سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ململانێی “حەسەن زیرەک” لەناوەوە و دەرەوەی خۆیدا، ململانێی کەسێتی و کەسایەتی

بەهمەن تاهیر نەریمان

جیاوازییەکی ڕیشەیی لە نێوان “کەسێتی” و “کەسایەتی”ـدا هەیە.

کەسێتی، واتە ناوەوەی مرۆڤ، ئەو ناوچەیەی کە هەر کەسە و هی خودی خۆیەتی و لە کەسی تر ناچێت. ناوچەی ئازاد و کۆنترۆڵنەکراوە کە دەرەوەی خۆت ناتوانێت دەستەمۆی بکات، ناوچەی تایبەتمەندی و جیاوازیی “خود” لەگەڵ “ئەوانیتر” دەردەخات.

کەچی کەسایەتی، ئەو جۆرە مرۆڤە دروستکراوەیە کە بەپێی داواکارییەکانی .کولتوور، دەنگی زاڵی ناو کۆمەڵ، ڕێسا کۆمەڵایەتییەکان، دین، پەروەردەی تەلقینی، سایکۆلۆجیای دەستەجەمعی و ویستی جەماوەر لە بەستێنێکی مێژوویی و شوێنێکی دیاریکراودا دادەتاشرێت.

کەسێتی خاوەنی دەنگێکی ناوەکییە (inner sound)، ئەم دەنگە ناوەکییە هانی “خود” دەدات لەگەڵ ئاکار و بەها گەردوونییەکانی وەک خۆشەویستی، ڕاستگۆیی، لەگەڵ خۆبوون و کۆی ئەو کایانە بێت کە سەر بە ئاکاری مرۆیین. هەر کات “خود” لەگەڵ ئەو ئاکارە گەردوونییانەدا ناسازگاربوو، دەنگی ناوەوە سەرزەنشتی “خود” دەکات و سەرکۆنەی دەکات کە لەگەڵ “کەسێتی” خۆیدا کۆکبێتەوە.

کەسێتی ناوچەی توانا شاراوەکانی مرۆڤە، ناوچەی داهێنان و ئەفراندنە، مرۆڤ گەر توانیی بگاتە ئەم ناوچەیە و لە ناو کۆمەڵدا بەرجەستەی بکات، دەگاتە چێژە قووڵە ڕۆحی و لەبننەهاتەکەی خۆی، دەگاتە لەزەتی ڕاستەقینە و قووڵ و فراوان. ئەمە ناوچەی فێربوونە لە مرۆڤدا نەک فێرکردن، دەکرێت پەروەردە ڕێی بۆ خۆش بکات وەک ئاوی کانییەکی سازگار بێتە دەرەوە. ئەم ناوچەیە پەروەردە خەلقی ناکات، چونکە لە مرۆڤەکەدا هەیە، پەروەردە (بەشی فێربوون) ڕێی بۆ خۆش دەکات بێتە دەرەوە و بدرەوشێتەوە، بەڵام پەروەردە (بەشی فێرکردن) دەیپووکێنێتەوە.

خود لەنێوان “کەسێتی و کەسایەتی”ـدا ئەو کاتە دەکەوێتە ململانێوە کە هەر ناوچە و ئەم “خود”ـە بۆ لای خۆی ڕادەکیشێت، ئەگەر “خود” بۆ لای “کەسێتی” نەهات، “دەنگی ناوەوە”ی سەرکۆنەی دەکات و ئازاری دەدات. خۆ ئەگەر بەرەو “کەسایەتی” ڕۆشت و توانیی ڕەوشت و ڕێساکانی کۆمەڵ جێبەجێ بکات، ئەوا کۆمەڵ پاداشتی دەداتەوە بەوەی وەک “کەسایەتی”یەکی ئەرێنی لێی دەڕوانێت، خۆ ئەگەر ڕەوشت و ڕێساکانی پشتگوێخست، ئەوا کۆمەڵ و دامودەزگای دەستەجەمعی “کەسایەتی”ـیەکی نەرێنی بۆ دەکێشێت و بەکەم دەینرخێنێت.

ئەگەر ئاکارەکان، ئازادی، ویستی ناوچەی “کەسێتی” لەگەڵ ڕەوشت و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکاندا یەکتر تەواو بکەن و لەگەڵ یەک کۆکبن، ئەوە “کەسێتی و کەسایەتی” پێکەوە گەشە دەکەن، کێشە گەورەکە و ململانێکە ئەوکاتە دەست پێ دەکات کە ئاکارەکان، ئازادی، ویستی ناوچەی “کەسێتی” لەگەڵ ڕەوشت و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان و ناوچەی “کەسایەتی” نەیەنەوە و پێکدادان بکەن. ئەم پێکدادانە لەناو “خود”ـدا دەبێتە ململانێ و لە زۆر ساتەوەختدا “خود”ـەکە شپرزە دەبێت.

بۆ بەرجەستەکردنی ئەم ململانێیە، “خود”ێکی وەک “حەسەن زیرەک”ـی دەنگ زێڕیین دێنینەوە. زیرەک وەک هونەرمەندێک دەنگە ناوەکییەکەی خۆی دۆزیوەتەوە و ئەو “کەسێتیی”یەکەی لەسەر قوڕگی وەستاوەتەوە. زیرەک خاوەنی گەروویەکی زێڕیینییە و لە کەس ناچێت، ئەو پەیامەی زیرەک لە ژیاندا هەیەتی دەنگەکەیەتی، دەنگ خۆی ئامانج و پەیامە، دەنگ هۆکاری پێویستیی بوونی زیرەکە و بوونی زیرەک دەنگەکەیەتی، ئیتر دەنگ بۆ ئەم دەبێتە ناسنامە. “کەسێتی” حەسەن ئەو گەرووەیە کە لە هیچ کەسێک ناچێت و ئەو خۆیەتی و کەسی تر نییە، حەسەن لە دەنگدا خۆی خۆیەتی. ئەم هونەرمەندە مەزنە “کەسێتی” خۆیی دۆزیوەتەوە و ئەو بۆ ئەوە خوڵقاوە کە دەنگی بۆ هەمووان بدرەوشێتەوە و دەربکەوێت، ئیتر دوای زیرەک هەر کەس و ئامێرێک دەنگەکەی دەربکاتەوە دەبێتە لاساییکردنەوە و ڕەسەنێتی لەدەست دەدات.

لەبەرانبەردا، لەناو کۆمەڵی دینی و بەدیاریکراوی لەو بەستێنە کۆمەڵایەتی، دینی، کات-شوێنەی زیرەکدا؛ بۆ ئەوەی ببێتە “کەسایەتی” نابێت گۆرانیی بڵێت. وەک “زیرەک” خۆی دەڵێت، چونکە گۆرانیبێژ پێی گوتراوە “لۆتی”. بەپێوەری گوتارە دینییەکەی ئەوسا، زیرەک بۆ ئەوەی لای شێخەکان، کە گوتاری دینیی فەرمییان بەدەستەوە بووە، خاوەنی کەسایەتی بێت، دەبێت بەپێی “ڕێسا دینییەکان” بڕوات، وا نەکات کەسایەتییەکی نەرێنی و کەمی دەبێت. زیرەک دەبێت “کەسێتی” خۆی ون بکات و “کەسایەتیی” دەربخات، ئینجا لای شێخ ڕێزلێگیراو دەبێت.

زیرەک کە خۆی دەبێت، کەسێتی دەدرەوشێتەوە، گوێ بە “کەسایەتی” نادات و گاڵتەی پێ دەکات، بەڵام کاتێک دەچێتەوە ناو “کەسایەتی” هەست بە ئازارێکی کاتیی دەکات و درک بەو سەرزەنشت و سزایە دەکات کە کۆمەڵ دەیدەن. بۆیە دەیەوێت لە ساتێکدا ببێتەوە بە “مورید”ی خانەقا و هەست بە “کەسایەتی” خۆی بکاتەوە و وەک ئەندامی ئەو کۆمەڵەیە ڕێزی لێ بگیرێت و کەسێتی ون بکات.

ئەم ماوەیە هۆگرییەکی زۆرم بۆ گۆرانییەکانی زیرەکی مەزن هەیە و زووزوو گوێیان لێ دەگرم و لێیان تێر نابم. لەم گەڕانەم بەناو گۆرانییەکانیدا جارێکی تر ڕێم کەوتە گۆرانییەک بەناوی “نوورانی”. “شێخی زەمبیل” بە ڕێنیشاندەر و ڕووڕووناک وەسف دەکات و پێی دەڵێت “مورشیدم، نوورانی”. لەو گۆرانییەدا نازناوی “نوورانی” بۆ “شێخ وەسمان”ـی بیارە بەکاردێنێت. زیرەک دەڵێت “یا ئەڵا مەدەد، قوربان بارەگا و خانەقا و کۆڕی زکر و دەنگی دەف… قوربان تاجی سەرم یاڕەب قوربان بارەگا و خانەقا و کۆڕی زکر و دەنگی دەف… یا لەیلی یا لەیلەکەم یارە بێ مەیلەکەم ئۆف، ئیلاهی هەر تۆم پەناهی، ئەمان نەمان قوربان بارەگا و خانەقا و کۆڕی زکر و دەنگی دەف… جەلبی کردم نورانی گیان، شام نورانی بێ کەمان و بێ دەف… یا لەیلی یا لەیلی یاری بێمەیل، نوورانی گیان سوێندت دەدەم تو محەمەدەلموستەفا، نوورانی گیان سوێندت دەدەم تو موحەمدەلمستەفا، تو عەلی شاهی نەجات… ئەممانامان یا نوورانی گیان، سەیدی نوورانی سوێندت دەدەم تو موحەمەدەلمستەفا، تو عەلی شاهی نەجات بێکەسم هەر خۆم غەریبم ڕووی خۆتم لێ وەرنەگێڕی… مورشیدم نەمکەی خەلەف، ئامان ئامان ئەی ئەڵا” (https://shorturl.at/62Kxl). دواتر شێخ گوێی لە دەنگی دەبێت و دەڵێت “بەزەیی و قاپیی خوا لە هیچ عەبدێک داناخرێ، لێی ناگەڕێ بابێنە پێشەوە” (https://shorturl.at/49cm2).

گۆرانیی “نوورانی” سیناریۆیەکی بۆ دانراوە، حەسەن زیرەکی ناو ئەم سیناریۆ و گۆرانییە حەسەن زیرەکی “کەسێتی” خۆی نییە و حەسەن زیرەکی “کەسایەتی”ـی دڵخوازی گوتار”وێژەمان”ـە دینییە باوەکەی ئەوسایە. ئەو گوتارەی دەکرێت لەبەردەمی گوتاری زاڵی ئیخوانی-سەلەفیزمی ئەمڕۆ، ئەو ناوبنێین وێژمانی ئاینی میللی (گوتاری ئاینیی میللی). کڕوزانەوە و لاڵانەوەی حەسەن زیرەک لەبەردەم قاپیی ماڵی شێخ بچووکیی کەسایەتیی ئەو دەردەخات، ئەو بێدەسەڵاتە و شێخی مورشید خاوەن دەسەڵاتە و توانای ئەوەی هەیە داوای لێخۆشبوون لە قاپی خوا بۆ تاوانەکانی زیرەک بکات. لە سیناریۆکەدا ئەمە بەتەواوی دەردەکەوێت کە دەڵێت “جا کە زیرەک دەیەوێت بچێتە خانەقا، کە دەزانن زیرەکە پێی دەڵێن “نەکەی بێیتە پێش، ئێرە جێگەی لۆتی و خانەندان نییە، تۆ گڵاویت” (بەستەری پێشوو). شتێکی تریشی پێ دەڵێت لە سیناریۆکەدا من لێی تێنەگەشتم.  

لە گێڕانەوەیەکی تردا دەڵێت “ڕۆژێک لە خانەقای دووڕەوە بووین کاک حەسەن زیرەک هات، کە هات ڕێزمان لێ گرت، پێمان وت قوربان ئەزانی ئێرە کوێیە؟ فەرمووی بەڵێ، وتمان دەی فەرموو ئەمرێک کارێ؟ فەرمووی عەرزی شێخی بیارە بکەن بۆ خزمەت ئەو هاتووم، سەیرە ئەکەم هەرچی شەرائیحی موجتەمەعی کوردییە لە مەجلیسەکەیا هەیە، مورشیدی دکتۆرە، مورشیدی موعەلیمە، مورشیدی مەلایە، مورشیدی فەقێیە، مورشیدی دین و دنیای ئەم ئومەی ئیسلامەیە، تەنیا یەک مەجموعە لەناو مەجلیسەکەیا نییە، ئەویش نەبوونی لۆتییە. فەرمووی بەخۆیی وت لۆتی، نەیوت هونەرمەند، ئیجازە هەیە لۆتییەک هەبێت و با ببێت بە مورشیدی هەمووان نەقس لە شەرائیحەکاندا نەبێت؟ فەرمووی شێخی بیارە بۆ خۆی بەپیرییەوە هات و فەرمووی کا حەسەن تۆ دەمێکە لای ئێمە قبووڵکراوی. بەڵام بەو مەرجەی ئەم مەشروبە تەرک بکەیت، و باسی عایلە و کچی خەڵک لە گۆرانییەکانتدا نەکەیت! فەرمووی قوربان عەهد بێت” (https://shorturl.at/GMDai).

ئەگەر ئەو بەسەرهاتە ڕاست بێت، جارێکی تر کەسایەتییە کۆمەڵایەتییە دینییەکە، حەسەن زیرەک دەخاتە دوان و بەخۆی دەڵێت “لۆتی!”، ئەمە جارێکی تر ساتی زاڵبوونی کەسایەتییە بەسەر کەسێتیدا، ساتی کۆنتڕۆڵکردنی ڕۆحە خودی و ساف و پوختەکەی زیرەکە لەلایەن دەسەڵاتە کۆمەڵایەتی-دینییەکەوە. ئەو دەسەڵاتەی لەگەڵ ڕۆحە پوختە وەدەستهاتووەکەی زیرەکدا ناگونجێت و بیبینێت سەرزەنشتی دەکات، نەیبینێت زەمی دەکات و بە سوکایەتییەوە نازناوی “لۆتی” بۆ داتاشیووە، لۆتیش ڕەگێکی بێزراوی دینی هەیە کە لە قەومی لوتەوە هاتووە.

لە گۆرانییەکی تردا باسی مردن دەکات، دەڵێت: “مردن لە بیرمی لەمەو دواوە، پاڵ دەدەم وە پاڵ قاپی خواوە… غەوزی بەغداوە… مردن لەبیرمی بیرم کردەوە… سەر لە بەیانی نوێژم کردەوە… نەحلەت لە شەیتان هۆشم کردەوە، هۆشیاربوومەوە (https://shorturl.at/9TCod). ئەم حەسەن زیرەکەش حەسەن زیرەکی کەسایەتییە نەک کەسێتی.

زیرەک بە ئەزموونی دینیی خۆی، لە شوێنێکدا باسی ئەوە دەکات کە قەت نوێژ ناکات، وەک دەڵێت: “مەلا بانگی نەیابوو، کە من قەت نوێژ ناکەم ئیشەڵا، چون دکتۆر بۆی نووسیوم. یارەبی خودا، لە عانی مەستیشدا هاوارەکەم خوا، خوا یەکە” (https://shorturl.at/8W31v). بەپێی ئەمە بێت زیرەک خواناسێک بووە کە بە ئەزموونی خۆی پێی گەشتووە و لە ئەزموونەکەیدا سرووتی نوێژ نەماوە، بەڵام لە هەموو کات، تەنانەت لە کاتی مەستییشدا، دەم پڕ لە خوایە لەگەڵ خوای ئەزموونی خۆی کۆک و تەبایە. حەسەنی کەسێتی قسەی لەسەر سرووت و خوا هەیە و دەتوانێت وەک خۆی پێناسەی بکاتەوە، بەڵام حەسەنی کەسایەتی چووەتە ژێر ئەو بارە قورسەوە کە ئەو هەڵەیە و ڕێی لۆتییەتی گرتوەتە بەر و مورشید ڕاستە و ئەم وەک تۆبەکارێک لەبەردەم حەزرەتیدا دەردەکەوێت.

حەسەنی “ئامینێ سورەگوڵ، هەوری لار، ئامینێ چاوی تۆ جامی شەرابی منە، ئای نیزام بۆ خۆم نیزام، خونچەی دڵەکەم ئارەزوو، حەسەنی “کەسێتی”یە، بەڵام حەسەنی گۆرانی “نوورانی” حەسەنی “کەسایەتی”یە، ئەم هونەرمەندە مەزنە، بۆ کەسێتیەکەی ژیا و توانی “کەسێتی” خۆی لەناو کۆمەڵدا بەرجەستە بکات، کۆمەڵ لە زۆر ڕووەوە سزای دا. بەڵام دواتر بەرجەستەکردنی”کەسێتی”یە ڕاستەقینەکەی کردی بەو حەسەن زیرەکەی کە قوڕگە زێڕینییەکەی لەناوماندا وەک مەزنێک ماوەتەوە. گەر ئادیدۆلۆجیا کۆمەڵایەتییەکان ڕێ بدەن، زیرەک بۆ ماوەیەکی درێژ ناوی بەهۆی دۆزینەوەی “کەسێتی” خۆیەوە زیندوو دەمێنێتەوە، بەڵام حەسەن ئەگەر تەنیا “کەسیایەتی”ـیەکەی بوایە هەر ناویشی نەدەبوو. وەک هەموو موریدە خزمەتکارەکان بەمردنی خۆی ناویشی کوێر دەبوویەوە لە کولەکەی تەڕیشدا هەر باسی نەدەما.

سەرنج: دوو ڤیدیۆکەی دامناوە یەکێکیان گۆرانی “دەردت لە من ڕەشئەسمەر”ـە، “کەسێتی” حەسەن زیرەک لەڕێی “گەروو”ـیەوە بەرجەستە دەکات، ئەوی تریان گۆرانی “نوورانی”، “کەسایەتی” زیرەک بەرجەستە دەکات.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO