سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

میلیشیا مەترسی و تۆمەت لەسەر کورد

عوسمان ساوجی

میلیشیا بریتییە لە هێزێکی چەکداری مەشقپێکراو کە لە دەرەوەی سوپای فەرمی بۆ ئەرکێکی دیاریکراو دادەمەزرێن و خاوەنی پەیکەرێکی سەربازی تەواو ڕێکخراو نین بەراورد بە سوپا. ئەمانە کەمتر پابەندن بە دیسلپین و یاسا و ڕێسا سەربازیی و مەدەنییەکان. بنەڕەتی وشەکە یۆنانییە و دواتر وردەوردە گواستراوەتەوە بۆ ناو زمانی ئینگلیزی  بووە بە میلیتا کە  بە واتای سەرباز دێت.

مێژووی چەمکەکە نوێ نییە بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی دەوڵەتان و گرنگیدانینان بە بواری سەربازیی  و فراوانبوونی ئەرکە سەربازییەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی دەوڵەتاندا ئیتر هێزی چەکداریش لە زیاتر لە فۆرمێکدا ڕێکخرا، کە میلیشیا یەکێکە لەوانە و تاڕادەیەک لە زۆر شوێنی جیهانیشدا پەیڕەوی لێکراوە، بەتایبەت لەو وڵاتانەی کێشەی ناوخۆییان هەیە و  باوەڕیان بە چارەسەری ئاشتیانە و دیموکراسیانە نییە.

میلیشیاکان گوێڕایەڵیان بۆ ڕابەرێکی نەتەوەیی، ئایینیی، ئاینزایی یان سەرۆک خێڵێک هەیە و لە ڕێگەی ئەو کەسایەتیانەوە کۆنتڕۆڵ و ئاراستە دەکرێن و لەکاتی ئەرکدارکردنینان بە گوێرەی ئەو جۆشدان و پاساوەی  دەکرێتە پاڵنەریان بۆ شەڕکردن دەجەنگن. هەندێک کات تاوانی نامرۆڤانەی وەک کۆمەڵکوژی و دەستدرێژی و تاڵان ئەنجام دەدەن و بەبێ لێپرسینەوەش لێی دەرباز دەبن.

کوردستان وەک خاک و کورد وەک نەتەوە مێژوویەکی تاڵی لەگەڵ ئەم دیاردەیە هەیە و هەر بەشێکی کوردستان بگریت شوێندەستی ئەم جۆرە چەکدارانەی پێوە دیارە. میلیشیا چەکدارەکان لەهەر دەوڵەتێکدا ناوێکی دیاریکراویان هەیە کە بەگوێرەی ئایدۆلۆجیای فەرمی دەوڵەت و ئەو ئەرکەی پێیان سپێردراوە (کە لە مەیاندا تا ڕادەیەک هاوبەشن) ناو دەنرێن، بۆ نموونە، سوارەی حەمیدییە کە لەلایەن سوڵتان حەمیدی عوسمانی‌یەوە دامەزرا بۆ سەرکوتی گەلی ئەرمەن ژمارەیەک چەکداری خێڵە کوردەکان تیایدا بەشدار بوون، کە بەو هۆکارە، دوای زیاتر لە سەد ساڵ هێشتا ڕقی ئەرمەن بەرامبەر کورد بەتەواوی دانەمرکاوەتەوە.

لەقۆناغی دوای داڕمانی دەوڵەتی عوسمانی و شێوە گرتنی ئەم نەخشە سیاسیەی ئێستای کوردستان کە هەردەوڵەتێک لایەکی وڵاتەکەی پێبڕا، بەڵام بەوە دڵیان دانەکەوت و نەیانتوانی  کورد وەک هاووڵاتی وڵاتەکەیان پەسەند بکەن، ئیتر ئەوان دەستیان کرد بە سەرکوت کردن و کوردیش بە تێکۆشان. جوگرافیای کوردستان و سروشتی تاکی کورد بۆ سەرسەختی و یاخی بوون و ملکەچ نەکردن بڕستیان لە هێزی نەتەوەی سەردەست بڕی و چیتر سەربازێکی عێراقی یان ئێرانی یان جەندرمەیەکی تورک نەیدەتوانی بەتەنها لە ناوچە سەرکەشەکانی کوردستان شەڕی شۆڕشگێرە کوردەکان بکات سەرەڕای ناهاوسەنگی لە ژمارەی هێز و جۆرێتی و چەندێتی چەک و تەقەمەنی لە بەرژەوەندی هێزی دەوڵەت. لەبەرئەوە بیریان لەوە کردەوە شەڕی کورد بە کورد بکەن یان لانیکەم بەشداری بە کورد بکەن بۆ شەڕی دژ بەخۆیان.

بۆیە، لەپاڵ سوپایەکی سەرکوتکار هێزێکی تریش لە خەڵکانی بێکار و هەڵهاتوو لە سەربازی و ئەندامانی خێڵەکان پێکهات بەناوی سوارە (فرسان)، گوند پارێز، دژە-گەریلا (کۆنترا)، کۆمەڵەی دەستوەشێن، هتد. ئەمانە لەناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئەدەبیاتی سیاسی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد دا بە “جاش” ناسران.

ئەم هێزانە بەهۆی شارەزاییان لە جوگرافیا و تاکتیکی شەڕ و  شوێنی هێزە شۆڕشگێڕەکان ڕۆڵێکی گرنگ و  کاریگەریان لە شەڕەکاندا بینیوە. لە باشووری کوردستان تۆمەتبارن بە بەشداری لە پرۆسەکانی ئەنفال دا. لە بەشەکانی تریشدا سەدان شۆڕشگێڕیان شەهید کردووە یان دەستگیریان کردوون و ڕادەستی دەوڵەتیان کردوون و کردەوەی تاڵانکاری و سوتاندن و وێرانکاریان ئەنجامداوە.

لە ئێستاشدا لە هەریەک لە عێراق و سووریا بوونی میلیشیا دیاردەیەکی باوە و چارەسەرکردنیشیان کارێکی ئاسان نییە. حەشدی شەعبی لە عێراق بە فتوایەکی مەرجەعی شیعە بۆ شەڕی  داعش دامەزرا و بەشێک لە پێکهاتەی سوننی و تورکمانیش تیایدا بەشدار بوون،  کە ئێستا ئەم هێزانە لەلایەک حکومەتیان خستوەتە ژێر فشاری ئەمریکاوە و لەلایەکی تریشەوە حکومەتیش توانای ئەوەی نییە یان نایەوێت هەڵیان بوەشێنێتەوە.

لە سووریای سەردەمی جۆلانی هەرچەندە تەمەنیشی زۆر کورتە بەڵام چەکداری خێڵەکان و گرووپە چەکدارەکانی ئەو ئەرکانە جێبەجێ دەکەن کە هێزی سەربازی حکومەتی ڕاگوزەر پێی ناکرێت، هەر لەسەرکوتی دروز و عەلەوی بۆ هەڕەشە کردن لە کورد.

ئەمە لە کاتێکدایە کە دەسەڵاتی ئەم دەوڵەتانە، هێزی کورد وەک گرووپی چەکداری لە یاسادەرچوو و ناڕێکخراو و هەندێکجار تیرۆرستیش دەناسێنن. ئەوان هەمیشە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پێویستە چەک تەنها لەدەستی دەوڵەتدا بێت ئەوەش بەواتای ئەوەی کە کورد نابێت چەکی هەبێت یان هەبوونی چەک بۆ کورد یاسایی نییە و هێزی کورد وەک میلیشیا دەناسێنن ئەگەرچی لە دەستوریشدا وەک هێزێکی یاسایی ناسێنرابن، لە نموونەی هێزی پێشمەرگە یان هێزەکانی هەسەدە کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش وەک هێزێکی فەرمی و خاوەن پرەنسیپ و یاسا و ڕێسا ناسراون.

دیارە ئەم بابەتە بەنیسبەت هێزی پێشمەرگە بەشێکی تۆمەتە و بەشێکیشی دەکەوێتە ئەستۆی سەرکردایەتی سیاسی کورد کە تا ئێستا نەیانتوانیوە هێزەکانی پێشمەرگە لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا بەتەواوی یەک بخەن کە ئەوە خواستی کورد و دەوڵەتانی دۆست و هێزەکانی هاوپەیمانانیشە. بۆیە میلیشیا جارێک هەڕەشەیە لەسەر کورد و جارێک تۆمەتە دژی کورد.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO