ئەسرین عاسی شوانی
ئەو ناونیشانە ڕەشەی سەرەوە کەس نییە پێی ئاشنا نەبێت، بەتایبەت ئێمەی کورد و بەتایبەتتر ئێمە لە باشووری کوردستان دا.
براکوژی، یان شەڕی خۆخۆری و خۆكوژی، لە مێژووی گەلانی جیهاندا سەربردەی دوورودرێژی هەیە، کەم نەتەوە و گەل لە جیهاندا هەن بەو قۆناغەدا تێپەڕ نەبووبن، بەتایبەت لە قۆناغی ڕزگاریی نیشتمانیی و قۆناغە ڕاگوزەرەکانی دوای ڕزگاریی، بەتایبەتی لەكاتی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتدا، جا لە ڕێگای کودەتای سەربازییەوە بووبێت یان بە هەر ڕێگایەکی دیكەوە. شەڕی ناوخۆ و ڕشتنی خوێنی برا و خوشک بە دەستی هاوزمان و هاوئایین و هاونەتەوەی خۆی، نەخاسمە لەناو گەلانی دواکەوتوو و داگیركراودا، هەر هەبووە و زۆر کەمن لەوانەی بەو پڕۆسە ڕەش و تاڵەدا ڕەت نەبووبن.
ئەگەر لە دۆخی باشووری کوردستان بڕوانین، بەداخەوە شەڕی براکوژی و خوێنڕشتنی هاوخوێن و هاوزمان و هاونیشتمانییانی ئەم دەڤەرە بە دەستی براكان، مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە، جا ئەو شەڕە نەگریسەی براکوژی دەستی دەرەکی و دەستی داگیرکەرانی کوردستانی تیادا بووبێت، یان هۆکاری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی هەبووبێت.
لە ڕۆژگاری زووتردا، زۆربەی میرنشین و ئیمارەتەکانی کوردستان لە سەدەكانی ڕابردوودا، سەرەڕای بەهێزییان و هەژموون و دەسەڵاتیان بەسەر ناوچەی بەرفراوان، بەڵام بەهۆی ناتەبایی و شەڕی ناوخۆ و براکوژییەوە، ئێستا هەر ناویان ماوەتەوە و نەیانتوانیوە ببن بە هێزێكی یەكگرتووی وا قەوارە و دەوڵەتێك بۆ خۆیان دروست بكەن و شوێنەوارێك لەدوای خۆیان جێ بهێڵن كە قەوارەیەكی بەهێزتری لەسەر بنیات بنرێت.
نەک هەر ئەوە، بەڵكوو ئەو ناتەباییەی لەنێو میرنشین و دەسەڵاتدارە خۆجێییەكاندا هەبووە، بە جۆرێک شۆڕ بووبووەوە بۆ خوارەوە بۆ ناو كۆمەڵگە، كە زۆر کات لەنێوان عەشیرەتە گەورەکانیشدا، شەڕی براکوژی و كارەساتی گەورە ڕووی داوە و خوێنی چەندین کەسایەتی و لاوی عەشیرەتەکان بە ناهەق ڕژاوە، سەرچاوە و هاندەر و ئاگرخۆشكەری ئەو شەڕ و پەلاماردانانەش، زۆربەی جار دوژمنانی دەرەكی بوون كە وایان كردووە كورد لەناو یەكدا پەرتەوازە و دژی یەكتر بن. ئەمە جگە لە هۆکاری کۆمەڵایەتی و باڵادەستی و دارایی و هێزی عەشیرەت کە پێشتر لە سەدەکانی ڕابردوودا کارەساتی گەورەی لێ كەوتووەتەوە و نەهامەتی و دەردەسەریی بۆ كورد هێناوە و ئافاتێك بووە كە بەرۆکی گەلەکەمانی گرتووە. ڕشتنی خوێنی برا و خوشک بە دەستی هاوزمانانی زیانی زۆری بە دۆزی گەلی کورد گەیاندووە. بەداخەوە کورد بەتایبەت زۆر لە لایەنە سیاسییەکان، پێناچێت پەندیان لەو تاقیکردنەوە تاڵانەی مێژوو وەرگرتبێت.
جگە لەوەی دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان هەمیشە لە کەمین و پیلاندانان بوون بۆ ئەوەی کورد نەتوانێت برایەتیی نێو ڕیزەكانی بپارێزێ و یەكگرتوویی لەنێوانیاندا هەبێت و پشت بە یەكتر ببەستن. لەبەرانبەردا دەبووایە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە باشووری وڵات زیاتر لەو تاقیکردنەوە تاڵانە ئەزموونیان وەرگرتبوایە و شەڕی براکوژی وەك چۆن حەرام كراوە، هەرگیز پەنایان بۆی نەبردبایەوە. بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە سلێمانی بینیمان بەداخەوە خوێنێکی زۆری ڕۆڵەی كورد لەو نێوەدا بێهوودە ڕژێنرا.
ئێستاشی لەگەڵدا بێت بەشێك لە لایەنە کوردستانییەکان بۆنی شەڕی براکوژی لە پەیامەکانیان دێت، وەک ئەوەی درکیان بەو ڕاستییە نەکردبێت، ئەگەر ئەو توانا و خوێنەی لە شەڕی براکوژی بە ناهەق ڕژێندراوە، لەبەرامبەر دوژمنان و داگیرکەران بەخشیبایان، ئێستا دۆخی کورد لە قۆناغێكی زۆر پێشكەوتووتردا دەبوو. سەیرە تا ئێستا حیزب و لایەن هەبن هێندە دەمارگیر بن هەموو چركەساتێك ئامادە بن بۆ هەڵگیرساندنەوەی شەڕی ناوخۆ، سەیرە نەتەوەیەك خاوەنی ئەو هەموو قوربانییە زۆرە بێت و لەو مێژووە دوورودرێژەدا ژیابێت، سیاسی و حیزبی وای تێدابێت تا ئێستاش ئامادەی شەڕی براكەی خۆی بێت.



