سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

شۆرباکەی ئەبجەلان، سوێرە یان بێ خوێ

ئیبراهیم شێخ وەسانی

بەشی دوازدە

مۆدێرنەتەی دیموکراتی چییە؟

یەکێکی دیکە لە کێشەکانی ئەبجەلان (ناوەکە بە ئانقەست شێوێنراوە لەبەر سانسۆر) لەگەڵ پۆزەتیڤیزم ئەوەیە، بە بۆچوونی ئەو زانستی پۆزەتیڤیستی دژەسروشت و دژەئیکۆلۆجییە. ئەبجەلان جەخت لەوە دەکاتەوە کە پۆزەتیڤیزم ڕێگەی بۆ پەیوەندییەکی میکانیکیی تێکدەر لەگەڵ سروشت خۆش کرد.

لەلای ئەبجەلان، دوالیزمی پۆزەتیڤیزم دابڕانێک لەنێوان مرۆڤ و سروشت دروست دەکات و لە یەکتریان جیادەکاتەوە. ئەو پێی وایە یەکێتیی ئۆرگانی نێوان مرۆڤ و سروشت بەهۆی پۆزەتیڤیزم تێکچووە.

ئەبجەلان لەو باوەڕەدایە پۆزەتیڤیزم مرۆڤی کردە سۆژەیەکی عەقڵی کۆنتڕۆڵکەر، سروشتیشی یەکسان کرد بە ئۆبژەیەکی میکانیکی ماددی کۆنتڕۆڵکراو. لە ڕوانگەی ئەو، فەلسەفەی پۆزەتیڤیزم سروشتی کردە ئەو ئۆبژە میکانیکییە مردووە کە دەتوانرێت بپێورێت و کۆنتڕۆڵ بکرێت، مرۆڤیش ئەو «سۆژە»یەیە کە دەبێت بەسەر سروشت «ئۆبژە» زاڵ بێت.

ئەبجەلان وای دەبینێت، گۆڕینی سروشت بە ئۆبژەیەکی ماددی شەرعیەتی بە لەناوبردنی هاوسەنگی ئیکۆلۆجی دا، قەیرانی ئیکۆلۆژی بەهۆی بە«سۆژە»کردنی مرۆڤ و بە«ئۆبژە»کردنی سروشتە.

لە دیدی ئەبجەلان خەلەلی ئیکۆلۆجی، پرسێکی تەکنیکی نییە، بەڵکوو پرسێکی فەلسەفییە، لەو باوەڕەدایە، فەلسەفەی پۆزەتیڤیزم لە ڕێگەی بەبابەتیکردن و تاقیکارییەوە سروشتی کردە تاقیگە.

ئەبجەلان ئەو باوەڕەی فەلسەفەی پۆزەتیڤیزمی کە دەڵێ «مرۆڤ مافی کۆنترۆڵکردن و خاوەندارێتیکردنی سروشتی هەیە» ڕەت دەکاتەوە، لە ڕوانگەی ئەو زاڵبوون بەسەر سروشت خۆ لەناوبردنە، چونکە مرۆڤ سروشتە.

ئەبجەلان پێی وایە سروشت سیستەمێکی زیندوو و خۆڕێکخەرە، ناکرێت وەک “ئۆبژە”یەکی ماددی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکرێت. لە دیدی ئەبجەلان سروشت تۆڕێکی گەورەی ژیانە، مرۆڤ بەشێکە لەو تۆڕە نەک خاوەنی.

لە ڕوانگەی ئەبجەلان پیشەسازیی سەرمایەداری منداڵی پۆزەتیڤیزمە، دەرئەنجامی پڕاکتیزکردنی بیری پۆزەتیڤیستییە. ئەو وای دەبینێت پیشەسازی سەرمایەداریش گەوررترین گورزی لە سروشت داوە، سروشت قوربانی دەستی پیشەسازیی سەرمایەدارییە.

ئەبجەلان پێی وایە پۆزەتیڤیزم مرۆڤی گۆڕی بۆ «مرۆڤێکی ڕۆبۆتی» بێهەست کە بەشێوەیەکی میکانیکی بیردەکاتەوە و بەبێ هیچ هۆشیارییەکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی دەژیت. ئەبجەلان «مرۆڤی ڕۆبۆتی» وەک میتافۆرێک بۆ ئەو کەسانە بەکاردەهێنێت کە بەرهەمی پڕاکتیزەکردنی زانستی پۆزەتیڤیزمن، لەلایەن سیستەمی سەرمایەدارییەوە لە قاڵب دراون و وەک ڕۆبۆتێکی میکانیکی بێئەخلاق دەژن.

لەدیدی ئەبجەلان دەرئەنجامی ئەو عەقڵیەتەی پۆزەتیڤیزم ئەوەبوو، مرۆڤ سنووری سروشت ببەزێنێت، وەک پاوانکراوی خۆی مامەڵە لەگەڵ سەرچاوەکانی سروشت بکات، لەو باوەڕەشدایە پۆزەتیڤیزم شەرعیەتی دایە مرۆڤ کە مافی بوونەوەرەکانی پێشێل بکات.

بە بڕوای ئەبجەلان مەترسی پیشەسازی سەرمایەداری  لەسەر سیستەمی ژینگە (ecosystem) گەیشتۆتە ئاستی هەڕەشە لەسەر ژیان، بە مەبەستی قازانج  وەک ئۆبژەیەکی ماددی مامەڵە لەگەڵ سروشت دەکات، ئەمەش هاوسەنگی ئیکۆسیستەمی تێکداوە و هەڕەشە لەسەر تۆڕی ژیان دروست دەکات.

بە باوەڕی ئەبجەلان فەلسەفەی پۆزەتیڤیزم بنەمایەکی ئایدۆلۆجییە بۆ شەرعیەتدان بە وێرانکاری سروشت و داڕمانی ئیکۆلۆجی. ئەو دۆخە وێرانکارییەی بەهۆی مۆدێرنەتەی سەرمایەدارییەوە دروست بووە کە ئەو زۆرجار بە “کارەساتێکی ئیکۆلۆجی” یان “قەیرانی ژیان” ناوی دەبات، تەنیا کێشەیەکی ژینگەیی نییە، بەڵکوو قەیرانی ئەخلاقی شارستانیەتیشە.

ماویەتی

تێبینی:

چەمکی ئیکۆلۆژی لە چوارچێوەی فەلسەفەی پۆزەتیڤیزم زانستێکی ئەکادیمییە کە لە سروشت دەکۆڵێتەوە (زانستی سروشتە)، بەڵام کاتێک ئەبجەلان چەمکی ئیکۆلۆجی بەکاردێنێت، مەبەستی تەنیا زانستی لێکۆڵینەوە لە سروشت نییە، بەڵکوو لە ڕوانگەی ئەو فەلسەفەی ژیانە، دونیابینیەکە کە «تۆڕی ژیان، ئەخلاقی کۆمەڵگە، ئازادییەکەی» لەخۆدەگرێت. واتە، چوارچێوەیەکە بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی پەیوەندیەکی «ئەخلاقی، سیاسی، ئازادی» لە نێوان «سروشت، مرۆڤ، کۆمەڵگە»، کە بەهۆی مۆدێرنەتەی سەرمایەداری و عەقڵیەتی پۆزەتیڤیستی خراپ بووە. ئیکۆلۆجی یەکێکیشە لە پایە بنەڕەتییەکانی مۆدێرنەتەی دیموکراتی ئەبجەلان.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO