سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

شکستی تیۆریی پیلانگێڕیی: سەرکەوتنی مەمدانی و پرۆسەی دیموکراسی

دوای ئەوەی زوهران مەمدانی لە هەڵبژاردندا توانی ببێتە سەرۆکشارەوانی نیۆیۆرک، شەپۆڵێک مشتومڕی بەدوایخۆیدا هێنا. لەهەمانکاتیشدا کۆمەڵێک پرسی وروژاند و وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری دانەوە. لەو نووسینەدا، هەوڵ دەدەین زۆر بەکورتی شڕۆڤەی ئەو مشتومڕە و شیکاری وروژاندنەکان بکەین. بۆ تێگەیشتن لەو دیاردەیەی کە لە نیۆیۆرک ڕوویدا، کە کۆمەڵێک چەمک و دەستەواژەی بەدوای خۆیدا وروژاندنەوە. لێرەدا، پێویستمان بە لەباریەک هەڵوەشاندنەوەی دیاردەکەیە لەڕووی چەمکگەراییەوە. هەڵوەشاندنەوەش هەمیشە پێویستە بۆ تێگەیشتن و گەڕاندنەوەی ماناکان بۆ شوێنی خۆیان.

لەو چوارچێوەیەدا نۆربێرت ئەلیاس چەمکی گونجاندن (integration) و جیاوازیدانان (differentiation)ی بەکارهێناوە بۆ تێگەیشتن لە کۆمەڵناسیی وێناکردن (figurational sociology)، بەتایبەتیش کە پڕۆسەی بەشارستانیکردن لەئاڕاستەی بەریەککەوتنی سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا گۆڕانکاری دروست دەکەن. دروستکردنی گۆڕانکاری بە میکانیزمە مۆدێرنەکان پرۆسەیەکە مەرج نییە هەمیشە ئاراستەیەکی ئەرێنی هەبێت، بەڵکوو هەندێک جاریش شکت بەدوای خۆیدا دێنێت.

چۆنییەتی بەیەکەوە بەستنەوەی چەمک و زاراوەکان، کە لە دووتوێی پڕۆسەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتووریدا، خۆیان بەیان دەکەن و دەکرێت شڕۆڤەیان بۆ بکرێت، لەوانەش چەمکی پیلانگێڕیی (conspiracy)، سۆشیالیزم، سێکولاریزم، شۆڤینیزم، کۆمەڵگەی زیندوو و دیموکراسی. ئەمەش وەکوو هەوڵێک بۆ تێگەیشتن لەو پڕۆسە دیموکراسییەی کە لە ئەمریکا دا بەڕێوەچوو و تیایدا مەمدانی لە ڕووی ئاینییەوە موسوڵمان، لەڕووی ئایدیۆلۆجییەوە سۆشیال دیموکراس و لەڕووی دونیابینی دەستەڵاتەوە سێکولاریست، لەڕووی نەژادییەوە هیندۆ/ئەفریقی و هاوسەری ژنێکی عەرەبی سووری. وێڕای گونجانی لەگەڵ جڤاکی جووەکان و گرووپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانیش؛ توانی ببێتە سەرۆکشارەوانی شارێکی فرەییئامێزی وەک نیۆیۆرک، کە وۆڵستریتی لە باوەش گرتووە و گەورەترین ڕەوەندی جووی تێدا نیشتەجێن.

یەکێک لەو چەمکانەی کە ئەمڕۆ پانتاییەکی زۆری دنیای چەپ و ئیسلامییەکانی داگیرکردووە، تیۆری پیلانگێرییە. تیۆری پیلانگێڕیی ئاسانترین ڕێگا و ئامرازە بۆ پاساوی شکستی ئەم دوو ڕەوتە لە ماوەی ڕابردوودا. ڕێژەیەکی زۆر لە ئیسلامییەکان و بەتایبەتیش لە دنیای عەرەبی هەموو شکستەکانییان دەخەنە سەبەتەی ئیمپریالیزم و زانیۆنیزم و دوژمنە وەهمییەکانی ئیسلام. ئەوە هیچ لە ئاراستە فیکرییە شۆڤینیستەکەی ئەو ڕەوتانە، کە بێجگە لە خۆیان کەسی دیکە بە مرۆڤ و ڕزگاربوو نازانن. لەو پرۆسەی هەڵبژاردنەدا ئەو بیرکردنەوەیە بەتەواوەتی شکستی هێنا و دەرکەوت کە نە موسوڵمانبوون و نە سۆشیالیست بوون نابن بە ڕێگر بۆ گەیشتن بە باڵاترین پۆستی ئیداری لەناو پرۆسەی دیموکراسیدا.

هەر مەمدانی‌ـش نموونە نییە، سادق خان ئەوە دوو دەورەی هەڵبژاردنە پارێزگاری شارێکی گەورەی وەک لەندەن‌ـە، وەکوو یەکێک لە شارە زیندوو و گرنگەکانی دنیا. پێشتریش لە ئەمریکا باراک ئۆباما بوو بە سەرۆکی گەورەترین وڵاتی زلهێزی دنیا، لە بەریتانیاش ڕیشی سونەکی هیندی، بوو بە سەرۆکوەزیران. ئەمەش مانای وایە کۆمەڵگە زیندووەکان بەدوای سەقامگیری و خزمەتگوزاریدا دەگەڕێن نەک بەدوای ئایدیۆلۆجیا و ناسنامەی ئایینی و نەژادیی کەسەکان. لەو ڕووەشەوە ناسنامەی مرۆڤەکان گرنگ نییە هێندەی باوەڕبوون بە بەها و نۆرمەکان و لیستی بەڵێن و ئاراستەی خزمەتکردنیان بە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونییان. لێرەدا  مرۆڤبوون سەنتەرە نەک ڕەنگ و ئایین و ئایدیۆلۆجیا. بۆیە، کۆمەڵگە زیندووەکان ئارام دەگرن بەڵام کۆڵ نادەن. لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دا بژاردەکان کەمن، کە دیموکراتەکان شکست دێنن لە بەها و نۆرمە مۆدێرنەکان، بەتایبەتیش، کە لە ڕووی ئەخلاقییەوە شۆڕ دەبنەوە ناو قووڵایی گەندڵی، خەڵک بەدوای بەدیلدا دەگەڕێن و لە رۆژی هەڵبژاردندا قسەی یەکلاکەرەوەی خۆیان دەکەن.

هەڵبژاردنی مەمدانی نە بەهۆی ئاراستە سۆشیالیزمە چەپگەراییەکەی بوو، نە بەهۆی موسوڵمانبوونەکەشی، بەڵکوو بەهۆی ئەو لیستە درێژە بەڵێنانەی بوو کە خەڵکی نیۆیۆرکی هاندا گۆڕانکارییەک لە ڕەوتی ژیانیاندا دروست بکەن. ئەوەی ئەو ڕێگایەش خۆش دەکات و زەمینەسازیی دەکات، نە سۆشیالیزمە، نە ئیسلامیزم و نە پیلانگێڕیی، بەڵکوو سیستەمی دیموکراسی و سێکولاریزمبوون، کە لە پانتایی لیبرالیزمدا ڕەگیان داکوتاوە. سیستەمی دیموکراسی، دەرگاکان واڵا دەکات بۆ هەموو کەسێک کە لە پانتایی بەهاو نۆرمە مۆدێرنەکاندا خۆی بەیان دەکات و دەیەوێت ڕۆڵی خۆی ببینێت، یەکێکیش لەو نۆرمانە سێکولاریزمە. سێکولاریزم لەناو سیستەمی دیموکراسیدا، تەماشای ناسنامەی کەسەکان ناکات، بەڵکوو تەماشای ئامادەبوونی کەسەکان دەکات بۆ درێژەدان بە پڕۆسەی دیموکراسی، ئازادی ڕادەربڕین و مافەکانی مرۆڤ.

لێرەدا کۆمەڵناسیی وێناکردن، ئەو دیاردەیەی وەکوو هەڵبژاردنی مەمدانی بەتەواوەتی دەخاتە ناو بونیادێکی دیاری گونجاندن و جیاوازی. گونجاندن بەمانای ئەوەی گرنگ نییە تۆ لەکوێوە هاتووی، سەر بە چ ئایین و ئایدیۆلۆجیایەکی و تا چەند جیاوازی، بەڵام گرنگە ڕێز بۆ بەها و نۆرمە مۆدێرنەکان دابنێیت و لە سایەی دیموکراسی و سێکولاریزمدا گونجاو بیت، هەم موسڵمان و هەمیش سۆسیالیست. لەهەمان کاتیشدا ببیتە سەرۆکی گەورەترین شارەوانی لە بەهێزترین کۆمەڵگەی دیموکراسیدا. ئەم وێناکردنە بەوە چارەسەر ناکرێت پەنجەی شایەتمان بەرز بکەیتەوە و پێت وابێت بەهۆی موسڵمانبوونەوە بگەیتە ئەو پێگەیە، یان بەڵگە بێت بۆ شکستی لیبرالیزم و پرۆسەی دیموکراسی، بەڵکوو بەشێکە لە تێکەهەڵکێشی و پلەبەندی سیستەمی دیموکراسی وەکوو کولتوورێکی جێگیر و کارا، کە دۆناڵد تڕەمپ بە هەموو ئەو سەرمایەی کە هەیەتی و بە هەموو ئەو لەخۆباییبوونەیەوە، کە ڕۆژانە ناشیرینتری دەکات؛ نەیتوانی پێشی لێ بگرێت.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO