سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی شێخ عوبەیدوڵای نەهری، سەربەخۆییخواز و یەکسانخواز

ھیوا ساعدی

 شێخ عوبەیدوڵای نەهری لە ١٨٢٦ لە گوندی نەهری لە قەزای شەمزینان لە دایک بووە و لە  ١٨٨٣ لە شاری مەککەی حيجاز کۆچی دوایی کردووە. شێخ عوبەیدوڵا لە نەوەکانی حەزرەتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی ناسراو بە (حەزرەتی غەوس) بنیاتنەری تەریقەتی قادرییە. لە ماوەی ژیانیدا سەرکردایەتیی ئایینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی خەڵکی ناوچەکەی کردووە و سەرکردایەتیی شۆڕشی نەهری کردووە، کە لە ماوەی ساڵانی ١٨٧٩ تا ١٨٨٠ ویلایەتەکانی نێوان دەریاچەی وان و دریاچەی ورمیەی لە بن دەسەڵاتی هێزەکانیدا بووە. شێخ عوبەیدوڵا سەرکردەیەکی ڕووناکبیری ئایینی و مرۆڤایەتی بووە کە هەڵگری فەلسەفەی یەکسانی و ئازادی و سەربەخۆیی بووە.

شێخ عوبەیدوڵا كوڕی سەید تەهای نەهری كوڕی شێخ ئەحمەد شیهابەدینە. سەید تەهای نەهری توانی شێخنشینییەك لە نەهری دابمەزرێنێت، پاش مردنی ئەو، شێخ عوبەیدوڵا جێگەی باوكی گرتەوە و بووە ڕێبەری تەریقەتی نەقشبەندی و سەروەت و سامانێكی زۆری بە میرات بۆ ماوەتەوە.

لە شەڕی ١٨٧٧-١٨٧٨ لە نێوان ڕووسیا و عوسمانی دا یارمەتی سوپای عوسمانی داوە، چونكە چاوەڕوانیی ئەوەی كردووە كە سوود لە ئەنجامەكانی شەڕ وەربگرێت و هەوڵ بدات لەو شەڕەدا ببێ بە سەركردەی ئەو كوردانەی كە بە ناوی «غەزا»وە كۆبوونەتەوە، هەتا بتوانێت لە كاتی پێویستدا ئەو هێزە بۆ بەرژەوەندیی كورد بەكار بهێنێت. بەشداریكردنی شێخ عوبەیدوڵا لەو شەڕەدا هۆشیاریی سیاسیی قووڵتر كرد و لە ڕاستی و سروشتی دینی دەوڵەت و ڕواڵەتەكەی و مەبەست و غەزا جیهادییەكەی عوسمانییەكان گەیشتووە. لەو ماوەیەدا، لەگەڵ كوردانی تردا زۆرتر ئاشنایەتیی پەیدا كرد و هەر لەو شەڕەدا هەندێ چەكیشی دەست كەوت.

لەو ساتەدا خەڵك لەژێر باری نەبوونی و ناهەمواریی ژیاندا بوون، بۆیە پەنایان بۆ شێخ عوبەیدوڵا برد، چونكە وەك ڕابەرێكی دینی و ڕزگاریدەر تەماشایان كردووە، ئەویش لەسەر داوای خەڵك نوێنەری خۆی نارد بۆ ئەستەمبوڵ، تا سنوورێك بۆ ئەو ناڕەواییانە دابنێنن، بەڵام ئەم هەوڵانە بێ ئاكام بوون.

جگە لەوەش شێخ گومان و ترسی هەبوو لە پەیمانی بەرلین، كە بەرەنجامی شكستی عوسمانییەكان بوو لە شەڕی ١٨٧٧-١٨٧٨ لەگەڵ ڕووسەکان. بەپێی ماددەی ٦ی ئەو پەیمانە هەموو دەوڵەتانی ئەوروپی بەیەكەوە داوای پاراستنی مافی كۆمەڵی ئەرمەنییان كردبوو. شێخ بەسەرسوڕمانەوە لە كاربەدەستێكی توركی پرسیبوو: «چیم گوێ لێ دەبێ؟ ئەرمەنییەكان وڵاتێكی سەربەخۆ لە وان دروست دەكەن و نەستورییەكان ئاڵای بەریتانیا لەسەر ماڵەكانیان هەڵدەكەن.»

بۆیە شێخ عوبەیدوڵا كەوتە یەكخستنی خێڵەكان بۆ ئەنجام گەیاندنی ئامانجەكانی و نوێنەری نارد بۆ لای شەریفی مەككە و خدیۆی میسر، هەروەها بۆ لای كونسوڵەكانی ڕووس لە وان و ئەرزڕووم تا بزانێت دەوڵەتی ڕووس هەستی بەرانبەر بە كورد چییە. هەوڵیشی دا خۆی لە ئینگلیزەكان نزیك بكاتەوە و نامەیەكی نارد بۆ دكتۆر كوهران.

شێخ پێی وابوو تاقە دەرمانی چارەسەركردنی كێشەی كورد دامەزراندنی كوردستانێكی گەورەیە، ئەویش بە یەكخستنی هەر دوو پارچەی داگیرکراوی کوردستان کە لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی تورک و فارس‌ دا بوون. لە یەكەمین بەیاننامەی نووسراوی شێخ دا، بە یەكێك لە نوێنەرانی هێزە ڕۆژاواییەكان دەڵێت: «میران و سەرانی كوردستانیی هەر هەموویان ڕایان وایە ناكرێ بەم جۆرە لەگەڵ دوو حكومەتدا هەڵبكرێ، دەبێ كارێك بكرێت كە دەوڵەتانی ئەوروپا لە دۆزەكە ئاگادار بن و لەم بارەیەوە لێكۆڵینەوە ئەنجام بدەن كە خەڵكی كورد کە نەتەوەیەكی جیایە، ئێمە دەخوازین كاروباری خۆمان لە دەستی خۆماندا بێت».

بەم جۆرە و دوای ئەوەی بۆی ڕوون ‌بۆوە كە پێویستە لەپێناو ئەو ئامانجانەدا هەنگاوی پێوست هەڵبگیرێت، شۆڕشی هەڵگیرساند. شۆڕشی چەكدارانەی شێخ عوبەیدوڵا لە ئۆکتۆبەری ١٨٨٠ دەست پێ کرد و هێزەكانی خۆی دابەشكرد بەسەر چەند بەرەیەكدا.

دوای چەندین شەڕ و سەركەوتن، دواجار سوپای عوسمانی و ئێرانیی و بەشێك لە خێڵە كوردە خۆفرۆشەكان، توانیان شۆڕشەكە دامركێننەوەو نەیهڵێن و شێخ عوبەیدوڵاش بۆ ئەوەی خوێنی تر نەڕژێت، ناچار خۆی بەدەستەوە دا. ئەوە بوو گرتیان و نەفییان كرد بۆ شاری مەككە. لە  ئۆکتۆبەری ١٨٨٣دا بەنەفیكراوی لەوێ كۆچی دوایی كرد.

ستراتیجیی دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردی سەربەخۆ

شۆڕشەكەی شێخ عوبەیدوڵای نەهری یەكێكە لەو شۆڕشە مەزنانەی كورد كە پێویستە نەتەوەی كورد گرنگی ئەم شۆڕشە لەبەرچاوبگرێت. ئەم شۆڕشە یەكێكە لەو شۆڕشانەی كە لە باكووری كوردستان سەری هەڵدا و دواتر  ڕۆژهەڵاتی كوردستانیشی گرتووەتەوە.

 شێخ عوبەیدوڵا یەکێک بووە لەو شۆڕشگێرە گەورانەی كورد كە وڵاتە زلهێزەكان حیسابیان بۆ كردووە و نامەی بۆ زۆربەی سەركردەكانی عەرەب ناردووە بەتایبەتی شەریفی مەككە و خدێوی ئیسماعیل بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی نێودەوڵەتیی لەپێناو بنیاتنانی دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردستانی. شێخ توانی كوردەكان لە دەوری خۆی كۆبكاتەوە و ڕێز لە  ئازادیی بیروڕای نەتەوەكانی تریش بگرێت و حیسابیان بۆ بكات.

شێخ سەرەتا لەسەر ڕێبازی قادری بووە دواتر بووە بە سۆفی لەسەر ڕێبازی نەقشبەندی، نزیکەی 200 گوندی هەبووە كە وڵاتە زلهێزەكان حیسابیان بۆ كردووە  و ڕێزیان لێ گرتووە. سەروەریی نەتەوەكانی بە هەموو ئایدیا و مەزهەبەكانەوە پاراستووە. بەتایبەتی  کاتێک ویسترا لە شەڕ لەگەڵ ئەرمەنییەكان بەکاری بهێنن و سوودی لێ وەرگرن، شێخ ئەوەی ڕەت كردەوە. بۆیە یەكێك لە ئەرمەنییەكان كە شێخ دەناسێت، دەڵێت: “كەسایەتییەكی گونجاو و نایاب بووە، باوکئاسا سەرپەرشتی هەتیو و بێوەژنەكان بووە. لە هەموو ناوچەكانەوە كوردەكان دەهاتنە شەمزینان بۆ ئەوەی لەبارەی مەینەتییەكانیان قسە و وتووێژی لەگەڵ بكەن، لەگەڵ ئەو هەموو ستەمەی كە بەرانبەریان ئەنجام دەدرێت، ڕاوێژیان پێ دەكرد و داوای ئامۆژگارییان لێ دەكرد. لە پرسە ئایینییەکان و ویژدانییەکان. ئەوانیش ئامۆژگارییەكانیان بە گرنگ وەردەگرت، ڕێز و خۆشەویستی زۆریان بۆی هەبووە، ڕێزیان دەگرت وەك سەركردەیەکی دادپەروەر و مرۆڤدۆست”.

شێخ عوبەیدوڵا لای سەرۆك خێڵەكانی كورد گوێ بۆ قسەكانی دەگیرا. شێخ كەوتە یەكخستنی خێڵەكان و دەسەڵاتی ئایینی و ڕێز و شكۆی خۆی  لەم سەروبەندەدا سیمای سەركردایەتی و دانایی پێوەدیاربوو، وەك دادپەروەریی و بەخشندەیی و ئازایەتی و جوامێری و فریادڕەسی لێقەوماوان؛ دیوەخانەكەشی هەمیشە پڕمیوان بووە.

شێخ پلانێكی دانا بۆ ڕاپەڕینێكی مەزن؛ لە یەکێتیی کوردان كە ئەمە یەكەم یەکێتیی  بوو لە مێژووی كوردستان دا و لە شەمزینان لە كۆتایی تەمووزی 1880 بەسترا.  دواتر كۆبوونەوەیەكی تری بەست لە نەهری؛ شێخ عوبەیدوڵا وەڵامێكی  توندی ئەو سەرکردانەی دایەوە کە هەوڵیان دەدا ئاراستەی كوردەكان بگۆڕن بۆ شەڕكردن لە دژی ئەرمەنییەكان. بۆیە لە یەكەمین بەیاننامەی نووسراوی ناسیۆنالیزمی كوردی دا، شێخ بە یەكێك لە نوێنەرانی  هێزە ڕۆژاواییەكانی كە دۆستایەتیی  لەگەڵدا هەبووە. دەڵێ: “میران و سەرانی كوردستان چ لە توركیا و چ لە ئێران هەر هەموویان ڕایان وایە كە ناكرێ بەمجۆرە لەگەڵ ئەم دوو حكومەدا هەڵكرێ، دەبێ كارێك بكرێت كە دەوڵەتانی ئەوروپایی لە دۆزەكە ئاگاداربن و لەمبارەیەوە لێكۆڵینەوە ئەنجام بدەن، خەڵكی كورد نەتەوەی جیایە، ئێمە دەخوازین كاروباری خۆمان لەدەستی خۆماندا بێت”.

كاتێك شێخ لە 1880 هەڵمەتی كردە سەر ئێران، بانگەشەی  ئەوەی دەكرد كە بەناوی خەڵكی كورد ئەم كارە دەكات. شێخ لە ڕوونكردنەوەیەكی ئەم كارەیدا نامەیەك بۆ ویلیام ئابۆت، سەركونسۆڵی بریتانیا لە تەورێز، دەنێرێت، دەڵێت: “خەڵكی كورد میللەتێكی جودایە مەزهەبیان لەگەڵ مەزهەبیتردا جودایە و یاسا و ڕەسمیشیان جودایە. سەرۆك و فەرمانڕەواكانی كوردستان چ لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی داگیرکەری عوسمانی و چ لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران، هەموویان  لەوەدا یەكدەنگن كە لەگەڵ ئەم دوو  دەوڵەتە داگیرکەرە هەڵناکەن و دەبێت كارێك بكرێت دەوڵەتانی ئەوروپایی لەمە بگەن و لە بارودۆخی ئێمە بكۆڵنەوە. ئێمە نەتەوەیێکی جوداین و دەمانەوێت كاروباری خۆمان بەدەست خۆمانەوە بێت. لە ڕوانگەی زۆربەی مێژوونووسانەوە، شێخ عوبەیدوڵا یەكەمین و دیارترین نیشتیمانپەروەری گەورەی كوردستانە.

ئامانجەكانی شۆڕشەکەی شێخ عوبەیدوڵا

  ئامانجەكانی شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵا زۆر و ئاشكرا بوون، ئەویش دامەزراندنی دەوڵەتێكی یەكگرتوو بووە كە ڕێوبانی بازرگانی و مافەكانی  مەسیحی و كەمینەكان دابین بكات. شێخ هەوڵیدا مەسەلەی  كورد لە قاوغی ناوچەكە بباتە دەرەوە و دیدێكی نەتەوەیی هەبوو بۆ دیاردەكە، چونكە بە یەكچاو سەیری نەتەوەی كوردی دەكرد لە ژێر دەسەڵاتی دوو دەوڵەتی داگیرکەردا بوو. لە 1880، دوو كۆنفرانسی بۆ سەرانی خێڵەكانی كورد گرێدا و كۆمەڵەی كوردی دروست كرد. ڕەنگە ئەمە سەرەتای پێكەوەنانی ڕێكخستن و كۆمەڵەی سیاسی بێت لەنێو كورد، پاشان لەشكرێكی دامەزراند و ڕێك خست و بەهەر بەشێك ئەركێكی تایبەتی سپارد و لاپەڕەیەكی پاكی پەیوەندی نێوان موسڵمانانی كورد و تایفییە ئایینییەكانی تری كردەوە. شۆڕشەكەی شێخ گوزارشتی لە حەز و ئارەزووی نەتەوەی كورد دەكرد كە دەیەویست بار و ژیانی  چاك بێت و كوردستان سەربەخۆیی خۆی وەربگرێت.

لەبەرئەوەی كورد یەك ئامانجی هەیە كە سەربەخۆیی و ڕزگاربوونە  لە دەسەڵات و سەروەریی سیاسیی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانە لەسەر نیشتمانەکەی. هۆكارە سیاسییە نێودەوڵەتییەكانیش بۆ ئەم شۆڕشانە هۆكاری یامەتیدەر بوون، چونكە شۆڕشەكە لەلایەن خدێوی میسر و شەریفی مەككە پشتیوانی لێ دەكرا. شێخ كەوتە نووسین بۆ ژمارەیەك لێپرسراوی دەوڵەتانی ناوچەكە و نوێنەرانی هەندێ لە دەوڵەتە ئەوروپییەكان و ئەو زوڵم و زۆرەی بۆ ڕوون كردونەتەوە كە كورد لەسەر دەستی هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و قاجاری دا چەشتوویەتی. داوای لەو لێپرسراوانە كرد كە ئەم كێشەیە بۆ بەرپرسەكانیان باس بكەن و ئەوە بە گەلانیان بناسێن كە نەتەوەیێک هەیە بەناوی نەتەوەی كورد كە هەوڵدەدات ئامانجەكانی خۆی بەدیبهێنێت. لەم سەروبەندەدا شێخ چەند هەنگاوێكی نا بۆ یەكپارچەكردنی كورد و یەكخستنی یەكهەڵوێستییان و لەم بوارەدا كۆمەڵەی كوردی پێكهات.  

شێخ عوبەیدوڵلا ئامانجی كوردستانێكی سەربەخۆ بوو. لە قووڵایی دڵییەوە زانی كە تەنیا هۆ بۆ بەدبەختی و چارەڕەشی كوردان ئەوەیە كە وڵاتیان یەكپارچە نییە و دووبەشكراوە. دکتۆر جەلیلی جلیل دەڵێت: “شێخ عوبەیدوڵا بیر و ئامانجی كوردستانێكی سەربەخۆی كەوتەسەر؛ بیروباوەڕە سیاسییەكانی خۆی  لەسەر بناغەیەكی ئایینی داڕشت، موریدەكان لە تەكیەی شێخ دا كۆدەبوونەوە، خەلیفە و نوێنەرە ئایینییەكان بەناوی ئەم تەكییەدا دەگەڕان كە شێخ لەڕێی ئەمانەوە دەسەڵاتی ئایینی خۆی بەسەر ژمارەیەكی زۆری كورد دا هەبێت و خەڵكانێكی زۆر لە دەوری خۆیدا كۆ بكاتەوە.

شێخ ئەو ئامانجەی گرتبووەبەر، یەكێتیی و یەكڕیزی و برایەتی سەرۆكە كوردەكانی دەست پێ كرد و سەرەتا هەستا بە یەكخستنی  خێڵەكان. مەرجی هەرە گەورەی سەركەوتن و بەئامانجگەیشتن تەنیا لەڕێگەی یەكێتییەكی ڕاستەقینەی  كوردەكانەوە، خۆئامادەكردنێكی پتەو و قایم بۆ پێكهێنانی ڕاپەڕینێك  دەهاتەدی. بۆ ئەم مەبەستە شێخ لەوە گەیشتبوو كە تا سەرۆكە كوردەكان یەك نەگرن، ئەوا سەربەخۆیی  بەخۆوە نابینێت.

ئامانج و نییەتی  ڕاستەقینەی  ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵا ئاشکرایە. لەڕێگەی تاوتوێكردنی كردەوەی سەركردە هاوپەیمانەكان لەگەڵ شێخ دا، دەكرێت بڵێین كە گرنگترین لایەنی ئەو ڕاپەڕینە دەربرینی ناڕەزایی بوو بەرامبەر بەو ستەمكاریانەی كە لەلایەن  فەرمانبەرە نێردراوەكانی دەوڵەتی داگیرکەرەیە لە ناوەندەوە یان لە تەورێزەوە دژی سەركردە و پیاوماقوڵانی باكووری كوردستان سەپێندرا بوو. كاردانەوەی توندی شێخ بەرامبەر بەم بارودۆخە مانای خستنە ژێر پرسیار و ڕەتکردنەوەی شەرعییەت و كارایی دامودەزگای بەڕێوبەرایەتی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران بوو.

شێخ عوبەیدوڵا  لە ناوچە لە هەردوو پارچەی داگیرکراوی کوردستان نفوز و دەسەڵاتی باشی هەبوو لەنامەیەكدا مەیجەر ترۆتەر بۆ مستەر گۆشن‌دا هاتووە کە “شێخ بە نفوزترین كەسە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دا هەروەها شەخسی خۆی  و دەسەڵاتی لەناو كوردەكانی سنووردا زۆر لە هی سوڵتان پیرۆزتر بووە، ئامانجی ئەم پیاوە ڕزگاركردنی وەڵاتەكەیە  لە دەسەڵاتی عوسمانی.

لەبارەی ڕاپەڕینەكەی  شێخ بە سەرەتای خەمڵێنی هۆشی نەتەوەی كورد دادەنێ و دەڵێت: خەباتی گەلی كورد لەگەڵ بزووتنەوەکەی شێخی نەهری چووە قۆناغێكی نوێوە كە دەگونجێت بە سەرەتای  گۆڕانی “هەستی  نەتەوایەتی كورد بۆ هۆشی نەتەوەیی و دانانی بناغەی سەرەتایی گشتییەكانی پێكهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ دابنرێ”. لە بەڵگەیەكی تردا هاتووە پڕۆژەی شێخ ئەوەیە خۆی وەك سەرۆكی میرنشینێكی كورد دابنێت و هەموو كوردستانیش لە  توركیا و ئێران دا ڕزگار بکات وبلكێنێت بەیەكەوە. شێخ هەردوو پارچەكەی كوردستان  ڕزگاربكات و ڕیزەكانی كورد یەك بخات و سەرۆك هۆزەكانی كوردیش  لە یەك ڕێکخراودا كۆبكاتەوە، وێڕای دامەزراندنی پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ ئایین و نەتەوە جیاوازەكان و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی دەوڵەتە گەورەكانی ئەو كاتەی  ئەوروپا بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجەش شێوازی جیاجیای خەباتی سیاسی و دیبلۆماسی بەكارهێناوە، هەر لە سەردەمی شێخ دا یەكەمین ڕێكخراوی سیاسی لە مێژووی كورد دا دامەزرێنرا كە خۆی سەرۆكی بوو “بەحری بەگ”یش كارگێڕی بوو كە ڕێکخراوێكی یەكێتیی كوردان بوو.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ڕاپەڕینی كوردەكان لە 1880 بە سەركردایەتی شێخ عوبەیدوڵا بایەخێكی مێژوویی گرنگی هەبوو. لەڕاستیدا هەنگاوێكی گرنگ بوو بۆ بەرەوپێشچوون. ئەگەر چی سەركەوتوو نەبوو و نەیتوانی بە ئامانجەکانی بگات، بەڵام لەڕاستیدا ئەم ڕاپەڕینە لەهەموو جموجووڵ و بزووتنەوەكانی پێشووی كورد بەتواناتربوو لەهەردوو لایەنی سیاسی و ڕێكخستنەوە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO