هەمیشە لەبەردەم پرسیارێکی لە ڕوخساردا سادە و لە ناوەڕۆکدا ئاڵۆز داین، کە فیلم چییە؟ یاخود فیلمی باش و سەرکەوتوو چییە؟ ڕەنگە وەڵامە سادەکە ئەوە بێت کە فیلم چیرۆکە، فیلمی باشیش لەسەر چیرۆکی باش دادەمەزرێ. ئەوکات ئەو پرسیارە دێتە پێش، ئەی چیرۆکی باش چییە؟
گرنگترین خاڵ کە هێز دەداتە چیرۆک، گێڕانەوەیە، هەڵبەت هەموو ڕەگەزەکانی تری چیرۆک گرنگن، چونکە ئەگەر ڕەگەزەکانی تر نەبن چۆن فیلمەکە دەگێڕیتەوە ئەگەر کارەکتەرت نەبێ ؟ ئەگەر زمانی گێڕانەوەت نەبێت؟ ئەگەر بیرکردنەوەیەکی باشت نەبێت بۆ گێڕانەوە، ئەوانە هەموو پێداویستییەکانی گێڕانەوەن بەڵام بۆ ئەوەی فیلمێکی باش ببینین یان چیرۆکێکی باش ببینین و ببیستن پێوێستیمان بە گێڕانەوەیەکی باشە.
بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی فیلم، پێویستمان بە حیکایەتخوان نییە، بەڵکوو پێویستیمان بە دەرهێنەرێکی باشە، ئەوەی چیرۆک بە باشی دەگێڕێتەوە دەرهێنەرە، بە دیدی دەرهێنەرانە نەک کەسێک. هەندێک دەڵێن دەرهێنەر شۆفێرە بەڵام نا، دەرهێنەر شۆفێر نییە، چونکە دەکرێت “گەمژەترین مرۆڤ” شۆفێرێکی باش بێت. بەڵام دەرهێنەر دەبێت فەیلەسوف بێت ئاشنا و ئاوێتەی جوانیناسی بێت.
تۆ کە لە دەرهێنەرێکت پرسی بۆچی ئەو کارەکتەرەت کراسەکەی شینە و ئەوەیان کراسەکەی سوورە و نەیزانی وەڵامت بداتەوە کەواتە خۆشی نازانێت بۆچی کارەکتەرەکانی ڕەنگی کراسەکانیان جیاوازە، چونکە لە بنەڕەتدا بەمەبەست کراسی ڕەنگ شین و ڕەنگ سووری لەبەر کارەکتەرەکانی نەکردووە. بەواتایەکی دی توخم و تەکنیکێکی گرنگی سینەمای نادیدە گرتووە.
فیلم لە تێکەڵەیەک توخم و کات و شوێن پێک دێت، نەک تەنها لە توخمێکیان. بەڵام ئەگەر ناچار بین گرنگترینیان یاخود یەک توخمیان لە نێوان دوو توخمدا هەڵبژێرین، بۆ نموونە، لە نێوان وێنە و گێڕانەوەدا ئەوا بێگومان دەبێت گێڕانەوە (storytelling/narrative) هەڵبژێرین چونکە دواجار وێنە و توخمەکانی تریش هەر لە خزمەت گێڕانەوە دان. بۆچی؟ چونکە:
- گێڕانەوە ڕۆحی چیرۆکی فیلمەکەیە، کارەکتەرەکان (characters)گێڕانەوەیەکی باش، کەسایەتی قووڵ و پڕ لە ژیان دروست دەکات کە بینەر دەتوانێت لەگەڵیاندا پەیوەندی دروست بکات و هەستەکانیان هاوبەش بکەن.
- بابەت (theme)، چیرۆکە باشەکان پەیامی قووڵ و بیرۆکەی گرنگ لە خۆ دەگرن کە دەتوانن کاریگەریی لەسەر بینەر دابنێن.
- پڵۆت (plot)، ڕووداوەکانی چیرۆکەکە و چۆنیەتی پێکەوە گرێدانیان، دیمەنێکی سەرنجڕاکێش دروست دەکەن کە بینەر دەباتە نێو گەشتێکی تایبەت.
- هەست و سۆز (emotion)، گێڕانەوەی بەهێز دەتوانێت هەست و سۆزی بینەر بجوڵێنێت، وایان لێ بکات پێبکەنن، بگرین، بترسن، سەرئەنجام بیر بکەنەوە.
وێنە تەکنیک و کەرەستەی چیرۆک بۆ گێڕانەوە
کامێرا و دەرهێنانی بینایی (visual direction) زۆر گرنگن بۆ گەیاندنی گێڕانەوەی چیرۆکەکە بەشێوەیەکی کاریگەر. هەڵبەت تەنها وێنە بەس نییە بۆ گێڕانەوەی چیرۆک بەڵکوو نیشاندان و گۆشەی کامیرا دەتوانێت بەرهەمهێنەری مانا بێت. بەواتایەکی تر وێنەیەک ئەگەر نەتوانێت هەست و سۆز بگەیەنێت، ڕەنگەکان، ڕووناکی و کامێرایەکی گونجاو دابین بکەن ئەوا هیچ هەستێکی تایبەت لەلای بینەر دروست ناکەن.
بەڵام وێنەیەکی نایاب لە گۆشەیەکی جیاوازەوە دەتوانێت هەم چێژ بەخش بێت و هەم زانیاری بدات بەبینەر، دیمەنێکی سەرنجبەر دەتوانێت زانیارییەک بەبینەر ببەخشێت. کە هەزار وشە پێویست بێت بۆ گەیاندنی.
وێنە و دیمەنی نایاب دەتوانن جیهانی فیلمەکە جوانتر بکەن، دیمەنە سەرنجڕاکێشەکان بینەر بە جیهانی فیلم ئاشنا دەکەن و سەرنجیان ڕادەکێشن. سەرنج ڕاکێشان لەپێناوی دنیایەکدا کە لە خەیاڵی دەرهێنەرەوە بیگوازێتەوە بۆ دنیای ڕاستی.
ئەوەی هەموو شتێک جوان دەکات لە فیلمدا دیدی دەرهێنەرانەی کەسێکە کە پێی دەوترێت دەرهێنەر. بەواتایەکی تر ئەگەر دەرهێنەر خاوەن دیدی دەرهێنەرانە نەبێت و گێڕانەوەکەی لاواز بێت، جوانترین وێنەکانیش ناتوانن بینەر پەلکێشی ناو چیرۆک بکەن و بەدرێژایی فیلمەکە بەدیار سکرینەوە ڕای بگرن. فیلمێک بە وێنەی جوان و چیرۆکی لاواز گێڕانەوەیەکی ناهاوسەنگ دەخوڵقێنێ و ئەوەش یەکێکە لە هۆکارەکانی بێزارکردنی بینەر. بە پێچەوانەوە، فیلمێک بە وێنەی سادە، بەڵام گێڕانەوەیەکی بەهێز، دەتوانێت جێگایەکی تایبەت لە دڵی بینەردا بگرێت.
دەتوانین لێرەدا بە نموونەیەک زیاتر ڕوونی بکەینەوە نوکتەیەک کاتێک کەسێکی نوکتەباز دەیگێڕێتەوە هەمووان قاقا پێدەکەنن، بەڵام هەمان نوکتە کەسێکی دی بیگێڕێتەوە کە نازانێت نوکتە بگێڕێتەوە ئەوا بزە ناخاتە سەر لێوی کەس بەپێچەوانەوە بێزاریان دەکات.
باشترین فیلمەکان ئەوانەن کە گێڕانەوەیەکی بەهێز و قووڵیان هەیە و لە هەمان کاتدا وێنەی جوان و کاریگەر بەکاردەهێنن بۆ گەیاندنی پەیامی چیرۆکەکە. دەرهێنەرە باشەکان دەزانن چۆن وێنەکان بەکاربهێنن و لەچ گۆشەیەکەوە وێنەیان بگرن بۆ قووڵکردنەوەی چیرۆکەکە و گەیاندنی هەستەکان و خستنەڕووی بابەتەکان.
بە کوردی و کورتی، گێڕانەوە هەر بنەمای فیلمەکە نییە، بەڵکوو ڕۆحی فیلمەکەیە. کامیرا و پرۆپس و لۆکەیشن و وێنە میوزیک و مود و کەشی فیلم؛ دەنگ و ڕەنگ و دیالۆگ و نواندن، هتد، هەموویان ئامراز و تەکنیکی گێڕانەوەن، هەمووشیان گرنگ و پێویستن بۆ گێڕانەوەی چیرۆک بە شێوەیەکی جوان و دەربڕینێکی کاریگەر.



