سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

شەڕی دوایین نەوەى سەرکردە کوردەکان: شەڕی بیرەوەرییەکان، کردنەوەی سندووقەکەی پاندۆرا

ڕێبوار سیوەیلى

دوایین نەوەى سەرکردە کوردەکان، کە بەشێکی زۆری تەمەنیان لە شەڕ و ململا‌نێ و ناکۆکییە سیاسییەکاندا بەسەر بردووە، ئێستا، کە کەوتوونەتە تەمەنەوە، خەریکی دوایین شەڕی خۆیانن؛ شەڕێک، کە ئەمجارەیان نە لە شاخ و دۆڵەکاندا، نە لە بەرەکانی شەڕ، نە لەبەرانبەر دوژمندا، بەڵکوو لەناو لاپەڕەکانی کتێب و بیرەوەرییەکانیاندا بەڕێوە دەچێت. ئەوانەی جارێک پێکەوە شەڕیان کردووە و جارێکی دیکە دژی یەکتر وەستاون، ئەوانەی ساڵانێکی زۆر بەڵگەنامەیان لەبارەی یەکترەوە کۆکردووەتەوە، ئێستا دەیانەوێت بە نووسینەوەی ڕابردوو جارێکی دیکە یەکتر تێک بشکێنن. ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە، کە کۆمەڵگەی کوردی جارێکی دیکە دەکرێتە بەشدارێکی ئەو ململا‌نێیانە، بەبێ ئەوەی خۆی داوای کردبێت.

دوایین نموونەی ئەم دیاردەیە، بیرەوەرییەکانی د. مەحموود عوسمان‌ـە. پێم وایە ئەم بیرەوەرییانە دەتوانن دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بن لە شەڕی نێوان ئەو سەرکردانەی ساڵەهای ساڵە ململا‌نێ و ناکۆکییەکانیان لەگەڵ خۆیان هەڵگرتووە. ئەم شەڕە، ئەگەر سەرهەڵبدات، لەناکاو لەدایک نابێت؛ بەڵکوو ئەنجامی خۆخواردنەوەیەکی درێژخایەن و کەڵەکەبوونی گرێی دەروونی و سیاسییە، کە بە درێژایی چەند دەیە لە ژێر پەردەی هاوپەیمانی و ڕکابەری و سازش و دژایەتیدا شاردراونەتەوە. لەوانەیە ئەوەی ئەمڕۆ لە لاپەڕەکانی بیرەوەریدا دەردەکەوێت، تەنیا بەشێکی بچووک بێت لەو هەموو شتەی ساڵانێکی زۆر نەگوتراوە و هەرگیز بە ڕوونی لەگەڵ کۆمەڵگەدا باس نەکراوە.

لە ئەفسانەی یۆنانیی کۆندا، پاندۆرا ژنێکە کە دەفرێکی داخراوی پێ دەدرێت و کاتێک دەیکاتەوە، هەموو ئەو ناخۆشی و بەڵا و ئازارانەی لەناویدا هەڵگیراون، بڵاو دەبنەوە بەسەر جیهاندا و تەنیا هیوا لە ناو دەفرەکەدا دەمێنێتەوە. ئەوەی ئەمڕۆ بە «سندووقەکەی پاندۆرا» ناسراوە، لە ئەفسانە ڕەسەنەکەدا دەفرێکی گەورە بووە، بەڵام دواتر لە کولتووری ئەورووپی‌دا بە سندووق ناوبانگی دەرکردووە. ئەم وێنەیە بۆ تێگەیشتن لە شەڕی بیرەوەرییەکانی سەرکردە کوردەکان مانایەکی تایبەتی هەیە: ئەوان ساڵەهای ساڵە کۆمەڵێک نهێنی و گومان و ناکۆکی و ڕق و گرێی سیاسییان لەگەڵ خۆیان هەڵگرتووە. ئێستا بە بڵاوکردنەوەی بیرەوەرییەکانیان، وەکوو ئەوە وایە سەرپۆشی قازانێک هەڵبدەنەوە، کە زۆر لەمێژە بۆگەنی کردووە، یان سندووقێک دەکەنەوە، کە نازانرێت چەند شەڕ و دژایەتیی نوێی لێوە دەردەچێت. بەڵام جیاوازییەکی گرنگ هەیە: لە ئەفسانەکەدا هیوا لەناو دەفرەکەدا دەمێنێتەوە، لە شەڕی بیرەوەرییەکانی ئەم سەرکردانەدا، پرسیار ئەوەیە، کە ئایا هیچ هیوایەک بۆ ئاشتبوونەوە و فێربوون لە ڕابردوو بەجێ دەمێنێت، یان هەموو شتێک جارێکی دیکە دەبێتە قوربانیی ململا‌نێیەکی کۆن؟

لە ڕاستیدا، ئەم جۆرە بیرەوەرییانە دەکرێت ببنە کردنەوەی سەرپۆشی قازانێک، کە ئەوەی لەناویدایە تەنیا ناکۆکیی کەسی و حیزبی نییە، بەڵکوو کۆمەڵێک پەیوەندیی ئاڵۆز و ڕێککەوتنی نهێنی و گومان و تۆمەت و هەڵە و بڕیاری سیاسییە، کە لەوانەیە بەشێکیان پێشتر لە چاوی خەڵک شاردراونەتەوە. بەڵام نیگەرانیی سەرەکی ئەوە نییە، کە چەند ڕاستییەکی ناخۆش ئاشکرا دەبن، چونکە ڕاستی نابێت بشاردرێتەوە. نیگەرانییەکە ئەوەیە، کە جارێکی دیکە ئەو ڕاستییانە لە خزمەتی تۆڵەسەندنەوە و ناشیرینکردنی یەکتر بەکار بهێنرێن، نەوەکوو لە خزمەتی ڕوونکردنەوەی مێژوو و بەرپرسیارێتیی سیاسی. ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، نەوەیەک کە نەیتوانیوە لە ژیانی سیاسییدا شەڕەکانی خۆی کۆتایی پێ بهێنێت، ئەمجارەیان دەیەوێت لە ڕێگەی بیرەوەرییەکانەوە شەڕەکانی بۆ نەوەی دوای خۆی بەجێ بهێڵێت.

لەو تەمەنەدا، کە مرۆڤ چاوەڕوان دەکات سەرکردەیەکی سیاسی بە ئارامییەوە سەیری ڕابردووی خۆی بکات و بە ئەزموون و هەڵەکانی خۆی و هاوڕێکانی ئاشنا بێت، بەشێک لەم سەرکردانە هێشتا ناتوانن خۆیان لە ململا‌نێ کۆنەکان ڕزگار بکەن. ئەوان لە جیاتى ئەوەی بە ئەزموونی تەمەنیان یارمەتیی نەوەی نوێ بدەن بۆ ئەوەی هەمان هەڵەکان دووبارە نەکاتەوە، دەیانەوێت نەوەی نوێش بخەنە ناو هەمان ناکۆکی و دژایەتییەکانەوە. ئەوەی پێشتر بە چەک و هێز و دەسەڵات چارەسەر نەکراوە، ئێستا هەوڵ دەدرێت بە کتێب و بیرەوەری یەکلایی بکرێتەوە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ئەم کتێبانە بۆ ئەوە نووسراون، کە مێژوو ڕوون بکەنەوە، یان بۆ ئەوەی شەڕە کۆنەکان بە شێوەیەکی دیکە بەردەوام بن؟

کێشەی سەرەکی لەوەدا نییە، کە سەرکردەیەکی سیاسی بیرەوەرییەکانی خۆی دەنووسێتەوە. نووسینەوەی بیرەوەری مافێکی ڕەوای هەر مرۆڤێکە، بە تایبەتی ئەوانەی لە ڕووداوە گرنگە سیاسی و مێژووییەکاندا بەشدار بوون. کێشەکە لەو کاتەدا دەست پێ دەکات، کە بیرەوەری دەبێتە ئامرازێک بۆ خۆسپیکردنەوە و ڕەشکردنی بەرانبەر. کاتێک نووسەر تەنیا ئەو بەڵگەنامانە دەهێنێتەوە، کە خۆی بێتاوان و بەرانبەرەکەی تاوانبار پیشان دەدەن، ئەوە ئیدیکە نووسینەوەیەکی بێلایەنانەی ڕابردوو نییە، بەڵکوو بەردەوامیدانە بە ململا‌نێیەکی سیاسی لە ڕێگەی نووسینەوەوە.

لە زانستی مێژوودا، جیاوازییەکی بنەڕەتی لەنێوان مێژوونووسی و نووسینەوەی بیرەوەریدا هەیە. مێژوونووس هەوڵ دەدات ڕووداوێک لە ڕێگەی بەڵگەنامەی جیاواز و سەرچاوەی سەربەخۆ و بەراوردکردنی گێڕانەوەکان و لێکدانەوەی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی سەردەمەکەوە تێ بگات. بەڵام نووسەری بیرەوەری، بە سروشتی خۆی لە ناو ڕووداوەکەوە قسە دەکات. ئەو شتەکان لەو شوێنەوە دەبینێت، کە خۆی تێیدا وەستاوە. بۆیە بیرەوەری دەتوانێت سەرچاوەیەکی گرنگ بێت بۆ مێژوو، بەڵام نابێت وەکوو مێژوویەکی تەواو و کۆتایی لێی بڕوانرێت. تەنانەت ئەگەر نووسەرەکە بەڵگەنامەی زۆریشی لەبەردەستدا بێت، ئەوە بە تەنیا ڕاستیی گێڕانەوەکەی مسۆگەر ناکات.

ئەوەی لەم جۆرە بیرەوەرییانەدا زیاتر جێگەی سەرنجە، هەڵبژاردنی بەڵگەنامەکانە. لەوانەیە سەرکردەیەک سەدان نامە و ڕاپۆرت و تۆماری کۆبوونەوەی لەبەردەستدا بێت، بەڵام تەنیا ئەوانە بڵاو بکاتەوە، کە لە بەرژەوەندیی خۆیدان. ئەوەی دەیخاتە ڕوو بە هەمان ئەندازەی ئەوەی دەیشارێتەوە گرنگە. بەڵگەنامەیەک دەتوانێت ڕاست بێت، بەڵام ئەگەر لە چوارچێوەی ڕووداوەکە داببڕدرێت، یان بەڵگەنامەی پەیوەندیداری دیکەى لەگەڵدا نەخوێنرێتەوە، دەتوانێت وێنەیەکی هەڵە لە ڕابردوو دروست بکات. بۆیە زۆریی بەڵگەنامەکان بە مانای زۆریی ڕاستی نییە. کتێبێکی سێ بەرگی دەتوانێت هەمان ئەندازە لایەنگر بێت، کە نامیلکەیەکی سیی لاپەڕەیی.

لە بواری دەروونناسیی کۆمەڵایەتی و توێژینەوەکانی بیرەوەریدا، ئەوە دیاردەیەکی ناسراوە، کە مرۆڤ ڕابردووی خۆی تەنیا وەکوو ئەوەی ڕوویداوە بیرى لێناکاتەوە، بەڵکوو بەپێی ئەوەش دەیگێڕێتەوە، کە ئێستا خۆی چۆن دەبینێت و دەیەوێت چۆن لە لایەن ئەوانی دیکەوە ببینرێت. دەروونناسیی بیرەوەری ئەوەمان پێ دەڵێت، کە بیرەوەریی مرۆڤ تۆمارێکی وەکوو کامێرا نییە، بەڵکوو هەر جارێک، کە ڕابردوو دەهێنرێتەوە، بەشێک لە هەست و بەرژەوەندی و پێگەی ئێستای مرۆڤیش لەگەڵیدا تێکەڵ دەبێت. ئەمە بە مانای ئەوە نییە، کە هەموو نووسەرێکی بیرەوەری بە ئەنقەست درۆ دەکات، بەڵکو مانای ئەوەیە، کە تەنانەت گێڕانەوەی دڵسۆزانەش پێویستی بە پشکنین و بەراوردکردن هەیە.

لەوەش گرنگتر، بیرەوەرییە سیاسییەکان زۆرجار تەنیا باسی ئەوە ناکەن، کە چی ڕوویداوە، بەڵکوو هەوڵ دەدەن دیاری بکەن، کە کێ مافی ئەوەی هەیە وەکوو پاڵەوانی ڕابردوو بناسرێت و کێ دەبێت وەکوو تاوانبار بمێنێتەوە. لێرەدا، ململا‌نێ لەسەر ڕووداوەکان دەگۆڕێت بۆ ململا‌نێ لەسەر مانای ڕووداوەکان. هەر لایەنێک دەیەوێت خۆی ببێتە خاوەنی ڕەوایەتیی مێژوویی و بەرانبەرەکەی لەو ڕەوایەتییە بێبەش بکات. بەو شێوەیە، کتێبی بیرەوەری لە سەرچاوەیەک بۆ ناسینی ڕابردووەوە دەگۆڕێت بۆ بەشێک لە ململا‌نێی دەسەڵات و ناوبانگ.

لێرەدا، پرسیارێکی زۆر گرنگ هەیە، کە پێویستە هەر خوێنەرێکی کورد لە خۆی بپرسێت: ئەگەر سەرکردەیەک بە سەدان لاپەڕە باسی ئەوە بکات، کە هاوڕێی پێشووی چەند پارەی لە دەوڵەتێکی بیانی وەرگرتووە، یان لە چ کۆبوونەوەیەکدا چ قسەیەکی کردووە، ئەمە چۆن یارمەتیی ژیانی ئەمڕۆی من دەدات؟ ئەگەر ئەو پارە و پەیوەندییانە کاریگەرییان لەسەر بڕیارە گشتییەکان و شەڕەکان و چارەنووسی خەڵک هەبووبێت، بێگومان پێویستە بە وردی لێیان بکۆڵرێتەوە. بەڵام ئەگەر مەبەست تەنیا ئەوە بێت، کە یەکێک لە سەرکردەکان لەبەرچاوی خەڵکدا بچووک بکرێتەوە و ئەوی دیکە خۆی گەورە بکات، ئەوا خوێنەر دەکرێتە ئامرازی شەڕێکی کەسی، کە هیچ بەرژەوەندییەکی گشتیی لە پشتەوە نییە.

کێشەی گەورەی ئەم نەوەیە لە سەرکردەکان ئەوەیە، کە زۆرجار لە نووسینەکانیاندا زیاتر خەریکی ئەوەن بڵێن کێ چی بەوان کردووە، نەوەکوو ئەوەی ئەوان چییان بۆ کۆمەڵگە کردووە. بەشێکی زۆری وزەی نووسینەکانیان بۆ وەڵامدانەوەی تۆمەت و ڕەتکردنەوەی گێڕانەوەی بەرانبەر و دەرخستنی هەڵەی ئەوانی دیکە تەرخان دەکرێت. بەڵام ئەو پرسیارە سادە و بنەڕەتییە کەمتر دەبیسترێت: ئێوە، کە دەیان ساڵ لە ناوەندی بڕیاردان و دەسەڵاتدا بوون، چیتان بۆ ژیانی خەڵک کرد؟ چ دامەزراوەیەکتان بەهێز کرد؟ چ کێشەیەکتان چارەسەر کرد؟ چ هەڵەیەکتان کرد و چی فێر بوون؟ ئەمانە پرسیاری گرنگتری مێژوون لەوەی کێ لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا چی بە کێ گوتووە.

بۆ نموونە، ئەگەر سەرکردەیەک بیست ساڵ لە دەسەڵاتدا بووبێت، گرنگترە بزانین لەو بیست ساڵەدا چەند قوتابخانەی باش دروست بووە، چەند نەخۆشخانە توانای چارەسەرکردنی نەخۆشییە سەختەکانی هەبووە، چەند گەنج دەرفەتی کاریان بۆ ڕەخساوە و چەند دامەزراوە توانای ئەوەیان هەبووە بەبێ دەستێوەردانی حیزبی کار بکەن. ئەگەر ئەم پرسیارانە وەڵامیان نەدرێتەوە، بەڵام سەدان لاپەڕە تەرخان بکرێت بۆ ئەوەی بسەلمێنرێت سەرکردەیەکی دیکە لە ساڵێکی دیاریکراودا پارەی لە کێ وەرگرتووە، ئەوا لەوانەیە ئێمە لەگەڵ هەوڵێک بۆ لادانی سەرنجی گشتیی لە بەرپرسیارێتیی سیاسی بۆ ململا‌نێی کەسی ڕووبەڕوو بووبینەوە.

لە زانستی سیاسەتدا، بەرپرسیارێتیی سەرکردە تەنیا بە نییەت و دروشمەکانی هەڵناسەنگێنرێت، بەڵکوو بە ئەنجامی بڕیار و کردارەکانیشی هەڵدەسەنگێنرێت. سەرکردەیەک دەتوانێت بە دڵسۆزییەوە خەباتی کردبێت و قوربانیی زۆریشی دابێت، بەڵام لە هەمان کاتدا بڕیاری هەڵەی دابێت و زیانی گەورەی بە کۆمەڵگە گەیاندبێت. ئەم دوو ڕاستییە دژی یەکتر نین. کەسێک دەتوانێت لە قۆناغێکدا خزمەتگوزار بووبێت و لە قۆناغێکی دیکەدا بەرپرسی هەڵەیەکی مێژوویی بێت. بەڵام کاتێک بیرەوەرییەکان تەنیا بۆ پاراستنی وێنەیەکی پاک و بێهەڵەی نووسەر بەکار دەهێنرێن، ئەو ئاڵۆزییەی ژیانی سیاسی لەناو دەچێت و مێژوو دەکرێتە چیرۆکی باشەکان و خراپەکان.

ئەوەی لەم دیاردەیەدا جێگەی ڕەخنەیە، تەنیا ناوەڕۆکی کتێبەکان نییە، بەڵکوو کاتی بڵاوکردنەوەیانیشە. ئەمڕۆ کۆمەڵگەی کوردی ڕووبەڕووی کێشەی گەورەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بووەتەوە. نەوەیەکی گەنج هەیە، کە نیگەرانیی داهاتووی خۆیەتی، خێزان هەن لەژێر باری گرانی و بێکاری و نادڵنیاییدا دەژین، دامەزراوەکان پێویستیان بە چاکسازی هەیە و متمانەی نێوان هاووڵاتی و دەسەڵات لەوپەڕى نالەباریدایە. لە کاتێکی ئاوادا، بەشێک لە سەرکردە کۆنەکان لەجیاتى ئەوەی بە ئەزموونی خۆیان یارمەتیی چارەسەرکردنی ئەم کێشانە بدەن، هەوڵ دەدەن سەرنجی خەڵک بگەڕێننەوە بۆ ناکۆکییەکانی چەند دەیەی پێشوو.

ئەمە بە مانای ئەوە نییە، کە ڕابردوو گرنگ نییە، یان پێویستە لەبیر بکرێت، هیچ کۆمەڵگەیەک ناتوانێت بەبێ ناسینی مێژووی خۆی داهاتوویەکی باش دروست بکات. بەڵام جیاوازییەکی گەورە هەیە لەنێوان فێربوون لە ڕابردوو و زیندووکردنەوەی شەڕەکانی ڕابردوو. فێربوون لە ڕابردوو واتە هۆکارەکانی هەڵەکان بناسین، بەرپرسیارێتی دیاری بکەین و ڕێگە لە دووبارەبوونەوەیان بگرین. بەڵام زیندووکردنەوەی شەڕەکان، واتە هەمان دژایەتی و ڕق و پێکدادانەکان بە شێوەیەکی نوێ بگوازینەوە بۆ نەوەیەک، کە خۆی بەشداریی لە دروستکردنیاندا نەکردووە.

لە توێژینەوەکانی بیرەوەریی کۆمەڵایەتیدا، مۆریس هالبڤاکس ئەوەی خستووەتە ڕوو، کە بیرەوەری تەنها شتێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو لە چوارچێوەی پەیوەندی و گرووپە کۆمەڵایەتییەکاندا شێوە دەگرێت. ئەم تێگەیشتنە بۆ دۆخی کوردی گرنگە، چونکە بیرەوەریی سەرکردەیەکی حیزبی زۆرجار لەناو چوارچێوەی بیرەوەریی حیزبەکەیدا دەنووسرێتەوە. ئەوەی لای حیزبێک خەباتە، لای حیزبێکی دیکە لەوانەیە هەڵە بێت، ئەوەی لای گرووپێک پاڵەوانێتییە، لای گرووپێکی دیکە لەوانەیە سەرچاوەی کارەسات بێت. ئەگەر ئەم گێڕانەوانە بەبێ پشکنینی زانستی و ڕەخنەگرانە وەربگیرێن، لەوانەیە نەوەی نوێش هەمان دابەشبوونە کۆنەکان بە میرات وەربگرێت.

مەترسییەکی دیکە ئەوەیە، کە شەڕی بیرەوەرییەکان دەتوانێت ببێتە شەڕی ناسنامەکان. کاتێک سەرکردەیەک بەرانبەرەکەی تۆمەتبار دەکات، ئەگەر ئەو تۆمەتە لە ناوەندی حیزبی و کۆمەڵایەتیدا وەکوو هێرشێک بۆ سەر هەموو گرووپەکە وەربگیرێت، ئەوا ململا‌نێی نێوان دوو کەس دەگۆڕێت بۆ ناکۆکیی نێوان دوو کۆمەڵەی گەورەتر. ئەمە بەتایبەتی لە کۆمەڵگەیەکدا مەترسیدارە، کە پەیوەندیی حیزبی و خێزانی و ناوچەیی هێشتا کاریگەرییان لەسەر هەڵوێستی سیاسیی خەڵک هەیە. لەم دۆخەدا کتێبێکی بیرەوەری دەتوانێت لەجیاتى ئەوەی ببێتە سەرچاوەی زانیاری و هۆکاری زیادبوونی گومان و دابەشبوون.

لەوانەیە هەندێک لەم سەرکردانە بە ڕاستی باوەڕیان وابێت، کە بە نووسینەوەی بیرەوەرییەکانیان خزمەت بە مێژوو دەکەن. ئەمەش دەکرێت ڕاست بێت. بەڵام نیەتی باش بە تەنیا بەس نییە. ئەگەر کەسێک دەیەوێت بەڕاستی خزمەت بە مێژوو بکات، پێویستە ئامادە بێت هەڵەکانی خۆیشی بخاتە ڕوو، بەڵگەنامەکانی بە شێوەیەکی ڕوون و شڕۆڤەکارانە پێشکەش بکات، ڕێگە بە لێکۆڵەرانی سەربەخۆ بدات سەرچاوەکانی بپشکنن و جیاوازی لەنێوان ئەوەی خۆی بینیویەتی و ئەوەی لەوانی دیکەوە بیستوویەتی بکات. ئەگەر نووسەر تەنیا لەو کاتەدا بەڵگەنامە بەکار بهێنێت، کە دژی بەرانبەرەکەی بێت، بەڵام لەبارەی هەڵەکانی خۆیەوە بێدەنگ بێت، ئەوا متمانە بە گێڕانەوەکەی لاواز دەبێت.

بۆیە پێویستە پرسیارێکی دیکەش بکەین: ئایا ئەم کتێبە چەند بەرگییانە بە ڕاستی مێژوون، یان بیرەوەرین، یاخود تۆمارێکی هەڵبژێردراوی پەرچەکردارە دەروونییەکانن؟ لەوانەیە هەندێکیان هەوڵێک بن بۆ پاراستنی ناوبانگ، هەندێکیان بۆ ڕەتکردنەوەی تۆمەت، هەندێکیان بۆ تۆڵەسەندنەوەی سیاسی و هەندێکی دیکەشیان بۆ ئەوەی نووسەر لە کۆتایی تەمەنیدا خۆی لەگەڵ ڕابردووی خۆیدا ئاشت بکاتەوە. بەڵام ئەمانە گریمانەن و نابێت بەبێ خوێندنەوە و پشکنینی هەر کتێبێک وەکوو حوکمی کۆتایی بەسەر نووسەرەکەیدا بدرێن. ئەوەی پێویستە، توێژینەوەیەکی سەربەخۆیە، کە ئەم کتێبانە لە ڕووی مێژوویی و دەروونی و سیاسی و ئەدەبییەوە هەڵبسەنگێنێت.

ئەم کارە پێویستی بە بژاردەیەکى شارەزا هەیە؛ مێژوونووس و کۆمەڵناس و دەروونناس و توێژەری زانستی سیاسەت و ڕەخنەگری ئەدەبی. ئەوان دەتوانن بپرسن نووسەر لە چ پێگەیەکەوە دەدوێت، چ بەڵگەیەک بەکار دەهێنێت، چ بەڵگەیەک پشتگوێ دەخات، چۆن وێنەی خۆی و بەرانبەرەکەی دروست دەکات و چەندە گێڕانەوەکەی لەگەڵ سەرچاوە سەربەخۆکاندا دەگونجێت. هەروەها دەتوانن دیاری بکەن، کە ئەم کتێبانە چەند زانیاریی نوێیان بۆ مێژوو زیاد کردووە و چەندە تەنیا دووبارەکردنەوەی ناکۆکییە کۆنەکانن. بەبێ ئەم جۆرە خوێندنەوەیە، مەترسیی ئەوە هەیە، کە خوێنەر گێڕانەوەی لایەنگر وەکوو ڕاستییەکی مێژوویی وەربگرێت.

لێرەدا پێویستە جیاوازی لەنێوان مافی نووسەر و پێویستیی خوێنەردا بکەین. هەر سەرکردەیەک مافی ئەوەی هەیە بیرەوەرییەکانی خۆی بنووسێتەوە و بڵاویان بکاتەوە، بەڵام هیچ نەوەیەک ئەرکدار نییە هەموو ئەو بیرەوەرییانە بخوێنێتەوە و هەموو شەڕە کۆنەکانیان بە میرات وەربگرێت. خوێنەری ئەمڕۆ مافی ئەوەی هەیە بپرسێت، ئەم کتێبە چی بۆ ژیانی من زیاد دەکات؟ لە ڕابردووەوە چییم فێر دەکات؟ چۆن یارمەتیم دەدات لە هەڵەکانی پێشوو دوور بکەومەوە؟ ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارانە تەنیا ئەوە بێت، کە کێ لە شەڕێکی کۆندا سەرکەوتوو بووە و کێ شکستی هێناوە، ئەوا خوێنەر مافی ئەوەی هەیە کاتی خۆی بۆ شتێکی بەسوودتر تەرخان بکات.

یەکێک لە زیانە گەورەکانی ئەم شێوازەی گێڕانەوەی ڕابردوو، ئەوەیە کە سەرنجی گشتیی لە پرسیارە بنەڕەتییەکانی ئێستا دوور دەخاتەوە. کۆمەڵگەیەک، کە پێویستی بە گفتوگۆ لەسەر چاکسازیی دامەزراوەکان و پەروەردە و تەندروستی و دادپەروەری و داهاتووی گەنجان هەیە، جارێکی دیکە دەخرێتە ناو گفتوگۆیەکەوە لەسەر ئەوەی لە ساڵێکی دووردا کێ لەگەڵ کێ کۆبووەتەوە. ئەمە تەنیا بەفیڕۆدانی کات نییە، بەڵکوو بەفیڕۆدانی وزەی سیاسی و هزریی کۆمەڵگەشە. کاتێک میدیا و خوێنەر و ڕووناکبیر بە شەڕی بیرەوەرییەکانەوە سەرقاڵ دەکرێن، پرسیارەکانی بەرپرسیارێتیی ئێستا دەچنە پەراوێزەوە.

ئەوەی زیاتر جێی داخە، ئەوەیە کە ئەم نەوەیە لە سەرکردەکان دەیانتوانی لە کۆتایی تەمەنی خۆیاندا خزمەتێکی زۆر گرنگ بە کۆمەڵگە بکەن. دەیانتوانى بە ئازایەتییەوە دان بە هەڵەکانی خۆیاندا بنێن، لە قوربانییەکانی شەڕە ناوخۆییەکان داوای لێبوردن بکەن، بەڵگەنامەکانی بەبێ هەڵبژاردنی لایەنگرانە بخاتە بەردەستی توێژەران و ئەزموونی خۆی بۆ نەوەی نوێ بگوازێتەوە. دەیتوانی بڵێت ئێمە لە کوێ هەڵەمان کرد، بۆچی هەڵەمان کرد و ئێوە چۆن دەتوانن ئەو هەڵانە دووبارە نەکەنەوە. ئەمە دەبووە میراتێکی بەهادارتر لە سەدان لاپەڕە تۆمەت و پەرچەکردار.

لە ڕووی ئەخلاقییەوە، بەرپرسیارێتیی سەرکردەی سیاسی بە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتەکەی کۆتایی نایەت. ئەو هێشتا بەرپرسیارە لەوەی چۆن قسە لەسەر ڕابردوو دەکات و چ کاریگەرییەک لەسەر ژیانی گشتیی بەجێ دەهێڵێت. ئەگەر لە قۆناغی گەنجی و ناوەڕاستی تەمەنیدا بە شەڕ و ناکۆکی بەشێک لە ژیانی کۆمەڵگەی شێواندبێت، لە کۆتایی تەمەنیدا دەبوو هەوڵ بدات بەشێک لەو زیانانە چاک بکاتەوە. بەڵام ئەگەر هەمان ناکۆکییەکان بە شێوەی بیرەوەری بگەڕێنێتەوە ناو ژیانی خەڵک، ئەوا لەوانەیە جارێکی دیکە ببێتە هۆکاری درێژبوونەوەی برینێک، کە کۆمەڵگە هەوڵی ساڕێژکردنی دەدات.

لە مێژووی کۆمەڵگەکاندا نموونەی زۆر هەیە، کە دوای قۆناغی شەڕ و ململا‌نێ، هەوڵ دراوە ڕابردوو بە شێوەیەک بخوێنرێتەوە، کە یارمەتیی ئاشتی و دادپەروەری بدات. لە ئەفریقای باشوور، بۆ نموونە، کۆمیسیۆنی ڕاستی و ئاشتەوایی هەوڵیدا بەڵگە و شایەتییەکانی ڕابردووی توندوتیژی کۆ بکاتەوە و ڕاستییەکان بخاتە ڕوو. ئەو ئەزموونەش بێ کێشە و ڕەخنە نەبوو، بەڵام جیاوازییەکی بنەڕەتی لەگەڵ شەڕی بیرەوەرییەکانى لاى خۆمان هەبوو: مەبەستی ڕاگەیەنراوی ئەو پڕۆسەیە تەنیا سەرکەوتنی لایەنێک بەسەر لایەنێکی دیکەدا نەبوو، بەڵکوو دۆزینەوەی ڕاستی و ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵگە لەگەڵ ڕابردووی خۆیدا بوو. ئەمە جیاوازیی نێوان بەکارهێنانی ڕابردوو بۆ ئاشتی و بەکارهێنانی بۆ بەردەوامیدانی دژایەتی پیشان دەدات.

لە کوردستان‌دا پێویستیمان بە هەمان جۆرە پرسیاری بنەڕەتیی هەیە: چۆن دەتوانین ڕابردوو بناسین بەبێ ئەوەی دیلی بین؟ چۆن دەتوانین ڕاستیی شەڕە ناوخۆییەکان بدۆزینەوە بەبێ ئەوەی نەوەی نوێ ناچار بکەین هەمان دژایەتییەکان هەڵبگرێت؟ چۆن دەتوانین قوربانییەکان لەبیر نەکەین، بەڵام ڕێگەش نەدەین یادکردنەوەیان ببێتە ئامرازی ململا‌نێی حیزبی؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە بە سڕینەوەی مێژوو نادرێتەوە، بەڵکوو بە دامەزراندنی کولتوورێکی ڕەخنەگرانەی مێژوونووسی و بە جیاکردنەوەی ڕاستیی مێژوویی لە بەرژەوەندیی سیاسی دەدرێتەوە.

لەوانەیە باشترین خزمەتێک، کە ئەم سەرکردانە بتوانن لە کۆتایی تەمەنیاندا بە کۆمەڵگەی بکەن، ئەوە بێت کە جارێکیش بۆ خۆیان لە شەڕکردن دەست هەڵبگرن. نەوەکوو لەبەر ئەوەی ڕابردوو گرنگ نییە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی ئێستا و داهاتوو گرنگترن. ئەوان دەتوانن بەڵگەنامەکانیان بپارێزن و بیدەنە دەست دامەزراوەیەکی سەربەخۆی توێژینەوەی مێژوویی، بەڵام پێویست ناکات هەر بەڵگەنامەیەک بکەنە چەکێک بۆ لێدانی یەکتر. دەکرێت مێژوو بنووسرێتەوە بەبێ ئەوەی شەڕەکانی دووبارە بکرێنەوە، هەروەها دەکرێت ڕاستی بگوترێت بەبێ ئەوەی هەموو ڕاستییەک تەنیا لە خزمەتی ناشیرینکردنی بەرانبەردا بێت.

گەنجێکی کورد، کە ئەمڕۆ دەیەوێت بخوێنێت، کار بکات، خێزان پێک بهێنێت و لە وڵاتەکەی خۆیدا داهاتوویەکی باشى هەبێت، نابێت هەموو ژیانی هزریی خۆی تەرخان بکات بۆ ئەوەی بزانێت چەند دەیەیەک لەمەوبەر کێ لەگەڵ کێ ناکۆک بووە. ئەو مافی ئەوەی هەیە ڕابردووی خۆی بناسێت، بەڵام مافی ئەوەشی هەیە لە بارگرانیی ناکۆکییەکانی پێشووان ئازاد بێت. ئەگەر سەرکردە کۆنەکان نەتوانن ئەم ئازادییە بۆ نەوەی نوێ بەجێ بهێڵن، ئەوا لەوانەیە دوایین میراتیان نەوەکوو ئەزموون و دانایی، بەڵکوو دابەشبوون و بێمتمانەیی بێت.

لە کۆتاییدا، پێویستە جارێک پرسیارەکان بگۆڕین: لەجیاتى ئەوەی بەردەوام بپرسین کێ پارەی وەرگرت و کێ خیانەتی کرد و کێ لەگەڵ کێ ڕێککەوت و کێ لە شەڕێکی کۆندا سەرکەوت، دەبێت بپرسین، ئەم نەوەیە لە سەرکردەکان چ کۆمەڵگەیەکیان بۆ ئێمە بەجێ هێشتووە؟ چ دامەزراوەیەکی بەهێزی دروست کردووە؟ چەندە لە ئازادی و دادپەروەری و یەکگرتوویی نزیکی کردووینەتەوە؟ ئەو پرسیارانەی پەیوەندییان بە پارە و پەیوەندیی نهێنی و بڕیارە سیاسییەکانەوە هەیە، دەبێت بەڵگەمەند و دادپەروەرانە لێیان بکۆڵرێتەوە، بەڵام نابێت جێگەی هەڵسەنگاندنی گشتیی ئەنجامی دەسەڵات بگرنەوە. مێژوو تەنیا ئەوە نییە، کە سەرکردەکان چییان بە یەکتر کردووە، مێژوو ئەوەشە کە ئەوان چییان بە ژیانی خەڵک کردووە.

ئەم نەوەیە لە سەرکردەکان بەشی خۆیان لە شەڕکردن و ململا‌نێ و ناکۆکی بینیوە، ئێستا دەبوو لە کۆتایی تەمەنیاندا هەوڵ بدەن ژیانی ئەوانە خۆشتر بکەن، کە دوای خۆیان دێن، نەوەک ئەوەی ڕابردوویەکی ناخۆش ڕاپێچ بکەنە ناو ژیانیانەوە. کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بەوە نییە شەڕە کۆنەکان بە ناوی بیرەوەری دووبارە بژێتەوە. پێویستی بە ڕاستییە، بە دانپێدانان بە هەڵەکانە، بە دادپەروەرییە و بە ئاشتبوونەوە لەگەڵ ڕابردوودا. ئەگەر ئەم سەرکردانە لە ژیانی سیاسییاندا نەیانتوانیبێت کۆتایی بە شەڕەکانیان بهێنن، با لە کۆتایی تەمەنیاندا هەوڵ بدەن لانیکەم شەڕەکانیان بە میرات بۆ نەوەی نوێ بەجێ نەهێڵن. چونکە هیچ نەوەیەک نابێت ناچار بکرێت تەمەنی خۆی بە چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییانە بەسەر ببات کە نەوەی پێش خۆی نەیتوانیوە چارەسەریان بکات.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO