سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ڕۆژەکەی ئاڵای کوردستان لە “ڕۆژەکەی لالش”ـەوە وەرگیراوە

ڕێناس حەسەن

دوای بڵاو بوونەوەی دیزاینی نوێی جلوبەرگی یانەی دهۆک بۆ تۆپی پێ، کۆمەڵێک مەلا و موحافیزکار پۆشینی جلەکەیان بە حەرام لەقەڵمدا و داوای گۆڕینیان کرد.

هێمای “ڕۆژی لالش” لە ناو دیزاینی جلوبەرگی یانەی دهۆک وەک ئاماژەیەک بۆ مێژوو و کەلەپووری دێرینی ناوچەکە و لەخۆگرتنی پێکهاتە جیاوازەکان بەکارهاتووە. ناڕەزایی و حەرامکردنی پۆشینی هێمای ڕۆژ بەو دیزاینە، بینینی پێکهاتەی پەیڕەوانی ئایینی ئێزدییە لە دەرەوەی کۆمەڵگەی کوردستانیی، کە هەر ئەوان بەشێکی دێرینن لە بنیاتنانی و هەر ئێستاش تیایدا دەژین.

هەڵسوکەوت و گوتاری لەم جۆرە و بڕیاری گۆڕینی دیزاینەکە هۆکار دەبن بۆ دابڕاندنی پێکهاتەی ئێزدی لە کۆمەڵگەی کوردستانی. ئەم جۆرە گۆتارانە نەک تەنیا ئاماژەن بۆ قبوڵ نەکردنی پێکهاتەی ئێزدی، بەڵکوو هەوڵی دەرهاویشتن و سڕینەوەیانە لە کایە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکەی.

دیزاینە نوێکەی یانەی دهۆک کۆمەڵێک هێما و نیشانەی تێدا نەخشێنراوە وەک ئاماژەیەک بۆ مێژووی چاندی ناوچەکە، بەتایبەت شاری دهۆک و دەوروبەری. هێماکان بریتین لە چەند دەق و خاڵێک، دەرگای مێژوویی شاری ئامێدی کە مێژووەکەی بۆ ٥٠٠٠ ساڵ دەگەڕێتەوە. هاوکات، بە ڕێنووسی بسماری ناوی کورد لەسەر درێسەکە نووسراوە و لە خوار ئەویش هێمای ڕۆژی تێدا نەخشێنراوە، کە دیزاینەکەی لە یەکێک لە هێماکانی ڕۆژی سەر دیواری پەرستگای لالش وەرگیراوە.

ئەوەی لێرەدا چەندین کەس و لەناویاندا چەند مەلایەکیان توڕە کردووە، هێمای ڕۆژەکەی لالشە، تا ئەو ئاستەی کە هەندێک لە مەلاکان دەڵێن حەرامە نەک تەنیا بۆ یاریزانەکان بەڵکو بۆ هەرکەسێک بیەوێی ئەم جلوبەرگە بپۆشێ. ئەم فشارانە سەرۆکی یانەی دهۆکی ناچارکرد کە بڕیاری گۆڕینی دیزاینی هێمای ڕۆژی سەر جلەکە بدات بۆ دیزاینی ڕۆژی ئاڵای کوردستان.

لە ڕاستییدا دیزاینی ڕۆژی ئاڵای کوردستان لەسەر کۆمەڵێک تێڕوانین دیزاین کراوە کە پەیوەندیدارە بە باوەڕی ئایینە دێرینەکانی ناوچەکە، وەک ئێزدی. بۆ نموونە ٢١ تیشکی ڕۆژی ئاڵای کوردستان، وەک ئاماژەیەکە بۆ نوێبوونەوە.

مێژووی دروست و کردن و دیزاین کردنی ئاڵاکە دەگەڕێتەوە بۆ ١٩٢٠. یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی هێمای ڕۆژە لە ناوەندی ئاڵاکە هەر وەک چۆن ڕۆژ لە زۆربەی بیروباوەڕ و چیرۆکە ئەفسانەییەکان و هونەری کوردستان ڕەنگدانەوەی هەیە. دیزاینی ئەم ئاڵایە لە ١٩٩٨ لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر میهرداد ئێزەدی بە ستانداردی جیهانی دەکرێت. پڕۆفیسۆر میهرداد ئێزەدی، مێژوونووس و جوگرافیاناس، کە شارەزای زیاتر لە ١٥ زمانە و پێیان دەدوێت، هەروەها، شارەزایە لە بواری کولتوور و مێژووی کورد و کوردستان، جەختی لەوە کردۆتەوە کە مانای ڕەنگ و هێماکانی ئاڵای کوردستان پەیامی ناسنامەیەکی یەکگرتوو هەڵدەگرن. پاش ڕێکخستنەوەی دیزاینی ئاڵای کوردستان بە پێی ڕێنماییە جیهانییەکان، لەلایەن دەزگای نێودەوڵەتی ئاڵا پەسەند دەکرێت و وەک ئاڵای فەرمی کوردستان دەستنیشان دەکرێت.

کەواتە دەتوانیت بڵێیت ڕۆژی ئاڵای کوردستان هەمان “ڕۆژی لالش‌”ـە. واتا هێما و ڕەنگەکانی ئاڵاکە پەیوەندیدارن بە باوەڕە دێرینەکانی خەڵکی کوردستان، کە ناسنامەی ڕەسەنی نەتەوەی کوردستان بوون پێش داگیرکاریی و بە ئیسلامکردنیان. ڕەتکرندەوە و حەرامکردنی، هەوڵدانە بۆ سڕینەوەی ناسنامەیەک کە ڕەگوڕیشەی لە خاکی کوردستان‌ دایە. ئەم ڕەگوڕیشەیە لەلایەن پەیڕەوانی ئایینە دێرینەکانی وەک ئێزدی و یارسانی ماونەتەوە کە تا ئەمڕۆش لەگەڵ چەندین هەوڵی جودا بە درێژایی مێژوو نەکەوتونەتە ژێر هەژموونی ئەو داگیرکارییە تەنانەت ئەگەر بە قوربانیدانی گەورەش بووبێت وەک جینۆسایدی ئێزدی ٢٠١٤.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO