سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

سەید ڕەزای دەرسیم سەركردەیەك لە دڵی نەتەوەكەیدا

هیوا ساعدی

بۆ یادی ٨٨ـەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی سەید ڕەزا و هەڤاڵانی…

سەید ڕەزا یەكێك لە سەركردە گەورەكانی باكووری كوردستان و كوردە عەلەوییەكانی دەرسیم‌ـە كە هاوشێوەی سەركردەكانی شۆڕشی خۆییبوون و شێخ سەعیدی پیران بە هۆی پاشگەزبوونەوەی کەمال ئەتاتورك لە بەڵێنەكانی بۆ نەتەوەی كورد دەستی بە شۆڕش كرد.

سەید ڕەزا دوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و شۆڕشی قۆچگری هەوڵیدا شۆڕشی كورد لە باكووری كوردستان زیندوو بكاتەوە و لە بەرانبەر هەوڵەكانی حكومەتی توركیا بۆ تەتریككردنی ناوچە كوردییەكان دەستی بە شۆڕش كرد.

لە سەرەتای هاوینی ١٩٣٦ بارودۆخی هەرێمی دەرسیم تێكچوو، بەهۆی ئەو هەموو هێزە سەربازییە و دام و دەزگا سەركوتكەرانەی كە توركیا لە ناوچەكە دایمەزراند، هاوکات، ئەو گەمارۆ سەختەی كە سەركردەی هێزەكانی توركیا لە ناوچەكە (ئالب دۆغان) سەپاندبووی بەسەر دانیشتوانی ئەو هەرێمە. ئەم هۆیانە و زۆری تریش كە پەیوەندی بە سیاسەتی شۆڤینیانەی كەمالییەكانەوە هەبوو، بوون بە هۆی بێزاری و ڕق و قینی كوردەكان بەرامبەر كەمالییەكان و بە ئاشكرا خەڵك ڕووبەڕووی كەمالییەكان دەبۆوە و ناڕەزاییان دەردەبڕی. تەنانەت كار گەیشتە ئەوەی كەمال ئەتاتورك بەڕاشكاوی لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گەورەی نیشتمانی توركیا لە ١٩٣٦دا بڵێت: گرنگترین مەسەلەی باری ناوخۆی ئێمە گیروگرفتی دەرسیم‌ـە، لەبەر ئەوە و بۆ بنبڕكردنی ئەو كوانە كوشەندەیە و بۆ ئەوەی بتوانین خێراتر بڕیار بدەین، پێویستە حكومەت دەسەڵاتێكی فراوان و بێسنووری بدرێتێ. هەروەها ئەو گرانی برسێتی و بێكاریەی كە لە ئەنجامی قەیرانی ئابووری جیهانی ساڵانی (١٩٢٩–١٩٣٢) دروستبوو، كوردستانیشی گرتبۆوە.

سەید ڕەزا بۆ ئەوەی ناوچەكە لە شەڕ دووربخاتەوە چەند جارێك نامەی بۆ “ئالب دۆغان” نارد، تەنانەت جارێكیان كوڕێكی خۆی نارد بۆ وتوێژ بەڵام بە فێڵ گرتیان و دواتر كوشتیان. بۆیە شۆرش لە زستانی ١٩٣٧ز دا دەستی پێ كرد. شۆرشگێڕان چەندین سەركەوتنی گەورەیان بەسەر هێزەكانی توركیا بەدەست هێنا، بۆیە توركیا بڕیاری دا هێزێكی گەورەی پڕ مەشق و پشت ئەستوور بە چەكی قورس و فڕۆكەی جەنگی ڕەوانەی دەرسیم بكات، تەنانەت سەرۆك وەزیران، عیسمەت ئینۆنۆ، خۆی سەركردایەتی سوپای توركیای گرتە ئەستۆ. لە پەلامارێكی گەورەدا ڕووبەرێكی فراوانی لە دارستان و كێڵگە و گوندەكانی دەرسیم‌ـی ئاگرتێبەردا بەو بیانووەی شوێنی خۆ حەشاردانی شۆرشگێڕانە. ئینجا شەڕێکی نابەرانبەر لەنێوان هەردولا هەڵگیرسا، بەڵام لەبەرانبەر لەشكری گەورە و پڕچەك و مەشق پێكراو و فڕۆكەی جەنگی توركیا نەیانتوانی خۆیان ڕابگرن و تەنانەت لە شەڕێكیاندا سەید ڕەزا خۆی بە قورسی بریندار بوو.

حكومەتی توركیا هەرچەندە زۆر جار هێرشی فراوانیان لە بەرانبەر شەڕڤانانی سەید ڕەزا ئەنجامدا، بەڵام نەیانتوانی بە شەڕ كۆتایی بە شۆڕش بهێنن. بەو هۆیەشەوە حكومەتی توركیا داوای دانوستانی كرد و بڕیاردرا لە شاری “ئەرزینجان” شاندی حكومەت و شاندی شۆڕش بە سەرۆكایەتی سەید ڕەزا كۆببنەوە، بەڵام بەرپرسانی حكومەت لە كۆبوونەوەكەدا كە لە ٥ی تشرینی یەكەمی ١٩٣٧ دا ئەنجامدرا، سەید ڕەزا و ئەندامانی شاندەكەیان دەستگیر كرد و بۆ شاری “ئەلئەزیز”ی باكووری كوردستانیان بردن.

سەید ڕەزا و ڕەسك حوسێنی كوڕە ١٦ ساڵانەكەی و شەش هاوڕێی لە ١٥ی تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا دادگاییكران و لە سێدارەدران. هەرچەندە سەید ڕەزا لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا بوو و یاسای توركیا ڕێگای بە لەسێدارەدانی نەدەدا، بەڵام بە فەرمانی كەمال ئەتاتورك، سەید ڕەزا لەسێدارە درا.

بە پێی بەڵگەیەك كە دوای مردنی ئەتاتورك بڵاوبووەوە، لە ڕۆژی لەسێدارەدانی سەید ڕەزا و هاوڕێكانیدا، كەمال ئەتاتورك لە شەمەندەفەرێكدا چاوی بە سەید ڕەزا كەوتووە، کە ژمارەیەك ئەفسەری پلەبەرزی سوپای توركیا لە كاتی خواردنی نیوەڕۆدا بوون. لەوێ، ئەتاتورك داوای لە سەید ڕەزا كردووە، خواردنیان لەگەڵدا بخوات، بەڵام سەید ڕەزا ڕەتی كردووەتەوە و لە سەر پێ وەستاوە و دانەنیشتووە.

لەو كاتەدا ئەتاتورك دەڵێت، “ئەگەر دان بە هەڵەكانتدا بنێیت و پەشیمانی خۆت دەرببڕی، لێت دەبوورم.” بەڵام سەید ڕەزا پێی دەڵێت، “من كارێكم نەكردووە كە تۆ لێم ببوری و پەشیمانیش نیم”. سەید ڕەزا بەرگری لە خۆی و گەلەكەی دەكات و دەڵێت: ”ئێمە لە كاتی دروستكردنی كۆماری توركیا پشتگیری ئێوەمان كرد. هەرچەندە عوسمانییەكان ستەمیان لە ئێمە دەكرد، بەڵام لە دژی هێزە دەرەكییەكان پشتگیری عوسمانییەكانمان كرد. دوای دروستكردنی كۆماری توركیا و لە كاتی بڕیاری ڕادەستكردنی چەكەكانیش، چەكەكانمان ڕادەستی حكومەت كرد، بەڵام ستەمی سوپای توركیا زیاتر بوون و ئەم گەلەش ناچاربوو بەرگری لەخۆی بكات.” بە پێی بەڵگەكە ئەتاتورك بە تووڕەییەوە، دەڵێت، “بیبەن”. بەو شێوەیە سەید ڕەزای دەرسیم لەسێدارە دەدرێت.

ئیحسان سەبری، كە دواتر بوو بە وەزیری دەرەوەی توركیا، لە بیرەوەرییەكانیدا باس لە چركە ساتی لەسێدارەدانی سەید ڕەزا دەكات‌ و دەڵێت: ”سەید ڕەزا پێی گوتم، تۆ لە ئەنقەرەوە هاتووی بۆ ئەوەی من لەسێدارە بدەی؟” دواتر داوامان لێ كرد كە دوا گوتەی خۆی بڵێت. سەید ڕەزاش گوتویەتی: ”چل لیرە و كاتژمێرێكم پێیە، بیدەن بە كوڕەكەم”. ئیحسان سەبری دەڵێت، دوای ئەوەی كە بردمان بەرەو سێدارەكە، سەید ڕەزا هاواری كرد و گوتی: “ئێمە كوڕی كەربەلا”ین (وەكو ئاماژەكردنێك بۆ كوشتنی ئیمام حوسێن بەبێ تاوانی). “ئێمە بێ گوناهین، ئەمە شورەییە”. دواتر سەید ڕەزا زۆر بە بوێرانە پاڵی بە جەللادەكەوەنا و خۆی چووە بەرپەتی سێدارە و پەتەكەی خستە ملی و كورسیەكەی ژیرپێی لابرد.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO