حەیدەر لەشکری
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، شایەتی دوو دیمەن بووین، کە لە ڕووکەشدا وا دەردەکەون ئاسایین، بەڵام لە کڕۆکدا ئاماژە بوون بۆ قەیرانێکی قووڵ، کە پەیوەستە بە سروشتی ئەو گوتارەی لە “عێراقی فرەجۆر”دا هەژموونی هەیە.
دیمەنی یەکەم لە موسڵ بوو، پارێزگاری نەینەوا وتاری خۆی بە دەستەواژەیەکی باوی ئیسلامی دەست پێکرد و نەفرەتی لە شەیتان کرد. پاشان، پۆزشی بۆ ئێزدیان هێنایەوە؛ گوایە درکی بەوە کردووە ئەمە لێدانی تایبەتمەندیی ئایینییانە. بەڵام پۆزشەکە وەک هەنگاوێکی ڕیزگرتن نەخوێندراوە، بەڵکوو وەک خیانەتکردن و خۆچەماندن بۆ باوەڕێکی نەفرەتی وێناکرا و ڕەشەبایەکی ژمارەیی هەڵی کرد و کۆتاییەکەی ئەوە بوو کە پارێزگار داوای لێبوردنی لەوە کرد، کە داوای لێبوردنی لە ئێزدیان کردووە.
دیمەنی دووەم وەرزشی بوو: یانەی دهۆک درێسی نوێی بۆ ئەمساڵ نمایش کرد، لە سەریدا ڕەمزی خۆری ئێزدیان هەبوو، ڕەمزێکی کولتووری کە ڕەنگدانەوەی هەبوونی ئێزدیانە لە شارەکە. دیسان گوتاری پۆپۆلیستی ژمارەیی بەگەڕ کەوت، ئەمە ڕەمزێکی نامۆ و ئیستفزازییە و لەگەڵ باوەڕی زۆرینە نایەتەوە. یانەی دهۆک کەوتە خۆ و درێسەکەی کێشایەوە و خۆری ئێزدیانی گۆڕیەوە بە خۆری ناو ئاڵای کوردستان.
ئەم دوو ڕووداوە تەنیا مەسەلەی پرۆتۆکۆڵیانە یاخود ستاتیکای دیزاین کردن نین، بەڵکوو ئاماژەی ڕوونن بۆ ئەوەی کە ئێمە لە سەردەمێکداین چیتر گوتار دەستەبژێرانە نابێتەوە، بەڵکوو گوتاری پۆپۆلیزمی ژمارەیی دەسەڵاتێکی هەژموونگەرای هەیە و تا ئاستێک کە بە ئاسانی دەتوانێت خۆی بەسەر دەزگای دەوڵەتیی و دەستەبژێری سیاسییەوە بسەپێنێت و دەستەبژێرەکان ناچار بەوە بکات کە موسایەرەی ئەم گوتارە یان ئەو گوتارە بکات.
پۆزشی پارێزگاری نەینەوا، کە لە بنەڕەتدا پۆزش هێنانەوە کردەیەکی باڵای ڕەوشتییە، لە مانای خۆی بەتاڵ کرایەوە و بووە خیانەتکاریی. ڕەمزیش، کە گوزارە لە ناسنامەیەکی ڕەسەنی ئایینیی دەکرد، لە دەلالەتی خۆی بەتاڵ کرایەوە و وەک “هەڕەشەیەک” وێنا کرا.
لێرەوە پرسی بنەڕەتی ئەوەیە، ئەرێ بەیەکەوەژیان لە سێبەری هەژموونی پۆپۆلیزمەوە مانایەکی ماوە؟ خۆ ئەگەر بەیەکەوەژیان لە خۆیدا بەها بێت، ئەوا لەسەر داننان بە شکۆ و تایبەتمەندی وەستاوە، قەبوڵکردنی ئەوەی گرۆ تایبەتەکان دەنگیان هەبێت، بەڵام ئەگەر بەیەکەوەژیان تەنیا تاکتیکێکی سیاسی بێت، ئەوا دانپێدانان بوونی نییە، ئەوەی هەیە مساوەمەیە: کەمینە و گرۆی تایبەت ڕێگەپێدراون هەبن، تا ئەوکاتەی بێدەنگن یان ئاوێتەی ڕەمزە گشتییەکانن. هەرکات، ئامادەیی ئەوان ئەو سنوورانەی بەزاند کە زۆرینە نەخشاندوونی، دەبێ بێدەنگ بکرێن و وەلا بنرێن.
لەم کوردستانە، لە نەوەدەکانەوە، ئێزدی لە میدیای کوردی وەک بەشی هەرە ڕەسەنی کورد نوێندراون، بەڵام هەردەم لە چوارچێوەیەکی نەتەوەییدا، کە تێیدا تایبەتمەندیی ئایینییان تواوەتەوە ( ئەمە بابەتی کتێبێکمانە لەم زووانە دەردەچێت)، ئەمە دانپێدانان نەبووە بە جوودابوون، ئەوەندەی لەخۆگرتنی ڕەمزییانە بوو، دانپێدانانێکی مەرجدار، وەک دیکۆرێکی فرەیی و بەیەکەوەژیان نوێندراون.
ئەمڕۆ لەگەڵ هەژموونی سۆشیال میدیا بەسەر فەزای گشتی، ئەو لەخۆگرتنە ڕەمزییە بۆتە وەلانانێکی ڕەقەمی ڕوون، چیدی ڕەمزی ئێزدی قەبووڵ نییە و لەخۆ ناگیرێت، بەڵکوو بە سانایی وەلادەنرێت و تەجریم دەکرێت.
ئەوەی لەم هاوکێشەیەش زۆرترین مەترسی هەیە دەستەبژێرە سیاسی و ڕووناکبیرییەکەیە، لەبری ئەوەی ڕۆڵی پێویستی خۆی بگێڕێت، زوو دەکەوێتە بەر ئەو شەپۆڵەوە. پارێزگاری نەینەوا نەیتوانی داکۆکی لە پۆزشەکەی بکات و یانەی دهۆکـیش نەیتوانی ڕەمزەکە بهێڵێتەوە نەبادا جەماوەرە زۆرەکەی لە دەست بدات. هەردوولا بە کردار سەلماندیان، کە دەستەبژێرێک بوونی نەماوە لە ژێر فشاری پۆپۆلیزمی ژمارەیی نەبێت.