سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

کاتی بڕیار و بازدانە، حیزبە کوردستانییەکان دەبێت لە هەولێر و بەغداد چ بکەن؟

سلێمان مستەفا حەسەن

دوای بیست ساڵ لە پەسەندکردنی دەستووری فیدراڵی عێراق، کورد ئەمجارەش لەڕێگەی ٥٨ نوێنەرییەوە دەچێتە ناو ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ خولی شەشەمی دوای پڕۆسەی ئازادی. ئەو ئامادەییە لە ڕووی ژمارەوە کەمە، چونکە ناتوانێت ببێتە ڕێگر لەبەردەم دوو لە سێی دەنگی ئەندامانی، بەڵام لەئاستی پێگەی نەتەوەیی لە ئاستێکی گرنگی مێژوویی و یاسایی و سیاسی دایە. ئەم کاتە، کاتی بڕیار و بازدانە و پەیوەستە بە بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانیی، نەک بەرژەوەندی حیزبی و دەستکەوتی کەسی.

نەتەوەکانی عێراق بە کورد و عەرەب و تورکمان و کەلدوئاسوورییەکان‌ـەوە، لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، گەورەترین دەستووری وڵاتێکی فیدراڵی و دیموکراتییان پەسەند کردووە، بە باوەڕی ئەوەی کە دەستوور دەبێتە بنەمای هاوسەنگی نێوان نەتەوەکان، حیزبەکان و دەسەڵاتەکان، بەڵام بەداخەوە بەشی زۆری ماددە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە ڕۆحی دەستوور تەنیا وەک ماددەیەکی نووسراو ماونەتەوە. حیزبە کوردستانییەکان لە هەموو خولەکانی هەڵبژاردن بەڵێن دەدەن بەڵام ئەرکی ئەمڕۆیان بە بەیانی سپاردوە، لە بەشدار بووی نووسینەوەی دەستوور و بنیاتنانەوەی عێراقی نوێ. دوای ئەم هەموو ساڵە، کورد بەردەوام لە مەیدانی داواکاری و مەیدانی ئۆپۆزیسیۆنبوون و بەشداربوون لە حکومەت لە بازنەیەکی بەتاڵ دەخولێتەوە.

ئێستا، کاتی ئەوەیە حیزبە کوردستانییەکان بە یەکەوە و بە تایبەتی پارتی و یەکێتیی بە دیدێکی نوێ دەستوور بکەن بە بەرنامەی کار، پەرلەمانتارانی کورد ئەو دەستوورە بگۆڕن بە بەرنامەی کار. ئەو ماددە دەستوورییانەی پەیوەندیدارن بە مافە نیشتمانییەکان، دەسەڵاتەکانی هەرێم و فیدراڵیزم، ئەنجوومەنی فیدراڵی، دادگای باڵای فیدراڵی، مافی هەرێمەکان، بودجە و مووچە، سامانە سروشتییەکان، هاوبەشی ڕاستەقینە و شەراکەت لە حوکمڕانی، گۆڕینی دیدی ئێستا بۆ دیدی بەشداری و هاوبەشی و شەراکەت. ئەم ئەرکانە چۆن جێبەجێ دەکرێن؟

سەرەتا یەکخستنی ناوماڵی کورد، نێوماڵی کورد بە واتای دانانی پرەنسیپ و دیسیپلین، یاسا و ڕێکار، بەرنامەی کار و کاراکردنەوەی پەرلەمان و حکومەت، گێڕانەوەی شکۆ بۆ هەرێم بەرانبەر دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی هەرێم. 

خاڵێکی تری زۆر گرنگ دەتوانم بڵێم کە لە سەرووی هەموویانەوەیە، دەبێت پارتی و یەکێتیی ڕێک بکەون، کارنامەی ڕێکەوتن و گێڕانەوەی متمانە و کاری هاوبەش لەسەر سێکوچکەی هەولێر، کەرکووک، بەغدا ئامادە بکەن. بە واتای یەکخستنی سیاسەتی یەکێتیی و پارتی لەسەر پرسە نیشتمانییەکان و پرسە ستراتیجییەکان، ڕێککەوتن لەسەر بەرنامەی کابینەی هاوبەش بۆ چوار ساڵ بۆ هەرێمێکی بەهێز.

ئەم خواستەش بەبێ یەکخستنی دید و بەرنامەی ڕێککەوتن لە سەر ئاستی هەولێر و کەرکووک و بەغدا بەدی نایەت. ئەم خواستە بۆ حیزبەکانی تریش ڕاستە، ناکرێت داوای یەکڕیزیی و لیستی یەکگرتووی هاوپەیمانی کوردستانیان لێ بکرێت  لە هەرێمی کوردستانیش نادادی و ستەمیان بەرانبەر بکرێت. ئەگەر لەدەستەڵات بەشدار بن دەبێت هەست بەوە بکەن بەشدارن، ئەگەر ئۆپۆزیسیۆنیش بن دەبێت بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و یاسا سەروەر بێت و مافەکانیان پارێزراو بێت، لەڕووی یاسایی و سیاسی و دارایی.

خاڵێکی تری زۆر گرنگ و جەوهەری دەبێت شکۆی هەرێمی کوردستان بپارێزرێت لەبەرامبەر باڵا دەستی دەسەڵاتی بەڕێوەبردن. ئەگەر ڕوونتر لەم بارەیەوە بدوێین بۆ ئەوەی پەیامەکە بگات باشترە. ئەنجوومەنی وەزیران (دەسەڵاتی جێبەجێکردن) بەردەوام هەوڵی داوە هەرێمی کوردستان لەناو خۆیدا بشارێتەوە و قووتی بدات. کاتێک دەڵێم هەرێمی کوردستان مەبەستم تەواوی دامەزراوەکانی هەرێمە بە خاک و خەڵکی و تەواوی دامەزراوەکان وحیزبەکان و ڕێکخراوەکانیشییەوە، چونکە بە سەرهەڵدان و دروست بوونی ناکۆکێکی ئاسایی لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن کاریگەریی بۆ سەر تەواوی هەرێمی کوردستان دەبێت. ئەوە لە کاتێکدا دەبێت هەرێم بە هیچ ناکۆکێکی لەو جۆرە نەهەژێت.

بەڕای بەندە تەنیا هیوا ئەوەیە شکۆی هەرێمی کوردستان بپارێزرێت بۆ ئەوەی بتوانێت شکۆی تاک و دامەزراوەکانی بپارێزێت. ئەمەش هەم هەنگاوێکی گرنگە هەم بازدانێکی گەورەیە بۆ نیشتمانسازی و نەتەوسازی و هەستکردن بە ئارامی و کۆتاییهێنان بە دووبەرەکی و پەرتەوازەیی و دوو زۆنی.

بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکانەش دوای کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، دەبێت بیر لە کاری لە پێشینەی پەرلەمان و حکومەت بکرێتەوە. لە ماوەیەکی زەمەنی کورتدا زەمینەسازی بکرێت بۆ جێبەجێکردنی دەقی ماددەی ١٢٠ی دەستووری هەمیشەی عێراق ساڵی ٢٠٠٥، کە تێیدا هاتووە “هەرێم دەستوورێک بۆ خۆی دادەڕێژێت، هەرەمی دەسەڵاتەکانی هەرێم و میکانیزمی بەکارهێنانی ئەو دەسەڵاتانە دیاری دەکات بە مەرجێک ناکۆک نەبێت لەگەڵ ئەم دەستوورەد”. جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە لە دەست کورد خۆیەتی بۆ پەسەند کردنی دەستووری هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی پێگە دەستووری و یاساییەکەی، لەسەر ئاستی ناوخۆ و عێراق و جیهاندا.

بۆیە ئەگەرکوردستانیان و نوێنەرەکانیان بخوازن دەستووری عێراق بە شێوەیەکی ڕاستەقینە جێبەجێ بکرێت، دەبێت زۆر بە وریایی و بە دیدێکی  دەستووریانە و یاسایانە و سیاسیانە، پاڵپشت بە هێزی ناوماڵی کوردستان پێداچوونەوە بە خوێندنەوەی ئەو تایبەتمەندیانەدا بکەن کە لە دەستوور دا ئاماژەیان پێدراوە (وەک: دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵ، دەسەڵاتە هاوبەشەکان، دەسەڵاتەکانی هەرێم، دەسەڵاتە باس نەکراوەکان).

ئەم ئەرکانەش بەشی زۆری دەکەوێتە سەر شانی نوێنەرانی کوردستانیان لە بەغداد. بۆیە دەبێت پێش ئەوەی هی حیزبەکانی خۆیان بن، دەبێت هی نیشتمان و مافی تاک بە تاکی کوردستانیان و پێکهاتەکانی تر و پارێزەری دەستوور بن و سنوورێک بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردنی فیدرالیش دابنێن بەرانبەر بە دەوڵەت، چونکە لە ماوەی ڕابردوو دەوڵەت کەمتەرخەم بوو لەپەیوەند بەو پێشێلکارییە دەستوورییانەی دەکران دژ بە مافی هاوڵاتیانی هەرێم و تەواوی مافە دەستووریەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێکردنی فیدراڵییەوە. بیرمان نەچێت پێکهاتەی شیعە و دەسەڵاتی جێبەجێکردن هەمیشە هەوڵی ئەوەیان داوە دەوڵەت بشارنەوەو قووتی بدەن.

بۆیە کە دەڵێین کاتی بڕیار و بازدانە، مەبەستمان جێهێشتنی زمانی هەڕەشە و زۆنگا و زەلکاوی خۆخۆری و ناکۆکی و بێ ستراتیجییە، بۆ چالاکی سیاسی نوێ، بۆ گۆڕانکاری لە نوێنەرانی حیزبی بۆ نوێنەری نیشتمان و نەتەوە.

ئەم خولە نوێیەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەبێت ببێتە مێژووی بازدان و یەکگرتوویی. ئەگەر لە دوای ٢٠ ساڵ، کوردستانیان بتوانن دەستووری عێراق بکەنە بەرنامەی کار و کردار، هێشتا سەرکەوتنە چونکە بژاردەکانی تریش بەبێ یەکێتیی ناو ماڵی کورد و یەک گوتاری نایەنە دی.

شاراوە نییە بژاردەی ترمان نییە، بۆیە کاتی ئەوەیە کە دەستووری عێراق بکرێتە بەرنامەی فەرمی کار، نەک بەرنامەی فەرمی وشە و دروشم، خۆخەڵەتاندن. بۆ ئەمەش دەبێت پەرلەمانی کوردستان کارا و دەنگ دلێر بێت و خۆی لە دیلی دەست حیزبەکان ڕزگار بکات و ژووری کار دروست بکات. هاوکات، ژووری فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران لەناو پەرلەمانی کوردستان بکاتەوە، بە هەماهەنگی پڕۆژە یاساکانی پەیوەندیدار ئامادە بکات و متمانە و پشتیوانی شەقامی کوردستانیان بۆ دەستەبەر بکاتەوە. بەم هەنگاوانە پەرلەمان دەبێتە ماڵی یاسادانان و ماڵی هەمووان، ژووری کار لە پەرلەمانی کوردستان بۆ هەماهەنگی نوێنەرانی کوردستانیان لە بەغداد دەبێتە قەڵا و کۆتایی بە کۆمەڵێ دیاردەی بێبەرنامەیی دەهێنێت.

لە ئێستادا کات درەنگە و لە بەرژەوەندی کوردستانیان دا نییە، پێویستە نوێنەران داواکارییەکانیان لە دووتوێی مانیفێستۆیەکی ڕووندا ڕابگەیەنن و لەناو بەرنامەی کاری حکومەتی داهاتوو شوێنیان بکەنەوە و بیانکەنە مەرجی بەشدار بوون لە کابینەی حکومەتی فیدراڵی داهاتوو. دەبێت داوای زەمانەتی جێبەجێکردنی کارنامەکە بکرێت. بە پێچەوانەوە دەبێت لە نێوان مەغدورییەت و بەڵێن و سەرلێشێوای و بەشداربوون لە حکومەت و ئۆپۆزیسیۆنبووندا خول بخواتەوە.

ڕێکەوتن و کاری پێکەویی و کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت و پەسەندکردنی دەستوور و واژۆکردنی بەڵێننامەی کاری هاوبەش و پێکهێنانی لیستی کوردستانی خاوەن بەرنامە، لە گوتە و هیواوە بکرێن بەکار و کردار. بەم هەنگاوەنەش پەیامی نەتەوەی کوردستان دەگات بە گوێی تەواوی فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و خەڵکی عێراق و تەواوی دۆستان و نەیارانی گەلی کوردستانیان.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO