هەردی مەهدی میکە
ئێران و ئیسرائیل هەنووکە تەنها نوێنەرایەتیی دوو دەوڵەت و دوو ئایدۆلۆجیای جیاواز ناکەن، بەڵکوو نوێنەرایەتیی دوو جیهانبینیی بۆ بەڕێوەبردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ناوچەکە دەکەن، بەرهەمی ئەم دوو دیدگایە و لێکەوتەکانی، لەسەرەخۆ کاری لە دیدی پێکهاتە نەتەوەیی، ئایینی-مەزهەبی، بزووتنەوە سیاسی و ئایدۆلۆجیاکان، سیمای بەڕێوەبردنی وڵاتان کرد و زۆر نەیاری ئیسرائیلی کردە یاری ئیسرائیل و ڕۆژئاوا (وەک کەنداو و سوننەکانی سووریا) و زۆر نەیاری ئێرانیشی کردە یاری ئێران (ئیخوان و لایەنگرانی پرسی فەلەستین).
هەرچی ئێرانـە بە کردە بووەتە میراتگریی ئایدۆلۆجیای باوی دژە ڕۆژئاوا و ئامانجخوازە ڕاست و چەپەکانی دەیەی شەست و حەفتاکان و دەوڵەتە ناوەندگەراکان، لەمەدا لە میسری ناسری و عێراقی عروبە و سەدام و ئیخوان و چەپی کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم دەچێت.
هەر چی ئیسرائیلـیشە (گەرچی بە کردەش وانەبێت) بووەتە هەڵگری ئاڵا و نوێنەری میراتی دیموکراسیی ڕۆژئاوایی و دژەناوەندگەرایی دەوڵەتی و پارێزەری مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییە پەراوێزخراوەکان، گەرچی هێشتا هەر لە دروشم و تەکتیکی سیاسیی نەپەڕیوەتەوە بۆ ستراتیج و هاوپەیمانێتیی درێژمەودا.
“شەڕی ١٢ ڕۆژە”ی ئێران-ئیسرائیل، دوا جار ئاگربەستی لێ کەوتەوە و ئێرانی ناچار کرد بچێتەوە سەر ئەو مێزەی کە لە بنجەوە هەر بە ناچاری برابوویە سەری. شەڕەکە وەستا، بەڵام جەنگی گوتار، ململانێی سیاسی، میدیایی، هەواڵگریی و لەبری (بە وەکالەت) چەند دەیەیە بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت.
لەمەدا ئەمریکا و ڕۆژئاوا سەرمێزی یان ژێرمێزی، تەریبی ئیسرائیل بوون. ئێستا پاش ئەو تەمەنە درێژەی ململانێی ئەو دوو گوتارە دەکرێت چەند وەرچەرخانێکی بنەمایی کاریگەر لە ئەنجامی ئەو ململانێیەوە دیاری بکرێن (بە تایبەت پاش سێکوچکەی کاریگەریی ٧ی ئۆکتۆبەر و کەوتنی ڕژێمی ئەسەدی سووری و شەڕی ١٢ڕۆژ)، کە لێکەوتەیان هەیە لە سەر هەنووکە و ئایندەی گۆڕەپانی ململانێکە (ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست) و ئەکتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکان و ئایدۆلۆجیا باوەکانی نێوچەکەش.
ئیسرائیل و ئێران، ئاڵاهەڵگرانی دوو گوتاری ڕادیکال
یەکەم، دروشمی ڕادیکاڵی ئامانجخواز لە هەر دوو بەرەدا، کەوتووەتە دەستی ئیسرائیل و ئێران، ئیسرائیل بەوەی کە ڕوخساریی سیاسیی نێوچەکە دەگۆڕێت دەستی پێ کردووە و هەر لە غەززە و لوبنانـەوە تا پشتیوانی پێکهاتە ناسوننییەکانی سووریا و لێدانی گورز و کورتکردنەوەی دەستی ئێران لە زۆر بواردا، سیماکانی ئەم گووتارە دەرکەوتوون لە کەتواردا (واقیعدا).
دووەم، گوتاری ڕێبەرایەتیی پرسی فەلەستین و خۆبەدایەنکردن و پەنادانی بزووتنەوە ئامانجگەرا ئیسلامییە شیعی و سوننە جیهادی و نیمچە-ئیخوانی و قودس-میحوەرەکان. دیارە ئەمەش پاش ئەوەی ململانێی ئایدۆلۆجی و سیاسی و هەژموونگەراییەکانی ئیسرائیل-ئێران، دەوڵەتان و گەلانی نێوچەکەی ماندوو کرد و چیتر داڵدەدانی ئەو بزووتنەوانە وەک سیاسەتی ڕوون بێ یان کەتوار لای ئەو وڵاتانە نەبووە ئەولەویەت، وەک وڵاتانی کەنداو و میسر و بگرە تورکیاـش هێندە ئەو پەرۆشییەی جارانیان لە مەیداندا بۆ داڵدەدان نەماوە. ئێستا ئێران بە کردە و گوتار هەر ئەو ماوە و بە ڕاستی بێت یان بە تەکتیک هەر ئەو وەک بەرگریکاری پرسی فەلەستین ماوە و پەناگەی ئەو هێزە ئامانجگەرایانەیە.
ئەمریکا هەم دەرد و هەم دەرمان
پاش چل ساڵ لە ئاڵوگۆڕی هەڕەشە و گوڕەشەی ئێران و ئیسرائیل، دوا جار هەر دوو وڵات کەوتنە نێو شەڕێکی کراوەی ئاسمانی و هەواڵگری و میدیاییەوە. وڵاتانی هاوپەیمانیی باوی ئێران (ڕووسیا و چین) لەبری چوونە نێو شەڕەکە یان ڕاگرتنی، لە سەرکۆنەکردنی زیاتریان پێ نەکرا، هەر چی ڕۆڵی یەکێتیی ئەوروپا و بەریتانیاـیە ئەوە لە ڕیزبەندیی کاریگەریی و هەر لە پرسی دانوستاندنەکانی ئەمریکا-ئێران و تا شەڕەکە و پاشان ئاگربەستەکەشدا دیسانەوە هەر لە پلەی دووەم و سێیەمی کاریگەریی وەدەرکەوتن، نە ڕاوێژیان پێ کرا بۆ دەستپێک و نە یەکلاکەرەوەشن بۆ کۆتاییهێنان.
ئەوەی دنەی ئیسرائیلی دا بۆ شەڕ و ئەوەی شەڕەکەشی پێ ڕاگرت هەر ئەمریکا بوو، ئەمریکا لەم جەنگە بەردەوامە و شەڕە کاتییەدا ڕۆڵی کوڕە باشەکەی بینی بە نمایشی دانوستاندن و ئاگربەست، وەک هێزی خێر و ئاشتەوایی دەرکەوت، بەڵام هەر خۆی بە پڕچەککردنی ئیسرائیل و بە چاوپۆشی و گڵۆپە سەوزەکەی وەک تەواوکاریی دانوستاندنە ناچارییەکەی ئێران (پاش پێنج خول لە دانوستاندنی ئەمریکی-ئێرانی)، تەلئەبیب ڕۆڵی کوڕە خراپەکەی بۆ خۆی دانا و پەلاماری ئێرانی دا و دووبارە تاران ناچار کرایەوە بچێتەوە سەر ئەو مێزەی کە متمانەی پێی نەبوو گەر جەبری کوتەک نەبێت.
لە نێوەندگەراییەوە بۆ ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان
گەر بە گشتی و پاش ساڵانێکی دوورودرێژ، لە وێنە گەورەکەوە سەیری لێکەوتەکانی ململانێی ئێرانی و ئیسرائیلی/ئەمریکی بکرێت، ئەوەی گورزی کوشندەی بەرکەوت خودی تەلئەبیب و تاران نەبوون، بەڵکوو دەوڵەتە نێوەندگەرا خاوەن سوپا و هەواڵگرییە بەهێزەکانی نێوچەکە بوون: وەک عێراق و سووریا و میسر و لوبنان و یەمەن، هی دیکەشی بەدودا دێت.
ئەمانە سەرجەم دەوڵەتی نێوەندگەرا بوون و خاوەنی هێزی چەکدار و هەواڵگریی و تاڕادەیەک سەروەریی سیاسی بوون، بەڵام بە درێژایی ململانێ چواردەیەییەکەی ئیسرائیل/ئەمریکا و ئێران، یەک یەک چ بە زەبری دەرەکی بێت چ بە قەیرانی نێوخۆیی و هەڵگەڕانەوەی ئۆپۆزسیۆن و نەیارەکان بێت، دەوڵەتەکان لاواز بوون و حاڵی هەموو ئەوانەی نێو بران، هەنووکە تەنها حکومەتەکانی ماون و سەروەریی دەوڵەتی و پێشڤەچوون و کاریگەرییان لە سەر ئەوانی دیکە کەمڕەنگترە، ساڵانێک ئاڵاهەڵگریی عروبە و ئیسلام و پەرچەمداری ڕزگارکەری قودس و عەرابی کاریگەریی ئاشتیی لایەنە ناکۆکەکان بوون و دەیاننازی بە سوپاکەیاندا، ئێستا بە خۆشیاندا ناگەن و لە پەراوێزیی کاریگەریدان و بەردەوام وەک هێزی ناچالاک (پاسیڤ) لێکەوتەی ململانێکە هەر لەسەریانە و بەرەو لاوازتریان دەبات. لەم شەڕە ١٢ڕۆژیەشدا دەرکەوت کە ئاسمانی وڵاتانی وەک سووریا و عێراق و لوبنان، هتد، لە ژێر دەستی خۆیاندا نییە و ئاگری شەڕەکەش پڕژی بەر ئەوان کەوت و بۆ ئایندەش لێکەوتەی دەبێت.
لە میانەی ئەو ململانێیەی ئەمریکا/ئیسرائیل و ئێران، زۆر دەوڵەتی ناوەندی لاواز بوون و بە پێچەوانەوە چەندین “ئەکتەری نادەوڵەتی” هاتنە بوون و تا هەنووکەش ڕۆڵیان هەیە.
لە بەری هاوکاریی ئێرانەوە، وەک دەرکەوتنی کاریگەریی حیزبوڵای لوبنانی لە سێ دەیەی لوبنان، حەماسی فەلەستین، حوسیی یەمەن، حەشدی شیعی عێراقی. لە بەری ڕۆژئاوا و ئەمریکا (بە ئیسرائیلیشەوە)، هەرێمی کوردستان لە عێراق و کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا پاش جەنگی داعش و سەرەتای دەرکەوتنی دروزەکان لە سووریا و دووریش نییە بەرەو هەرێمی سوننەی عێراق سەر بکێشێت!
دەرفەتە ئاییندەییەکان بۆ هەرێمی کوردستان
ئەگەر ئێستا وەرزی گوێزژماردنی کۆتایی قۆناغێکی جەنگ و شەڕەکە بێت (کە بە دڵنیایی قۆناغی دیکەی ماوە)، دەتوانین ئەوە هەڵێنجێنین، تا دێت گورزی کوشندەتر بەر دەوڵەتە ناوەندگەراکان دەکەوێت و هەلی زیاتر دەدرێتە پێکهاتە و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان. کەواتە گرنگە بۆ کورد (وەک پێکهاتەی قوربانی دەستی ناوەندگەرێتی لە هەر چوار پارچە) بەو ڕێڕەوەدا بڕوات کە بەشێک بێت لە گوتاریی مافی پێکهاتەکان و دیموکراتیزەکردنی نێوچەکە و فیدراڵیزەکردنی حکومەتە ناوەندگەراکان، چونکە لەمەدا هەم مافی خۆی لانی کەم وەردەگرێت و درز بۆ بەشداریی زیاتری سیاسیی دروست دەبێت، هەم هاوبەش و هاوخەباتی بۆ پەیدا دەبێت و هەموو شەڕەکە و سووری بەرلەشکرییەکە ناکەوێتە ئەستۆی کورد. لێرەدا، بۆ هەرێمی کوردستانیش لە عێراقـدا (وەک دەرفەتسازیی) جەختکردنەوە لە سەر دوو خاڵ پێویستە:
یەکەم، جێگیرکردنی فیدراڵیزم لە عێراقـدا، گرنگە هانی سوننەکان و بەسرە بدرێت هەرێمی خۆیان دروست بکەن و پاڵپشتیی ئەو گوتارانە بکرێت.
دووەم، بۆ سەرهەڵنەدانەوەی ناوەندێتیی لە بڕیاردا و لاوازکردنی سیاسەتی تاکڕەهەندانەی شیعەی سیاسی و وەلائی لە بەغدا، گرنگە پابەندی بە دەستووری عێراقـەوە ببێتە گوتاریی بەردەوامی هەرێم و تەوافوقی سێقۆڵی سەرەتا و دەیەی یەکەمی پاش پڕۆسەی ئازادیی عێراق زیندوو بکرێتەوە (شیعە-سوننە-کورد). بەمەش بەشێکی زۆر لە تاکڕەوییەکانی بەغدا و پاساوەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و جێبەجێنەکردنی دەستوور چارە دەبن.