“دەربەدەری تەنیا جیابوونەوەیەکی جوگرافی نییە، بەڵکوو بارودۆخێکی مرۆڤایەتییە کە ئاواره لەگەڵ لەدەستدان دا بژی و لە هەمان کاتیش‌دا هەوڵ دەدات فۆرمێکی نوێی پێ بدات”
ئێدوارد سەعید
ئەم بابەتە ڕێبازێکی ئۆتۆئێتنۆگرافی ڕەخنەگرانەیه كە ئەزموونی خۆیی (سەبجێكتیڤ) و كه‌سیی، دەبنە مادەی شیکاری بەکۆمەڵ. بێگومان وەکوو هه‌ر کوردێکی دەربەدەر، لە یادەوەریی خۆمدا هەڵگری دوو جووڵەی هاوكاتم، كه بریتیین له سڕینەوە و خۆڕاگریی. لێره‌دا “من” تەنها بریتی نییه له ژیاننامەی كه‌سی من. به‌ڵكو جۆرێكه له من كه دەنگی کۆمەڵگەیەکی پەرشوبڵاویشی تێدایە، كه زۆرجار لە گێڕانەوەی باڵادەستدا بێدەنگ دەکرێت یان خۆی خۆی بێده‌نگ ده‌كات.
لێره‌دا ده‌مه‌وێ دوو دیمەنی بە ڕواڵەت چیڕۆكئامێزتان بۆ بگێڕمه‌وه كه ئەم پەیوەندییە بە پێداویستییه وجوودیه‌كانی من وه‌كو كورد گرێ ده‌داته‌وه.
چیرۆكی یه‌كه‌م، بریتییه له وه‌سوه‌سه‌ی پیتی ك (كه‌ی به لاتینی، K). لە کاتی گەیشتنم بۆ ئه‌وروپا له 1980 وه‌كوو هه‌ر كوردێكی تر كه تازه هاتبوون بۆ هه‌نده‌ران، ده‌گه‌ڕام به‌دوای سیمبولێك بۆ خۆناسینه‌وه‌م یان بۆ هه‌ستكردنم به بوونم وه‌كوو نیشانەیه‌كی خۆناساندن و خۆناسینه‌وه.
چیرۆكی دووه‌م، لەم دواییانەدا، ئاماده‌نەبوونی كورد و زمانی کوردی بوو لە کۆبوونەوەیەکدا له جنێڤ کە زۆربه‌ی زمانەکانی جیهان تێیدا كۆ ببوونه‌وه.
لە نێوان ئەم دوو ساتەدا شوێنەوارێك ده‌بینم كه لە بێ دەنگیدایە، کەچی له‌و شوێنه‌دا زمان دەبێتە گۆڕەپانی سەرەکی خەبات بۆ بوون و ئاماده‌یی و بوونی كورد.
K وەکوو کورد یان کوردستان
لە 1980، واته چل و پێنج ساڵ لەمەوبەر کە له ده ست ڕژێمی به‌عس و شه‌ڕی براكوژی ڕام كردبوو، گەیشتمە ئەوروپا. ئەوکات تامەزرۆی ئه‌وه بووم كه گوێم لە ناوی گەلەکەم یان وڵاته‌كه‌ی خۆم بێت. بۆیه هه‌موو ڕۆژێ لە ڕۆژنامەکان، لەسەر دیوارەکان، لە قسەكانی ئەوانی تردا بەدوای وشەی کورد یان کوردستان دا ده‌گەڕام. هەر جارێک كه پیتی “K”ـه‌م له‌به‌رده‌می هه‌ر وشه‌یه‌كدا دەبینی وام هه‌ست دەکرد كه باسی ئێمە دەکات. ئەم هه‌ڵوێسته‌م کە له ڕوانگه‌ی ده‌روونناسیه‌وه بە شتێكی ناواقیعانه و ناعاقڵانه له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێ، ئێستا ده‌زانم كه ده‌روونناسان وەک فۆرمێک لە زێده وریایی (هایپه سێنسیبیلیتی) هێمایی دەیخوێننەوە، وەک ئەوەی کە فرانز فانۆن پێی وایه كه “لە جیهانی دیاسپۆرا، نه‌بوونی كه‌سه‌كه‌ی تر تەنیا بریتی نییه له غایب، به‌ڵكوو بریتیشه له كه‌سایه‌تی شێواو و به مه‌حاڵیش ناخی بەتاڵ کراوە”. چونكه دەربەدەر لەناو نیشانەکانی ئەویتردا بەدوای پشتڕاستکردنەوەی بوونی خۆیدا دەگەڕێت. بۆیه نەبوونی ناوی ئەو و ناوی وڵات و ناوی گەلەکەی ئه‌و، کەموکوڕییەکی ئۆنتۆلۆجی بەرهەم دەهێنێت: ئەوەی فانۆن پێی دەڵێت: “ئارەزووی خۆنووسینه‌وه لە ده‌سته‌جه‌معدا یان له گشتگیردا). ئێدوارد سەعید، دەربەدەری وەکو فەزایه‌ك وه‌سف ده‌كات كه بۆ مرۆڤ هێڵەكان به شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی ناڕێكن و تاك بۆ هەمیشە بەدوای ئاوێنەیەکدا دەگەڕێت لە زمانی باڵادەستدا كه خۆی تێدا ببینێ.
منیش ئه‌و پیتی (K)ـه‌ی کە بەدوایدا دەگەڕام هەوڵێک بوو بۆ ئەوەی خۆم لە جیهانی ئه‌وروپای دیموكراسی و مافەکانی مرۆڤدا ببینم كه تیایدا ڕەنگ بده‌مەوە و له نیگای ئه‌وانی تردا ببینرێم و له گوێچكه‌كانیاندا ببیسترێم. چونكه ئه‌وه بۆ من ده‌بوو به جێگرەوەیەکی سیمبولیک. بۆیه لەو شوێنانەی کە دانپێدانانی سیاسی منی كورد بوونی نه‌بوو، ئه‌وا بەدوای شوێنەواری وشه و تایپۆگرافیدا دەگەڕام. ئیتر پیتی (Kی به لاتینی) له مێشك و هه‌ستمدا وەک نیشاندەرێکی سەرەکی کاری دەکرد كه پارچەیەک بوو لە واقیعێك كه تەواوی ئارەزووی خۆناسینەوەی خۆمی وه‌كو كورد تێیدا چڕ ببۆوە. بێگومان ئاگادار نه‌بووم كه ئەم ئاره‌زووه هه‌ستێكی تاکە کەسی نەبوو. به‌ڵكو باری بەکۆمەڵی گه‌له‌كه‌م بوو، گەلێکی بێ جێگە و نه‌بوونی لە ناو گێڕانەوەكانی جیهانیدا، وه‌كو بارێكی زۆر قورس به‌سه‌ر پشتی خۆمدا هەڵگرتبوو.
45 ساڵ دوای ئه‌مه ئه‌و پێداویستی گه‌ڕانه‌م به دوای ناسنامه‌ی خۆمدا هێشتا هه‌ر به بێده‌نگی و به نه بوون ماوه‌ته‌وه.
نزیکەی ٤٥ ساڵ دوای ئه‌وه، له 10ی تشرینی دووەمی 2025، سێ کۆمەڵەی كولتووری کوردی ئامادەییان نەبوو له‌و داوه‌ته‌ی كه بۆ کۆبوونەوەیەک لە جنێڤ سەبارەت بە فێرکردنی زمانی دایک، كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی كانتۆنی جنێڤ ڕێکخرابوو. بەڵێ هیچیان له‌وێ نەبوون و ده‌نگیان نه‌بوو. ڕه‌نگه بتوانین بڵێین كه له یادیان چووبوو، یان كاری كه‌سێتیان هه‌بوو، كه‌چی نوێنه‌ری هه‌موو كۆمه‌ڵه‌كانی تری زمانی دایك له‌وێ بوون. بۆ نموونه سێ كه‌س نوێنه‌رایه‌تی یه‌ك كۆمه‌ڵه‌ی زمانی “فارس”یان ده‌كرد، كه‌چی لەو سێ كۆمه‌ڵه كوردییەی ئێرە، یه‌ك نوێنه‌ریش بوونی نه‌بوو؟
ڕەنگە بتوانین وا بیر بكه‌ینه‌وه كه ئاماده نه‌بوون له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا زۆر گرنگ نه‌بێت و وردەکارییەکی بچووک بێت. بەڵام لای من ئه‌و پرسیاره سه‌ری هه‌ڵدا: ئه‌دی ئه‌گه‌ر كرده‌ی ئەم ئاماده نەبوونه خۆی له خۆیدا بیه‌وێت هه‌ندێ شتمان پێ بڵێت دەربارەی دەربەدەری، دەربارەی یادەوەری، دەربارەی چۆنیەتی بوون، لە کاتێکدا كه جیهان فێری نەمانی کردووین وه‌كو كورد؟
ئه‌م نووسینه تێڕامانێكی خێرایه لەم نەبوونیەی ئێمه، واتە هەوڵدانێكه بۆ تێگەیشتن لە بارودۆخی کورد لە ڕێگەی نه‌بوونی و نادیاری و بێدەنگیەکانییەوە. چونكه هه‌ندێك جار كه كه‌سی ئاماده نه‌بوو قسە دەکات، ئەوەی كه ڕوونادات ڕووناکی زیاتر دەپڕژێنێته سه‌ر ئەوەی کە ڕوودەدات. ئەمجارەیان ئاماده نه‌بوونی كورد بوو: سێ کۆمەڵەی کوردی بێسەروشوێن بوون لە کۆبوونەوەیەکدا کە ئامانجی یارمه‌تیدان و بەرەوپێشبردنی زمانەكانی دایك بوو لە جنێڤ. ڕه‌نگه له یه‌كه‌م هه‌ڵوێست دا ئه‌مه شتێکی زۆر گرنگ و سەرنجڕاکێش نه‌بێ، به‌ڵام ڕه‌نگە بۆشایییەک بێت کە قووڵاییه‌كی زۆری هەبێت. ئاخر بۆ لەوێ نەبووین؟ لە دەرەوەی هەلومەرجە تایبەتەکان، ڕه‌نگه ئەم پرسیارە وه‌ڵامێكی فراوانترمان بدات به‌ده‌سته‌وه: ئەم نەبوونییە چی ئاشکرا دەکات سەبارەت بەوەی کە کورد، چ لە دەربەدەری و چ لە ناوخۆدا، چ پەیوەندییه‌كی هه‌یه له‌گه‌ڵ بوونی خۆی له جۆری بینین و زمان و نوێنەرایەتی بەکۆمەڵی خۆی؟
بێگومان دیارنەبوونی کورد، كە هەرگیز كارێكی بێ بایەخ نییە، ڕه‌نگه بتوانین بڵێین كه قووڵایی مێژوویی هەیە و له‌وانه‌شه قورسایی میتافیزیکیشی هەبێت. چونكه ئه‌م دیارده‌یه ئه‌م پرسیاره ده‌هێنێته پێشه‌وه: ئایا كورد لە ڕێگەی ئەم نەبوونییه‌وه هه‌وڵ ده‌دات بوونی خۆی بسه‌پێنێ و خۆی بنووسێته‌وه وه‌كوو جەستەیەکی پەرشوبڵاو؟
هه‌موومان ده‌زانین كه کوردبوون، واته ژیانکردن لەناو جەستەیەکی دەستەجەمعیی پارچەپارچەدا بە سەر سنوور و ڕژێم و زاراوە و گرووپ و عه‌شیره‌ت و پارته سیاسییه‌كاندا. ئه‌مه‌ش وای كردووه كه بە دەگمەن دەرفەتی ئەوەمان هەبووبێ کە وەک کۆیەکی سەقامگیر بیربکه‌ینەوە. ئەو هه‌موو دابەشبوونانه بوونه‌تە هۆی دابەشبوونێکی ڕەمزیش كه لە ڕەوەند دا بە فۆرمەکانی دیکە دووبارە دەکرێتەوە: وه‌كوو سه‌رهه‌ڵدانی چەندین کۆمەڵەی كولتووری، زۆرجار كورت خایه‌نی په‌رش وبڵاو، دەستپێشخەری تاكه‌كه‌سی هاوتەریب و پەیوەندییە ناجێگیرەکانی نێوان نەوەکان، هتد.
ئه‌م دیارده‌یه ناچارمان ده‌كات كه خۆمان له‌به‌رده‌می ئه‌و پرسیاره سادە و لە هەمان کاتیش‌دا ئاشکراکەر و وجوودییەدا بدۆزینه‌وه؛ مادام باس لە سێ کۆمەڵەی كولتووری دەکەین، بۆچی بۆ هەریەکەیان تەنها یەک کەس و یه‌ك ده‌موچاوی هەیە كه نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات و لە حاڵەتی پێویستدا کەسێکی تر نییه شوێنی بگرێت بۆ ئه‌وه‌ی كورد بوونی هه‌بێت و ده‌نگی ببیسترێت؟
بێگومان ئەم دیاردەیە ڕه‌نگه زۆر شتمان پێ بڵێ ده‌رباره‌ی لاوازی دامەزراوەیی كورد، كه نازانین چۆن دەسەڵات ڕادەست بکەین و بیگوازینەوە، یان هاوبەشی بکەین له‌گه‌ڵ كوردانی تر؟ بۆیه هه‌روه‌كوو ده‌بینین، زۆرجار کۆمەڵەکانمان له تاراوگه دەبنە درێژکراوەی تاقه‌کەسیی، یان حیزبی، نەک فەزای بەکۆمەڵ. ئه‌مه‌ش ڕێگه‌مه‌ن پێ ده‌دات كه بتوانین گریمانی ئه‌وه بكه‌ین و بڵێین كه كورد لە ئاستێکی بچووکدا، تەنیایی، یان نه‌بوونی گەلی کورد له گێڕانه‌وه‌كانی دوژمنان‌دا دووباره بەرهەم دەهێننەوە: کۆمەڵێک تاکی دابڕاو، هەریەکەیان پارچەیەک لە کۆی گشتییان هەڵگرتووە، بەڵام بە دەگمەن توانای کۆکردنەوەیان هەیە.
لە بەرامبەریشدا کۆمەڵگەی پێشوازیكه‌ر و خانەخوێ و زۆر له كۆمه‌ڵه كولتوورییه‌كانی نه‌ته‌وه‌كانی تر له تاراوگە گرنگی ده‌ده‌ن به بینراوی و خۆنیشاندان: بۆ ئه‌وه‌ی ببینرێن و گوێیان لێ بگیرێ ئه‌وا خۆیان نیشان ده‌ده‌ن و له بۆنه‌كان دا ئامادە ده‌بن. بەڵام بۆ کورد بوون و ئاماده‌بوون و خۆنیشاندان هه‌ڵوێستێكی ئۆتۆماتیكی خۆڕسك نییە، به‌ڵكوو زۆر جار هەوڵدانێکە، كه ماندووبوونی زۆری پێوه دیاره: ئه‌م نەبوون و ئاماده‌نه‌بوون و ده‌نگكپیه‌ی كورد کە لە جنێڤ و گشت وڵاتانی تاراوگه دا هه‌ستی پێكراوه، ڕەنگدانەوەی ئه‌وه نییه كه ئێمه بەرژەوەندی له‌و بوونه‌دا نابینین، بەڵکوو میراتێکی پەرشوبڵاوییە كه له باوك و باپیرانمانه‌وه بۆمان ماوه‌ته‌وه. بۆیه ده‌توانین كوردانی دیاسپۆرا وه‌كوو جەستەیەکی بەکۆمەڵ وه‌سف بكه‌ین کە هێشتا خه‌ریكی خۆ پێکهێنان و خۆ ڕێكخستنن له فەزایه‌كی هاوبەشدا، کە هێشتا دانه‌هێنراوە.
ماندوویی كورد له كوردبوون
ماندووبوون له کوردبوون ئەم برینە قووڵه‌یه کە بەدرێژایی دەیان ساڵ کەڵەکە بۆته‌وه. ماندووبوونه له هەمیشە ناچاربوون بۆ شایەتی دان وه‌كوو گەلێکی ژێر ده‌ست و چه‌وساوه، هەمیشە و له هه‌موو شوێنێك دووباره و سێ باره گێڕانی ڕۆڵی نوێنەرایەتی گه‌ل و خاكێكی ژێر ده‌ست، ماندووبوون له هەمیشە پاساو هێنانه‌وه بۆ بوونی خۆ وه‌كوو مرۆڤ نه‌ك وەک ژێرده‌ست. له به‌رامبه‌ریشدا، لە نیگای ڕۆژئاوادا زۆرجار وێنه‌ی کورد بریتییه له قوربانی و بێدەوڵەتی یان له ئازایه‌تی و خەباتکاری و خۆڕاگری. ئەم نیگایە تەنانەت کاتێک بە نیازێکی پاكیش بێت، لە کۆتاییدا مرۆڤ ماندوو دەکات. کەواتە، ئایا، نەهاتن و ئاماده‌نه‌بوون و خۆشاردنه‌وه له‌وانه‌یه ڕێگەیەک بێت بۆ پاراستنی خود؟ شێوازێک بۆ ئەوەی بڵێین: “با هەناسە بدەین”؟ بەڵام ئەم خۆ حه‌شاردان و خۆ پاراستنە ڕه‌نگه باجێکی زۆری هەبێت. چونكه مرۆڤ كاتێ بە بەردەوامی هەوڵبدات بۆ پاراستنی خۆی، لە کۆتاییدا ماندوو و کاڵ دەبێتەوە.
له كاتێكدا گرووپێك كه هەمیشە لە نێوان دوو جیهان و دوو زمان و دوو ناسنامە ڕێگه ده‌كات و هه‌رگیزیش ناگات، ئایا ده‌توانین ئه‌و پرسیاره بكه‌ین كه ئه‌ویش بریتییه له‌وەی، ئایا کورد خۆی گەلێکی بەربەستە؟
بێگومان ئێمە سه‌ره‌ڕای ده‌یان ساڵ ژیان له تاراوگە، هەرگیز نه بە تەواوی خەڵکی ئێرەین و نە بە تەواویش خەڵکی ئەوێین. چونكه ئێمە لە سه‌ر خاكێكی مامناوەند و نێواندا دەژین، كه نە دەوڵەتەکان و نە وشەکان دەتوانن ناوی لێ بنێن. كه‌واته هه‌ر ئەم پێگە سنوورییە ده‌توانێت چاو ڕوونییەکی تایبەتمان پێ ببەخشێت، له كاتێكدا كه هەندێک جار ڕێگریمان لێ دەکات لە داكوتانی ڕەگ؟ کورد ته‌نانه‌ت له غوربەتیشدا به ڕاستگۆیی لەگەڵ بارودۆخی خۆیدا دەمێنێتەوە، هه‌میشه بوون و ئاماده‌یی هه‌یه، به‌ڵام ته‌نها لە پەراوێزدا و لە سێبەرەکاندا دیارە! له‌و باره‌وه ئێدوارد سەعید نووسیویەتی “دەربەدەر لە نێوان لەدەستدان و به‌ده‌ستهێنانەوە، به‌رده‌وام لە گرژیدا دەژی”. بۆ گەلی کورد، نەبوون یان ئاماده‌نه‌بوونی، وه‌كوو ئه‌و سێ كۆمه‌ڵه كولتوورییه‌ی جنێڤ، ڕه‌نگه له‌ده‌ستدان نه‌بێت: به‌ڵكوو شێوازێک بێت بۆ خۆ نیشتەجێکردنی له ناو جیهاندا. بەڵام بۆ كورد، دەربەدەری نابێت ببێتە ناسنامە! كه‌واته ئامادەبوون بۆ ئه‌و بریتییە لە منه‌وه‌ی ناسنامه‌ی و قبوڵکردنی كه ببینرێت و ببیسترێت بە ناوی زمانێک و مێژوویەکەوە. بێگومان ناشكرێ بڵێین كه نەبوونی کورد له ناو گۆڕه‌پانی ئه‌وانی تردا واتای به‌تاڵی و پووچەڵی ده‌گه‌یه‌نێ. به‌ڵكوو لەوانه‌یه بانگەوازێك بێت، به‌ڵام بۆچی؟ ڕه‌نگه به نائاماده‌یی بیه‌وێت پێویستی شێوازێکی نوێی بوونی بەکۆمەڵ ده‌رببڕێت، نەک لە دەوری ئاڵایەک یان چه‌ترێك یاخود نۆستالجیای یه‌كبوون، بەڵکوو لە دەوری ئامادەبوونێکی جیاواز کە هەوڵی قەناعەتپێکردن نادات، بەڵکوو له‌وانه‌یه ئاماده‌بوونێك بێت ته‌نها بۆ بەرگەگرتن و به‌رده‌وامی دان به خۆ. چونکە كه زمانێک تا قسەی پێ بکرێت نامرێت و گەلێک تا به‌رده‌وام بێت له سەرهەڵدان ئه‌وا نامرێت.
كه‌واته ئایا ده‌توانین بڵێین كه غیابی كورد له نێو كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نێونه‌ته‌وه‌ییدا كه نوێنه‌رانی زۆربه‌ی زمانه‌كانی دنیای لێیه ته‌نها له‌بیرچوونێكی ساده‌یه؟ ئایا ده‌تونین بڵێین نیشانەیە؟ نیشانه‌ی گەلێک کە بەدوای فۆڕمی بوونی خۆیدا دەگەڕێت؟
ئیتر ڕه‌نگه ئێمە فێربووبین كه بەبێ خاك بژین، بەڵام دەبێت ئێستا فێرببین كه هه‌بین بەبێ ئەوەی بسڕێینەوە. بۆیه بیرکردنەوە لە نەبوونی ئێمە له تاراوگه، گه‌ڕانه‌وه‌یه به‌ره‌و خاكمان و لە ئێستاوە سه‌ره‌تایه‌كه بۆ دەستکردن بە گۆڕانكاریمان. ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی كه له‌گه‌ڵ جه‌نجاڵی و ئاڵۆزی دنیادا ئیتر ڕه‌نگ ده‌گرێ.



