سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

گۆرانی “ڤەژین”ی هونەرگەها وەڵات و کۆلۆنیالیزم؟

لە ڕوانگەی کارە پێشەنگەکانی فرانز فانن و ئەلبێر مەمی، تێگەیشتن لە کۆلۆنیالیزم زۆر ڕووی هەیە و هەمووی پێکەوە وەکوو یەک سیستەم کار دەکات. هەر لە دەست بەسەرداگرتنی زەوی و ئاو و سەرچاوە سروشتییەکانی دیکە و بەکارهێنانیان بۆ خۆیان، وەرگرتنی جڵەوی سیاسی نەتەوەکە و زەوتکردنی ویست و چارەنووسی و بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ سەپاندنی ویست و ئارەزووی داگیرکەرەکە.

لە هەمان کاتیشدا، کۆلۆنیالیزم جەنگ لە دژی کولتووریش بەرپا دەکات و هێرش دەکاتە سەر دابونەریت، ئایین، زمان و توخمەکانی دیکەی کولتووری نەتەوە داگیرکراوەکە، پاشان بەها و تێگەیشتن و دیدگا کۆمەڵایەتییەکانی خۆی دەسەپێنێت تا هەستی ئاستنزمیی و نەبوونی لە دەروونی داگیرکراواندا وەکوو بەشێکی ژیانیان پیشانی خۆیان بدات، ئەم لایەنەی داگیرکردن بە “داگیرکردنی ئەقڵ” ناودەبرێ. بە شێوەیەکی گشتی ڕەفتارەکانی کۆلۆنیالیزم بەرەبەرە هەستی کەمبوون لە ئاست نەتەوەی سەردەستدا پەرە پێ دەدەن و لە خۆیان نامۆ دەبن. داگیرکردنی ئەقڵ ئەنجامی درێژخایەن و کاریگەریی بەرچاوی لەسەر توانای بەرەنگاربوونەوە لە دژی هێزە دەرەکییەکان هەیە. کۆی ئەو کردەیەی کۆلۆنیالیزم بە لەناوبردنی ناسنامە دەناسرێت، ئەو ناسنامەیەی لەناو خەڵکی ڕەسەندا هەبووە بەر لەوەی داگیر بکرێن، کز دەبێت و ڕەنگە لە ناویش بچێت. تەنانەت دوای ڕزگاربوونیش لەو کۆلۆنیالیزمە، لایەنی دەروونی کاریگەریی دەمێنێت و تا ئاستێکی بەرز داگیرکراوان هەست بە سەربەخۆیی خۆیان ناکەن.

لەو بارەدا هەر سێ نەتەوەی سەردەست لەو چوار وڵاتی کۆلۆنیالیستی تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا‌ـدا ئامرازی ئایینیان کارایانە لە دژی کورد بە کار هێناوە و ئایینیان کردووەتە ئامرازی داگیرکردنی ئەقڵی کوردەکان. لەویشدا تا ئاستێکی باش سەرکەوتوو بوون.

پارت و ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی لەو مەیدانەدا خزمەتی زۆریان بە نەتەوەکانی داگیرکار کردووە و پەروەردە و هزری ئەوانە کوردی لەخۆهەڵگەڕاوە لە ڕێکخراوە توندئاژۆکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌ـدا دەردەکەون و لە دژی پێشمەرگە و شەڕڤانان دەجەنگن.

گۆرانی ڤەژین کە هونەرگەها وەڵات لە ڕۆژاڤا بەرهەمی هێناوە و یەک پارچەی ناو هەموو گۆرانی یان زنجیرەی کەزیا سۆرە، مشتومڕی زۆری لەسەر کرا و زۆریش پێکهەڵپژانی نووسینی لێوە پەیدا بوو. گۆرانی ڤەژین مزگێنی چەرخێکی نوێی هۆشیاری و بەگژداچوونەوەی کۆت و بەندی سەرکوتکردن دەدات. ئەو بەشە چیرۆکی گەڕانەوەی هێز و بەرەنگاری بۆ ژن دەگێڕێتەوە و وەرچەرخانێکی بنەڕەتی و ڕیشەیی لە بەهاکانی کۆمەڵگەکاندا دەنوێنێت. ئەو گۆرانییە چەندەی لە دژی داعش و هاوئاوازەکانییەتی، ئەوەندەش توخم و ئاکاری کوردانەی تێ خزێندراوە. هونەرگەها وەڵات ژن لە بنی بنەوەی ستەم و بن چەپۆک بۆ ترۆپکی ڕزگاربوون و ئازادی پیشان دەدات. ڤەژین دووبارە لەدایکبوونەوەی ئافرەتە لە ژیاندا، ئەو ژیانەی ڕەوتە ئایینییە توندئاژۆکان بە ڕەوای ژنی نابینن. ڤەژین، تازەبوونەوە و بەگژداچوونەوەیە، بەڵام بەگژداچوونەوەی چی؟

شوێنی فڕێدانی جلەکانی هێمای داعش و نوسرە و تاڵیبان گۆڕستانێکە ٧ گۆڕی تێدان، لەسەر هەر کێلێک ناوی ئافرەتێکی خەباتگێڕ و ماندوونەناس نووسراوە، ناوی شەشیان پیشان دەدرێن، کە ئەمانەن: ژینا ئەمینی، لەیلا قاسم، سەکینە جانسز، زەریفە خانم، ئارین میکران و ڕۆزا لۆکسمبۆرگ. لە کێلی ئەو گۆڕانە تێ دەگەین، بەگژداچوونەوەی سیستەمە خۆسەپێنەکانە، هەر لە ڕژێمی جمهوری ئیسلامیی ئێران و سەپاندنی بەهەشتی زۆرە ملێ، ڕژێمی بەعسی عەرەبی عێراق، ڕژێمی کۆلۆنیالیستی تورکیا، هزر و هێزی داعش و شێوەکانی دیکەی وەکوو سەلەفی و ئیخوانە نوێیەکان، تا دوایینیشیان نازییەکان و خۆسەپاندنیان بەسەر ئەوروپا و جیهاندا. هەموو ئەوانە لە نەهامەتی و قات و قڕیدا دەستی باڵایان هەبووە و هەیە، دیاریشە کە تا ئێستا چیان بەسەر گەلاندا هێناوە، نموونەکانی هاوشێوەشیان لە مێژوودا زۆرن.

تا لە کۆلۆنیالیزم وردببینەوە و شیکاری ئەو بارودۆخەی دوای سەردانی هونەرگەها وەڵات بۆ سلێمانی بکرێت، دەگەڕێینەوە بۆ ڕەهەندەکانی کۆلۆنیالیزم و بەکارهێنانی ئایین وەکوو ئامراز و داردەستەی زەلیلکردن و لە خۆنامۆبوون. ئیسلامی سیاسی لە باشووری کوردستان کارایە و دەستی کراوەیە بە هەموو ئامرازێک بەربەرەکانی هەر هەستێکی نەتەوەیی لە ناو باشووردا بکات. ئەوان میراتی کولتووری داگیرکەری عەرەبی درێژە پێ دەدەن و خواستەکانی نەتەوەی کورد لە چاو ئایین، پەراوێز دەخەن. ئەوان جارێ هەر سەرمەستی گەڕاندنەوەی سەردەمی زێڕینی بڵاوبوونەوەی ئیسلامن و دەیانەوێت دەستیان بگاتە دەستەڵات تا شەریعەتی ئیسلام جێبەجێ بکەن. ڕەخنەی زۆر لەو پرۆژەیەیان گیراوە، چونکە پرسەکە سەرکوتکردن و داپڵۆسینی هەموو ئەو کوردانەن کە لەو چوار وڵاتەدا دەژین. ناسنامەی ئایینی هەر چوار وڵات ئیسلامە و هەر چواریان، زۆر تا کەم، مافە سەرەتاییەکانی کوردیان زەوت کردووە.

مێژوو دەریخستووە کاتێک بزووتنەوە ئیسلامییەکان دەگەنە دەسەڵات، ئایین لە سەرووی بەرژەوەندیی نەتەوەیی دادەنرێت و دووبەرەکیی زیاتر دەنێتەوە و سووڕەکانی چەوساندنەوە بەردەوام دەکەن. ئەو بیچمەی ئیسلامی سیاسی تەنیا لە بەستێنی کوردی‌دا دەرناکەوێت، بەڵکوو ئیسلامی سیاسی کورد، سەرەڕای شکستی هاوەڵەکانیان لە میسر، ئێران، عێراق و تورکیا‌ـشدا، هەر دەیانەوێت بە جێپێی ئەواندا بڕۆن و  ئەزموونی کورد بگەیەننەوە هەمان شکست و بنبەست.

تا ئێستا ئیسلامی سیاسی لە باشوور ناتوانێت ڕاشکاوانە لە کەناڵەکانی خۆیەوە دەنگی بەرز بکاتەوە و سروشتی هزر و بۆچوونەکانی ئازادانە دەرببڕێت، جارێ زەوینەی ئەوەی نییە داوای ئەو جۆرە جلوبەرگەی داعشئاسا بۆ ژنانی کورد بکات، بەڵام لە ناو ڕێکخراوەکانی خۆیاندا پەسەندی دەکەن. لەگەڵ هەر دەرفەتێکی وەکو ئەوەی نمایشی هونەرگەها وەڵات لە سلێمانی گەڕەلاوژەیەک پێک دەهێنن هەموو کۆمەڵگەی پێوە سەرقاڵ دەکەن و بە هەموو شێوەیەک هێرش دەکەنە سەر هەر بەها و پێوەرێکی مرۆڤانەی سەردەمیانە بێت. فڕێدانی ئەو جلوبەرگەی لەبەر ژنەکاندایە وەکوو تێکدان و بێڕێزی بەرانبەر ئایین وێنای دەکەن و هەستی فریودراوانی بن باڵی خۆیانی پێ ئاو دەدەن، ئینجا هانیان دەدەن بە قسە و دەربڕینی ناشیرینیش لەهەر کونجێکی سۆشیال میدیادا دەرکەون و گەلەکۆمەکی ساز بکەن.

ئەوەی لێرەدا مەبەستمە پەنجەی بۆ درێژ بکەم ئەوەیە کۆلۆنیالیزمی تورک و عەرەب و فارس، بە باشترین شێوە توانیویانە سوود لە ئیسلامی سیاسی باشوور وەربگرن تا کوردبوون دوولەت بکەن، لەتێکیان ئەوەیە ئیسلامی سیاسی سەروو سی ساڵە کاری بۆ دەکات و لە ژێر پەردەی ئایین بەرانبەر هەر دیدگەیەکی کورد لە خۆی ڕاوەستێتەوە، لەتەکەی دیکەی ئەوەیە بە هەموو شێوازێک هەوڵ دەدات لە کۆت و بەندی کۆلۆنیالیزمەکان دەربازی ببێت. بۆچی هەڵگرانی هزری داعش لەوانەی لەناو کۆمەڵگەدا خۆیان مەڵاس داوە ڕێیان پێ دەدرێت بەو جۆرە لە هونەری کوردی بدوێن؟ بۆچی لەو هەموو پەیامە کوردانەی دیکەی گۆرانی ڤەژین تێ ناگەن و چاویان تەنیا ئەو فڕێدانەی جلەکانی داعشی دیت؟ جلوبەرگی ژنانی دەف دەژەنن سەرنجیان ڕاناکێشێت، کڵاوی ڕازاوەی سەری گۆرانیبێژ نابینن، جلوبەرگی جوانی کوردی ئەو ژنانە نابینن، دەنگی بەرزی کوردانەی چیایی گۆرانیبێژ نابیستن، ڕمبە و تەقەی ئەو دەفانە تێ ناگەن، لە ئاکاری تووڕەیی و کوتراوی دەموچاوەکان تێ ناگەن، هێما و ئاماژەکانی سەمای ئەو کچۆلە شۆخ و شەنگانەش هەر نازانن چییە.

کۆمەڵگەی کوردستان لە باشوور بە دەست گوتاری ئیسلامی سیاسییەوە دەناڵێنێت. دەمێکە ڕووناکبیر و بیرمەندانی باشوور ئاگاداری دەدەن سەبارەت بە ڕەوتی ئیسلامی توندڕەوی خۆحەشاردەر لە بن عەبای ئیسلامی سیاسیی کوردستان و دۆخی ئەمڕۆی کوردستانیان لەبەر چاو بوو. ئەرکی کۆمەڵگە و حکومەتە بەر بە گوتاری توندوتیژی و دژایەتیکردنی بەهاکانی کوردەواری بگرن. با ئەوەشیان نەبێتە چیرۆکی لابردنی سروودی ئەی ڕەقیب کە گەیاندبوویانە پەرلەمان و مەبەستیان بوو لەوێوە بە ناوی ئایین لە هزری کوردبووندا بیسڕنەوە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO