شوان داودی
دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق بە گشتی و بەتایبەت دوای ئەوەی مام جەلال ڕوحی شاد چووە بەغداد و بوو بە سەرۆک کۆمار، فایلی کەرکووک ڕادەستی کاک مەسعود بارزانی کرا. لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی لقی 3ی پارتی و مەڵبەندی 2ی یەکێتیی بە بەسەرپەرشتی بارزانی تایبەت بە کەرکووک، حەسیب ڕۆژبەیانی کادری پارتی و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە نۆبەی قسەکردنیدا باسی لەوە کردبوو کە کەرکووک نەبۆتە دۆز لای کورد و تەنها وەکوو کارتێک بە کار دەهێنرێت لە پرسە سیاسییەکاندا. بارزانی لە وەڵامدا گوتبووی گەر کەرکووک دۆز نییە ئەی ئێمە ئێستا لێرە بۆچی کۆبووینەتەوە؟ حەسیب لە وەڵامی بارزانی دا گوتبوی ئێستا بۆ کێشەی نێوان پارتی و یەکێتیی لە کەرکووک کۆبووینەتەوە نەک بۆ پرسی کەرکووک.
بەداخەوە بۆچوونەکەی حەسیب ڕۆژبەیانی ڕاست بوو. دوای ڕادەستکردنی چارەنووسی کەرکووک بە ماددەی 140ی دەستوور، کورد هیچ پڕۆژەیەکی سیاسی نەتەوەیی بۆ کەرکووک نەما، نەک هەر کاری بۆ جێبەجێ کردنی ئەو ماددەیە نەکردووە بەڵکوو کورد خۆی ئاستەنگی گەورەی بەردەم جێبەجێ کردنێتی.
بۆ ئەوەی بگەینە چارەسەر دەبێت ڕاستگۆ بین لەگەڵ خۆماندا.
کاتێک ئاماری 1957مان کردۆتە بنەما و ستراتیج بۆ پرسی شارەکە دەبێت ئەو ڕاستییە بزانین کە لە ئاماری 1957دا هاتووە، وەکوو کورد لە کۆی پارێزگاکەدا زۆرینەی 50+1نەبوینە بەڵکوو گەورەترین پێکهاتە بوینە بە ڕێژەی 48% بەرانبەر عەرەب بە ڕێژەی 28%، تورکمان بە ڕێژەی 21%، باقییەکەی تر کە 3% یە پێکهاتەی تر بوونە لە شارەکە، وەک ئاشوری و ئەرمەنی و کلدانیەکان و خەڵکی تر.
لە ناوەندی شاری کەرکووکـیش ڕێژەی کورد لەو ئامارەدا 33% و ڕێژەی عەرەب 22% و ڕێژەی تورکمان 37% و باقییەکەی کە دەکاتە 8% لە پێکهاتەکانی تر بووە.
ئەمە لە کاتێکدا بووە سنووری ئیداری پارێزگای کەرکووک فراوان بوو، قەزاکانی چەمچەماڵ و کەلار و کفری و خورماتوو سەر به پارێزگای کەرکووک بوونه.
لە درێژەی پڕۆسەی تەعریبـدا سنووری کەرکووک وەک پارێزگا بەرتەسک کرایەوە، قەزاکانی کەلار و چەمچەماڵ خرانە سەر سلێمانی و کفری خرایە سەر دیالە. دواتر بە دیفاکتۆ کەوتەوە سەر سلێمانی و خورماتوو درا بە سەڵاحەدین، ناحیەی زاب-ی عەرەبیش لە موسڵـەوە خرایە سەر قەزای حەویجە لە کەرکووک، بەمەش چوار قەزای کوردنشین لە پارێزگای کەرکووک دابڕێنرا و ناحیەیەکی عەرەبیش خرایە سەر کەرکووک.
گەر بەراوردی ئامارەکەی 1957 بکەین لە نێوان ناوەندی شاری کەرکووک و کەرکووک وەک پارێزگا، کورد بەهۆی ئەو قەزایانەوە گەورەترین پێکهاتە بووە لە پارێزگاکەدا.
گرنگترین بڕگەی ماددەی 140 ئاسایی کردنەوەیە، ڕۆحی ئەو ئاساییکردنەوەیەش ڕاستکردنەوەی سنووری ئیداری پارێزگاکەیە بۆ ئەو مەبەستەش مام جەلال وەکوو سەرۆکایەتی کۆمار پڕۆژە یاسایەکی ڕادەستی پەرلەمان کرد بەڵام بەداخەوە ڕووناکی نەبینی.
بۆ ئەوەی ڕاستگۆ بین لەگەڵ خۆماندا، کورد هۆکاری شکستی ئەو پرۆژە ياساییە بوو نەک خەڵکی تر چونکە کورد ئامادە نییە قەزاکانی چەمچەماڵ و کەلار و کفری بگەڕێنێتەوە بۆ کەرکووک بە چەند هۆکارێک لەوانە: هاوسەنگی حیزبی نێوان یەکێتیی و پارتی لە هەرێم، دەوڵەمەندی ناوچەکە بە نەوت و گاز، ترسی نەگەڕانەوەی کەرکووک بۆ سەر هەرێم کە ئەو ناوچانە ئێستا بەشێکن لە هەرێم. کاتێک لیژنەی باڵای 140 پرسیاری ئاڕاستەی ئەو پارێزگایانە کرد کە قەزاکان خراوەتە سەریان ڕای خۆیان دەربڕن لەسەر گەڕانەوەی ئەو قەزایانە بۆ سەر کەرکووک، تەنها پارێزگاری سەڵاحەدین بە لاری نەبوون وەڵامی دایەوە پارێزگاری سلێمانی ئەو سەردەمە وەڵامی لیژنەکەیان لەو بارەیەوە نەدایەوە.
کەواتە بەشێکی خاکی کەرکووک کە قورسایی جوگرافیای دانیشتوانی کورد لە خۆ دەگرێت و زامنی کوردستانییەتی کەرکووک دەکات لە سگی هەرێم دایە و هەرێم ئامادە نییە بیگەڕێنێتەوە، واتە وەکوو کوردی کەرکووک توخمێکی گرنگی ماددەی 140مان لە دەستدا.
ئەوەی دەمێنێتەوە شەڕی نهتهوهيى پێ بکەین بۆ پاراستنی قەبارەی خۆمان بارستەی دانیشتوانە، کە بە داخەوە هاوکێشەکانی جوگرافیای دانیشتوان بەپێی ئامارەکانی لە دایک بوون و کۆچ بۆ شارەکانی هەرێم لە بەرژەوەندی کورددا نیە.. ڕاستیەکی تاڵی تر ئەو ڕێژە دەنگەی لە هەڵبژاردنەکاندا دەیهێنین کە لە دوا هەڵبژاردندا ڕێژەکەمان 42%بووە لە واقیعدا ڕاستی نین بەرامبەر بەڕاستی دەنگی پێکهاتەکانی تر، چونکە بەشێکی ئەو دەنگانە نزیکەی 10% گەر زیاتر نەبێ کەمتر نیە بوونیان لە کەرکووکدا نیە، ڕاستە کەرکووکین بەڵام دانیشتوی شارەکانی هەرێمی کوردستانن.
ئەم ڕاستییە تاڵانە ئەوەمان پێ دەڵێت جێبەجێ کردنی ماددەی 140 وەکوو خۆی لە بەرژەوەندی کورد دا نابێت چونکە لە کاتی ڕاپرسیدا بێ گەڕانەوەی قەزاکان ڕێژەی پێکهاتەکانی تر پێکەوە لە کورد زیاترن.
لە ئێستادا وەکوو کورد نزیکین لەوەی قەبارەی خۆمان وەک گەورەترین پێکهاتەش لە دەست بدەین.
ئەمانە سەرباری ناکۆکیە حیزبییەکانی هەر دوو حیزب کە تا ئێستاش درێژەیان هەیە.
دەگەڕێمەوە سەر پێشەکی وتارەکەم، بۆچوونەکەی حەسیب ڕۆژبەیانی، گەر ئەوکات کەرکووک وەکوو کارتێک بەکار هاتبێ، ئێستا هێزی کارتیشی نەماوە. سەرکردایەتی کورد هیچ پڕۆژەیەکی نەتەوەییان بۆ شارەکە پێی نییە جگە لە پڕۆژەی حیزبی و دەسکەوتی حیزبی. بەرنامەی حیزبەکان و کاندیدەکانیان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە دروشمبازی و موزایەداتی پووچ نەبێ خالییە لە هەر پڕۆژەیەک پەیوەست بە ئایندەی شارەکە و چارەنووسی کورد لەو شارەدا، تەنانەت لە دانانی پارێزگارێکی کوردی شارەکەش تەبا نین.
دەبێ لەوە بگەین کە پۆستی پارێزگار ئەوەندە پۆستێکی سیاسییە ئەوەندە ئیداری نییە، ئێمە لە ئێستا دەستبەرداری سیاسەت بووینە و سەرقاڵی سەرپەرشتی فەرمانگەکانین خۆمان دەخەڵەتێنن و خۆڵیش دەکەینە چاوی خەڵک. ئەگینا ئەو دۆخەی ئێستای کەرکووک کە کورد پێی ڕازییە و دڵی پێی خۆشە دەستبەرداری پرسی نەتەوەیی بووینە و پشتمان لە داواکردنی خاک و خۆمان لە ناوەڕۆکی ماددەی 140 لە گێلی داوە و هەموو پرسەکەمان لە کۆنکریت و خزمەتگوزاری کورت کردۆتەوە، گەر لەسەردەمی دەسەڵاتی بەعسـدا ئەمەمان قەبوڵ بایە هیچ کێشەیەکمان نەدەبوو ئەو قوربانیە زۆرەشمان نەدەدا و ئۆتۆنۆمییەکەی بەیانی11ی ئازاریش شکستی نەدەهێنا و بەعس بە سوپاسێکی زۆرەوە پارێزگارێکی کوردیشی بۆ دادەناین کە دەسەڵاتی لە پارێزگاکەی ئێستامان زۆر زیاتر بێت.
کورد لە کەرکووک وەک فەلەستینییەکانی لێ بەسەر هاتووە هەر قۆناغێک کۆمەڵێ کارت لە دەست دەدەین چەندین هەنگاو پاشەکشە دەکەین. ئەوەی دوێنێ دەمانتوانی بەدەستی بێنین ئەمڕۆ ناتوانین ئەوەی ئەمڕۆ دەتوانین دەستەبەری بکەین سبەی ناتوانین. بۆیە پێم وایە کاتی ئەوە هاتووە کوردی کەرکووک بەگشتی و تایبەت ئەوانەی نیشتەجێی کەرکووکـن لە پێناو زامن کردنی چارەنووسێکی شەرفمەندانە بۆ خۆیان لە دەرەوەی ئەجیندای حیزبەکان بیر لە بژاردەی دیکە بکەنەوە.



