, se Harriet Allsopp and Wladimir van Wilgenburg, The Kurds of Northern Syria: Governance, Diversity and Conflicts (London: I.B. Tauris, 2019); and Michael Knights and Wladimir van Wilgenburg, Accidental Allies: The U.S.-Syrian Democratic Forces Partnership against the Islamic State (London: I.B. Tauris, 2022).
19 Amberin Zaman, “Will Turkey Follow through on Threats to Attack Syria’s Kurds?” Al Monitor, August 15, 2025, hitps://
www.observatoireturquie.fr/will-turkey-follow-through-on-threats-to-attack-syrias-kurds-amberin-zaman-al-monitor.For a further report on the continuing viability of the SDF and AANES, see Sarah Glynn, “Conflicting Futures for Syria’s Kurds and Other Minorities?” Green Left, no. 1436, World, August 13, 2025, https://www.greenleft.org.au/content/ conflicting-futures-syrias-kurds-and-other-minorities.
20 For more on Ocalan’s adoption of Murray Bookchin’s ideas on bottom-up local government freed from the shackles of the traditional state, now supposedly functioning among the Syrian Kurds in the AANES, see Joost Jongerden and Ahmet Hamdi Akkaya, “Democratic Confederalism as a Kurdish Spring: The PKK and the Quest for Radical Democracy,” in The Kurdish Spring: Geopolitical Changes and the Kurds, ed. Mohammed M.A. Ahmed and Michael Gunter (Costa Mesa, CA: Mazda Publishers, 2013), 172. See also Amy Austin Holmes, Statelet of Survivors: The Making of a Semi-Autonomous Region in Northeast Syria (Oxford: Oxford University Press, 2024).
21 Thsan Akdemir, “Restoration in Southeast,” Milliyet, December 2, 1991, 17, cited in Foreign Broadcast Information Service-West Europe, January 8, 1992, 58. 2 Cited in Meric Koyatasi, “Demirel on Domestic, Foreign Policy, Cyprus,” Hurriyet, Noverber 26, 1991, 18, cited in Foreign Broadcast Information Service—West Europe, December 3, 1991, 46.
23 Ankara Anatolia in English, “Kurdish Reality Recognized,” December 8, 1991, cited in Foreign Broadcast Information
Service–West Europe, December 9, 1991, 55.
24 For background, see David McDowall, A Modern History of the Kurds, fourth edition (London: I.B. Tauris, 2021), 419-456.
25 The Economist, “Still on Their Feet,” October 21, 1999, https://www.economist.com/europe/1999/10/21/still-on-their-
feet.
26 Cited in Briefing (Ankara), “The Sun Also Rises in the South East,” August 15, 2005.
27 Time, April 29/May 6, 2013.
28 Francis O’Connor, Understanding Insurgency: Popular Support for the PKK in Turkey (Cambridge: Cambridge University
Press, 2021), 121.
29 Ibid…, 221.
30 Ibid., 119.
31 Cited in ANF News, “Abdullah Ocalan’s Historic Call,” July 9, 2025, https://anfenglishmobile.com/features/abdullah- Ocalan-s-historic-call-80196.
32 Loqman Radpey, “Ocalan’s U-Turn from Resisting to Embracing Turkey,” Middle East Forum Observer, July 1, 2025,
3 Se M. Hakan Yavuz, Nostalgia for the Empire: The Politics of Neo-Ottomanism (Oxford: Oxford University Press, 2020).
34 Galip Dalay, “The Dissolution of the PKK Could Transform Turkey’s Domestic Politics and Foreign Policy,” Chatham House, May 2, 2025, https://www.chathamhouse.org/2025/05/dissolution-pkk-could-transform-turkeys- domestic-politics-and-foreign-policy.



