جەلیل ئازادیخواز
زمان كاتێك دەتوانێ ماڵی بوون بێت كە بتوانێ ئازادی و سەربەستی لە كۆی خۆیدا بەرجەستەكاتەوە. ڕاستە زمان دەتوانی تا ئاستێ دەتوانێت بەرگریی لە تووانەوەی نەتەوە و كولتوور بكات، بەڵام ئەگەر نەتوانێ مرۆڤی نوێ خەلق كات و زامنی چەمكەكانی سەربەستی و ئازادی نەكات، زۆرجار جۆرە میكانیزمێكە بۆ چەوسانەوە. لە زەقترین دیكتاتۆرییەكانی جیهاندا دەقی ئەدەبی و هونەری لە زماندا دەخولقێت و خولقاوە، بەڵام هێشتا ئازادی وەك چەمكێك، كە تاك و كۆ پەیڕەوی بكات نەڕسكاوە یان بە نەقسكراویی و جۆرە هەتككردنێك هەیە.
زمانی كوردیی لای هەموو نووسەر و بەرهەمهێنەرێکی دەق، تا هەنووكەش نەیتوانیوە تاكی تازەی كورد بخولقێنێ، تاكێ كە خۆی بە ئازادی و سەربەستییەوە پێناسە و بەرجەستە بكاتەوە. ڕاستە لە زمانی كوردیدا زۆر دەقی تەكنیكی گرنگ، پڕلە سۆزی مرۆڤانە و خۆشەویستی، لاوانەوەی ئازادی و چەمەری بۆ سەربەستی و ئازادی خولقاوە. ڕەنگیشە بێبەش نەبین لە شاكاری مەزنی ڕۆمانسی و ڕیالیزم، گێڕانەوەی جادویی، هتد. بەڵام هێشتا نەی توانیوە ئەو مرۆڤە تازەیە خەلق كات، كە ڕەها ئازادی و سەربەستی خۆی بناسێت و بەم دوو چەمكەوە خۆی پێناسە بكات.
زۆر زمان گەشەی كردووە و جوگرافیای خوێنەر و جیهانی وشەكانی خۆی فراوان كردووە، وەك زمانی فارسی بەڵام تا ئێستاش نەیتوانییوە ئەو تاكە تازەیە خەلق كات، كە لە ژیانی كۆمەڵایەتی و تاكی خۆیدا خۆی بە ئازادی و سەربەستییەوە بەرجەستە و پێناسە بكاتەوە، بەو ئاستە لە هۆشیاری گەیشتبێت كە بزانێت نەقسی ئازادی و سەربەستی ئەویتر نەقسی ئەم دوو چەمكەیە لە بوونی خۆیاندا. بۆیە تا هەنووكەش زمانی فارسی زمانی دیكتاتۆرییە و لێدانە لە ئازادی لە زۆر كات و شوێندا.
ڕاستە زمانی كوردی هەڵپەی زەوتی ئەو دوو چەمكەی لەوی دی نەبووە، وەك عەرەبی و فارسی و توركی بەڵام نەشی توانیوە بە مانا ڕاستەقینەكەی خۆی ببێتە ماڵی بوونی مرۆڤی سەربەست و ئازاد. وەك زمانە زیندووەكانی جیهانی سەردەم. كە بە واقع توانیویانە ببنە زمان بە فۆرمی ڕزگاریی.
مرۆڤێ كە دوو چەمكی سەربەستی و ئازادی بێ نەقس و وەك وێژەمان پێناسە بكات، بەجیا لە هەمووجیاوازیەكانی تر. لە زمانی كوردیدا بێگومان هەندێك دەق دەتوانن بن یا هەن، كە لەم ئاستە دەرچووبن وەك (مەم و زین). زمان دەبێ مووتوربەی سەربەستی و ئازادی لە بوونی خۆیدا بكات، بۆ خەلقی ئەو مرۆڤە تازەیە.



