ئاریان ئومێد حەمەتاڵ
چوارچێوە سیاسییەکە بڕیار دەدات تۆ چی بیت و چۆن هەڵسوکەوت بکەیت. ئەگەر سەردەم سەردەمی ئیمپراتۆرییەتە، دەشێ هەوڵبدەی ئیمپڕاتۆرییەت بیت، یان میرنشینێکی سەر بە ئیمپڕاتۆرییەتێک بیت. یان شارێک بیت لەناو سەدان شاری ئیمپراتۆرییەتدا، نەتەوەیەک لەناو دەیان نەتەوەی یەک کیاندا، کە ناوی ئیمپراتۆرییەتی ماد، یان ساسانی، یان ڕۆمی/بێزەنتی، یان خەلافەتی ئیسلامی، تاد، بێت. لێرەدا ناتوانی کیانێکی بچووک و بێلایەن و پارێزراو بیت. بۆ مانەوە و سەقامگیریت، دروستترە بەشێک بیت لە کیانە گەورەکان، ئەوانیش وەرت دەگرن بێ ئەوەی بتسڕنەوە، چونکە هەر بونیادی ئەو کیانانە فرەنەتەوە و فرەپێکهاتەیە. ئەگەر بیانەوێ ئەو واقعە بگۆڕن و نەتەوەیەک زاڵ بکەن، وەک ئیمپراتۆرییەتی ئومەویی و عوسمانیی، باریان دەکەوێتە لاری و هەر نەتەوەکانی ژێر دەستیان دەبن بەهۆی هەڵوەشاندنەوە و ڕووخانییان.
بەڵام کاتێک چوارچێوەی سیاسیی لە دنیادا دەوڵەت نەتەوەیە، ناکرێ تۆ دەوڵەت نەبیت و چاوەڕێی سەقامگیریی و ژیانی ئارام بکەیت، بەتایبەت لە جیهانی سێیەمدا کە ژیان و کەرامەت تێیدا پارێزراو نییە. مافی مرۆڤ هەرگیز جێگەی بایەخ نەبووە و پێناچێت لەم نزیکانەش ببێ.
بڕوانە چەند ترسناکە، تۆ لە وڵاتێکدا دەژیت ناوی “کۆماری عێراق”ـە، نەتەوەی عەرەب سەردەست و دەسەڵاتداری یەکەمی دەوڵەتەکەن. لەم کۆمارەدا بۆ ئەوەی پارتێکی سیاسیی لە بەغداد دەنگ و متمانەی نەتەوەی عەرەب بەدەست بێنێ، دەبێ زۆرترین دژایەتی نەتەوە و کیان و ئەزموونەکەی تۆ بکات! هەر لەبەر ئەمەشە نزیکی هەموو هەڵبژاردنێک، فشارەکانی بەغداد لەسەر کورد و هەرێمی کوردستان توندترو ڕژدتر دەبن.
ئەمە واتە لانی زۆری عێراقییەکان، هەر یەکەیان لە ناخیدا کراوە بە “میشێل عەفلەق”ێک! ئەوان کێشەیان لەگەڵ سیاسییە کوردەکان نییە، هەر بۆ نموونە بڕوانە فشارەکانیان هەرگیز ڕووی لە پنتە ئابوورییە تایبەتییەکانی ئەوان نییە. بەڵکوو ڕاستەوخۆ دەست دەبەن بۆ ئەو شتانەی کە کۆمەڵگەکەت دەخنکێنن، بۆ نموونە مووچە نانێرن، بەربەست لەبەردەم هەناردەی بەرهەمە ناوخۆییەکانت دروست دەکەن، گەنم و دانەوێڵە لە ئێران دەکڕن و لە تۆی ناکڕن! کێشەی ئەوان لەگەڵ بوونی تۆیە وەک کورد، وەک نەتەوەیەک کە نیشتەجێی نیشتمانێکن بەپیتترین خاکیان هەیە. زەوییەک کە دەتوانێ ئاسایشیی خۆراک و ئاو، بۆ عێراقی پاش نەوت، دابین بکات. لەم دۆخەدا کە ئەو تۆ بە بەربەستی بەردەم ئایندەو بوونی خۆی دەبینێ، چۆن چاوەڕێی پارێزراو بیت؟ ئەوان کە هەرێم و کیانە فەرمییەکەت، وەک هەڵەیەک دەبینن کە دەبێ ڕاست بکرێتەوە، چۆن چاوەڕێی نیەتی خێریان بۆت هەبێت!
دەی لێرەدا دەبێ بڵێین بەختمان هەیە بە مووچەوە گرتویانە و هێشتا بڕیاری کوشتن و سڕینەوەیان نەداوین!
هەرگیز، تۆ ناتوانی وانەی دیموکراسییەت و مافی مرۆڤ بە نەتەوەی سەردەست بڵێیتەوە. لاواز بەهێز ناگۆڕێ. ئەوە تەنها لاوازبوونە ئەو بڕیارە بە نەتەوەی سەردەست دەدا کەمێک لە مافەکانت پێ ڕەوا ببینێت.
هەموو مێژووی هاوچەرخی عێراق بخوێنەوە لە یەک وەڵام زیاترت دەست ناکەوێ: عێراقێکی بەهێز، کوردستانێکی وێران و لاواز، بە پێچەوانەشەوە.
بۆیە یان دەبێ عێراق هەمیشە پەرتبێ، یان دەبێ کورد کیان و مەکانی سەربەخۆی خۆیی هەبێت. ئەوەی ئەم پرسە بۆ ئەم ساتە تا کوێ ڕێی تێدەچێ شتێکی ترە، مەبەستی سەرەکی درککردنە بەوەی بزانین گرفتەکە لێرەدایە نەک شوێنی دیکە. ئەوسا ئەگەر وزەیەکیش بەکار ببرێت، دەزانین بۆچی ئامانجێکی بەکار دەبەین.



