میرزا دنایی
لە ژێر تیشکی ئەو هەموو هەڵە تێگەیشتنە باوانە و لە کەمیی زانیاریی و مەعریفە، زەحمەتە لەناو کۆمەڵگەی ئێزدیی و کۆمەڵگەکانی دەوروبەرماندا لەسەر ئایینی ئێزدیی قسەیەکی جددی بکەین.
بەهەرحاڵ، بۆ ڕوونکردنەوە و شرۆڤەکانم بۆ “تاووسی مەلەک” پشت بە سێ کایە دەبەستم: یەکەمیان ڕۆحی و ئایینی-فەلسەفییە؛ دووەمیان مێژوویی و زمانەوانییە؛ و سێیەمیشیان تێکەڵوپێکەڵ کردنی تێگەیشتن و دیدەکانە لەمەڕ تاووسی مەلەک لە کۆمەڵگەکانی دەوروبەرمان.
یەکەم، لایەنی ڕۆحی و ئایینی-فەلسەفیی
سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین کە ئێزدیی تێڕوانینێکی تایبەت و جیایان هەیە بۆ دروستکەر (خالق)، خودای مەزن، خودا (ئیزی). ئەو یەک و تاکە خودایە، کە سەرەتا خۆی دروست کردووە، دواتریش گەردوون بە هەموو لایەن و شتەکانەوە. لەم سۆنگەیەوە و لەبەرئەوەی “خودا” خوداوەندێکی ڕەهایە، دروستکەری چاکە و خراپەیە، بۆیە، هیچ فریشتەیەکی خراپەکار یان فریشتەیەکی سەرپێچیکار لە ئایینی ئێزدیی بوونی نییە. ئەو خودایەش کە خوداوەندێکی ڕەهایە 1001 نازناوی هەیە، وەک ئەوەی کە لە دەقێکی ئایینیدا هاتووە:
سوڵتان ئێزی بخوە پەدشایە (سوڵتان “ئێزی” پاشایە)
هەزار و یەک ناڤ لخوە دانایە (هەزار و یەک ناوی بۆ خۆ دانایە)
ناڤێ مەزن هەر “خوەدا“یە (مەزنترینیان ناویان “خودا”یە)
ئەگەر تەماشای دەقێکی دیکەی ئایینی ئێزدیی بکەین سەبارەت بە ناوەکانی ئەم خوداوەندە مەزنە، “خودا”، ئەوا دەقێکی زۆر گرنگمان بەرچاو دەکەوێت کە پێگەی “تاووسی مەلەک” ڕوون دەکاتەوە، دەقەکە دەڵێت:
ئێزی و تاووسی مەلەک و شیخادی یەکن (“ئیزی” و تاووسی مەلەک و شێخادین، یەکن)
هوون مانییا ژێ مەکن (ماناکان لە یەکدی جیا مەکەنەوە)
ئەو زوو مرازا حاسل دکن (ئەو، ئەو کەسەیە کە مرازەکان بەدی دێنێت)
لەبەرئەوەی ئێزدییەکان باوەڕیان بە گواستنەوەی ڕۆحەکان هەیە. هەروەها باوەڕیان بە چەندین وێنای خودایی هەیە، بۆیە، پێیان وایە خودا لە “پلە” یان “پایە”ی جیاجیادا هەیە و خۆی دەردەخات. پلەیەکی ڕەها؛ پلەیەک لەگەڵ فریشتەکان؛ پلەیەکیش لەگەڵ گەردوون یان زەوی. ئەمانە هەمووی بەشێکن لەو هەزار سیفاتانەی کە هەیەتی. هەندێک جار “ئیزی”یە، ئەوا ئەو کاتانەیە کە بوونی ئەو پەیوەندی بە ئاسمان و خوداوەندی ئاسمانەکانەوە هەیە (لە شوێنێکی دیکەشدا خودای ڕۆژە)؛ لە سیفەتی دووەمیدا، خوداوەندە یان پاشای فریشتەکانە (تاووسی مەلەک)؛ لە دوایین سیفەتیشیدا، کە پەیوەستە بە زەویەوە، ئەو “ئادی”یە. گرنگە لێرە ئاماژە بەوە بکەین کە وشەی “ئادی” و “شێخادی” ئاماژە نین بۆ “شێخ عودەی کوڕی موسافیر”. ئادی ناوەکی خوداوندییە، بەڵام شێخ عودەی مرۆڤێکە.
ئێزدییەکان هەمیشە باس لە خوداوەندێکی فەلسەفی دەرکەوتوو دەکەن جیا لەو دوو کەسایەتییە بابچاکەکان کە لە مێژوویاندا دەرکەوتوون، وەک نموونە: “شێخ حەسەن”، کە مرۆڤە؛ هاوکات “شێخسن” هەیە، کە ناوی فریشتەیەکە و پەیوەستە بە مانگ؛ بەهەمان شێوە، “شێخ شەمس” هەیە، کە مرۆڤە؛ هاوکات “شێشمس” هەیە، کە فریشتەیە و پەیوەستە بە ڕۆژ، ئەمەیان پەیوەندییەکی دیکەی لەگەڵ شەمشی-ئاداد هەیە لە سەردەمی ئاشوورییەکاندا، کە ئێرە بواری باسکردنی نییە.
بۆیە لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە “خودی” و “ئیزی” و “تاووسی مەلەک” هەموویان سیفەتی “خودای مەزن”ـن لە تێگەیشتنی “ئێزدیی”دا.
دووەم، ڕوانگەی مێژوویی و زمانەوانیی
تاووس لە وشەیەکەوە هاتووە کە لە زمانی پەهلەویـدا هاتووە (لە کۆندا شەمسانییەکان بەکاریان دەهێنا)، هەروەها لە زمانی یۆنانیـشدا. وشەکە بە مانای مەلی/باڵندەی “تاووس” نییە، بەڵکوو لە وشەی “تیۆس”ـەوە هاتووە کە بە واتای “خودا” دێت. مەلەک تاووس بە مانای “خوداوەندی فریشتەکان” دێت.
گرنگە ئاماژە بە ئایینی زەردەشتیی بکەین کە لە ئێزدییەت (ڕۆژانییەت) جیا بووەوە، کە پرنسیپی یەکتایی “خوداوەندی ڕۆژ”ی شکاند (کە ئیزی و مەلەک تاووس و نازناوەکانی دیکەی تێدا دەرکەوتووە). ئایینی زەردەشتیی هەبوونی دووانەی خوداوەندەکان (خودای چاکە و خودای خراپە) دەکات. ئایینی مەسیحی و ئیسلام ئەم بنەمایەیان لە ئایینی زەردەشتی یەوە وەرگرتووە، بەگۆڕینی خودای خراپە بۆ فریشتەی خراپە، وەک گەشەیەکی بنەمای یەکتاپەرستی لە وڵاتی کەنعان و نیمچە دوورگەی عەرەبیـدا. بەبێ ئەوەی بە دیارییکراوی دەستنیشانی بکەن کە چۆن خراپە بۆ هەمیشە هاوتەریب لەگەڵ چاکە دەمێنێتەوە.
هەر چۆنێک بێت، خراپترین شت کە لە سەردەمی زاڵیی ئایینی زەردەشتیی لە ناوچەکەدا بەسەر ئێزدییەکانـدا هات، ئەوە بوو، وانە و ڕێنماییەکانی زەردەشتیی، بە مەبەستی بڵاوکردنەوەیان، چ لە ڕێگەی هێز چ لە ڕێگەی باوەڕهێنانەوە، هەوڵی دوورخستنەوەی خەڵکیان لەو باوەڕە ڕۆژانییەتەی ئێزدیی دەدا. بەمەش سیفەتی خوداوەند وەرگەڕا. بەم جۆرە، تیوس (تاووسی مەلەک) کە تا ئەو سەردەمە هێمای خودا و سیفەتێکی خودای چاکە بووە، پێناسەیەکی خراپی بۆ کرا. ئیدی ئەو ناوە بەستراوە بە ناو و سیفەتی جنۆکەکان و خراپەکاران و شەڕانگێزەکان. لەبەرانبەردا سیفاتەکانی “مەلەک تاووس”یان دایە پاڵ ئاهورامازدا. هەر لەبەر ئەمەشە، دواتر وشەکە لە ئەدەبیاتی فارسی و کوردی دا پەرەی سەند و بوو بە “دیوس” و “دێو”، کە ئاماژەیە بۆ جنۆکە.
تاووسی مەلەک لە ئەدەبیاتی ئایینیی و کۆمەڵایەتیی ئێزدی دا وەک سیفەتی “حیکمەت و چاکەی ڕەها”یە، هاوکات، هیچ سیفەتێکی خراپەکاریی لە نێو ئێزدییەکان بە “تاووسی مەلەک” پەیوەست نەکراوە. ئێزدی”تاووسی مەلەک” وەک هەڵگری سیفاتی خودایی (حیکمە و خێرخوازی ئەبەدیی) وەسف دەکەن.
واتە ئەو سیفاتی (شەیتان یان ئبلیس) کە لە ئایینی موسڵمان و مەسیحی دێت هیچ گرێدان لەگەڵ وەسفی تاووسی مەلەک (ئێزدی) نییە. لەبەر ئبلیس وەک هێزی دووەمی خودایی (زەردەشتی) یان وەک فریشتەی خەراپ (ئیسلام و مەسیحی) دەبینرێت، کە نیشانەی خراپە و شەڕانگێزییە لە ئایینی ئیسلام. ئەمە جیاوازیەکی زۆر باڵکێشە. مخابن ئەم نە تێگەهەشتنە بویتە ئەگەر بۆ هەزاران هێرش و بوختان دژی خەڵکی بێ گوناهی ئێزدی.
لە ڕووی مێژووییەوە، نووسەر، جۆرج حەبیب و نووسەرانی دادپەروەری دیکە، وەک زوهێر کازم عەبود، ” تاووسی مەلەک”یان بە خوداوەند “نابوو” پەیوەست کردووە، کە خوداوەندێکی بابلی بوو و لە پەرستگای “ئێزیدا” لە بابل دەپەرسترا. ئەم بەستنەوەیەش تاڕادەیەک لە ڕاستیی دوور نییە، چونکە “نابوو” خوداوەندی حیکمەتە و لە هەمان کاتدا خوداوەندی پلە دووە لە کۆپەرستگاکانی بابلییـدا. ئەم پێگەیەی کاتێک وەرگرت کە حامورابی پێگەی خوداوەند “مەردوخ”ی بۆ باڵاترین پلە بەرز کردەوە.
ئەمە خۆی لە خۆیدا مانۆڕێکی سیاسی بوو، بەو پێیەی خوداوەند “نابوو” (تاووسی مەلەک) خوداوەندێکی ئاشتیخوازی حیکمەت و چاکە بوو و هانی شەڕ و کوشتنی نەدەدا. حامورابی پێویستیی بە خودایەکی شەڕانگێز و بەهێز هەبوو تاوەکوو ڕکابەری خوداوەندی ئاشورییەکان بکات و خەڵک ڕازی بکات و وەگەڕ بخات بۆ شەڕ، بەپێچەوانەی سۆمەرییە ئاشتیخوازەکان، کە “نابوو”یان بە بەشێک لە میراتی ئایینی خۆیان دەزانی. حامورابی بەناچاری باوەڕی پێ هێنا چونکە خەڵک باوەڕیان پێی بوو. بەمەش حیکمەت هاتە پلەی دووەم لە گرنگیدا لە ڕیزبەندیی خوداوەندەکانـدا.
سەرەڕای ئەوەش، بۆمان دەردەکەوێت کە لە کاتی فێستیڤاڵەکانی سەری ساڵی بابلییەکان لە بەهاراندا و بە تایبەتیش لە ڕۆژانی چوارشەممەـدا، بابلییەکان لەگەڵ هەموو موریدەکانیان لە “بۆرسیپا”وە دەهاتنە پەرستگای “ئێزیدا” بۆ ئەوەی ساڵانە دڵسۆزی و پابەندی خۆیان بۆ خوداوەند “نابوو” دووبارە بکەنەوە. ئەمەش هەمان سەری ساڵی “ئێزدیی”یە، کە جەژنی خوداوەند “نابوو” (تاووسی مەلەک)ـە.
سێیەم، کێشەی ئێزدییەکان لەگەڵ دراوسێکانیان لە پەیوەند بە تاووسی مەلەک
لەگەڵ دەرکەوتنی سۆفییەکان و هاتنیان بۆ ناوچەکانی بوونی ئێزدییەکان، کە لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئیسلامیـدا بەسەرخۆیاندا داخراو بوون و وەک گرووپێکی مرۆیی تەسلیمبوو بەو واقیعە سیاسیی-ئایینیەی کە بەسەریاندا سەپاو بوو، مامەڵەیان دەکرد. هاوکات، لەگەڵ هاتنی “شێخ عودەی کوڕی موسافیر، بۆ ناو ئێزدییەت، کە کەوتبووە ژێر کاریگەریی حوسێن حەلاج و بیرۆکە یەکتاپەرستییەکان، چیرۆکی شەیتان بە هەڵە لەگەڵ سیفەتەکانی “تاووسی مەلەک” تێکەڵ بوو.
لە ڕاستیدا، ئێزدییەت نە لە نزیک نە لە دوور هیچ پەیوەندییەکی بە شەیتانـەوە نییە. بەڵام بیری سۆفیگەریی بەبنەما لەسەر دەقە قورئانیی و ئینجییلییەکان شەیتانی پیرۆز کرد و پێگەی ئەوی لە نێو فریشتەکاندا بەرز کردەوە و لە پلەی دووەم، لە دوای خودا داینا. ئەم پەیوەندییە بە چەمکەکانی ڕۆژانییەت-ئێزدییەت پێوانە کرا و لەناو کۆمەڵگەی ئێزدی نەخوێندەواردا کۆپی کرایەوە و پراکتیز کرا. وەک ئامرازێکی سەقەتی ئامێزان، ئیدی بیرۆکە ئیسلامییەکان لە ڕێگەی ئەم سۆفیگەرییەوە هاتنە ناو کۆمەڵگەی ئێزدییـەوە. ئەمەش تێکەڵێک بیرۆکەی بەرهەم هێنا کە تێگەیشتنێکی هەڵەی لەلای ئەوانی دیکە لەسەر پەیوەندی ئێزدییەکان و شەیتان دروست کرد، بە ناهەقی.
ئەوەی کە نە موسڵمانان نە مەسیحییەکان تێی ناگەن ئەوەیە کە وێنە و سیفاتەکانی شەیتان، کە سەرچاوەی ئیغراکردنە بۆ شەڕ و خراپەکاریی کە لەلایەن خواوەندەوە ڕێگەی پێدراوە، لەسەر “تاووسی مەلەک”ێک جێبەجێ نابێت، کە هێمای حیکمەت و چاکەی ئەبەدییە. ئەم سەرلێشێواوییە کێشەی بۆ کۆمەڵگەی ئێزدییش دروست کردووە، بەتایبەتی لەگەڵ دووبارەکردنەوەی تۆمەتەکان لە پێنج سەد ساڵی ڕابردوودا.
تۆمەتبارکردنی ئێزدییەکان بە شەیتانپەرستی مێژووەکەی لە پێنج سەد ساڵ زیاتر نییە، ئەمە لە مێژووی ئایینێک کە تەمەنی زیاتر لە پێنج هەزار ساڵە، هیچ مانایەکی نییە. ئەمەش بەڵگەیەکی دیکەیە لەسەر نەبوونی پەیوەندی لەنێوان “تاووسی مەلەک” (خودای ڕۆژ، ئیزی، خودا، ئادی) و ئەو شەیتانەی ناوی لە ئایینە کیتابیەکان هاتووە.



