ڕەچەڵەک یان ئەسڵ و نەسەب، بریتییە لە ڕەگوڕیشەی مێژوویی پێکهاتنی بنەماڵەیی گرووپێکی مرۆیی دیاریکراو، هەندێک لە زانا بەراییەکانی زانستە کۆمەڵایەتیەکان، وەکوو لویس مۆرگان و هێربەرت سپێنسەر و ئەدوار تایلەر، هەموو ئەوانەی لە ژێر کاریگەریی تیۆرەکەی دارویندا لە بارەی گەشەسەندن، بایەخێکی زۆریان بە ڕەچەڵەک و بنەچەی گرووپە مرۆییەکان دەدا، بۆ ئەوەی لەسەر ڕاستە هێڵێکی دیاریکراو زنجیرە و پۆلێنی پێشکەوتن و گەشەسەندنی مرۆڤ و کۆمەڵگەکان بکەن.
لە بارەی بنەچە و ڕەچەڵەک و دروستبوونی کورد و بەدەرکەوتنیانەوە پێش هەزاران ساڵ لە ڕۆژئاوای قەفقاس و زنجیرە چیای زاگرۆس و ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ و دەریای ناوەڕاست و ڕووباری فورات تا کەنارەکانی کەنداوی فارس، تیۆر و ئاراستەی بیرکردنەوە و ڕاوبۆچوونی جیاواز هەیە. هەندێکیان ناو و زاراوەی کورد و هەندێکیان زمان و هەندێکیان خەسڵەت و تایبەتمەندیە بایۆلۆجی و هەندێکیان ڕووداوە مێژووییەکانیان کردووەتە بنەما بۆ دۆزینەوەی بنەچەی کورد و سەرەتاکانی دروستبوونی.
پوختەی تیۆر و بۆچوونەکان
کورد بە گەلێکی ئێرانی لە بنەڕەتدا هیندوئەوروپی و بە دانیشتوانی ڕەسەنی ئەو ناوچەیە دراوەتە قەڵەم کە تا ئێستاش توانیویەتی تێیدا بمێنیتەوە.
کورد یەکێکە لە ئەتنۆس (گرووپە مرۆییە) زۆر دێرینەکانی ناو مێژووی مرۆڤایەتی، وەکوو ئەتنۆسێکی تایبەت و خاوەن خەسڵەت و نیشانەی کولتووری جیاواز لە کۆنترین سەرچاوە مێژووییەکاندا ناوی هاتووە. لە تابلۆ گڵینەکانی سۆمەرییەکاندا کە مێژوویان بۆ نزیکەی ٧٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە ناوی کورد بە گۆتی، جۆتی، جودی و کاردا هاتووە، باسی وڵاتێک دەکەن بە ناوی کارداکا، زۆربەی مێژوونووسەکان لەو باوەڕەدان کاردا مەبەستی کورد و کارداکا بە مانای وڵاتی کوردان دێت.
لای ئاشورییەکانیش کە مێژووەکەیان بۆ نزیکەی ٤٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ناوی کورد، بە گۆتی و کوتی و کورتی، کارتی، کاردۆ هاتووە. لە سەرچاوە یۆنانی و ڕۆمانیەکانیشدا کە مێژوویان بۆ زیاتر لە ٣٠٠٠ ساڵ دەگەڕێتەوە، ناوی کورد بە کاردوسوی، کاردخۆی، کاردۆک، کەردۆکی، کاردۆخی هاتووە. هەموو ئەم ناوانە گوزارشتن لە ئەتنۆسێک یان گرووپێکی مرۆیی جیاواز لە ناوچەکەدا کە ئێستا کوردن و لە هەمان ئەو شوێنەن کە لەو سەردەمەدا ئاماژەیان پێ کراوە.
نووسینهكانی ڤاسیلی نیكیتین له سهر كورد له پێشهنگی ئهو توێژینهوه زانستیانهن کە بە وردی بابەتی كورد و سیما نهژادییهكان و پرسی كوردیان به گشتی خستوەتە ژێر پرسیار و بەدواداچوونیان بۆ کردووە. ئهوهی زیاتر گرنگی نووسینهكانی نیكیتین دەردەخات ئەوەیە کە خۆی بۆ ماوهیهكی زۆر له كوردستان ژیاوه، به تایبهت لهسهردهمێكدا بووه هێشتا داگیركهرانی كوردستان ههڵمهتی سڕینهوهی سیما نهتهوهییهكانی كوردیان به هاوكاری كهرهسته تهكنۆلۆجییهكانی مۆدێرنه دهست پێ نهكردبوو. پرسی سهرهكی لای نیکیتین بریتییه له وڵامدانهوهی ئهو پرسیارهی ئایا كوردهكان كێن و خهسڵهت و تایبهتمهندییه مرۆیی و زمانییهكانیان چییه؟
نیکیتین له بارهی بنهچهی نهژادی كورد ڕای خۆی دەردەبڕێ، كه ئهم نەتەوە له یهك خوێن و بنهچه و ڕەچەڵەک نین، بهڵكوو له چهندین تێكهڵه و یهكگرتنی هۆز و خێڵی كۆچهری جیاواز پێكهاتوون. لە ڕاستیدا هەر کورد وانییە، وەکوو هەموو نەتەوەکانی دنیا، کوردیش بە درێژایی مێژووی هەزاران ساڵ چەندین گرووپی جیاوازی لەناو خۆیدا تواندۆتەوە، هەوروەها چەندین گرووپ و بنەماڵەی گەورەی کورد لە ناو گرووپەکانی دیکەدا تواونەتەوە.
هەر لەم بارەوە ڕۆژهەڵاتناس و کوردناسێکی دیکەی ڕووسی بە ناوی ئو. ل. ڤێلچێڤیسکی پێی وایە لە دروستبوونی کوردەکاندا کۆمەڵێک گرووپی جیاواز بەشدارییان کردووە، وەکوو حوورییەکان یان سوباری (شوباری)، لولوبییەکان، کووتی، کاسییەکان. بەڵام ئەوە ساغ ناکاتەوە کێیان بنەچەی کوردن و گرووپەکانی دیکەی تواندوەتەوە! ئی خۆ دەبێ یەکێکیان کورد بووبن؟!، ئەگەرنا چۆن گرووپەکانی دیکە بوون بە کورد، ئەم گرووپەیان دروست کردووە؟
گەڕیدەی ڕووسی م. لیخۆتین پێی وایە سەرچاوەکانی دروستبوونی نەژادی کورد جۆراوجۆر و هەمەڕەنگن. کورد لە ئەنجامی توانەوەی چەندین گرووپە مرۆیی جیاواز دروست بووە، ئێستاش بەسەر خێڵ و تیرە و هۆز و تایەفەی جیاوازدا دابەش بوون، بە چەندین شیوەزاری جیاوازیش دەدوێن. بەڵام سەرەڕای ئەو جیاوازیانەش، یەک نەتەوەن، هەر چەندێک بەسەر وردە جیاوازیشدا دابەش بووبن.
هەر لە ناو ڕووسەکاندا، مینۆرسکی بە شێویەکی باشتر یەکێتییەک بۆ سەرچاوەی نەژادی کورد دروست دەکات، بنەچە و ڕەچەڵەکی کورد دەباتەوە سەر میدییەکان. ئەو پێی وایە سەرەتا میدییەکان لە ئاترۆپاتین، واتە ئازەربایجانی ئەمڕۆ نیشتەجێبوون و دواتر بەرەو باشووری گۆلی وان کۆچیان کردووە. بەتێکەڵبوونی مادەکان کە لە دەوروبەری دەریاچەی قەزوێنـەوە هاتوون، لەگەڵ دانیشتوانی ڕەسەنی ناوچەکە و لەگەڵ ئاشوورییەکان دوای ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی ئاشووری لە ٦١٢پ.ز. لە ناوچەکەدا هەموو ئەمانە تێکەڵ بە یەک بوون، پێکەوە گەلی کوردیان دروست کردووە، بە تایبەتی دوو هۆزی خزم “کورتی” و “ماردی” پەرەیان بە خزمایەتیەکەیان داوە، کوردەکانی ئەمڕۆ بەرهەمی ئەو تێکەڵاویەن.
بە پێچەوانەوە مینۆرسکی پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ کە لە هەموو جەماوەری دانیشتوانی ڕەسەنی ناوچەکە تەنیا خێڵێکی دیاریکراو بەشداری لە ئیتنۆگنێزی کورد دا نەکردووە، بەڵکوو بەشێکی زۆری خێڵ و گرووپە بچووکە جیاوازەکان، کە ماوەیەکی زۆر دوورودرێژ، بە هەر هۆیەک بووبیت، لەناو کۆنفیدراسیۆنی خێڵە ئێرانییەکان دا بۆ ناوچەکە هاتبوون و مابوونەوە، لە پرۆسەی دروستبوونی کورددا ڕۆڵیان بینیوە.
هێنری فیڵد، لە بارەی ڕەچەڵەک و بنەچەی کورد لە پێشەکی توێژینەوەکەیدا “ئەنترۆپۆلۆجیای عێراق” دەڵێت، یەکێک لە ئامانجە بنەڕەتییەکانی ئەم توێژینەوەیە پێوانەکردنی خەسڵەت و تایبەتمەندییە جەستییەکانی کوردەکان بوو لە باکووری عێراق، بۆیە چوار نموونە لە چوار شوێنی جیاوازی کوردستان وەرگیراوە (زاخۆ، ئاکری، ڕەواندوز و سلێمانی) بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی، ئایا کوردەکان لە ڕووی تایبەتمەندی جەستەییەوە هەماهەنگ و لەیەکچوون و لەیەک نەژاد دروستبوون؟ یان لە سەرچاوە و نەژادی جیاواز پەیدابوون؟ لە کۆتایی توێژینەوەکەدا بەو ئەنجامە گەیشتوون، کە کوردەکان هەموویان دەچنەوە سەر یەک بنەماڵە، ئەوانیش ئەلبیەکانن، سەر بە گرووپی ئارییەکان، لەگەڵ ئەوەی کوردەکانی باکوور، نزیک دەریاچەی وان، کاریگەریی ئەرمەنییەکانیان لەسەرە، بەڵام کوردەکانی باشوور، کەوتونەتە ژێر کاریگەریی تیرە و بنەماڵە مرۆییەکانی دەریای ناوەڕاست.
بە گشتی کوردەکان یەکێکن لە کۆنترین نەژادە مرۆییەکانی باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا ئەمە زۆر گرنگە کورد خۆی ڕەواج و پەرەی پێ بدات. بیرۆکەی یەک نەژادی و یەک سەرچاوەیی لە زەینی نەوەکانیدا دروست بکات، پاساوی زانستی بۆ جیاوازییەکانی ئەمڕۆی بێنیتەوە. نەک بە پێچەوانەوە جەخت بکاتە سەر فرەنەژادی و جیاوازی بنەچەی کورد.
سترابۆ پێی وایە كوردهكان دهگهڕێنهوه سهر “سرتییهكان” كه گرووپێكی مرۆیی تایبهت بوون له ههمان شوێنی ئێستای كوردهكاندا (میدیای بچووك) نیشتهجێ بوون. ئەگەرچی لە یەک شوێن نیشتەجێبوون، نابێتە بەڵگەی چوونەوە سەر یەک بنەچە. بەڵام ئەمەش بە قازانجی یەکێتیی نەتەوەیی کوردە و دەبوو کورد لە سیستەمی پەروەردەیی و خوێندن و ڕاگەیاندنەکانیدا زیاتر بایەخی بە سترابۆ بدایە.
لە هەمووی گرنگتر بە لای من ئەوەیە کە هەندێک لە مێژوونووس و گەڕیدە و ئەنترۆپۆلۆجیستەکان، کوردەکان دەگەڕێننەوە بۆ کاردۆخییەکان، كه سهركرده و مێژوونووسی گریكی “كهسنیفۆن” له كتابهكهیدا “ئهناباسیس” له 401پ.ز. دا باسیانی كردووه وەک گرووپێکی مرۆیی جیاواز لەم ناوچەیەدا هەبوون کە ئێستا پێی دەگوترێت کوردستان. ئەمانە فارس نەبوون و زمانی فارسییان نەزانیوە. بۆیە یونانییەکان و ئەوانەی فارسییان زانیوە بۆ قسەکردن لەگەڵیاندا پشتیان بە وەرگێڕ بەستوە، واتە کەسێک زمانی فارسی و زمانی کاردۆخی زانیبێت. ئەم بۆچوونەش باسی یەک سەرچاوەی نەژادی کورد دەکات، کە بە بۆچوونی من ڕاسترین لێکدانەوەی بنەچەی کوردە، ئێمە وەکوو نەتەوەی کورد کاردۆخییەکانین.
مارکۆ پۆلۆ (١٢٥٤-١٣٢٤) لە سەدەی سیازدەدا هاتووەتە کوردستان و باسی هەموو ئەو شارانەی کردووە کە پێیدا تێپەڕیوە. لە ١٢٧١ هاتوەتە موسڵ، کاتێک باسی ئەم شارە دەکات دەڵێت “لە چیاکانی ئێرەدا کاردەکان دەژین”. لێرەدا “کارد” هەمان کاردۆخی سەردەمی کەسنیفۆنە بەڵام بە شێوەی تاک، چونکە “ۆخ” لە زمانی یۆنانیدا نیشانەی کۆیە، “کارد و کاردۆخ” وەکوو ئەوەیە بڵێین “کورد و کوردەکان”. بۆیە ئەمەش بەڵگەیەکی دیکەیە کە دوای زیاتر لە ١٧٠٠ ساڵ لە نووسینەکەی کەسنیفۆن هێشتا بەو گرووپە مرۆییە گوتراوە “کارد” و لە هەمان شوێنی خۆیان ماون. لەبەرئەوە، دەکرێ بنەچەی کورد بگەڕێنینەوە بۆ کاردۆخییەکان و بڵێین ئێمە نەوەی کاردۆخییەکانین، کورد لە کاردۆخییەکانە، کە ئاشوورییەکانیش پێیان گوتووە کاردۆ یان گوتی.
له ئهنجامی ههموو ئهو گریمانانه و بۆچوونه جیاواز و توێژینهوانهی لهسهر بنهچهی نهژادی كورد كراوه، دوو تیۆری سهرهكی پهیدا بووه، ههردوو تیۆرهكهش پێویستیان به توێژینهوه و سهلماندنی زیاتره، ئهوانهش بریتین له:
تیۆری یهكهم، كورد له بنچینهدا نەتەوەیەکی ئاری هیندوئەوروپییە و دانیشتوانی ڕەسەنی زنجیرە چیای زاگرۆسن. لە سهدهی حهوتهمی پێش زاینهوه له باشووری دهریاچهی ورمێ بهره و نەینەوا و گهرمهسێر شۆڕ بووهتهوه، تا نزیک دەریای ناوەڕاست و کەنداوی فارس. دانیشتوانی ئەم ناوچانەی لە ناوخۆیاندا تواندۆتەوە و ئەم گرووپە مرۆییەی ئێستای لێ پێکهاتووە کە بە کورد ناسراوە.
تیۆری دووهم، کە پێی وایه كورد ئێرانی نین، نهوهی كڵدی و جۆرجی و ئهرمهنییهكانن و دواتر كهتونهته ژێر كاریگهریی زمانی ئێرانییهوه و زمانهكهیان گۆڕاوه. ئهم تیۆرە ڕاست نییه. له ناوچهیهكی فراوان وهكوو ئهوهی كوردی بهسهردا دابهش بووه، سهخت و شاخاوی و دابڕاو، چهند ههزار ساڵی دهوێت تا زمانێك شوێنی زمانێكی تر بگرێتهوه، به تایبهت له قۆناغێكی مێژوویدا كه جگه له خێزان و بنهماڵه و دهوروبهر هیچ كهناڵێكی تر نهبێت بۆ پێگهیاندنی كۆمهڵایهتی و فێركردن؟ گریمان له سهردهمێكدا یهك دوو خێڵی كورد جۆرجی بوون، چۆن خێڵێكی جۆرجی زمانی گۆڕاوه به كوردی و بێئهوهی هیچ پهیوهندییهك له ئارادا مابێت؟ وهكو دهزانین تا نزیكهی كۆتایی سهدهی نۆزدهش بهشێكی ههره زۆری كورد كۆچهری بوون؟ لە کاتێکدا مێژووی ئەو سەرچاوانەی ئاماژە بە بوونی کورد دەکەن لەم ناوچەیەدا بۆ نزیکەی حەوت هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بە ناوی کاردا و کاردۆخ و کاردۆ و گوتی و کورتـیەوە، وەکوو پێشتر بە کورتی ئاماژەمان پێدا.
بە کورتی، کورد لە ماوەی هەزاران ساڵدا وەکوو کاردۆخی بە نەژادێکی پاک و کوردی پوختە نەماوەتەوە. کاردۆخییەکان وەکوو بنەچەی نەژادی کورد تێکەڵ بە گرووپەکانی دیکە بوون، لە پڕۆسەیەکی مێژوویی دوورودرێژدا هەموو ئەو گرووپانە زمانی کوردییان وەرگرتووە، کە بە گۆتەی “سۆن” بە هۆی ڕوونی و سادەیی و ئاسانی زمانی کوردییەوە توانیویەتی شوێنی زمانی هەموو ئەو گرووپە مرۆییانە بگرێتەوە کە لە ناوچەکەدا هەبوون و لە بنەڕەتیشدا کورد نەبوون، دەبێ ئەمانە کەمینە و کاردۆخییەکان زۆرینە بوون و دەسەڵاتیان هەبووە، خۆیان سەپاندووە، بە لایەنی کەمەوە هەمووان بە خۆیان گوتووە کارد یان کاردۆ یان کورت، دواتر بووە بە کورد.
سەرچاوەکان
بورکای، کەمال (٢٠٠٨) کورد و کوردستان، وەرگێڕانی عەلی فەتحی، چاپخانەی منارە، هەولێر.
بەدلیسی ، میر شەرەفخان (٢٠٠٦). شەرەفنامە، وەرگێڕانی مامۆستا هەژار، ئاراس، هەولێر.
ڤێلێڤیسکی، و. ل. نەژادی کورد، وەرگێرانی ڕەشاد میران، دەزگای ڕۆژهەڵات، هەولێر.
تاڵەبانی، جەلال (١٩٧٠). کوردستان و بزوتنەوەی نەتەوەیی کورد، بەیروت.
سون، ميرزا غلام حسين شيرازي (١٩٧٠) رحلة متنكر الى بلاد ما بين النهرين و كردستان، ت: فؤاد جميل، مطابع الجمهورية، بغداد.
Field. H. (1925). Anthropology of Iraq. Harvard University Press.



