سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

کورد و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

عوسمان ساوجی

زۆرجار ئەمەم دووبارە کردووەتەوە کە کورد بە هەڵبژاردەی خۆی بڕیاری ژیانی لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتە دەستکردەی ناوی عێراق‌ـە نەداوە بەڵکوو ئەوە وەک داسەپاوێکی ناچاری بەرۆکی گرتووە و کوردیش دەڵێت ڕیش بوو بەڕیشەوە شانەی دەوێت. بەڵام ئەوەی بووە بە دیفاکتۆ لەسەر کورد ئەوەیە کە لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا کورد دەرەتان و دەرفەتی ئەوەی نەبوو ئەو هەڵەیە یان ئەو ستەمەی لێی کراوە لانی کەم لە باشووری کوردستان لابەرێت و سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت، جا ئەوە بەهۆی هەلومەرجە عێراقی و هەرێمی و نێودەوڵەتیەکەوە بێت یان هۆکاری خودی و پەیوەست بە کورد و توانا مرۆیی و چەکداری و عەقڵە سیاسیەکەی.

ئەوکاتەی کورد توانای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی نەبووە لەهەمانکاتدا دەرفەتی گۆڕینی سیستەمی سیاسی ئەم وڵاتەش کارێک نەبووە بەتەنها بەکورد بکرێت، لێرەدا کورد بژاردەیەکی تاقی کردوەتەوە کە بریتی بووە لە دوورکەوتنەوە لە بەغداد و پەیڕەوی کردن لە خەباتی چەکداری، کە ئەمەش بەهەمان شێوەی عێراقییبوونەکە بژاردەیەکی ناچاری بووە. لێرەدا ڕەنگە ئەو پرسیارە بێتە گۆڕێ ئایا هەموو کورد بڕیاری بایکۆتی پرۆسەی سیاسی عێراقیان‌ داوە لەو سەردەمەدا، بەواتایەکی تر، ئایا ئەمە ڕای گشتی خەڵکی کوردستان بووە؟ لەوەڵامدا دەڵێم بێگومان ڕای زۆرینە بووە بەڵام گشتی نا چونکە تا ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ بەردەوام ژمارەیەک کورد لە بەغدا و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو ڕژێمەدا ژیاون و هەندێکیان بە ئاشکرا پاڵپشتی بوون و دژی خواستە نەتەوەییەکانی نەتەوەکەیان وەستاون. گرووپی دووەمیش خەریکی ژیانی خۆیان بوون وەک فەرمانبەر و مامۆستا، هتد، کە  ئەمانە دەکرێت خۆیان وەڵامی هەڵبژاردنی ئەو ژیانە و پاساوەکەیان بدەنەوە، چونکە ئەوەی گفتوگۆ هەڵناگرێت ئەوەیە کە ڕژێمی بەعس ئامادە نەبووە هیچ مافێک بۆ کورد بسەلمێنێت و ڕێگەشی بە خەباتی سیاسی و دبلۆماسی بۆ ئەو مەبەستە نەداوە.

لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و هاتنەکایەی “عێراقی نوێ” کورد چالاکانە چووە بەغدا و بەشدارییەکی کارای لە پڕۆسەی سیاسی ئەو وڵاتەدا کرد، بەڵام کێشەکان جارێکی تر و بە فۆرمێکی تر سەریان هەڵدایەوە، چونکە ئەوانەی لە بەغداد بوون بە فەرمانڕەوا تەنها کەسەکان گۆڕان. عەقڵی سیاسیان هەمان عەقڵی سەردەمی ڕژێمەکانی پێشوو بوو، ئەوان بەو شێوە بیریان دەکردەوە کە هێشتا کورد مەترسییە بۆ سەر عێراق و ئەوەندەی بۆیان بلوێت دەبێت لە قاڵبی بدەن و لە جومگە هەستیارەکانی دەوڵەت دووری بخەنەوە. ئیتر وردەوردە سوننەش گەڕانەوە بۆ کایەی سیاسی و بە هەردوولا قۆڵی دژایەتیان لە کورد هەڵماڵی و بەکەڵک وەرگرتن لە زۆرینەی پەرلەمانی ئەوەی خودا و خەڵک پێیان ناخۆشە بە کوردیان کرد.

سەبارەت بەم خولەی هەڵبژاردن ئەگەر هیچ پێشهاتێک نەیەتە پێشەوە و ئەنجام بدرێت کورد جگە لە بەشداریەکی کارا و سەرتاسەری ئێستا بژاردەی تری نییە، چونکە بەدڵنیایی لە کورت مەودادا توانای جاڕدانی سەربەخۆیی نییە، بەتایبەت دوای ئەوەی  نەتوانرا داکۆکیەکی شێلگیرانە لە ئەنجامە سەرکەوتووەکانی ڕیفراندۆم بکرێت و پاشگەزبوونەوەیەکی گەورە لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی هەرێم  و حکومەت و سەرکردایەتی سیاسی کورد بەگشتی ڕوویدا. مەترسیەکی ئەم پرۆسەیەش لەوەدایە ئەگەر کورد بایکۆتی بکات یان بەشداریەکی فراوان نەکات ئەوا بێگومان ئەمە لەبەرژەوەندی ئەو لیستانەیە کە بەبێ ڕەوایەتی دەنگدان و ڕەوایی یاسایی تەنها بە پشتبەست بە هێزی بەناو سوپای عێراق هەڵمەتێکی تەعریبی فراوانیان لەسەر خاک و ئاوی کوردستان لە ناوچە داگیرکراوەکانی بەناو (١٤٠) دەست پێ کردووە.

کەواتە بە دیدی بەندە هاوکێشەکە لێرەدا بۆ ئەم جۆرە هەڵبژاردنە پێویستی بەوەیە تاکی کورد لەو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بەبێ بیرکردنەوە لە تۆڵە کردنەوە لە حیزبی کوردی یان بەرژەوەندی کەسی دەنگدان وەک پرسێکی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی بەگشتی و ئاسایشی ناسنامە و خاک سەیر بکات و گرەنتی ناسنامە کوردستانییەکانی ئەو خاکە بکات. دواتر  دەسەڵاتی یاسادانان و حکومەت لە بەغداد چی دەبێت و چۆن دەبێت ئەوە بابەتێکی ترە و کێشەکەی هێندەی کێشەی خاک گەورە و مەترسیدار نییە.

لە هیچ بارێکدا ناکرێت تاکی کورد بواری ئەوە بەنەیارەکانی بدات ڕەوایەتی یاسایی بەدەستبهێنن و لەسەر خاکی کوردستان ببنە زۆرینە، ئەوەش بەوە دەبێت هەمووان بەبێ جیاوازی بەشداری لە دەنگدان بکەن تا ئەوکاتەی پشتبەست بە مافی چارەی خۆنووسین بتوانێت بڕیارێکی باشتر بدات.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO