سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

لە دیداری تڕامپ و پوتین، کێ براوە بوو؟ 

ئاسۆ عەبباسزادە

لە دنیای دیپلۆماسیدا هێندێک ڕووداو بە ڕووداوی سەدە دەناسرێن، واتە هێندە گرنگن کە کاردانەوەیان لەسەر ڕووداوەکان لە درێژخایەندا هەستی پێ دەکرێت.

لە دیداری دۆناڵد تڕامپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ گەیشتین بە گرێبەستی ئاشتی لە ئۆکراین، پڕۆتۆکۆلی دیدارەکە زۆر هەستیارانە داڕێژرا بوو، هاوکات، هێندێک لەو پڕۆتۆکۆلانە چاوەڕواننەکراو بوون و بوونە جێگای سەرسووڕمانی زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی و دیپلۆماسی.

لێرە ئاماژە بە چەند خاڵی گرنگ دەکەم سەبارەت بە پڕۆتۆکۆلی دیپلۆماسی ئەو دیدارە مێژووییە و کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی ئەو دیدارە:

یەکەم، بە داوای ڕووسیا فڕۆکەی دوو سەرۆک لە ئالاسکا لە یەک شوێن دابەزین، ئەوەش پێچەوانەی نۆڕمی ئاسایی دیپلۆماسییە کە خاوەن ماڵ لە شوێنێک چاوەڕێی میوان بکات. تڕامپ لە خاکی خۆی دا بە فڕۆکەی سەرۆکایەتی، خۆی وەکوو میوانێک دەرکەوت.

دووەم، بۆ یەکەم جار لە مێژوودا، سەرۆکێکی ڕووسیا لە خاکی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا سواری ئۆتۆمبیلی لیمۆزینیی تایبەت بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دەبێ. ئەوە لە کاتێک دایە پوتین ئۆتۆمبیلی لیمۆزینی “ئۆرۆس” تایبەت بە کۆشکی کرملینی هێنابوو، بەڵام لەگەڵ تڕامپ سواری ئۆتۆمبیلی ئەمریکا بوو. لەو ئۆتۆمبیلەدا بۆ یەکەم جار لە مێژووی پێوەندیی ئەمریکا و ڕووسیا، دوو سەرۆک بێ بوونی ڕاوێژکار و وەرگێر بۆ ماوەیەک لە ناو ئۆتۆمبیلەکەدا قسەیان کرد.

سێیەم، لە دانیشتنە سێ کاتژمێرییەکەدا کە بڕیار بوو شەش کاتژمێر بخایەنێت، پوتین لە پێگەیەکی بەهێزترەوە دەرکەوت. بەڵام بۆ؟ چونکە پوتین لە ئینگلیزی تێدەگات و بە جێگای تەرخانکردنی هەموو سەرنجی بۆ گوێ گرتن لە وەرگێر، بیر لە وڵامی خۆی بۆ تڕامپ دەکاتەوە، بەڵام ترامپ کە زمانی ڕووسی نازانێ دەبێ گوێ لە وەرگێڕ بگرێ و کاتی بیرکردنەوەی بۆ وڵامەکانی نەبوو. پوتین سیاسەتوانێکی بە ئەزموون و خاوەنی زانستی سیاسییە، بەڵام ترامپ نە سیاسەتوانە و نە خوێندەوارێکی سیاسی، بۆیە سەرۆکی ڕووسیا لەو دانیشتنەدا کۆنتڕۆڵی زیاتری هەبوو.

چوارەم، لەو دیدارەدا، سەرۆکی ڕووسیا تەنیا بیر لە بەرژەوەندی وڵاتی خۆی دەکاتەوە و بڕیاردان بۆ ئەو ئاسانترە، بەڵام ترامپ ڕاستەوخۆ بۆ کێشەی ئۆکراین و نەک وڵاتی خۆی دانیشتوە. هاوکات، تڕامپ دەبێ بیر لە ڕازی کردنی ئەوروپییەکانیش بکاتەوە. ئەوەش کاری تڕامپ بۆ وتووێژێکی پتەو زەحمەتتر دەکات و دەستی بۆ دانووسان کورت دەکاتەوە.

پێنجەم، لە کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەکە، دوو سەرۆک دوای دانیشتنەکە، پوتین یەکەم کەس بوو قسەی کرد. ئەوەش پێچەوانەی پڕۆتۆکۆلی دیپلۆماسییە کە خاوەن ماڵ سەرەتا قسە دەکات. لەوانەیە ئەو کارە بە داواکاریی ڕووسیا کرابێت. یان ڕەنگە تڕامپ بۆ دڵخۆشکردنی پوتین ئەو پێشنیازەی دابێ. لە هەر دوو حاڵەتدا ئەوە نیشانەی سەردەستی ڕووسیایە لەو دانیشتنە گرنگە دیپلۆماسییەدا. هاوکات لە کۆنفڕانسەکەدا ڕێگە نەدرا بە ڕۆژنامەنووسان پرسیار بکەن، ئەوەش جێگای سەرنج بوو.

شەشەم، ڕووسیا وەکوو براوەی شەڕی ئۆکراین و ڕۆژئاوا بە سەرکردایەتی ئەمریکا وەکوو دۆڕاوی شەڕ، جموجۆڵ و دەستڕۆیشتوویی دیپلۆماسی بۆ تڕامپ لە بەرانبەر پوتین دا یەگجار سنوودار کردبوو. بۆیە لەو دانیشتنەدا ئەمریکا لە پێش وتووێژەکەدا، بژاردەی زیادکردنی ئابلۆقەی ئابووری دژی ڕووسیای لە ئەگەری بێئامانجبوونی وتووێژەکانی وەلانابوو. ئەوەش دیسان لایەنی ڕووسیای کردە سەردەستی ئەو دانیشتنە.

حەفتەم، پێداگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ بازدان لەسەر گەیشتن بە ئاگربەست و قسەکردن لەسەر گرێبەستی ئاشتی بەبێ ئاگربەست، پێچەوانەی دیپلۆماسی ئاسایی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕە. لە پرۆتۆکۆلی وتووێژی کۆتایی هێنان بە شەڕەکان، سەرەتا ئاگربەست ڕادەگەێیندرێ ئەوجار لە کەشێکی ئارامدا گرێبەستی ئاشتی قسەی لەسەر دەکرێت.

هەشتەم، بانگهێشت نەکردنی دەوڵەتی خاوەن کێشە، ئۆکراین، وەکوو لایەنێکی ئەو شەڕە بۆ مێزی گفتۆگۆکان لە ئالاسکا، دیسان شکاندنی پرۆتۆکۆلی دیپلۆماسییە لە ئاستێکی یەگجار بەرز و چاوەڕواننەکراودا.

نۆیەم، بابەتێکی دیکەش لە پەراوێزی ئەو دیدارەدا، فڕینی فڕۆکەی دژە ڕاداری B52 بوو لە ئاسمانی سەر شوێنی دیدارەکە. ئەوەش لە ڕووی دیپلۆماسییەوە ئاماژەیەکی باش نەبوو بۆ ئەمریکا. پسپۆڕانی بواری دیپلۆماسی زۆرتر بە “لە سووڕی دۆڕاندن و لە کای تێهەڵێنانەوە” لێکیان داوەتەوە.

دەیەم، هەر لە پەراوێزی ئەو دیدارە و داڕشتنی پرۆتۆکۆلی دیپلۆماسی، وێنەیەک بۆتە جێگای مشتومڕی خەڵکی ئەمریکا، ڕخنەی تووندی دژی ئیدارەی تڕامپ لێکەوتۆتەوە. لەو وێنەیەدا چەند سەربازی ئەمریکایی لەسەر ئەژنۆ و لەبەر دەم پلیکانەی فڕۆکەی سەرۆکی ڕووسیا خەریکی ڕێک و پێک کردنی فەڕشی سوورن بۆ پوتین.

ئەوە دیدارە نموونەیەکی بەرچاوە لە کاریگەریی پڕۆتۆکۆلی دیپلۆماسی و شێوازی داڕشتنیان لەسەر ڕێژەی کۆنتڕۆڵ لە دانووسان و تەنانەت ئاکامی وتووێژەکان لە ئاستێکیئ وەها بەرزدا.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO