سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

شۆرباکەی ئەبجەلان سوێرە یان بێ خوێ؟

ئیبراهیم شێخ وەسانی

بەشی یازدەم 

مۆدێرنەتەی دیموکراتی چییە؟

یەکێکی دیکە لە ڕەخنەکانی ئەبجەلان (ناوەکە بە ئانقەست شێوێنراوە لەبەر سانسۆر) ئەوەیە، ئەو پێی وایە پۆزەتیڤیزم دوالیزمە، بەهۆی دوالیزمبوونیشیەوە دەبێتە زانستێکی ئەندرۆسەنتریک «نێرسەنتەر». بەواتایەکی دیکە، بە بڕوای ئەبجەلان، پۆزەتیڤیزم بۆیە ئەندرۆسەنتریکە، چونکە باوەڕی بە دوالیزمبوونی زانست هەیە.

ئەبجەلان وای دەبینێت ئەگەرچی ‎پۆزەتیڤیزم جۆرە هارمۆنییەکی فریودەر لەناو دوالیزمەکان دروست دەکات، بەڵام لە واقیعدا لایەنگریەکی نادادپەروەرانە لەنێوانیان دەکات، چونکە فەزڵی توخمەکانی «عەقڵ، کولتوور، پیاو، دەوڵەت» بەسەر توخمەکانی «هەست، سروشت، ژن، کۆمەڵگە» دەدات. ئەو لەو باوەڕەدایە پۆزەتیڤیزم دوالیزمەکەی ساختەیە، بێلایەن نییە.

ئەبجەلان پێیوایە پۆزەتیڤیزم لەسەر بنەمای دوالیزمی «عەقڵ لە هەست و سۆز باڵاترە»، «پیاو لە ژن باڵاترە»، «کولتوور لە سروشت باڵاترە» و «دەوڵەت لە کۆمەڵگە باڵاترە» دامەزراوە. دوالیزمی پۆزەتیڤیزم  توخمەکانی «دەروون، عەقڵ، کولتوور، پیاو، دەوڵەت» وەک «سەنتەر، عەقڵ، فەرمانڕەوا» دەبینێت، توخمەکانی «هەست، سروشت و ژن»یش بە «پەراوێز، ناچالاک، کۆنتڕۆڵکراو» هەژمار دەکات.

لە ڕوانگەی ئەبجەلان پۆزەتیڤیزم لە نێوان دوالیزمی «سۆژە و ئۆبژە»دا پەیوەندییەکی پلەبەندی (هەڕەمی) دروست دەکات، کە تیایدا سوژەی «زانا، عارف، عەقڵانی» بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پیاوە، ئۆبژەی «سروشت، جەستە و هەست»یش ژنە. ئەبجەلان لەو باوەڕەدایە لە دوالیزمی پۆزەتیڤیستی پیاوان وەک نوێنەری «عەقڵانییەت و کولتوور» سەیر دەکرێن، لە کاتێکدا ژنان وەک نوێنەری «سروشت، هەست و سۆز، ناعەقڵانییەت» هەژمار دەکرێن.

لەلای ئەبجەلان دەرئەنجامی ئەو پلەبەندیەی دوالیزمی پۆزەتیڤیزم، ئەوەیە، نێر«عەقڵ» حوکمڕانی مێینە «سروشت» دەکات، بەواتایەکی دیکە، سۆژەی نێر کە تایبەتمەندی «عەقلانیەت، کۆنتڕۆڵکرن»ی هەیە، زاڵە بەسەر کایەی ئۆبژەی مێینە کە تایبەتمەندی «هەست، سروشت»ی هەیە.

ئەبجەلان پێیوایە بەرهەمی ئەو جۆرە دوالیزمەی پۆزەتیڤیزم، زاڵبوونی «پیاو بەسەر ژن» «مرۆڤ بەسەر سروشت» « دەوڵەت بەسەر کۆمەڵگە»ی لێکەوتەوە.

ئەبجەلان وای دەبینێت پۆزەتیڤیزم بەهۆی دوالیزمبوونیەوە شەرعیەت بە ئەندرۆسەنتریکی زانست دەدات، دوالیزمیش ڕەگی هەژموونی ئەندرۆسەنتریکە بەسەر زانست، بەڵام لەلای  ئەبجەلان پێچەوانەکەشی ڕاستە، چونکە دوالیزمی زانست بەرهەمی فەلسەفە و بیرکردنەوەی پۆزەتیڤیستییە.

لە ڕوانگەی ئەبجەلان دوالیزمی زانستی پۆزەتیڤیستی ئەو شتانە لەیەکتر جیادەکاتەوە کە پێویستە بەیەکەوە پەیوەستبن و هەڵەیە لەیەکتری جیا بکرێنەوە. بەباوەڕی ئەو ناکرێت «عەقڵ و هەست» «کولتوور و سروشت» و « پیاو و ژن» لەیەکتری جیا بکرێنەوە.

ئەبجەلان دوالیزمی زانستی پۆزەتیڤیستی ڕەتدەکاتەوە، چونکە پێیوایە زانست بە دوالیزمبوونی حەقیقەت دەشێوێنێت و یەکگرتوویی وجودی تێکدەشکێنێ، لە دیدی ئەبجەلان دوالیزمی پۆزەتیڤیزم دەبێتە هۆی ئەوەی لایەنی «عەقڵ، کەلتور، پیاو» حەقیقەت و ڕاستی لایەنی «هەست، سروشت، ژن» سەرکوت بکات و بشارێتەوە.

لە فیکری ئەبجەلان ئەو پلەبەندییەی دوالیزمی پۆزەتیڤیزم کە لەسەر بنەمای دژایەتی و پلەبەندی دامەزرایە، ئامرازی بەردەوامکردنی سیستەمی پیاوسالارییە. لەلای ئەو یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دوالیزمی پۆزەتیڤیزم ئەوەیە، کە شەرعیەت بە لۆجیکی پیاوسالاری و هەژموونی پیاو بەسەر ژنان دەدات کە ئەو بە “پارادایمی عەقڵی نێر” ناوی دەبات.

لە هزری ئەبجەلان یەکێک لە پایەکانی بناغەی مۆدێرنەتەی سەرمایەداریی کە پۆزەتیڤیزمە ئایدۆلۆجیای ئەندرۆسەنتریکبوونی زانستە. ئەو وای دەبینێت پۆزەتیڤیزم بە فۆڕمی ئیپیستمۆلۆجیی «مەعریفەناسی» عەقڵیەتی دەسەڵاتی نێرسەنتەری زاڵ دەکات.

تێبینی:

ئەندرۆسەنتریک کە ئاوەڵناوی ناوی ئەندرۆسەنتریزمە؛  زاراوەیەکە لە کۆمەڵناسی و تیۆری مەعریفەناسی فێمینیستیدا بەکاردێت بۆ دنیابینییەک کە «جیهان، کۆمەڵگە، مەعریفە» لە ڕوانگەیەکی نێرسەنتەرییەوە لە قالب دەدات. ئەندرۆسەنتریزم ئەو لایەنگرییە نێر-سەنتەریەیە کە لەناو سیستەمی باڵادەستی زانین و لێکۆڵینەوەی زانستیدا چەسپاوە، وەک ستاندارد مامەڵە لەگەڵ ئەزموون و بەها و نۆرمەکانی پیاوان دەکات، ژن و ڕەگەزەکانی دیکە پەراوێز و بێدەنگ و بێ بەها دەکات. ئەندرۆسەنتریزم تەنها پەیوەندی بە باڵادەستی پیاوەوە لە کۆمەڵگە دا نییە، بەڵکوو پەیوەندی بەوەوە هەیە کە چۆن بناغەی زانین و زانست لە ڕێگەی چاویلکەی پیاوەوە بنیاتنراوە.

ئەبجەلان لە کتێبی «سۆسیۆلۆجیای ئازادی »و بەرگەکانی تری «مانیفێستۆی شارستانیەتی دیموکراتی» باس لەوە دەکات کە شارستانییەت و زانست و سیستەمی دەوڵەتی مۆدێرن لەسەر زاڵبوونی «پیاو بەسەر ژن» و «عەقڵ بەسەر سروشت» و « سۆژە بەسەر ئۆبژە»دا بنیات نراوە، بە ڕوونی باس لە جیهانبینییەکی ئەندرۆسەنتریک دەکات.

بەڵام ئەبجەلان بەهیچ شێوەک چەمکی «ئەندرۆسەنتریک»ی لە نووسینەکانی بەکارنەهێناوە، ئەمن بۆ زەڵالکردنی فیکری ئەبجەلان ئەو چەمکەم بەکارهێنا، چونکە لە ڕەخنەکانی «پیاوسالاری، پۆزەتیڤیزم، مۆدێرنەتەی سەرمایەداری» دا، ئاماژە بەوە دەکات لە ڕوانگەی زانستی پۆزەتیڤیستی پیاو ئۆبژەیەکی عەقڵانییە، ژنیش وەک لایەنێکی «ناعەقڵانی، سۆزداری» پەراوێز دەخرێت. ئەمەش ڕێک ئەوەیە کە لە تیۆرەکانی فێمینیستیدا پێی دەڵێن« ئەندرۆسەنتریزم».

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO