بەهمەن تاهیر نەریمان
لە ڕژێمی میرنشینی و مەلیکی و سەڵتەنەت و ئیمپراتۆرەکاندا لەبەر ئەوەی “جێنشینی” لە باوانەوە بۆ کوڕەکان دەمایەوە، دوای مەرگی کەسی یەکەم (مەلیک، سوڵتان، ئیمپراتۆر) شەڕی خوێناوی ئەگەر ڕووی بدایە لەنێوان (کوڕ، برا، مام و برازا) ئەگەرە هەرە چاوەڕوانکراوەکە بوو، برا بە ئاسانیی دەستی دەچووە خوێنی براکەی و بە دڕندانەترین شێوە دەی کوشت، چونکە مەترسییە گەورەکە بۆ سەر تەختەکەی، برا و کەسە نزیکەکانی بوو، کەمتر سوپاسالار و بنەماڵەکانی تر ئەو زاتەیان دەکرد کە داوای ئەسکەمەل و تەختی پاشایەتی بکەن.
لە شۆڕشی ئەیلولدا؛ دوای ئەوەی باڵی “جەلالییەکان” حیزبی خۆیان دادەمەزرێنن، ئیتر ڕۆحی بزوێنەری “پارتی دیموکراتی کوردستان” و کولەکەی ڕۆحی ئەم حیزبە دەکەوێتە دەستی کوڕەکانی مەلا مستەفا. جا لەبەر ئەوەی هەژموونی “مەلا مستەفا” لەسەر پارتی زۆر بوو، هێشتا باڵی “جەلالییەکان” لە باڵی “مەلاییەکان” جیانەبووبوونەوە؛ کوڕانی “مەلا مستەفا” لەسەر هەژموون و دەسەڵات دەبن بە دوو بەرەوە، بەرەی کوڕانی ژنی یەکەم، مەحبوبە خان، و بەرەی کوڕانی ژنی دووەم، حەمایل خان، کێشەکە بە کردنە دەرەوەی کوڕانی ژنی یەکەم کۆتایی دێت.
لە باشووری کوردستان؛ بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات سیستەمی خێڵ و ئیمارەت و سوڵتانەکان دەخزێنرێتە ناو ڕێکخراوێکی مۆدێرنی وەک حیزب. بە بنەماڵەکردنی حیزب لە هەرێمی کوردستان لە نێو پارتی دیموکراتی کوردستانـەوە دەگوازرێتەوە بۆ ناو زۆربەی حیزبەکانی تری کوردستان و مۆدێلی حیزبی بنەماڵە پەرەدەسێنێت. دەکرێت ئەمە ناوبنێین پێواژۆی بەپارتیبوونی پارتەکان. لە ئێستادا، جگە لە پارتی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، حیزبەکەی کاکە حەمە، نەوەی نوێ، گۆڕانی باڵی کوڕانی نەوشیروان مستەفا، بزوتنەوەی ئیسلامی، بڕێکیش کۆمەڵ) لە ناو پڕۆسەی بەبنەماڵەکردندان.
پێش بەبنەماڵەکردنی ئەم حیزبانە، ململانێکان لەنێوان بەرپرسەکانی سەرەوە ڕوویان دەدا، باڵباڵێن و لێک جیابوونەوەکان لەناو حیزبێکی دیاریکراودا سەرکردەکانی بەڕێوەیان دەبرد. هۆکاری لێک جودابوونەوە و لێکترازانەکان پاساوی ئایدیۆلۆجیایی و سیاسیی بۆ دەهێنرایەوە. بۆ نموونە، ململانێی نێو باڵی “مەلا مستەفا” و “مەکتەب سیاسی”ی شۆڕشی ئەیلول پاساوی جۆراوجۆری وەک بەرەی پێشکەوتووخواز و خۆپارێزی بۆ دەهێنرایەوە، یان “ئاڵای شۆڕش” کە لە یەکێتیی نیشتمانیی جیابوویەوە و پاساوی ئەوەی دەهێنایە بەر باس کە یەکێتیی لە بنەماکانی «مارکس-لینین» لایداوە. بۆیە ئەگەر شەڕێکیش ڕووی دابا، لەنێوان برا و کەسە هاوخوێنەکاندا ڕوویان نەدەدا، بەڵکوو سەرکردە هەژموونخواز و بەرژەوەندخوازەکان بەیەکیان دادەدا.
کاتێک حیزب دەبێتە بنەماڵە، ئیتر ترس لەناو دەستڕۆشتووەکانی بنەماڵەوە دژی یەکتری سەرهەڵدەدا. لە ئێستادا مەترسیی گەورە لەناو “پارتی دیموکراتی کودستان”ـدا، لەنێوان مەکتەبی سیاسی و بنەماڵەی بارزانی دا نییە، کڕۆکی دەسەڵات لای نەوەکانی “مەلا مستەفا”ـیە، ئەو چاوەڕوانییە زۆر دوورە کە کارگێڕ و ئەندامانی مەکتەب سیاسی ئەم حیزبە بوێریی ئەوەیان هەبێت داوای دەسەڵاتی کەسی یەکەم و دووەم و سێەم و هەر پۆستێک بکەن کە بنەماڵە خۆی خوازیاریەتی لە دەستی خۆیدا بمێنێتەوە. نەک هەر ئەوە بەڵکوو پلە حیزبی و حکومییەکان لەبەردەم هەژموونی هەر کەسێکی نەوەی مەلا مستەفادا بەتاڵ دەبنەوە؛ با پلەی حیزبیشی نەبێت یان پلە حیزبیەکەشی کەمتر بێت. لەبەرانبەردا مەترسیی لێکترازان و ململانێی هەژموون و ترسناک و خوێناوی لەناو خودی کارەکتەرکانی ئەو بنەماڵەوە جێی چاوەڕوانییە، چونکە بنتی هێزی ڕاستەقینەی ئەو پارتە لای ئەوانە، ئەوەی کە دەمێنێتەوە کۆمەڵێک فەرمانبەری کەم دەسەڵات و سنووردارن. ململانێکە لەناو پارتیدا لەنێو کوڕ و نەوەکانی “مەلا مستەفا”ـدا ئەگەری ئەوەی هەیە زۆر بەهێزبێت، بەڵام ئەم بەهێزییە لە دەرەوەی ئەو بنەماڵەیەوە هێزێکی ئەوتۆی نییە، ئەگەر چی کەسەکەش بارزانی بێت. بۆ نموونە, ترازانی “ئەدەهەم بارزانی” کێشەیەکی ئەوتۆی بۆ پارتی درووست نەکردووە کە جێی مەترسی بێت. بەڵام ئەگەر ئەو ترازانە لەنێوان دوو کارەکتەری خاوەنهەژموونی وەک نێچیرڤان و مەسرور بارزانیـدا بێت، مەترسیدارە، چونکە ئەوان لەناو پنت و کڕۆکی دەسەڵاتی ڕاستەقینەی پارتی دان.
کاکە حەمە دوای ئەوەی ساڵی ١٩٧٩ لە ڕیزەکانی یەکێتییەوە دەچێتە ناو “حسک”ـەوە؛ توانی لەدوای ڕاپەڕینەوە “حیزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان” بە پڕۆسەی “بەبنەماڵەبوون”ـدا ببات، لەناو مەکتەبی سیاسیدا چەند جارێک لێکترازان دروست بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی “محەمەدی حاجی مەحمود” هەموو گرێکانی لە دەستی خۆیدا هێشتبووەوە، هەرایەکی ئەوتۆی بۆ حیزب نەنایەوە، بەڵام ماوەیەک براکەی”عەبدوڵا”ـی کردبووە شەریکە کێک و زۆری بەشدا (ئەندام پەڕلەمان، وەزیر، دەسەڵاتی ناو حیزب، پارە)، کە کێشە دروست بوو، ئەوەندە بەرز تەقییەوە، “کاکە حەمە” بە زەبری هێز براکەی لە ناوچەی هێز (گوڵەخانە) گوڵەخانەبەدەرکرد. ئێستا ئەو بەرپرسانەی لەناو پارتەکەی “کاکە حەمە” دان، بە هەموویان بەقەد کوڕ و کچەکەی ئەو خاوەن بڕیار نین، دوای “کاکە حەمە” منداڵەکانی بکوژ و ببڕن، ئەوانی تر هەر پەراوێز و تەواو.
لەناو “بزوتنەوەی ئیسلامیی لە کوردستانی عێراق”ـدا، کاتێک “مەلا عەلی عەبدولعەزیز” کە دوای “مەلا عوسمانی برای” لەسەر کورسیی ڕابەری ڕۆنیشت؛ نەیتوانیبوو سووڕی بەبنەماڵەییکردنی بزوتنەوە تەواو بکات. بۆیە چەندان باڵ و دەنوکی تێدا کۆبووبوویەوە، کە تەقییەوە، هەر باڵە و بوون بە حیزبێکی سەربەخۆ و پارچەیەکی بچووکی بۆ کوڕەکانی مەلا عەلی مایەوە. کوڕەکانی “نەوشیروان مستەفا” تا ئێستا لە بەبنەماڵکردنی بزووتنەوەی گۆڕان سەرکەوتوو نەبوون، بۆیە هەردووکیان سەرسەختانە پشتگیری لەیەکتری دەکەن و جیاوازییەکانیان نابینرێت.
“نەوەی نوێ”؛ کە شاسوار گیرا، خوشکەکەی بووە جێگرەوەی، هیچ کەسێک لە “نەوەی نوێ” بوێری ئەوەی نەبوو بڵێت بۆ بنەماڵە و ئێمە نا؟ چونکە حیزبەکە سووڕی “بەبنەماڵەبوون”ـی خۆی تەواو کردبوو. چاوەڕوانکراوە ململانێ لەنێوان خوشکەکەی شاسوار و هاوسەرکەی ڕووبدات، بەڵام هەرگیز ئەوە چاوەڕوان ناکرێت، کەسێکی تر لە دەرەوەی بنەماڵەکەیانەوە بتوانێت داوایەکی وا بوروژێنێت.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە شاخ، لەشێوەی بەرەیەکدا بوو، خاوەنی زۆرترین باڵ و گرووپ بوو، ئەگەر تواناکانی “مام جەلال” نەبوایە زوو دەتەقییەوە. کە “مام جەلال” سەرقاڵی بەغدا بوو، باڵێکی گەورەی لێجیابوویەوە، بزوتنەوەی گۆڕان. دوای ئەو جیابوونەوە تاقەتپڕوکێنەی ناو یەکێتیی، تا ئێستاش یەکێتیی نەیتوانیووە ببێتەوە بە یەکێتییەکەی پێش ٢٥ی تەمووزی ٢٠٠٩.
دوای گۆڕان و دوای مەرگی مام جەلال، بنەماڵەی شێخ حوسامەدین (کوڕانی مام جەلال و شێخ جەنگی) دەست دەگرن بەسەر یەکێتیی دا و بە سووڕی “بەبنەماڵبوون”ـدا دەیبەن. ئیتر ئەوەی پێی دەگوترا مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکان (هەندێک لە دەسەڵاتدارە پەراوێزخراوەکان) چەقی دەسەڵاتیان لێ سەندرایەوە و کەوتە دەست کوڕ و برازاکانی “مام جەلال”. دوای ئەم پێواژۆیە لەناو یەکێتیی دا باڵێک لە دەرەوەی “ئامۆزاکان” نەمایەوە، بەڵکوو باڵ کەوتە ناو ئامۆزاکان و ململانێکان ئەوەندە گەورەبوون بەشکردنی دەسەڵات (هاوسەرۆکی) نەیتوانی ببێتە هەتوانی ململانێ لەسەر هەژموون. یەکێتیی شێوە بەرەی جاران نەما، یەکێتیی ئامۆزاکان دروستبوو، شەڕ و ململانێکەش بەتەواوی کەوتە ناو ئامۆزاکانەوە، چونکە هێز و سەرمایەی حیزب لای ئەوان بوو.
یەکێتیی ئامۆزاکان نەیتوانی لە چەند مانگێک زیاتر بخایەنێت و هاوسەرۆک “بافڵ تاڵەبانی” توانی هاوسەرۆک “لاهوری شێخ جەنگی” بکاتە دەرەوەی دەسەڵات و هەژموون، ئەگەرچی “لاهور شێخ جەنگی” خۆی وەک جێگرەوەی ڕاستەقینەی “مام جەلال” نمایش دەکرد. بەڵام ئەمە زۆری نەخایاند و بەدەستبەتاڵی لە یارییەکە کرایە دەرەوە. کرانە دەرەوەکە لەو جۆرە نەبوو کە ئیتر ئەگەری گەڕانەوەی نەبێت (هەرچەند وترا ملیۆنێک ساڵی تر دەرکراوەکان دەرکراون)، بەڵام هەر دەرکراوەکان چاوەڕێی هەلێک بوون کە پنتی دەسەڵاتی یەکێتیی وەربگرنەوە. کاتێک “لالەزار” گیرا؛ لە ژوورەکەی “لاهور شێخ جەنگی” وێنەیەکی خۆی و “مام جەلال”ـی هەڵواسیبوو (هێشتا هەر بەتەمابوو ببێتە میراتگری مام جەلال). لە ٢٢ی ئابی ٢٠٢٥ ئەو خەونە بوو بە تراویلکە و سەراب و شەڕی ئامۆزاکان بە گرتنی لالەزار و “لاهوور شێخ جەنگی” تەواوبوو. ململانێکانی نێوان ئامۆزاکان زۆر توندبوو، چونکە پنتی هێز لای هەردوولا کۆبووبوویەوە، بۆیە درێژەی کێشا و گەیشتە پێکدادان و خوێن.
لە ئاستی ناوخۆیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئێستا هێز لە ئاستی ئامۆزاکاندا نەماوە و بووەتە جێهەژموونی دوو براکە (بافڵ تاڵەبانی-قوباد تاڵەبانی)، بۆیە بنت و ڕۆحی ڕەوانی هێز و دەسەڵات لای ئەوانە و کەسی تر نا.



