سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

فرتوفێڵی هەزار ساڵی تورك لە کورد بە ناوی ئاشتییەوە



لە هەزار ساڵی ڕابردوودا، کورد زۆرترین زەرەری لە دەستپێشخەریی ئاشتی دەگەڵ داگیرکەرانی کردییە. ئێمەی کورد نەتەوەیەکی ئاشتیخوازین. پەلاماری هیچ نەتەوەیەکمان نەداوە و خاکی کەسمان داگیر نەکردییە. هەر کاتەکیش دەستی ئاشتیمان بۆ درێژ کرابێ، بێ دوودڵی قبووڵمان کردییە. ململانێی کورد دەگەڵ تورك و عارەب و فارس لەسەر ئەوەیە: کە ئەوان خاکی کوردستانیان داگیر کردییە و ئازادیی نەتەوەیی و کولتووریشیان لە کورد زەوت کردووە. ئەوە بووەتە هۆی ململانێی نێوان ئێمە و ئەوان لەو هەزار ساڵەی بووریدا. بۆ کپکردنەوەی ململانێکان، هەمیشە پڕۆسە و دەستپێشخەریی ئاشتی هەبووە. زۆربەی جارانیش، داگیرکەرانی کورد دەستپێشخەر بوونە. بۆ؟ چونکە وەکوو تاکتیکی هەڵخەڵەتاندن دژی کورد بەکاریان هێناوە. هەنووکە، کە دەوڵەت باخچەلی و ئەردۆگان دەستپێشخەریی ئاشتیان کردییە، هەمان کارە. بۆ ئەوەی بزانین کە چۆن مامەڵە لەگەڵ دەستپێشخەرییەکانی تورك بکەین بۆ ئاشتی، دەبی بگەڕێینەوە بۆ ئەو دەستپێشخەریی و بەڵێننامانەی تورکان دەگەڵ ئێمە ئەنجامیان داون.

ئەوەی لە کنە من گرنگە ئەوەیە بێ خوێندنەوەی مێژوو و ڕووداوی هاوشێوە، نابێ بە دەستپێشخەری نوێی تورکان بۆ ئاشتی شاگەشکە بین. لەو وتارانەی ئەم ساڵم مەرامەکانی تورکیا‌ـم بۆ پڕۆسەی ئاشتیی ئەم جارە ڕوون کردیتەوە. ناگەڕێمەوە سەریان. بەڵام با بزانین داخۆ لە هەزار ساڵی ڕابردوو چۆن تورکان بە ناوی ئاشتی و پێکهاتنەوە فێڵیان لێ کردووین.

یەکەم، لە سەردەمی سەرلجووقییەکان (سەدەی یازدەم): کاتەك سەلجووقییەکان هێرشیان کردە سەر کوردستان (بۆ نموونە، لە پاش جەنگی دەندەقان لە ١٠٤٠ و جەنگی مانزیکێرت لە ١٠٧١) و داگیریان کرد، داوایان لە هۆزەکانی ئەو کاتی کوردستان کرد کە ببنە بەشێك لە سوپای سەلجووقییەکان. ئەوەیان کرد تاوەکوو سوود لە سوپا و هێزی کورد وەربگرن بۆ مانەوە و فراوانکردنی دەسەڵاتی داگیرکاریی خۆیان. لەو کاتەدا، لە هەندەك لە ناوچەکانی کوردستان دەسەڵاتی خۆڕێبەری کوردی هەبووە—وەك ئەوەی لە بەشی ڕابردوو نیشانمان دا، بۆ نموونە دەوڵەتی مەروانییەکان. پاشان، سەلجووقییەکان بەرەو دەسەڵاتی ناوەندی چوون و دەسەڵاتە خۆجێیەکانی تر لەناوچوون و توانەوە. چۆن ئێستا قەیوم لە جێی شارەوانی کورد دادەنرێن، ئەو کاتیش ئەتابەگەکان چوونە جێی دەسەڵاتی کوردەکان.

دووەم، پاش شەڕی چاڵدێران و فڕتوفێڵی عوسمانییەکان (١٥١٤): شەڕی چاڵدێران لە نێوان عوسمانییەکان و سەفەوییەکان ڕووی دا. عوسمانییەکان سەرکەوتن. پاشان عوسمانییەکان بەڵێننامەیان دەگەڵ چەند میرنشینێک و هۆزێكی کوردی واژۆ کرد تاوەکوو دەسەڵاتی خۆجێییان هەبێ. وەك ئەوەی کە کەسێکی وەکوو ئیدریس بەتلیسی (کورد) ڕۆڵی نێوەندگیری لە نێوان دەوڵەتی عوسمانی و کورد گێڕاوە. عوسمانییەکان بەڵێنیان بە کوردەکان دا کە دەسەڵاتی خۆجێییان دەبێ “ئەگەر دەگەڵیان دژی سەفەوەییەکان (تەنانەت ئینگلیزیش) بجەنگن.” زۆر سەرچاوە باسی ئەوە دەکەن کە کوردیان بەکار هێنا بۆ جەنگ دژی فارس. واتا کوردیان وەکوو قەڵغان و شەڕکەری خۆیان بەکار هێناوە. پاشان عوسمانییەکان بەڵێنەکانیان نەبردە سەر. هەر لە سەردەمی عوسمانییەکان، وابوو، پاشان میرنشینەکانی بابان و بۆتان و سۆران لەناوچوون.

سێیەم، لەناوبردنی شۆڕشەکەی شێخ عوبەیدوڵای نەهری (١٨٨١): شێخ عوبەیدوڵا هاوشان دەگەڵ تورکەکان دژی ڕووس و فارس دەجەنگا. پاشان داوای دەسەڵاتی خۆڕێبەری کرد. تورك ئەوەیان ڕەت کردەوە. بۆیە شۆڕشی کرد. شۆڕشەکەی سەرکوت کرا. پاشان خۆیشی لە ڕووداوێکی لێڵدا، لە مەککە وەفاتی کرد.

چوارەم، سوارەی حەمیدی (١٨٩٠): لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم، سوڵتان سوارەی حەمیدی لە کورد دروست کرد. پاشان بەکاری هێنان دژی ئەرمەنییەکان و دژی کورد خۆیشی. ئەوانە وەکوو بەکرێگیراوەکانی ئێستا، بەڵێنی دەسەڵات و هێز و خۆڕێبەرییان پێ درا. پاش ئەوەی بەکاریان هێنان، دەسەڵاتیان لێ وەرگرتنەوە و پەراوێزیان کردن. لێرەدا پێویستە بەکرێگیراوانی کورد لە باشوور و ڕۆژاڤای کوردستان باش بزانن کە وەکوو سوارەی حەمیدین. پاش ئەوەی تورکیا کاری پێیان نامێنێ، یان لەناویان دەبا، یان تڕۆیان دەکا.

پێنجەم، جەنگی یەکەمی جیهانیی (١٩١٤-١٩١٨): لە جەنگی جیهانیی یەکەم عوسمانییەکان داوایان لە کورد کرد کە هاوشان دەگەڵ عوسمانییەکان جەنگی ڕۆژئاوایییەکان بکەن. دیسان کورد بەکار هات بۆ شەڕکردن و پاراستنی عوسمانییەکان. بەڵێنی ئۆتۆنۆمییان پێ دان تەنانەت کە مێژووی شێخ مەحمودیش دەخوێنینەوە، دەبینین کە چۆن دژایەتی ئینگلیزی کرد و پاشان دەسەڵاتەکەی لەناو بردرا. پاشان نەك بەڵێنەکان نەبردرانە سەر، بەڵکوو تورکە لاوەکان، کە پاشان دەوڵەتی تورکیایان دروست کرد، زۆرترین جینۆساید و ڕەشەکوژییان بەرانبەر بە کورد ئەنجام دا.

شەشەم، پەیماننامەی سیڤەر (١٩٢٠): دوای جەنگی یەکەمی جیهانیی، وڵاتانی ئەوروپا، لەوانە، بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا، “بەڵێننامەی سیڤەر”یان دەگەڵ پاشماوە و خاپەرۆکی دەوڵەتی عوسمانی واژۆ کرد. لە سیڤەر‌ـدا، مافی چارەنووس درایە بەشێك لە کوردستان (هەموو کوردستانی گەورە نەبوو) و دەکرا هیوای دروستبوونی دەوڵەتی لەسەر هەڵبچنرێ، وەک لە ماددەکانی ٦٢ و ٦٣ و ٦٤ هاتبوو. دەوڵەتی تورکیا لەوە پاشگەز بۆوە. وابوو، پاشان کورد شۆڕشی کرد و داوای سەربەخۆیی کرد. بۆ نموونە، لە ١٩٢١، لە ناوچەی کۆچگیری، لە شاری سیڤاسی ئێستا، لە باکووری کوردستان، ڕاستەوخۆ دوای جەنگی یەکەمی جیهانیی، شۆڕشی کۆچگیری سەری هەڵدا و داوای ئۆتۆنۆمی و ئازادیی ئایینییان کرد. سوپای تورکیای ئەوکات، کە ئەتاتورك لە سەرەتای دەرکەوتنی بوو و ئیدارەی دەکرد، لە ١٧ی حوزەیرانی ١٩٢١ هێرشی کردە سەریان. زیاتر لە ٥٠٠ کورد دەکوژرێن، لانی کەم ٣٢ پێشەوای ئەو بزووتنەوەیە و٥٠ کەسی دیکەش دەگیرێن و زیندانی دەکرێن.

حەفتەم، پەیماننامەی لۆزان (١٩٢٣): ئەتاتورك بە سیڤەر ڕازی نەبوو و داوای هەڵوەشاندەوەی کرد. پاشان پەیماننامەی لۆزان مۆر کرا. لە لۆزان‌ـدا، تەنانەت بوونی کورد و کوردستان ئاماژەشی پێ نەکرا. لۆزان گەورەترین خیانەتی تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا بوو بەرانبەر بە کورد. دوای ئەوە، کورد هەموو مافێکی، بەدەستوور، لێسەندرایەوە. تەنانەت مافی خوێندن و قسەکردن بە زمانی دایك و پاراستنی کولتوور و ناسنامەی کوردی. کورد ڕووبەڕووی گەورەترین و بەهێزترین شاڵاوی تاوانەوە و ڕەشکردنەوە بۆوە، تا هەنوکەیش بەردەوامە.

هەشتەم، خیانەت لە شێخ سەعیدی پیران (١٩٢٥): شێخ سەعید بە لۆزان ڕازی نەبوو. کەوتە دانووسان و گفتوگۆ دەگەڵ دەسەڵاتی ئەوکاتی تورکیا. داواکارییەکانی ڕەتکرایەوە. پاشان شۆڕشی بۆ سەربەخۆیی کرد. بەهۆیەوە، تەواوی سوپای تورکیا، تەنانەت بە تۆپ و تەیارەش، هێرشی بەرفراوانیان کردە سەر کوردستان. لە ئەنجامدا، دەوری ١٥ هەزار تا ٣٠ هەزار کورد کوژران. شێخ سەعید و ٤٦ سەرکردەی تر لەسێدارە دران. لە دوای ئەوە، هەموو مەدرەسە دینییە کوردییەکان داخران و تەنانەت قسەکردنیش بە زمانی کوردی قەدەغە کرا و هەزاران کوردیش ڕاگوێزران. لەو کاتەوە توانەوەی کورد لە تورکیا بە کردارەکی کاری لەسەر کرایە تا ئێستا.

نۆیەم، لەناوبردنی کۆمەڵەی خۆییبوون (١٩٢٧-١٩٣٠): کۆمەڵەی خۆییبوون بەو ئامانجە دامەزرا تاوەکوو پاڵپشتیی نێودەوڵەتی هەبێ و دانووسان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بکا بۆ بەدەستێنانی مافی خۆڕێبەری و سەربەخۆیی کورد، بە یاسا. وابوو، تورك نەك هەر دانووسانیان هەڵوەشاندەوە، بەڵکوو بە تۆپ و تەیارە ناوچەی ئارارات‌ـیان بۆردومان کرد. گەورەترین جینۆساید و قەتلوعامی کوردانیان کرد. وەك لە بەشی ڕابردوو باسمان کرد. لە هەندێك ناوچەدا، تەواوی دانیشتووانیان ڕەشەکوژ کرد.

دەیەم، فێڵ و تەڵەی تێکەڵبوونەوە و ئینتاگراسیۆن: یاسای نیشتەجێبوونەوە (١٩٣٤)، دەوڵەتی تورکیا، ڕییویانە، “یاسای نیشتەجێبوونەوە”ی لە ساڵی ١٩٣٤ واژۆ کرد. ئەو یاسایە فێڵێکی گەورە بوو لە کورد. گوایە: تێکەڵبوونەوە و ئینتیگراسیۆن، وەك ئەوەی ئێستا ئەبجەلان (ناوەکە بە ئانقەست شێوێنراوە) باسی دەکا، نابێتە هۆی ڕەشکردنەوە و تواندنەوەی کەلتووری نەتەوەکان. بەڵام فێڵەکە ئەوە بوو: کوردان ڕاگوێزران و بەسەر تەواوی تورکیا‌ـدا پەرت کران. سەدان هەزار تورک‌ـیش گواسترانەوە بۆ باکووری کوردستان. ئامانجەکە بەتورککردنی تەواوی دەوڵەت و تواندنەوەی کورد بوو. سەدان گوندی کوردستان بەتەواوی چۆل کران. ئێستا، زۆربەی ئەو کوردانەی لە ناوەڕاست و باکووری تورکیا دەژین، ڕاگوێزراوی ئەو سەردەمن.

یازدەم، قەتلوعامی دەرسیم (١٩٣٧-١٩٣٨): کوردانی دەرسیم، بە پێشەوایەتیی سەید ڕەزا، پێیان وابووە کە پەیوەندییان لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی و تورکیا باش بووە. پێیان وابوو بە دانووسان دەتوانن دەسەڵاتی ئیداریی و خۆجێیی خۆیان بەدەست بهێنن. وابوو، دەوڵەتی تورکیا نەك دانووسان و پڕۆسەی ئاشتییان دەگەڵ نەکردن، بەڵکوو پەلاماری دان. پاشان کوردان لە دەرسیم خۆپێیشاندان و سەرهەڵدانیان کرد. سوپای تورکیا دڕندانە کەوتە ناو خەڵکی دەرسیم. کوردستان تۆپباران و بۆمباران کرا. گوند بەتەواوی خاپوور کرا. لەو قەتلوعامەدا، دەوڵەتی تورك ٣٠٠٠٠-٤٠٠٠٠ کوردی شەهید و ڕەشەکوژ کرد. هەزاران کورد ڕاگوێزران و دەربەدەر کران. پاشان سەید ڕەزا و کۆمەڵێك سەرکردەی دیکە لەسێدار دران.

دوازدەم، دروستبوونی پەك (هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو): پاش دروستبوونی پەك، هەمیشە چالاکیی مەدەنی دەکرا بۆ بەدەستهێنانی مافی هاووڵاتی و کولتووری لە باکووری کوردستان. تەنانەت زۆر لە خەڵکی گوندەکانی کوردستان ئەوەیان داوا کرد. بەڵام نەك هەر هیچ بەڵێنەکی یاساییان پێ نەدرا، بەڵکوو لە بەرانبەردا ڕاگوێزرانی خەڵکی گوندەکان و زیندانیکردنی چالاکوانان و کوشتنی کوردانی لێ کەوتەوە.

سێزدەم، هەڵوەشاندنەوەی ئاگربەستی ١٩٩٣: لە ١٩٩٣ پەك ئاگربەستی ڕاگەیاند—لە بەشەکانی سەرەتا باسمان کرد. دانووسان و گفتوگۆی ئاشتی دەستی پێ کرد. وەك ئاشکرایە، ئەو دانوسانانەش هیچیان لێ شین نەبوو. ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆ سەر پەك و کوردانی باکووری کوردستان دەستیان پێ کردەوە.

چواردەم، هەڵوەشاندنەوەی پڕۆسەی ئاشتیی ٢٠١٣: وەکوو ئەوەی ئەم جارە، لە ٢٠١٣، دیسان ئاگربەست ڕاگەیاندرا و بەیانی ئاشتیی ئەبجەلان لە ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد خوێندرایەوە. ئەو پڕۆسەیە نێزیکەی دوو ساڵی خایاند. “هیچ زەمانەتەکی یاسایی” بۆ مافەکانی کورد لە تورکیا لێ شین نەبوو. دوای ئەوە، سەدان و هەزاران سیاسیی و چالاکوانی کورد لە تورکیا زیندانی کران. دەمیرتاش یەكێکە لەوان. پاشان ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە باشووری کوردستان دەستیان پێ کردەوە و تا ئێستایش بەردەوامن. ئێستا، تورکیا دەیان بنکەی سەربازی لە باشووری کوردستان هەیە. تۆڕەکانی می]ت[ی تورکیا لە باشووری کوردستان، بەتایبەتی لەژێر دەسەڵاتی پارتی، کار دەکەن.

کورد لە دەستووری تورکیا‌ـدا

ئەو باسە لە ڕووی یاسایییەوە زۆر قووڵ و ئاڵۆزە، بۆیە باسی ناکەم. تەنێ ئاماژە بە چەند ماددە و بەندێك دەکەم کە ڕاستەوخۆ کورد لە هەموو مافەکی نەتەوەیی و کولتووری بێبەش دەکەن. بۆ نموونە:

  1. ماددەی ٣: “وڵاتی تورکیا وڵاتێکی دابەشنەبووە، زمانەکەی تورکییە.” ئەو ماددەیە بە هەموو شێوەیەك مافی نەتەوەیی کورد لە سەربەخۆیی و فیدراڵی و ئۆتۆنۆمی و هەبوونی زمانی کوردی بێ بەش دەکات.
  2. ماددەی ٤: “نابێ ماددەی ٣ هەموار بکرێتەوە، تەنانەت نابێ پڕۆژە یاسای هەموارکردنەوەیش بۆ ماددەی ٣ پێشكەش بکرێ.” بەگوێری ئەو ماددەیە، مافی فیدراڵی و خۆڕێبەری و سەربەخۆیی بۆ کورد بەڕەهایی ڕەت دەکاتەوە. هەروەها، هەمان چشت بۆ زمانی کوردیش.
  3. ماددەی ٤٢ بەندی ٩: “جگە لە زمانی تورکی هیچ زمانەکی دیکە ڕێگەی پێ نادرێ وەکوو زمانی دایك بخوێندرێ لە هیچ ناوەندێكی خوێندن و فێربوون.” ئەو ماددەیەش هەموو مافەکی کولتووری و نەتەوەیی کورد بۆ خوێندن و فێربوونی زمانەکەی ڕەت دەکاتەوە.
  4. ماددەی ٦٦: “هەر کەسێك بە وڵاتی تورکیا‌ـوە پەیوەست بێ لە ڕێگەی هاووڵاتییبوونەوە تورکە.” ئەو ماددەیە بوونی هیچ نەتەوەیەکی دیکە لە تورکیا ناناسێ. واتا، ئەو ماددەیە ئەوە ڕەت دەکاتەوە کورد لە تورکیا هەیە.

سەرنج و ڕەخنە و شیکار

لەو بەشەدا، چاوخشاندنێکی خێرامان کرد بە مێژووی هەزار ساڵی خیانەت و فرتوفێلی تورك لە کورد لەژێر ناوی دەستپێشخەریی ئاشتی. ئەو بەشە ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە لەوەتەی تورکەکان لە ئاسیای ناوەڕاست‌ـەوە، پێش هەزار ساڵ، هاتوونەتە ئەو ناوچەیە و داگیرییان کردییە، هەمیشە هەوڵی پاوانخوازی و داگیرکارییان داوە. نەك ئامادە نەبوونە دەگەڵ کورد پێکەوە بەئاشتی بژین، بەڵکوو هەمیشە بەناوی گزی و تەڵەی ئاشتییەوە، کوردیان لە مافە نەتەوەیییەکان بێبەش کردووە و. پاشان هێرشیان کردووەتە سەر کوردان و قەتلوعام و ڕەشەکوژییان ئەنجام داوە.

لەو مێژووە شتێك هەیە دەبی وەکوو کورد زۆر شانازی پێوە بکەین؛ ئەویش، لەوەتەی کورد هەیە هەمیشە خەبات و سەرهەڵدان و شۆڕشی کردووە بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و مافە نەتەوەیییەکان. سەرباری جینۆسایدی کورد بە دەستی تورکان، بەڵام هەمیشە شۆڕش و سەرهەڵدانی نوێ دەستیان پێ کردییە. ئەوەیش واتا: کورد دەستی لە مافەکانی خۆی هەڵنەگرتووە!

ئەگەر ئەبجەلان بە ناوی کۆی کورد (باکووری کوردستان بەتایبەتی) دەچێتە ناو پلان و دەستپێشخەرییەکی تورکیا بۆ ئاشتی، داخۆ ئەو مێژووە پڕ لە فێڵ و هەڵخەڵەتاندن و خیانەتانەی تورکیای لەبەرچاو بووە؟ هەشت مانگە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستی پێ کردییە، پەك خۆی هەڵوەشاندووەتەوە و ئامادەی دانانی چەك و چۆلکردنی قەندیل‌ـە، تەنانەت “یەك یاسایش کە دژی کورد بێ، هەڵنەوەشێندراوەتەوە” و “یەك یاسایش بۆ زامنکردنی مافی کورد” دەرنەچووە! ئەگەر ئی{مڕا}ڵی و قە(ند)یل و هاوخوێنانمان لە باکووری کوردستان مێژووی هەڵخەڵەتاندن و فێڵ و خیانەتەکانی تو[ر]ك بەرانبەر بە کورد بزانن لە هەزار ساڵی ڕابردوو، دەگەنە ئەو دڵنیایییە کە ئەوەی ئەم جارەیش هیچی لێ شین نابێت.

تێبینی: دیارە ئەمن مێژوونووس نیمە. ئەو دوو بەشەم نووسی تا کۆی پڕۆسەی ئاشتیی ئەم جارە شی بکەینەوە و مێژووی پەیوەندیی تورك و کورد هەڵدەینەوە. بەو ئامانجەی تا بەرچاوڕوونیمان هەبێ لە هەر هەنگاوەکی ئێستا و داهاتوو.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO