بانگەواز
لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ خولی شەشەمی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق ئەنجام دەدرێت. سەکۆ بۆ نیشتمانسازی لە ڕێگای ئەم بانگەوازە ڕوو لە کوردستانیانی ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان لە نەینەوا و دیالە و سەلاحەدین بەگشتی و پارێزگای کەرکووک بەتایبەتی دەکات و دەڵێت:
کورد وەک نەتەوە لە عێراق کارەسات و شەڕ و ئاژاوەی زۆری دیوە. چەندین هێزی دەرەکی و ناوەکیی نانیشتمانی ڕۆڵیان دیوە لە دروستکردنی دووبەرەکی ئایینی و نەژادیی بۆ دۆشینی سەروەت و سامان و تواناکانیان. سەرەڕای ئەو هەموو غەدرەی لە خەڵکی کوردستان کراوە، کەچی لە ماوەی ئەو ساڵانەدا کوردستانیان ڕۆڵی زۆر ئەرێنییانەیان گێڕاوە بۆ دامرکاندنەوەی ئاگری دووبەرەکی و ئازار و مەینەتیی خەڵک لە کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان. لە کاتێکی ئاوادا پێویستە مرۆڤی کوردستانی تەنها بەرژەوندی خاک و نیشتمانی لەبەرچاو بێت و هەوڵبدات بە بێ دوودڵی ڕوو لە سندووقی دەنگدان بکات بۆ ئەوەی نوێنەری لایەنە کورستانییەکان هەڵبژێرێت، چونکە ئەو نوێنەرە کوردستانیانەی دەچنە پەرلەمانی عێراق دەبنە داکۆکیکاری مافەکانی تۆ و کاریگەرییان دەبێت لەسەر بوون و مانەوەی تۆ لە زێدی باب و باپیرانت.
لەو کەشوهەوا ژەهراوییەی ئێستا عێراق پێیدا تێ دەپەڕێت، ئامادەبوونی زیاتری کوردستانییان لە هەموو ئۆرگانەکانی بڕیار لە عێراق، بەتایبەت کەسانی نیشتیمانیی-کوردستانیی و شایستە و دڵسۆز نەک هەر دەبێتە هۆی پاراستنی بەرژەوەندی و مافەکانی خەڵکی کوردستان بەڵکوو خۆشگوزەرانی بۆ هەموو هاووڵاتییان مسۆگەر دەکات.
ئێمە لە سەکۆ باش لە نیگەرانی و گلەیی و گازاندە و ڕەخنەکانی خەڵک تێدەگەین بەڵام ئەو بارودۆخە دەبێت بگۆردرێت و چاکتر بکرێت. کارەکتەری سەرەکی ئەو گۆڕانەش هەر دەبێت ئەو خەڵکە بن کە زۆرترین زیان لە بەردەوام بوونی ئەم دۆخە دەکەن کە بەسەر ناوچە دابڕێنراوەکاندا سەپێنراوە لەلایەن کەسانی شۆڤێنی و ڕەگەزپەرستەوە. سستی نواندن و دوورکەوتنەوە لە بەجێهێنانی ئەو ئەرکە نەک هەر سوودی نابێت، بەڵکوو دەبێتە هەلێک، بەتایبەت بۆ نەیارانی کوردستان کە دڕندانەتر ئێسک و پرووسکمان بشکێنن و کوردستانیان بێ توانا و ویست بکەن.
لێرەوە سەکۆ بە ئەرکێکی نیشتیمانیی-کوردستانیی و مرۆڤانەی دەزانێت کە هەموو ڕۆڵەکانی کوردستان لە کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان بانگ بکات کە لە ڕۆژی دەنگدان ڕوو بکەنە سندووقەکان و پشتگیری بەربژێرە شایستەکانیان لە لیستە کوردستانییەکان بە ئارەزووی خۆیان بکەن. بەو هیوایەی کە ببێتە ئامرازێک بۆ تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخە نالەبارە و دابینکردنی ژیانەکی باشتر بۆ هەموو لایەک و کۆتاییهێنان بە تەعریب و گەیاندنی خزمەتگوزاریی شایستە بە هاووڵاتییان.
سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی
٧-١١-٢٠٢٥



