سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

شۆڕشی نەتەوەیی و کەسێتی نەتەوەیی

ئومێد مەحمود

مانەوە و گەشەی کۆمەڵگە بەندە بە پرەنسیپی یەکسانی خەڵکەکەی لەوەی وەکیەک بەشێکی کۆمەڵگەکەیان بن. لەسایەی ئەم  یەکسانییەی ئەندامانی جڤاکە سەربەخۆ و سروشتییەکاندا، جووڵە و هەنگاو بەرەو دیموکراتی خێراتر دەبێت (ئەرستۆ)، تا جڤاک لە دیموکراتی نزیکتر بێت لەناو خەڵکەکەیدا لەیەکنزیکبوونەوە و بەیەکپەیوەستبوون زیاد دەکات. ئەم لێکنزیکبوونەوەیە بەتایبەت لەو کۆمەڵگەیانەی هەموو یان زۆرینەی ڕەهایان لە نەژاد (ئیتنیک)ێک پێکهاتووە، دەگۆڕێت بە هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی و لە خەیاڵ (وێنای)ی خەڵکەکەیا خۆی وێنا دەکات. بێنەدیکت ئەندرسن ئەم خەیاڵ (وێنای) ی کۆمەڵگەیکی سیاسی بەیەکێک لە تایبەتمەندییەکانی نەتەوە ناساند. ئەو دەڵێت هەرچەندە خەڵکی کۆمەڵگەیەکی سیاسی گەورەتر لە گوندێک هەموویان یەکتر ناناسن، وەلێ لە ناخیانا هەستی گرێدراویان بە خەڵکی کۆمەڵگەکەیانەوە لە هەر جێگەیەک بن هەیە. هەستێکی وەها کە سەرەڕای کەموکوڕی، ڕەتاندنەوە و نایەکسانی دابەشبوونی سامان لە کۆمەڵگەکەیاندا، لە بەرانبەر مەترسییەکانی سەر کۆمەڵگەکەیان وەک یەک هێزی یەکگرتووی پتەو لە چوارچێوەیەکی سنوورداری جوگرافی خاوەن سەروەریدا دەردەکەون. سنووری نەتەوە و سەروەریی نەتەوە دوو تایبەتمەندی تری نەتەوەن لای ئەندرسن. سنووری نەتەوە ئەو جوگرافیایە، کە لەوێدا زمان و کولتوورێکی جیاواز لە نەتەوەکانی تر بەکاردەهێنرێت، بەڵام نەتەوەیەک چەند گەورەش بێت، سنوورێکی هەیە و ناخوازێت نەتەوەکانی دیکەی دنیا بکات بە نەتەوەی خۆی، سەروەریی نەتەوەیی لەسایەی کاریگەرییەکانی شۆڕشی پیشەسازی و گەشەی سەرمایەداری و ڕۆشنگەرییەوە، لە سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسا‌ـوە هزری سەروەری نەتەوە هاندرا. ئەنتنی سمیس، ئەم هاندانە بە هۆکاری سەربەخۆیی نەتەوەکان و سەرەتای کۆتاییپێهێنانی ئیمپراتۆرە مەزنەکانی دنیای ئەو سەردەمە و پێکهێنانی دەوڵەت نەتەوە دەبینێت. لە سایەی دەوڵەتی نەتەوەییدا، کۆتایی بە حوکمی شێوە هەڕەمی پاشماوەیی هێنرا و پلەبەندی کۆمەڵایەتی سەردەمی پاشایەتی کۆتایهات و لەجێیدا ئازادی و مافی مرۆڤ سەری هەڵدا. بەمەش پێش ئەوەی شۆڕشی فەڕەنسی شۆڕشی دیموکراتی و مافەکانی مرۆڤ بێت شۆڕشی نەتەوەیی بوو.

هۆکاری گەشەی سروشتی و گەیشتن بە دەوڵەت-نەتەوە لە کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکاندا، هزری ڕۆشنگەری ڕۆژئاوایی بەتایبەتی فەرەنسی و  شۆڕشی پیشەسازی بوو. گەشەی سەرمایەداری و پێویستبوونی بازاڕی نوێ بۆ بەکاربردنی کاڵا، دەوڵەتی بەرەو قۆناغی کۆڵۆنیالیزمی برد، داگیرکردنی وڵاتانی نوێ، بازاڕ و کەرەستە پێویستییەکانی بەرهەمهێنان دابین کرد و بوو بە سەرچاوەی گەشەی زیاتری دەوڵەتە کۆڵۆنیالیستەکان. بەڵام ئەمانە نەهامەتی بوون بۆ وڵاتە داگیرکراوەکان، سەڕای ئەوەی وڵاتیان داگیرکرا و دەسەڵاتێکی نامۆ و دژ بە بەرژەوەندی خەڵک و وڵاتی داگیرکراو خۆی سەپاند بوو، لە ڕووی ئابووریشەوە، لەلایەک سامانی ژێرزەوی و سەرزەوییان تاڵان دەکرا، لەلایەکی دیەوە هاتنی کاڵای هاوردەی ڕۆژئاوایی ڕێگری سەرەکی گەشەی ئابووری نیشتمانییان بوو. ئابووری نیشتمانی و سەرمایەداری نیشتمانیی، لە وڵاتی داگیرکراودا پێش دروستبوونی لەبار برا، لەجێیدا ئابووریەکی وابەستە بە داگیرکەر و لە بری چینی سەرمایەداری نیشتمانی، چینێکی  سەرمایەداری تایبەت “کۆمپرادۆر”  وابەستە بە داگیرکەر دروستکرا. ئەمە ڕێگری یەکەمی دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکانە، هەتا لە نیشتمان و گەلی بندەستدا دەوڵەتێکی سروشتی سەربەخۆ و بەهێز دروست نەبێت. لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە داگیرکەر کۆمەڵگەی بەرەو پشێوی و نائارامی کۆمەڵایەتی دەبرد و کەلێنی لە نێوان توێژەکانی کۆمەڵگەدا دروست دەکرد. سەرجەمی ئەو هەوڵانە لە پێناوی دوورخستنەوەی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ بوو.                    

ڕێگری گەشە سروشتییەکەی ئابووری نەتەوە داگیرکراوەکان، گرفت و کۆسپی گەشەی سروشتی کۆمەڵگەی داگیرکراویش بوون لەڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە. بەمجۆرە زەمینەی سروشتی گەشەی هەمەلایەنەی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و بەدەوڵەت–نەتەوەبوون لە وڵاتە کۆڵۆنیکراوەکاندا نەڕەخسا و سەرجەم ئەو دەوڵەت-نەتەوانەی دواتر لە وڵاتە داگیرکراوەکاندا دامەزران، دەرەنجامی گەشەی سروشتی کۆمەڵگە نەبوو، بەڵکو دەستنێژ و دەستکردی خودی دەوڵەتە کۆڵۆنیالیستەکان بوون. گەرەنتی مانەوەی بەرژەوندییە کۆڵۆنیالییەکانیان بوو، کلیلی ئاڵوگۆڕ لە دەوڵەتە دەسکردەکاندا بە ویست و لە دەستی دروستکەردایە.                                                                                                                    

دەوڵەتی داگیرکەر لەهەر پێگەیەکدا بێت (پێشکەوتوو و دیموکراتی، یان دواکەوتوو و دیکتاتۆری) هەرجۆرە سیستەمێک بۆ گەلی سەردەست و وڵاتی خۆی پەیڕەو بکات، مامەڵە لەتەک نەتەوەی ژێردەستدا بە دڕاندانەترین شێوەی سەرکوت، وەک ڕژێمی سەدە کۆنەکانی پاوانخوازی دەکات، گشت لە ئازادی و ماف و دیموکراتی بێبەش دەکات. دەوڵەت-نەتەوەکانی ئێراق، ترکیا، سووریا و ئێران دەستکردی دەوڵەتە کۆڵۆنیالیستیەکان بوون،  داگیرکردنی کوردستان، وەک میراتییەک لە دەوڵەتە کۆڵۆنیالیەکانەوە بۆ مایەوە. ڕوونە دەوڵەتە کۆڵۆنیالییەکانی بەریتانیا و فەڕەنسا ئەم هەنگاوەیان لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان هەڵگرت و گەرەنتی پاراستنی بەرژەوندییەکانیان لە دەوڵەتە دەستنێژەکانی خۆیان وەرگرت. ئەم هەنگاوە نامۆراڵییە جووت و هاوتەریبی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی سەردەستی (عەرەب و تورک و فارس‌ـە) و دژ بە بەرژەوەندییەکانی نەتەوە و نیشتمانی کوردستانە. بەمجۆرە بەرژەوەندی نەتەوەی سەر دەست و دەوڵەتە کۆڵۆنیالییەکان بە یەکەوە دژن بە بەرژەوەندی گەلی کوردستان وەستاوەتەوە و مۆری سەرجەم تراجیدیا و زیانەکانی ١٢٠ ساڵی ڕابردوو بە ناوچەوانی ڕەش و پۆخڵی تاوانباریانەوە هەڵکەندراوە، ئەمە ڕێگری دووەمی کۆڵۆنیالیزمە بۆ شۆڕشی کوردستان و خاڵێکی تایبەتتری دژوار و ئاڵۆزکەری دۆزی کوردە. دەوڵەتە کۆڵۆنیالیستییەکان لە سەردەمی جەنگی یەکەمی جیهانییەوە تا ئەمڕۆ ڕاستەخۆ یان  شانبەشانی داگیرکەر دژ بە ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان کاردەکەن، سەرەڕای هەردوو ڕێگرییەکەی بەردەم بە دەوڵەتبوونی کوردستان و بەتایبەتی کاتێک ڕێگر و گرفتەکان بزانین.

 ڕێگەی ڕزگاری و سەربەخۆیی و ئاسۆی سەرکەوتنیش دیار و ڕوونە. داگیرکەرانی کوردستان داگیرکەری سوننەتی نین و تەنها بە تاڵانکردنی سامان و بێ مافکردنی نەتەوە و نیشتمانی کوردستان نەوەستاون و هەوڵی لکاندنی کوردستان بە دەوڵەتە دەستکردە داگیرکەرەکەیان داوە. بۆ جێبەجێکردنی ئەم نیازە نائەخلاقییە بەردەوام خاکی کوردستان دەدزن و  کەمی دەکەنەوە. لەبری ئازادی تاک و بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان و مافی مرۆڤ و دیموکراتی، بە کەمینەکردن  و تواندنەوە و  ئاسیملەکردن مۆرکی نەتەوەیی و کوردستانیبوونی نەتەوە دەسڕنەوە، بەنیازی ئەوەی وەک دروستبوونەکەیان، بە ڕێگەی ناسروشتی و بە زۆر و بەتوندوتیژی نەتەوەی جیاواز لە نەتەوەی داگیرکەر لەناوببەن. دەوڵەتە دەستکردەکەیان بەیەک نەتەوە بکەن، گۆڕە بەکۆمەڵەکانی منداڵ و ژن و پیاوی کوردستان لە بیابانەکانی ئێراق‌دا شایەدی ئەم ڕاستیەن. داگیرکەر دەوڵەتە دەستکرد و داتاشراوەکەی لەسەر خاکی کوردستان بۆ دروست کراوە، لە ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان دا مەرگی خۆیان دەبینن. سروشتی داگیرکردنی لەمجۆرە و سیاسەتی لەناوبردنی گەلی کوردستان، تەنها یەک ڕێگەچارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشەکە هێشتووەتەوە، ئەویش دەرکردن( مەرگ )ی  داگیرکەرە لەسەر خاکی کوردستان، و ڕزگاربوون و سەربەخۆبوون و پێکهێنانی دەوڵەتی کوردستانە. لە سایەی دەوڵەتی کوردستاندا، سەربەخۆی و ئازادی و هەنگاونان بەرەو دیموکراتی مسۆگەر دەبێت. هیگل ئازادی بە سیستمی عەقڵانی دەوڵەتەوە پەیوەستکرد، لەسایەیدا پەیوەندییەکانی نێوان دامەزراوەکانی موڵکداری و گرێبەست و پەیمانە هاوبەشەکان لە چوارچێوەی یاساکانی دەوڵەتدا ڕێک دەخات، دەوڵەت و سیستمە عەقڵانیەکەی کۆمەڵگەیەکی لەگەڵیەکدا گونجاو و ئازاد دروست دەکەن.

هزری بەدەوڵەتکردنی کوردستان گونجاوترین و تەنها دەرچەی کۆتاییهێنانە بە داگیرکاری و بە ژێردەستەیی. لە سایەی هزری دەوڵەتدا پرۆسەی سەربەخۆی و بەدەوڵەتبوونی کوردستان بە دوائامانجەکانی دەگات و گشت نەهامەتییەکانی گەل کۆتایی پێ دەهێنرێت، بەڵام لە ئەنجامدانەکەیدا بە ڕەچاوی بارودۆخە تایبەتیەکەی کوردستان، شێوەیەکی بەدەوڵەتبوونی تایبەت بەخۆی پێویستە، نە شێوە سروشتییەکەی دەوڵەت-نەتەوەکانی ڕۆژئاوا و نە شێوەی دامەزراندنی دەستکردی دەوڵەتی وابەستە لەلایەن لایەنێکی دەرەکیەوە، وەک چۆن دەوڵەت لە وڵاتە کۆڵۆنیکراوەکاندا دروست کرا، بەڵکو لە پرۆسەی بەدەوڵەتبوونێکی تایبەت بە کوردستان، پرۆسەیەکی خۆکردی پشتئەستوور بە گشت تواناکانی نەتەوەی کوردستان و بە بوونی ستراتیجی بەدەوڵەتبوون و بەرنامە و تاکتیکی گونجاو، بە خەباتی هەمەچەشنەی ڕزگاریی نیشتمانیی دەوڵەتێکی نوێ پێک دەهێنین.                                                  

تایبەتمەندییە جیاکەرەوەکەی بەدەوڵەتبوونی کوردستان لە دەوڵەتەکانی ڕۆژئاوا و دەوڵەتە دەستکردەکانی ناوچەکە، چۆنیەتی بە دەوڵەتبوونی دەوڵەتە. بارودۆخی داگیرکراوی و دابەشکراوی و بەزۆرلکێندراوی و دواخراوی زەمینەیەکی سروشتی بەدەوڵەتبوون نییە. لە پەیمانی لۆزان‌ـیشەوە شانسی جێبەجێکردنی پەیماننامەی سیڤەر و دروستکردنەکەی بە هاریکاری یان بەدەستی دەرەکی لەباربرا. لە ڕاستیدا ئەوەی ئەم شانسەی بەتەواوی ڕەش کرد، سازشی پارتی سیاسی و کەسە یەکەمەکانی بوو لە هزری سەربەخۆی و بەدەوڵەتکردنی کوردستان. لەو کاتەشەوە هۆکارێکی گرنگی دواکەوتنی بەدەوڵەتبوونە. تەنها دەرچەیەکی کراوە لە بەردەم پرۆسەی بە دەوڵەتبووندا مابێت دەرچەی پراکتیزەکردنی هزری بەدەوڵەتبوونی کوردستانە، بەخۆڕێکخستنی نەتەوەییە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان و دروستکردنی ڕێکخراوی هەمەچەشنەی بەدەوڵەتکردن و بەبوونی بەرنامەی کار و خەبات و وریایی و بەدواچوون لە جێبەجێکردندا. هاوکات، بە پشتبەستن بە هێز و تواناکانی خۆی و نەتەوەکەی. دەسپێک و سەرەتای لەمجۆرە بناغە و ژێرخانی دامەزراندنی دەوڵەت-نیشتمانە، تایبەتمەندی پڕۆسەی بەدەوڵەت-نیشتمانبوونی کوردستان لە خۆکردی و خۆماڵییەکەیەوە هاتووە.

سەرەڕای شۆڕشی بەردەوامی زیاتر لە سەد ساڵەی کوردستان، بەڵام هزری سەربەخۆی و بەدەوڵەتکردن نەکراوەتە ستراتیژ و ئامانجی  بزوتنەوەکە. هەرچەندە ناوەڕۆکی ناسیۆنالیستی بزووتنەوەکە و پاڵنەری ڕزگاری کوردستان مۆتیڤی خەباتە شۆڕشگێڕییەکان و قوربانیدانی خەباتکاران و شەهیدەکانیشمان بووە، بەڵام  زۆربەی پارتە سیاسیەکانی ناو کوردستان بەتایبەتی لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییوە، سازشیان لە ستراتیجی بەدەوڵەتبوون کردووە. هۆکارەکانی ئەم  هەڵوێستەی پارتەکان زۆرن، لە گرنگەکانی، زۆربەیان وەک دەرەنجامی گەشەی بارودۆخی بابەتیی کۆمەڵگەی کوردستان دروست نەبوون، بەڵکوو چاولێکەر و کۆپی پارتەکانی نەتەوەی داگیرکەر بوون، دروشم و ئامانجەکانیشیان بەهەمان شێوە بووە. هەروەها، بەرژەوەندییە کەسی و حیزبییەکانیان پێش بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان خستووە و لە پێناوی دەسکەوتی خێرا و ئاساندا خەونی شاعیرانەیان بە دیموکراتیزەکردنی دەوڵەتی داگیرکەرەو بینیووە. تێگەیشنی هەڵەشیان بۆ زانستی سیاسەت هەبووە، وەک ئەوەی سیاسەتیان بە هونەری بەدەستهێنانی دەستکەوتە گونجاوەکان دیوە، لە کاتێکدا سیاسەت هونەری هەڵبژاردنی ڕێگە دروست و کورت و کەمزیانەکانی بەدەستهێنانی ستراتیج و ئامانجە باڵاکانی نەتەوەیە. ئەمانە بەشێکی هۆکارەکانبوون. ڕاستە ژمارەیەکی بەرچاو لە تاکی نەتەوەیی هێشتا ئەندامی پارتە سیاسیەکانن و بەشە زیندوو و هەرە کاریگەرەکەی ناویانن، بەڵام نەزانین و هەڵەی سیاسی سەرکردە و کەسە یەکەمەکانیان، کاریگەرییەکانی تاکی نەتەوەیی ناو پارتە سیاسییەکان سنووردار کردووە. لەو چوارچێوەیەدا توانای وەستاندنی سووڕانەوەی شۆڕشی کوردستانیان لە بازنەی شکستدا لەدەستدا نییە.                                                        

چارەسەری کێشەی کوردستان، لە بەرژەوندی گەلی کوردستان و ناوچەکە و مرۆڤایەتیشدایە. مانەوەی کێشەکە سەرەڕای بەرخۆدان و قوربانیدانە یەکجار زۆرەکەی نەتەوە، خوازیاری سەرهەڵدانی خەباتێکیی نوێ و بەردەوامی تێکۆشانە لەپێناوی گەیشتن بە چارەسەر. کار و و خەباتی نەپساوەی بەئاڕاستەی جێبەجێ کردنی هزری دەوڵەت گەرەکە.

ئیدی ناکرێت شۆڕشگێڕە نەتەوەییەکان لەمە زیاتر چاوەڕوان و تەماشەوانی پارتەکانی کوردستان بن، وەک فریادڕەس و هیوای چارەسەر بیانبینن. ئەو دەمەی ژمارەیەکی بەرچاوی مرۆڤی نەتەوەیی کوردستان هزری بەدەوڵەتبوون دەکەنە ڕێبەری کارکردن و سایەی لێکنزیکبوونەوە و یەکگرتنیان، دەستپێکی نوێی خەباتێکی ئامانجدارە، ئاڕاستەکەی بەرەو ڕزگارکردنی نیشتمان و بەدەوڵەتکردن و بەدەستهێنانی ئازادی و مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەبێت. دەرەنجامی ئەم خەباتە، گۆڕانکارییەکی مێژوویی و ڕیشەیی لە کۆمەڵگەی کوردستان‌دا دەخوڵقێت، قۆنا‌غی ژێردەستەیی و ئابووری وابەستەی دەوڵەتی داگیرکەر و دواخراوەیی کوردستان دەنێژێت. لە دەوڵەتی کوردستان‌دا سیستەمێکی نوێی سیاسی و ئابووری سەربەخۆ و کۆمەڵایەتی ئازادی تەواو دژ بە سیستەمی داگیرکەری پێک دەهێنرێت، ئەم گۆڕانکارییە مێژووییە شۆڕشە، شۆڕشی نەتەوەیی کوردستانە، ناوەڕۆکی شۆڕشەکە و سەرچاوەی هێز و جۆشدانەکەی  کوردستانیبوونیەتی.

کاراکتەر و ناوکی ئەم شۆڕشە نەتەوەییە، تاکی نەتەوەیی شۆڕشگێڕی کوردستانە، کە سەر بە هیچ چین و توێژێکی دیاریکراو نین و لە هەناوی کۆمەڵگەی چەوساوەی کوردستان‌ـەوە دێن. ئەوان هۆشیاریی نەتەوەییان بەرزە و بڕوایەکی پتەویان بە هزری دەوڵەت و بە خۆیان هەیە و خۆنەویستانە، شێلگیرانە، بەردەوام کار بۆ ئامانجی باڵای سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوون دەکەن، ئەوان شٶڕشگێڕانی نەتەوەین و داینەمۆ و ئامڕازی سەرخستن و بەرگریکاری شۆڕشێکی ئامانجدارن. دوای سەرکەوتن و لە دەوڵەتی کوردستان‌ـیشدا پارێزەری ئازادی و مافی مرۆڤ و دیموکراتین.  

ماویەتی…

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO