وای بۆدەچم ئەوەی کە هەتا ئێستا نەیهێشتووە کورد لەناو ئەوانی دیدا بتوێتەوە کولتوورە بەهێزەکەیەتی، زمان و جلوبەرگ و دابونەریت، بەتایبەتی زمان، کە ئەو چەکە بەهێزەیە شەڕی مانەوەی پێ دەکات. جگە لە وشە و ئاخاوتن زمانی تریشی هەیە. یەکێک لەوانە ڕەنگەکانن. ڕەنگە باشترین نموونە هەڵوێستە مێژووییەکەی زارا ساڵح بێت، کە لە دوای ئەنفال ژنێکی ڕەشپۆش بوو، بەڵام بەپێچەوانەوەی ئەمەوە دەڵێت “ئەو ڕۆژەی گوتیان سەدام گیراوە، جلی سوورم لەبەرکرد و بە کۆڵانەکاندا دەسووڕامەوە”، ئەگەرچی دەسەڵاتدارانی هەرێم کەشێکیان بۆ ئەم ئامادەییەی ژنانی ئەنفال نەڕەخساند، بەپێچەوانەوە هەوڵێکی بە بەرنامە لە ئارادایە بۆ ئەوەی هەمیشە کورد خۆی بە کەم بگرێت و کولتووریی ئەوانی دی بەسەردا بسەپێنن. بەڵام بەپێچەوانەی ئەو دیدە دوژمنکارانە و لەگەڵ ئەوەشدا کە مێژووی کورد هێندەی مێژوویەکی تراجیدی و جەنگ و جینۆسایدە هێندە مێژووی شادی نییە، بەڵام کورد هەر دەستبەرداری ژیان و چێژ و جوانییەکانی نەبووە. ئەوەش یەکێکە لە بەهێزترین ئارگیومێنتەکانی هۆشیاریی کوردی، کە لەناوجەرگەی ئەو هەموو تراجیدیایەشدا دەستێکی بە جوانییەکانی ژیانەوەیە، هێشتا ئاشنایەتی لەگەڵ ڕەنگدایە لەناو ژینگە و سروشت و کولتووری کوردیـدا ڕەنگ ئامادەییەکی زۆری هەبووە، ئێستاش هەر ئامادەیە. بێگومان کەمتەرخەمیشی هەیە لەوەی هێشتا چیرۆکی خۆی لەڕێگەی ڕەنگەوە بگێڕێتەوە، چونکە ڕەنگ زمانێکی دی گێڕانەوەیە. وەک عەلی پێنجوێنی شاعیر دەڵێت: ڕەنگ زمانێکە پڕ لە قسە، پڕە لە گۆکردن. ڕاستە ڕەنگ هەمیشە لە ژیان و کولتووری کوردیـدا لەناو ماڵ و سروشت و دەوروبەری کوردیـدا ئامادەیە و لە هیچ دۆخێکدا سەرباری سوتاندن و وێرانکارییش کوردستان بێ ڕەنگ نەبووە. بەڵام وەک ئامرازێکی هونەری و هێزێکی فەلسەفی و ئیستاتیکی لە کایەی هونەر و ئەدەب و هزراندندا ڕەنگی نەداوەتەوە. بۆیە لەم بابەتەدا گەرەکمە ئەو ڕ ەنگانەی فاشیزم لە خەڵکی کوردستانی زەوت کردووە، هونەری سینەما بەدەستیان بهێنێتەوە و ژیانی کوردان ڕەنگ هەڵبێنێتەوە، ئەوەی سیاسەت وێرانی کردوون و ڕووخاندونی، سینەما بونیادیان بنێتەوە.
گەڕان و پشکنین، کاریگەریی نەبینراوی ئەنفال
کاتێک کەوتمە گەڕان بەدوای چیرۆکەکانی ئەنفالدا هیچ نیازێکم نەبوو، ڕۆژێک ببمە توێژەر یاخود لێکۆڵیاری ئەم توخمە ستاتیکییە لەم دۆسێیەدا. هەتا بزانم کاریگەرییەکانی ئەنفال هەتا کوێ ڕۆچوون، بەڵکوو ئەم لایەنەم دانابوو کەسانی تر پێی هەستن و منیش بەکارەکانم سوودێک بەکایەی هونەر و ئەدەب بگەیەنم، کە بریتی بوون لە تۆمارکردنی چیرۆکەکان. ئەوەی من سەرەتا دەستم دایە تەنها دیدار و چاوپێکەوتن بوو، لەگەڵ کەسوکاری ئەنفالکراوان یان ئەوانەی خۆیان بەر پەلاماری ئەنفال کەوتبوون و کارەکتەرێکی ناو ئەو تراجیدیایە بوون. بەڵام دەمزانی کارێکی بایەخدار دەکەم و ڕۆژێک دێت سوودێکیان بۆ نەوەی دواڕۆژ دەبێت، ئێستاش بەردەوامم و پێناچێت ئەم خەمە لەیەخەم ببێتە. خاڵێک کە گرنگە ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە، کە لەناو کارەکەمدا وێنەکان هەڵوەستەیەکیان پێ کردم. بەتایبەتی ئەو وێنانەی پێش ڕووداوەکە گێرابوون و لەگەڵ ئەوانەی دوای ڕووداو چرکێندرا بوون. ژن و پیاو و منداڵ نەک هەر جلوبەرگیان بەڵکوو ڕووخساریان گۆڕابوو! ئەمە بۆ من مایەی تێڕامان بوو.
ئەفسووس هەتا ئێستاش لە باسی تاوانی ئەنفالـدا هەر باس لە ڕووکەش و ڕووداوەکە بەگشتی دەکرێت؛ باسی گوند ڕووخاندن و ژمارەی قوربانییەکان دەکرێت؛ بەسەرهاتی خەڵک و مامەڵەی دڕندانەی سوپا و هێزە میلیشیاییەکانی جاش و گۆڕی بەکۆمەڵ و زیندانەکانی تۆپزاوا و دووبز و نوگرەسەلمان دەکرێت.
مەگەر چۆن، دەنا باس لە کاریگەریی و لێکەوتە و دەرهاوێشتەکانی تری ناکرێت، یەکێک لەو لایەنانەی فەرامۆشکراوە و دەبێت ئاوڕی لێ بدرێتەوە و بەوردی لێی ڕابمێنین، شێواندنی کولتوور و کەلەپوور و فۆلکلۆری کوردی و وێرانکردنی سروشتی نیشتیمان و شێواندنی حەز و ئارەزوو و دنیابینی خەڵکە، بەتایبەتیش گوندنشینەکان، کە لەزێدی خۆیان هەڵکەندراون و کراون بە ئۆردوگانشین. لەناو ئەو توخمانەدا کە زیانیان بەرکەوتووە و لێیان ناپرسرێتەوە “دەنگ و ڕەنگ”ی کوردییە کە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە و شایانی بەدواداچوون و هەڵوەستە و قسە لەسەر کردنن.
دەنگ و ڕەنگ، قوربانیانی بێدەنگ
دەنگ بە هەموو جۆرەکانییەوە، لە جریوەی باڵندەکانەوە بۆ لورەی چەقەڵ و قیڕەقیڕی شەوانی بۆقی گوێ کانیاوەکان، کە کۆمەڵێک بوونەوەری ناو سروشتی کوردستانن. بەڵام لەوانەش گرنگتر لەبن چوونی هەزاران دەنگبێژ و گۆرانیبێژ و مەقامبێژی میللی و پەراوێزکەوتنی دەنگی شمشاڵ، بەتایبەتیش شمشاڵی شوانەکان. دەمێکە خەون و خولیای ئەوەم کەوتووەتە سەر گەڕانێکی مەیدانی بکەم بەناو خەڵکی ئەنفالکراودا هەتا بزانم چەند گۆرانیبێژ و مەقامبێژی گوندنشینەکان ئەنفالکراون؟ بەداخەوە بەتەنیا دەرەقەتی نەهاتم و کەسیش نەبوو شانم لەگەڵ بداتێ، بەلای کەمەوە پشتیوانیەکی دارایی بێ مەرج و بێمنەتم بکات. بەهەرحاڵ، با جارێک قسەیەک دەربارەی ڕەنگ بکەین و جارێ با لێکۆڵینەوە لە دەنگ بمێنێت بۆ کاتێکی تر. چونکە ڕەنگ یەکێکە لەو توخمانەی لە تاوانی ئەنفالدا گورزی بەرکەوت و لەناو زۆربەی خانەوادەکاندا بە تەواوی لەبن چوو. نەماڵی ڕازاوەیان بەڕەنگی جیاواز ماوە و نە جارێکی دی جلوبەرگی ئاڵ و واڵایان پۆشییەوە. لە کاتێکدا ڕەنگ هەمیشە لە ژینگە و سروشت و ناوماڵ و کاروباری خەڵکی کوردستاندا ئامادەیی هەبووە، هەر لەبێشکە و دەسترازە و گوڵینکە و پەردەی سەربێشکەوە بگرە هەتا بە کۆپانی کەر و هێسترەکانیشیان دەگات هەمووی ڕەنگ و گوڵینکەی ڕەنگداربوو.
سروشتی ناوچەکانی کوردستان بەتایبەتیش کوێستانەکان، ڕەنگاوڕەنگ و پڕ دار و درەخت و گوڵ و گوڵزارە و سیمای کولتووری و جوگرافی تایبەت بە خۆی هەیە. ئەوانەی لە پەلامارەکانی ئەنفالدا گیران و ئەنفالکران مرۆڤی ناو ئەم سروشتە ڕەنگینە بوون، ئەوانەشی ئەنفال نەکران و زووتر بەدەم بانگەوازی بەعسـەوە چوون و گوندەکانیان چۆڵ کرد و لە کۆمەڵگە زۆرەملێکاندا نیشتەجێ بوون، بە تەواوی لە شوێنی خۆیان هەڵکەندران و برانە شوێنێک کە ڕەنگ تیایدا نەبوو، یاخود بوونێکی لاوازی هەبوو، یان تەنها ڕەنگێکی زاڵ تیایدا ڕەنگی ڕەش بوو. بەواتایەکی تر کۆمەڵگە زۆرەملێکان جگە لە قەرەباڵغییەکی بێ ڕەنگ شتێکی تر نەبوون.
هێزی وێنە و سینەما، وەرچەرخانێک لە ژیاندنەوەی ڕەنگ و ناسنامەی کوردیدا
ڕەنگ لە ناسنامەی کولتووریی کوردیدا ئامادەییەکی زۆری هەیە و یەکێکە لە گرنگترین توخمەکانی گێڕانەوەی چیرۆک و تەکنیکی سینەما، سینەماش باشترین ئامرازی گێڕانەوەیە و دەتوانێت ڕۆڵێکی زۆر گرنگ و کاریگەر لە ناساندنی تاوانەکانی جینۆسایدی کورددا بگێڕێت، سینەما بەبێ وێنەی ڕەنگاوڕنگیش توانیوێتی گرنگترین ڕۆڵ لە گۆڕینی ئایدیای مرۆڤدا بگێڕێت. لە دوای تێپەڕاندنی قۆناغی سینەمای بێڕەنگ یاخود ڕەشوسپی، چیدی ئەم هونەرە ناتوانێت، بەبێ ڕەنگ لە هەستی بینەر نزیک ببێتەوە. بەواتایەکی تر ئێستاش سینەما دەتوانێت بەبێ دەنگ چیرۆک بگێڕیتەوە، بەڵام بەبێ ڕەنگ ناتوانێت ئامانج بپێکێ تەنانەت ئەگەر فیلمەکە ڕەشوسپیش بێت. مەگەر دەرهێنەر بۆ مەبەستێکی دیاریکراو بێڕەنگی هەڵبژێرێت. بۆیە وێنەی ڕەنگاوڕەنگ یەکێکە لە گرنگترین ئامرازەکانی گێڕانەوە. ڕەنگە پەنابردن بۆ وێنە دروستترین ئامراز بێت لەبەردەمدا كە لەم سەردەمەدا خێراترین توانستی گەیاندنی هەبێت. ڕەنگ زمانێکی تری سینەمایە، تەکنیکێکە هێزی وێنە و گێڕانەوەی چیرۆک زیاد دەکات و چێژی سینەمایی بە چیرۆک دەبەخشێت، توخمێکی فرەڕەهەند و فرەئەرکە لە گێڕانەوەی چیرۆکی فیلمدا، بەرهەمهێنەری مانایە و باشترین توخمی دەربڕینە کە بە فریای دەرهێنەر دەکەوێت. لەم سەردەمدا وێنە بەبێ ڕەنگ ناتوانێت کاریگەریی سۆزداری و سایکۆلۆجی لەلای بینەر دروست بکات. تەنانەت هەندێک لە ڕەنگەکان هەست و سۆزی تایبەتی دەوروژێنن. هەندێکجار ڕەنگ دەبێتە ناسنامە. هیچ ئاڵایەک نییە بەبێ ڕەنگ، کام وڵات هەیە ئاڵاکەی ڕەنگی تێدانەبێ؟ بۆیە جگە لە ناسنامەی دەوڵەتەکان دەبێتە ناسنامەی نەتەوەکان و پارت و ڕێکخراو و ئایین و ئایدۆلۆجیاکان.
بەردەوامیم لە کارەکەمدا لە نووسینەوەی یادەوەرییەکانی ئەنفالدا پەلکێشی کردمە ناو قوڵاییەوە و بەتێپەڕینی ڕۆژ، ئەزموونم زیاتر دەبوو، زانیاریشم زیاتر لەلا کەڵەکە دەبوو. هەر ئەزموونیش فێری کردم، کە پرسیاری وردتر لەو کەسانە بکەم، پرسیاریش بێ مەبەست ناکرێت، کاتێک داوام دەکرد وەسفی شوێنی ژیانیانم بۆ بکەن: ماڵەکانیان، گوندەکانیان، شێوەی خانووەکانیان، شێوەی گوندەکانیان، ناوچەی جوگرافی و کانی و ئاو و سروشتی ناوچەکەیان. هەندێکیان تووشی قەیران دەبوون و لە وەسفکردنەکانیان سەرکەوتوو نەبوون. بۆیە بە بیرمدا هات داوای وێنەیان لێ بکەم، وێنەی خۆیان و کەسوکاریان و گوندەکانیان، ماڵەکانیانم نیشان بدەن. ئەمە بۆ من هەر زانیارییەکی بەدەستهاتوو نەبوو، بەڵکوو خاڵی وەرچەرخانیش بوو لە ئایدیا و تێفکرینی زیاتر بۆ کارەکەم. وێنەکان هێزێکی تریان پێ دام و پرسیاری وردتریان وروژاند.
کاتێک وێنەی کۆمەڵێک منداڵی “گوندی وارانی”م بینی، فیلمی “شیندلرلیست”م بیرکەوەتەوە، کە چۆن بە وێنەی کچۆڵە چاکەت سوورەکە لەناو فیلمێکی تەواو ڕەشوسپیدا مانا بەرهەم دەهێنێت! لە خۆمم پرسی ئەم منداڵانەی کوردیش دەهێنن فیلمیان لەبارەوە دروست بکرێت کە ئێستا بە جلوبەرگە ڕەنگاوڕەنگەکانیانەوە لە گۆڕی بەکۆمەڵدان. ئەوەی لەو وێنەیەی منداڵانی گوندی وارانیدا زۆر سەرنجی ڕاکێشام “ڕەنگ” بوو. ڕەنگی جیاوازی جلوبەرگی منداڵەکان. ئەم وێنەیە ناچاری کردم باشتر تێڕابمێنم، نەک هەر لە خودی وێنەکە و منداڵەکان و ئەوەی لە چوارچێوەی وێنەکەدایە، بەڵکوو لە هەست و ڕۆح و باری دەروونی ئەو منداڵانە، کە لەناو ئەو سوخمە و کراسە بچکۆلە ڕەنگاوڕەنگانەدا دەڕواننە کامێراکە.
جارێکی دی وێنە زۆر بەدیار خۆیەوە ڕای گرتووم ئەویش وێنەی چۆلەکەیەکە کە لە هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی مردار بووەتەوە. بۆیە دەتوانین بڵێین وەک چۆن دەرکەوتنی ڕەنگ و پەرەپێدانی لە سینەمادا بووە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی سینەمادا ئاوا بەکارهێنانی ڕەنگ بەئامانجی دەرخستنی ناسنامەی کولتووریی و بەکارهێنانی وەک زمانی دەربڕین بۆ تراجیدیای کورد دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە گێڕانەوەی چیڕۆکی ئەنفال و جینۆساید لە وێنە و چیڕۆکی کرچوکاڵەوە دەچێت بۆ چیڕۆکی بەهێز و ناوازە بە فۆرم و ئیستاتیکای هونەری کوردییەوە. چونکە جوانی ڕەنگەکان لە وێنەی سینەماییدا، هاوئاهەنگی چیڕۆک دەبن و دەبنە زمانێکی تری گێڕانەوە. ڕەنگەکان هەر بۆ ڕازاندنەوە نین بەڵکوو بەشێوەیەکی کاریگەر هەستی شیعری و جوانیناسییان لەسەر هەست و دەروونی بینەر دەبێت. بێگومان هەر ڕەنگێکیش کاریگەری خۆی هەیە. بەگشتی ڕەنگەکان بە هۆکاری جیاواز بۆ نموونە بەهۆی کولتوورەوە کاریگەرییان لەسەر باری دەروونی و کەسایەتی مرۆڤ هەیە.
ڕەنگ لە ژیان و کولتووری کوردیدا، یادەوەریی و بیرلێکردنەوە
هەر ئەو ڕۆژە لەناو ماشێنەکەمدا بەدەم ئاژووشتنەوە بیرم لەبەرهەمهێنانی فیلم دەکردەوە، بیرم لەو منداڵانە و خەندە و ڕوانین و ڕەنگی جلەکانیان دەکردەوە، بیرم لەوە دەکردەوە، کە ئێستا لە گۆڕی بەکۆمەڵدا تەنها پەیکەرە ئێسکەکانیان ماوەو ڕەنگی جلوبەرگەکانیان هێشتا هێندە کاڵ نەبووەتەوە و دەتوانرێ کەسەکانی پێ بناسرێتەوە، وەک چۆن لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەی گوندی کورێمێدا بەڕەنگی جل و پشتێنەکانیان هەندێک لە کەسەکانیان ناسیەوە. کەچی هەمان ڕۆژ لە گەڕانەوەمدا لەناو ئۆردوگای زۆرەملێی ڕزگاریی (سمود) لە نزیک کەلار، چاوم چووە سەر ئەو قوتابی و خوێندکارانەی لە خوێندنگاکەیان هاتبوونە دەرەوە و بەڕیز ملی ڕێگای ماڵەوەیان گرتبوو، وەک هێڵێکی ڕەش بەسەر شۆستە و قەراغی شەقامەکەدا دەکشان. بەڵام ئەوەی بۆ من سەرنجبەر و مەترسیدار بوو، ڕەنگی جلوبەرگی ئەو خوێندکارە کچانە بوو، کە هەموویان ڕەشپۆش بوون. تابلۆیەکە تەواو جیاواز بوو لەو وێنەیەی ساڵی ١٩٨٦ لە گوندی وارانێ بە کامێرایەکی هاکەزایی چرکێندراوە. وێنەی ئەو خوێندکارانە شەقامەکەیان کردبووە “تابلۆیەکی ڕەش” ڕۆیشتنی ئەو هەموو خوێندکارە جل ڕەشە لە بەر چاوم هەر وێنەیەکی جوڵاو نەبوو، بەڵکوو تێڕامانێکی قوڵیش بوو لە کاریگەری ئەنفال بەسەر ئەم ناوچەیەوە. هەرلەوێ ئایدیا و تایتڵی ئەم وتارە لە دایک بوو، ئەنفال هەر مرۆڤ و مەل و باڵندەکانی کوردستانی نەکوشت بەڵکوو ڕەنگیشی کوشتووە. کوردستانی ڕەنگین لە دوای ئەنفال نزیک بۆتەوە لەوە بێڕەگنی. ئێ نەبوونی ڕەنگ لە پێش چاوی مرۆڤ و یەک ڕەنگی لە ژیانی مرۆڤەکاندا کوشتنی زەوق و ڕۆح و ناچالاکی مرۆڤەکانیشی بەدوادا دێت. ئەمە ڕێک ئەو دۆخەیە کە ڕۆحی کورد بوونی تێدا دەکوژرێ. ئەو مرۆڤانەی ئەنفال بەفیزیکی نەیکوشتن ڕۆحی ئەوانە دەکوژێ کە بەسەر زیندوون و لە چاوەڕوانیدا شەکەت بوون. ئەم چیرۆکانە لە هەر ژانرێکی تری ئەدەبی و هونەری زیاتر بە سینەما دەگێڕدرێنەوە. هەروەک چۆن کلۆس ئەپ لە توانایدایە باری دەروونی کارەکتەر دەربخات بەهەمان شێوە ڕەنگ و دەنگیش دەتوانن ئەو ئەرکە ببینن. بە بڕوای حەمید عقبی بەکارهێنانی ڕەنگەکان تەنها بۆ نیشاندانی دیوی دەرەوە نییە، بەڵکوو لە زۆر حاڵەتدا بۆ دەرخستنی دیوی ناوەوەی کارەکتەرەکانیشە، جلوبەرگ و دەمامک، یان ئەو کڵاوانەی مەیلیان بۆ بەکارهێنان هەیە زۆرجار واتایەکی ئەفسانەیی و ڕۆحییان هەیە.
چوومەوە ناو دنیای ئەو کەسانەی دیدارم لەگەڵدا ساز کردبوون، ئەو ژنە ڕەشپۆشانەی بەرانبەر کامێراکەم دادەنیشتن و وێنەی پێش ئەنفالیان نیشان دەدام، هی کاتی زەماوەندیان، بوخچەکانیان، سوخمە و کراس و ملوانکەیان، وێنەی بوخچەکەی مرییەم و فریای دەستگیرانداری گوندی تیلەکۆ، کە ئەنفال نەیهێشت هەرگیز لەبەر بکرێن. وێنەی پیرۆز و ئیبراهیمی نەجول؛ سەفەر و دەلالی گوندی جەلەمۆرد لە کاتی زەماوەندیاندا؛ وێنەی گوندەکان بە ئاوەدانی و دارودرەخت و سەوزایی. دواجاریش وێنەی ئەو ملوانکە و سوخمە و کراس و ئاوەڵکراسە ڕەنگدارانەی لە بن لمی بیابانیشدا هێندە کاڵ نەبووبوونەوە هەتا نەناسرێنەوە. ئەوانە ناسنامەی مەزڵومییەتی کورد و کۆمەڵکوژی خەڵکێکی مەدەنین لە گۆڕی بەکۆمەڵدا. ناسنامەی ئەو مرۆڤانەن کە چاویان بە ڕەنگ دەگەشایەوە و لە بیابانێکی وشک و بێ ڕەنگدا کوژران و نێژران.
ڕەنگ لە ژیانی ڕۆژانەی کوردەواریدا
لەپێش ئەنفالدا ڕەنگ بەشدارییەکی زۆر زیاتری لە ژیانی کوردیدا هەبووە، جگە لە قاپ و کەوچک و قۆری و پیاڵە، ڕایەخ و پێخەفی وەک بەڕە و جاجم و لێفە و سەرین و بەرگی دۆشەکی ڕەنگدار و گوڵدار لە هەموو ماڵێکی کوردیدا ئامادە بووە.
ڕەنگ لە خانووبەرەی گوندەکاندا،گوندەکان ئەگەرچی بەزۆری لە بەرد و قوڕ دروست کرابوون بەڵام دەرگا و پەنجەرەی گوندنشینەکان بەزۆری شین بوون. جگە لەوانەش ڕەنگ لەناو شیعر و گۆرانی فۆلکلۆری کوردیدا ئامادەییەکی زۆریان هەبووە. هەموو ئەوانەش کەرەسەی گرنگی ئەدەب و هونەر و هزراندنن، بەتایبەتیش هونەری سینەما دەتوانێت ڕۆڵێکی زیاتر لە زیندووکردنەوەیاندا بگێڕێت. دابەشکردنی ڕەنگەکان لە سینەمادا ئەگەر بەشێوەیەکی هونەری و لە فۆرمێکی کوردیدا بێت ئەوا سینەما دەتوانێت گیان وەبەر هەستی کوردیدا بکاتەوە بۆ ڕەنگەکان. دابەشکردن و بەڕێوەبردنی ڕەنگەکان لە دیمەنێکی سینەماییدا، وەک هونەری شێوەکاری نییە، واتە مەرج نییە پێکهاتەی دەرەکی دیمەنەکە بکاتە ئامانج، بەڵکوو ڕیتمێکی ناوەکی دروست دەکات کە لە ڕێگەیەوە ماتەوزەیەکی هەستی و سۆزداری دەردەکەون.
ڕەنگ لەناونانی شوێندا، ڕەنگ لەناولێنانیشدا پێگەیەکی گرنگی لە کولتووری کوردیدا هەبووە. هەرلەناوی گوندەکانەوە هەتا بە چیا و کێوەکان و دەشت و دەر و ناوی کەسەکان دەگات. بێگومان ناونان پەیوەندی بە ئاستی تێگەیشتن و هۆشیاریی و زەوقی مرۆڤەکانەوە هەیە. جگە لە ناوی مرۆڤەکان ناوی چیا و گوند و شوێن هەمیشە ئامادەیی هەبووە لە کوردستاندا. بۆ نموونە: ناوی هەندێک لە گوندە ئەنفالکراوەکان: زەردە، زەردەهاڵ، شیوە سوور، کانی سوور، گۆمە شین، تەپە سپی، تەپە ڕەش، تەپە سەوز، بەردە ڕەش، بەردە سوور، گوڵەبان، کە بە هۆی سیاسەتی تەعریبەوە گۆڕاوە بۆ “کولبان” کە هیچ مانایەکی نەماوە. بەهەما شێوە، ناوی هەندێک لە چیاکان وەک کێلە شین، کێلە سپی، کێوە ڕەش، کێلە زەرد، زەردە. ناوی ئاو و کانیاوەکانیش ڕەنگ تێیاندا ڕەنگ دەداتەوە، وەک گۆمە شین، ئاوە سپی، کانی ڕەش. لە ناوی هەندێک لە کچان و کوڕانیش هەمان شت هەست پێ دەکرێت، وەک: گوڵاڵە، خونچە، سەوزە، نازناز، بەفرین، کاکە ڕەش، کاکە سوور، کاکە شین، حەمە بۆر و حەمەسوور.
ڕەنگ لە پەندی پێشینانی کوردیدا، وەک: پارەی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش؛قونی ڕەش و سپی لە بوار دا دەردەکەوێ؛ هەرچی سمێڵی سوور بوو هەمزاغا نییە؛لەهەموو شتێکدا بەختم ڕەشە تەنها لە شفتی سپیە.
ڕەنگ لە مەتەڵی کوردیدا، وەک: تاژییە ڕەشەی دەم هەراشێ، خـێـو و خـاوەنـی نــانــاســێ (تفەنگ)؛ کەرێ شین، تەلەبەندی شین، دامکوتاوە لە مێرگی شین (شوتی کەهێشتا لەبڕەکەی نەکراوەتەوە)؛ گـا سووری حەوت چەرم، بـۆی گـریـای بـەبـێ شـەرم (پیازی سوور).
ڕەنگ لەناوی باڵندەدا، وەک:کۆترە شینکە؛ شینە شاهۆ، قەلە ڕەش. ڕەنگ لە ناوی مار و مێرووشدا ڕەنگی داوەتەوە وەک: زەردەمار؛ شینی گاهەنگێو؛ ڕەش مار و کەوەمار.
ڕەنگ لە ئەدەبی فۆلکلۆری کوردیدا، وەک: “سەرت شینەکەی” ئەمە زیاتر بۆ ژنان بەکاردێت واتا بەشت هەر مەینەتی بێت بەپێچەوانەشەوە بەکارهاتووە، “خوایە سەرت شین نەکەی”، یاخود ڕووسوور بیت. ئەمەش تەنها بۆ ژنان و کچان بەکارهاتووە. بەپێچەوانەشەوە دەگوترێ ڕووڕەش بیت. یاخود دەگوترێ چاوی سپیم. لەناو شیعری فۆلکلۆریشدا ڕەنگ هەمیشە ئامادە بووە و بەمەبەست ناوی هاتووە: دەمەکەت هەنگوین لەقوتوی شیندا، ناردمە خوازبێنیت لێم چوون بەقیندا. لێرەدا قوتوی شین بە واتای قوتوی هەڵنەپچڕاو دێت، یان قوتوی سەرمۆر مەبەستی ڕەنگی ئەو مۆرەیە کە لێی دراوە وەک ئاماژەیەک بۆ نەکردنەوەی. بەپێچەوانەی ئەم ئیدۆمەشەوە دیسان ڕەنگ جێگەیەکی دیاری لە فۆلکلۆری کوردیدا هەبووە وەک بەکارهێنانی ئیدیۆمی : ڕووسوور بیت، بە واتای شکۆمەند و سەربەرز و ئابڕومەند بیت. پەڕۆی سووری بووکێنی بەواتای ئابڕومەندی و نیشانەی داوێنپاکی بووکی یەکشەوە هاتووە.
ڕەنگ وەک میتافۆر و سیمۆلۆژیای شەڕانگێزی، وەک: فڵانە کەس چاوی سوور بووە، بە واتای کەسێکی شەڕانگێز و بکوژ بەکاردەهێندرێت. یاخود دەستی بە خوێنی خەڵک سوورە. جاشەکان بوونە کەواسووری بەر لەشکر، ئەوە زیاتر لە دوای ئەنفال بەکار دەهات. ڕەنگی سەوزیش هێمای پیرۆزییە، وەک ئەوەی بیکوژێ دەستی سەوز دەبێت، واتە پیرۆزدەبێ و شایان بە ماچ کردنە. هەروەک ڕەنگی مەرقەد و شوێنە ئایینییەکانیش بە ڕەنگی سەوز واتای سیمۆلۆجیان وەرگرتووە. بەڵام لە بەرانبەریشدا وەک کۆد و جوفرە بەکارهاتووە، گوتوویانە فڵان کەس حەبە سەوزەکەی قوتداوە واتە بووە بە بەعسی.
تێکەڵکردنی ڕەنگ بۆ نیشاندانی جوانی “سوور و سپی”، وەک دەڵێن ژنێکی جوان و باڵابەرزی سووروسپییە. لێرەدا هەردووک ڕەنگەکە پێکەوە واتایەک دەبەخشن. ئەگەر بە تەنها هەریەکێکیان بەکاربهێندرێت واتاکەشی بەتەواوی دەگۆڕێ ئەگەر بە تەنها بگوترێ سوورە ئەوا پەسەند نییە، چونکە زۆر جار ئەگەر کەسەکە قەڵە و بووبێت گوتویانە سوورفلە، یان سوورە. ئەگەر سپیش بووبێت بە خوێنساردیان زانیوە وەک حەسەن زیرەک دەڵێت: سپی سادە بەلاشە، ئەسمەر بێ و خاڵ لە ڕوو بێ هەزار و شەش سەد دینار.
هەموو ئەم میدیۆم و میتافۆرانە دەشێت توخمێکی گرنگی هونەریی و ئەدەبی و شاکاری بەرز بن. لە هەموویان گرنگتر سینەمایە کە دەتوانێت سوودێکی زۆر لەو ڕەنگانە ببینێت بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ئەنفال و بە دۆست و دوژمنی نیشان بدات، کە ژنانی کورد هەروا ڕەشپۆش نەبوون، بەڵکوو ئەوەش لێکەوتەی جەنگ و جینۆسایدە لە کوردستان. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو ڕاستیانەشدا ژنی کورد سەرباری تراجیدیا و تازیەباری سەرباری ڕەشپۆشیشی دەستبەرداری ڕەنگ نەبووە تەنانەت ئەگەر بەڕێژەیەکی زۆر کەمیش بووبێت لەناو کراس و کەوا ڕەشەکانیاندا گوڵی سپی و شین و سەوز و سووری مات هەر هەبووە.
بیبلیۆگرافی
- ئاراز فایەق، کوردستانی نوێ، ژمارە ٤٠٧٢ ڕێککەوتی ١٣/٩/٢٠٠٦.
- عەلی پێنجوێنی، ڕەنگ و فەلسەفە، ئاریان تیڤی، ڕێککەوتی ٤/١٠/٢٠٢٤.
- دڵشاد مستەفا، سینەما وێنەی جوڵاو، دەزگای سەردەم، ٢٠٢٣.
- خنوش مختاریە، مجلة النص، المجلد ٧، العدد: ٢ (٢٠٢٠) جمالية اللون في الصورة السينمائية وتأثيرها على ذاتية المتلقي.
- حمید عقبي، جمالیات الالوان ودلالاتها فی سینما بازولینی، ایلاف، ٢٦/٢/٢٠١٠.
- یوسف محسن، القدس العربي اللون السینمائی، قراءة في التناغم والإیقاع والدلالة، ٧/٥/٢٠١٨.



