ڕەشاد بەکر حامد
هونەری وەڵامدانەوە، بریتییە لە خێرایی وەڵامدانەوە لە کات و شوێنی خۆیدا، کاتێک دەربڕینێکی نائاساییمان گوێ لێ دەبێت، واتە بە مەبەستەوە ئەو دەربڕینە دەربڕدرا بێت. لێرەدا مەبەست لە هونەری وەڵامدانەوە ئەوەیە، کاتێک وەڵامی دەربڕینێکی نائاسایی دەدەیتەوە، دەبێت بەجۆرێک بێت هەستی پەشیمانی لای کەسی بەرامبەر دروست بکات و وای لێ بکات هەست بە شەرم بکات.
ئەم جۆرە هونەرە دەمکوتکەرە بۆ ئەو جۆرە کەسانەیە، کە دەیانەوێت لە ڕێگای دەربڕینێکەوە کەسی بەرامبەر برینداربکەن، لێرەدا کردەی خێرا وەڵامدانەوە گرنگترین خاڵی پرۆسەکەیە، کە لەلای هەموو کەسێک بوونی نییە. بۆیە پێویستە لە هەموو شوێنێک و لە هەموو کاتێکدا بەخێرایی و بەشێوازێکی ڕاستەوخۆ وەڵامی ئەو جۆرە کەسانە بدرێتەوە، چونکە وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆ و بەبێ دواکەوتن وا لە کەسی بەرامبەر دەکات لە دەربڕینەکەی پەشیمان ببێتەوە، تەنانەت وای لێ دەکات جارێکی تر هەوڵی دووبارەبوونەوەشی نەدات.
هونەری وەڵامدانەوە، مێژووێکی درێژ و کۆنی هەیە، بەجۆرێک لە مێژوودا دەیان نموونەی جوان و گرنگمان بەرچاو دەکەوێت، وەکوو: کاتێک نەسری کوڕی یەسار پیاوێکی سادە و دەشتەکی بینی، کە زۆر بە تامەزرۆییەوە نانەکەی دەخوارد، پرسیاری لێ کرد و گوتی: هۆ پیاوی دەشتەکی، دەڵێی تاکو ئێستا قەت تێر نانت نەخواردووە؟ پیاوە دەشتەکیەکەش ڕاستەوخۆ وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: لە ماڵی باوکی تۆ نەخێر، بەم جۆرە نەسر شەرم دای گرت و گوتی: خۆزگە لاڵ بوومایە، بەس ئەو پرسارەم لێت نەکردبایە.
کەواتە هەموومان پێویستمان بەمجۆرە هونەرە هەیە، چونکە سروشتی مرۆڤەکان ئاوایە، دەکرێت لە هەر باردودۆخ و ژینگەیەکدا بۆ مەبەست و ئامانجێکی تایبەتی خۆی دەربڕینێکی لەو جۆرە دەرببڕێت.
ئامانج و مەبەستی دەربڕینەکان
گاڵتە و بێزارکردنی کەسی بەرامبەر، بۆ نموونە:پیاوێک “موتەنەب”ی شاعیری بینی، پێی گوت: لە دوورەوە تۆم دیت وامزانی ژنی. موتەنەبیش پێی گوت: منیش لە دوورەوە تۆم دیت وامزانی پیاوی.
خۆبەگەورەزانین و خۆهەڵکێشان، بۆ نموونە:نووسەرێک بە “بەرنادشۆ”ی نووسەری بەناوبانگی گوت، من باشترم لە تۆ، چونکە تۆ لە پێناوی پارەدا دەنووسی، منیش لەپێناوی شەرەف.بەرنادشۆ گوتی: زۆر ڕاستت فەرمووە، چونکە هەریەک لە ئێمە، بۆ ئەو شتە دەنوسێت، کە نییەتی.
بۆ مەبەستی خۆدەربازکردن لە دۆخێک، بۆ نموونە:پیاوێک بۆ پشتیوانیکردنی حیزبەکەی دەچێتە گوندێک، وتارێک پێشکەشی دانیشتوانی گوندەکە دەکات، لە کۆتایی وتارەکەیدا، دەڵێت: کەواتە ئێستا کەسێک هەیە لە ئێوە بەرپەرچی ئەوە بداتەوە، کە ئایا حیزبی کرێکاران باشترە، یان حیزبی پارێزگاران؟لەو کاتەدا هەموو خەڵکەکە بێدەنگ بوون و گوێیان لە پیاوەکە گرتبوو، هەر لەگەڵ تەواوبوونی پرسیارەکەدا، ڕاستەوخۆ کەرێک زەڕاندی، خەڵکەکە دەستیان کرد بە پێکەنین، پیاوەکەش گوتی: ئێستا بۆ ئێوە دەرکەوت، کە تەنیا کەرەکان وەڵام دەدەنەوە.
بۆ مەبەستی دادوەریکردن،لەم جۆرەیاندا، کەسی دادوەر پێویستە وەڵامێکی وا بداتەوە، کە باوەڕ بە هەردوولا بهێنێت، بۆ نموونە،دوو پیاو بوو بە کێشە و ناخۆشیان، چوون بۆ لای دادوەر.یەکێکیان گوتی: جەنابی دادوەر، ئەم پیاوە بارێکی هەڵگرتبوو و کەوتبووە سەر زەوی، دواتر داوای لە من کرد تاکوو هاوکاری بکەم، منیش پێم گوت: ئەگەر هاوکاریت بکەم چیم پێ دەدەیت؟ لە وەڵامدا گوتی: هیچ.منیش ڕازیبووم، بەڵام کاتێک هاوکارییم کرد هیچەکەی پێنەبەخشیم، ئێستا هیچەکەی خۆم دەوێت.داوەر فەرمووی: حەقی خۆتە کوڕم، فەرمووە وەرە پێشەوە و ئەو کتێبە بەرز بکەوە، کە بەرزی کردەوە، دادوەر فەرمووی: چی لەژێر ئەو کتێبە هەیە؟ فەرمووی هیچ، قازی دووبارە فەرمووی: دەی کەواتە ئەو “هیچ”ە بۆخۆت هەڵبگرە و بیبە و بڕۆ!
کەواتە هونەری وەڵامدانەوە، هونەرێکی گرنگ و فراوانە، دەشێت لە هەموو شوێنێک و لەهەر بارودۆخێکدا ڕووبەڕوومان ببێتەوە. بۆیە وا باشە هەمیشە وەڵامێکی ئامادە و گونجاومان ئامادەبێت، مرۆڤ نابێت هیچ کات ڕێگا بدات کەسانی تر لەسەر حیسابی ئەو دڵخۆشی خۆیان بنیادبنێن و زەردەخەنەی سەر لێوەکانی بتۆرێنن، چونکە کاتێک دەزانن وەڵامیان نادەینەوە، وا پێشبینی دەکەن، کە سەرکەوتوو بوونە و دڵخۆش دەبن. هەروەها پێیان وایە کارێکی گەورەیان ئەنجامداوە و هەموو شتێک لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیاندایە، بۆیە پێویستە وەڵامێکی شیاویان بدەینەوە و پەشیمانیان بکەینەوە، بۆ ئەم مەبەستە لە خوارەوە چەند نموونەیەکی تر دەخەینەڕوو:
خانمێکی قەڵەو سواری پاسێک بوو، یەکێک لە سەرنشینەکانی ناو پاسەکە، پێی گوت:نەمزانی ئەم پاسە تایبەتە بە فیل.خانمەکەش بە هێمنی وەڵامی دایەوە و گوتی: نەخێر ئەزیزم، ئەم پاسە وەکوو کەشتی نوح وایە، فیل سوار دەبێت و کەریش سوار دەبێت.
دوو ئافرەت یارییان دەکرد، پیاوێک بەلایاندا تێپەڕی و پێی گوتن: بەنەفرەت بن، ئێوە خەریکبوو پێغەمبەر “یوسف” لە خشتەبەرن.یەکێک لە ئافرەتاکان گوتی: ئەی کێ بوو خستییە ناو “بیر”ەوە؟ ئێمە بووین یان ئێوە؟
نابینایەک هاوسەرگیری لەگەڵ کچێک کرد، کچەکە بە پیاوەکەی گوت: ئەگەر جوانی و سپیەتی من ببینی، زۆر سەرسام دەبیت.پیاوە نابینایەکەش وەڵامی دایەوە و گوتی: ئەگەر بەو شێوەیە بیت، کە خۆت باسی دەکەیت، ئەوا ئێستا چاوساغەکان بۆ منیان جێ نەدەهێشتیت.
خاتوونێکی زۆر ناشیرین، چاوی بە پیاوێک دەکەوێت و پێی دەڵێت:ئەگەر مێردی من بایت، ژەهرم دەکردە ناو قاوەکەت.پیاوەکەش گوتی: ئەگەر تۆ هاوسەری من بایت، بەبێ بیرکردنەوە یەکسەر دەمخواردەوە.



