سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

کورد لە نێوان بیری چەپ و ئیسلامی سیاسیدا

عوسمان ساوجی

کاروانی دوورودرێژی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان هاوشێوەی ڕووبارە درێژ و خوڕەکانە کە لەگەڵ ڕەوتی بەرە و خوار ڕۆیشتنیان چیلکە و چەوێڵ و پلوپووش و خاک ڕادەماڵن و تێکەڵ بە ئاوە ڕوونەکەیان دەبێت. ئیتر ڕەنگە سروشتییەکەیان لەدەست دەدەن و ئەوانەی لە دوراییەکی زیاترەوە دەبنە بینەری ئەستەمە باوەڕ بەوە بهێنن کە ئەم ئاوە لە بنەڕەتدا ئاوێکی جوان و پاک بووبێت. بزاوتی ڕزگاریخوازی کوردستانی بەهۆی ئەوەی لە بنەڕەتدا خاوەنی ئایدۆلۆجیایەکی هەڵقوڵاو لە هەناوی کۆمەڵگەی کوردستانییەوە نەبووە، لانی کەم لە سەردەمی نوێدا،  بە ناچاریی یان خۆویستی بەگوێرەی قۆناغە مێژووییەکان ئایدۆلۆجیای باوی جیهانی باڵی بەسەردا کێشاوە و هەریەکەیان بەڕێژەیەک کاردانەوەیان لەسەری هەبووە. بەجۆرێک هەندێک جار لەچوارچێوەی تیۆریدا کاریان پێکراوە و هەندێک جاریش لەبواری پراکتیکیشدا پەیڕەویان لێکراوە و  جاروباریش بوون بە ناسنامەی بزووتنەوەکە.

بزووتنەوەی کوردی بە درێژایی سەدەی بیست، کەم تا زۆر ئاوێتەی بیری چەپ ببوو. سەرەتا دەستەبژێری خوێندەوار و ڕۆشنبیری کورد ئاشنای ئەو ئایدۆلۆجیایە بوون و لە نووسین و گوفتار و ڕەفتاریاندا هەست بە کاریگەرییەکەی کراوە. دواتر، لەگەڵ پاشەکشەی سەرکردایەتی کلاسیک و هاتنە پێشەوەی دەستەبژێری ئاماژە بۆ کراو ئیدی ئەمانە توانیان بەشێوەیەکی گشتی بیری چەپ بکەنە ناسنامەی بزاوتەکە.  ئەمەش شڵەژانێکی گەورەبوو بۆ شۆڕشی گەلێک کە لە پێناو سەربەستی نەتەوەیی خەباتی دەکرد.

حیزبی شیوعی گفتوگۆیەکی دژواری لەگەڵ ڕەوتە نەتەوەییەکە دەست پێ کرد چونکە ئەوان نکوڵیان لەوە دەکرد کە کورد وەک نەتەوە بناسێنن بەوەش هەر جوڵانەوەیەک کە بۆ دۆزی کورد تێبکۆشێت وەک هەوڵێکی پوچ و ناڕەوا لەقەڵەمیان دەدا. ئەم بابەتە تا سەرەتای شەستەکان بەردەوام بوو، بەڵام لەگەڵ فراوانبوونی ڕەوتە نەتەوەییەکە و لاوازبوونی حیزبی شیوعی ئیتر  هەڵوێستیان گۆڕا و لەپاڵ خەباتی چینایەتی ڕەوایەتیان بە خەباتی نەتەوەییشدا.

زاڵبوونی بیری چەپ بەسەر بزووتنەوەکانی کوردستان هەروا درێژەی کێشا بەجۆرێک کە زۆرینەی ئەو هێزانەی لەدوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول دامەزران هەر چەپ بوون. بۆ نموونە کۆمەڵەی ڕەنجدەران کە چەند ساڵێک پێش نسکۆ دامەزرابوو سەرەتا زیاتر بەلای خەباتی چینایەتی و یەکێتیی خەباتی ڕەنجدەرانی عێراق و جیهانیدا چەرخا، ئەوان لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە خەباتی نەتەوایەتی دەبێتە هۆی دابەشبوونی خەباتی کرێکارانی عێراق، بەڵام ئەمە تا ئەو کاتە بڕی کرد کە نەتەوەییەکان توانیان بەسەر چەپە ڕادیکاڵەکاندا سەرکەون و پاشگری کوردستان بۆ ڕێکخراوەکە زیاد بکەن. ئەوسا ڕێکخراوەکە گەشەی کرد، بەوەش لەلایەک پارێزگاری لە ناسنامە چەپە شۆڕشگێڕیەکەی کرد لەلایەکی تریش خەباتی نەتەوەیی پێشخست. ئەمەش هۆکاری ئەوە بوو کە ڕەوتێکی نوێ لە بزووتنەوەکەدا سەری هەڵدا بەناوی چەپی نەتەوەیی کە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش بەردەوامی هەیە.

مەبەستمان لە ڕەوتی دووەم، ئیسلامی سیاسییە، ئەم ڕەوتە بەگشتی لە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوو لە عێراق و کوردستان سەری هەڵدا و لەسەرخۆ گەشەی کرد تا لە دەیەی نەوەدەکانی سەدی بیستەم گەیشتە لوتکە. ئەم ڕەوتە بەهەردوو باڵی جیهادی و مەدەنی لە هەشتاکاندا تێکەڵ بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی باشووری کوردستان بوون، بەڵام پێگەی جەماوەریان  تەواو سنووردار بوو. بزوتنەوەی ئیسلامی کە هەوڵیدا پشت بە پرەنسیپەکانی ئیسلام ببەستێت بۆ تێکۆشان و ببیتە جێگرەوەی حیزبە چەپەکان. بەوەش جگە لە  ململانێی سیاسی شەڕی چەکداریش ڕوویدا، بەڵام حیزبەکە نەک سەرکەوتوو نەبوو بەڵکوو ڕۆژبەڕۆژ پاشەکشەی کرد و تووشی لێکترازان بوو تا ئەوەی گەیشتە ئەوپەڕی لاوازی. هەروەک یەکگرتووی ئیسلامیش لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا خۆی ڕاگەیاند ئەمەش هەوڵێک بوو بۆ ئەوەی لەو بارودۆخە ناهەموارەدا بتوانێت جەماوەری ناڕازی و زیان لێکەوتووی کوردستان بەهۆی شەڕی خۆکوژیەوە بکاتە هەوادار و لایەنگری خۆی، لە سەرەتادا تاڕادەیەک پێگەی جەماوەریان هەڵکشا ئەوەش زیاتر بەهۆی ئەو هاوکارییەوە بوو کە بۆ منداڵانی بێباوک  دەیانبەخشی، بەڵام ئەمە لەدوای هەڵگیرانی گەمارۆی ئابووری ئیتر دەستی کرد بە پاشەکشە.

هێزە ئیسلامیەکان دروشمەکانیان ئەوەندەی هاوار بوو  بۆ موسڵمانانی لێقەوماو لە فەلەستین و بۆرما و چیچان و ئەفغانستان بەو ئەندازە لە خەمی پرسی نەتەوەیی کورد بەگشتی و باشووری کوردستان بەتایبەتی نەبوون. ئەوان لە ژێر کاریگەری یەکێتیی ئومەتی ئیسلامی و دروشمەکانی ڕێکخراوە گەورەکانی وەک ئیخوان و قاعیدە پرسە نەتەوەییەکەیان وەک کێشەی پلە دوو هەژمار دەکرد. ئێستاش کە هەردوو ڕەوتی ئیسلامی سیاسی جیهادی و ئیخوانی لە ژێر گووشارێکی توندی جیهانیدان پێشبینی زیاتر لاواز بوونیان دەکرێت لە کوردستان.

هەردوو ڕەوتە سیاسییەکە، چەپ و ڕاستی ڕادیکاڵ، بەجۆرێک لە جۆرەکان پرسی نەتەوەییان بە ئامانجی پلە دوو یان سێ دەزانی و تووشی هەمان چارەنووس هاتن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی زەمینەی کوردستان و گۆڕەپانە سیاسییەکەی  هاوشێوەی ئەو خاکەیە کە جووتیارە نەشارەزاکان دێن و درەخت و ڕووەکی دڵخوازی خۆیانی تیادا دەچێنن بەبێ ڕەچاوکردنی ژینگەکەی کە دیارە سەرنجام لە جیاتی گەشە و بەری باش وشک دەبن و لەناودەچن. ئەم دوو ئاراستە فکریەش جگە لەوەی خۆیان سەرکەوتوو نەبوون و دەستکەوتێکی سیاسییان بۆ کورد بەدەست نەهێنا، بزووتنەوەکەشیان زیاتر بەلاڕێدا برد و ڕووبەڕووی کێشەیەکیان کردەوە کە خۆشیان دەیانزانی نەک خزمەتی پرسی کوردستان ناکات بەڵکوو توانا و وزەیەکی زۆریش بەهەدەر دەدات، هەرچەندە هێدی هێدی خۆری ئایدۆلۆجیایان ئاوادەبێت بەڵام هێشتا بۆ گەلێکی وەک کوردستان بیری نەتەوەیی فریادڕەسە تاقانەکەیە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO