ڕەشاد بەکر حامد
زمانەوانی (لینگویستیک) بەگشتی بۆ زمانی کەمینەکان لە زانستەکانی زمانناسی و کولتوورناسییدا پێگەیەکی بەرزی بۆ دابین کردووە، چونکە وەکوو بەشێکی گرنک لە مێژووی نەتەوە و ڕەوشتی کولتووری دەبینرێن.
زمانی کەمینەکان، ئەو زمانانەن، کە ژمارەی ئاخێوەریان کەمە یاخود مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، واتە ئەو زمانانەی بە هۆکارە دەرەکییەکان و هاوبەشی کولتووری و سەرکەوتنی زمانێکی باڵادەست هەمیشە لە ژێر هەڕەشەی لەناوچووندا دەبن. لەم چوارچێوەیەدا، زمانەوانی زمانی کەمینەکان نەک تەنها خاوەن تایبەتمەندی خۆیانن، بەڵکوو خاوەنی مێژووی ئەدەبی و بەڵگەنامەی ئایینی و فەرهەنگ و کولتوورێکی تایبەت بەخۆیانن تا ئەوکاتەی ئاخێوەری خۆی مابێت.
دیاریکردنی زمانی کەمینەکان پێویستی بە ئامانجێکی زانستی و پڕۆسەیێکی ڕوونە. لە زانستی زمانەوانیدا، کاتێک زمانێک ژمارەی قسەکەرانی کەمتر بێت لە ٥٠ هەزار کەس، یان زمانی فەرمی نەبێت، زۆرجار لە شێوەی “زمانی کەمینە”دا دەبینرێن. هەروەها پێداچوونەوەی مێژووی زمان، پەیوەندی بە زمانی فەرمی و ئامادەکردنی دەقە بەرچاوەکان بۆ نووسین و فێرکردنی منداڵان، هەمووی بەشێکن لەم پڕۆسەیە.
زمانەوانی زمانی کەمینەکان کاریگەرییەکی بەرچاوی لە بوارە زانستییەکاندا هەیە، لەوانە:
یەکەم، گەشەی زانستی زمان: زمانە کەمینەکان زانیارییەکی زۆر دەخەنەڕوو بۆ ئاشنابوونی بە خستنەڕووی زانیارییەکان و دەتوانن ئەوە ڕوون بکەنەوە کە چۆن زمانەکان لە کاتی بوونی بەربەستە زمانی و کولتوورییەکاندا گەشە دەکەن.
دووەم، پەیوەندی نێوان زانست و مێژوو: زمانە کەمینەکان زۆرجار بەڵگەنامەی مێژوویەکی تایبەت بەخۆیان هەیە، توێژەرە مێژووییەکان سوود لەو بەڵگە مێژووییانە دەبینین.
سێیەم، پەروەردەی زمانی: زانستی پەروەردەی زمانی لە فێرکردنی زمانە کەمینەکاندا، دەبێتە هۆکارێکی گرنگ و خێرا بۆ ڕوونکردنەوەی زمانیی، بەتایبەتی لە کاتی فێربوونی زمانی دووەمدا.
لە پەیوەند بە کاریگەرییە کولتوورییەکان،بەگشتی زمان بە بەشێکی گرنگی ناسنامە و کولتوور هەژمار دەکرێت لەبەر ئەم هۆکارانە:
یەکەم، پاراستنی ناسنامە: زمانە کەمینەکان مافی ئاسایی و یاسایی خۆیانە پارێزراوبن لە چوارچێوەی هەر کۆمەڵگایەکدا، چونکە لەناوچوون و ونبوونی زمان بە واتای ونبوون و لەناوچوونی ناسنامە و بەشێکی مێژووەکەیان دێت.
دووەم، پاراستنی فەرهەنگ: ئەم زمانە کەمینانە هەڵگری خەزێنەیەکی گەورەی پڕ لە زانیاری وشەیین لە بواری ئایینی و چۆنیەتی هەڵسوکەوت و گۆڕانی ژینگەیی.
سێیەم، پەیوەندی نێوان نەتەوەکان: پەروەردەکردن و فێربوونی زمانە کەمینەکان بە شێوەیەکی زانستی دەتوانێت کاریگەرییەکی زۆر لەسەر پەیوەندییە کولتووری و نەتەوەییەکان دروست بکات، بەتایبەتی لەو ناوچانەی، کە جیاوازی فەرهەنگی و زمانی زۆرە.
مەترسییە بەرچاوەکان
زمانە کەمینەکان بەهۆی کۆمەڵێک هۆکار زۆربەی کات لەژێر مەترسی لەناوچووندان، زۆرجار مەترسییەکانیش بەهۆی تێپەڕبوونی کات لەو ناوچانەدا دەردەکەوێت، کە زمانێکی هاوبەش و کولتوورێکی هاوبەشی باڵادەستی تێدایە:
یەکەم، کۆچکردن: کۆچکردنی خەڵک بۆ شارە گەورەکان یاخود وڵاتەکانی تر، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری دروست دەکات لەسەر زمانە کەمینەکان.
دووەم، سیاسەتی زمان و دۆخی ئابووری: پەیڕەوکردنی زمانێکی فەرمی و یەکگرتوو لە دامودەزگاکاندا، زۆرجار بە واتای کەمکردنەوە و تەسکرنەوەی سنووری زمانی کەمینەکان دێت.
سێیەم، سنووردارکردنی پەروەردەی فەرمی: لە ناوەندە فێرکارییە فەرمییەکاندا، زۆرجار شوێنێک دابین نەکراوە بۆ گرنگیدان بە زمانی کەمینەکان، ئەمەش دوای ماوەیەک دەبێتە هۆی دابڕانی نەوەی داهاتوو لە زمانەکەی خۆیان و ئاشنابوونیان بە زمانی فەرمی ناوچەکە.
میتۆد و ستراتیجیەتی پاراستنەکان
لە زۆرێک لە دامەزراوە نێودەوڵەتی و دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکاندا، لە زۆر وڵاتدا هەوڵی تەواو دەدرێت بۆ دۆزینەوە و پێشنیازکردنی چارەسەری گونجاو بۆ پاراستنی زمانی کەمینەکان، لەوانە:
یەکەم، ئەرشیفکردنی دەق و تۆمارە دەنگییەکان: تۆمارکردنی وتە و دەنگی ئاخێوەرانی کەمینەکان ئەرشیفکردنیان بەشێوەی دیجیتالی.
دووەم، فێرکردن منداڵەکان: لە ناوەندە فێرکارییەکانی وەکوو قوتابخانە و زانکۆ پرۆگرامی پەیوەست بە فێرکردنی زمانی کەمینەکان بخرێتەڕوو و فێر بکرێن.
سێیەم، پڕۆگرامی کولتووری و میدیایی: بە بەکارهێنان و دروستکردنی ڤیدیۆ و دەنگ و خستنەڕووی هەواڵەکانی ڕۆژانە و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە و گۆڤار بە زمانی کەمینەکان.
ئەرکی توێژەر و نووسەران
ڕەخنەگران و توێژەرە زمانییەکان و کولتوورناسەکان دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەر ببینین لە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لەناوچوونی زمانە کەمینەکان، ئەویش بە خستنەڕووی پڕۆژەی و پێشنیازی زمانی بۆ لایەنی پەیوەندیدار و هۆشیارکردنەوەی تاکەکان بە بەردەوامی، بەتایبەتی کارکردن لەسەر ئەو زمانانەی، کە لە لێواری لەناوچووندان و ئاخێوەرانیان زۆر کەم بۆتەوە، بە ڕادەیەک هەندێک زمان ئاخێوەرەکانیان کەم بۆتەوە بۆ چەند کەسێک، کە بە پەنجەکانی دەست هەژمار دەکرێن، بۆ نموونە: زمانی Lemerig تەنها دوو کەس قسەی پێ دەکات لە ڤانەواتو، دواتر زمانی Taushiro لە پیرۆ، کە یەک کەس قسەی پێ دەکات، هەروەها زمانی Kaixana لە بەرازیل ئەویش تەنها یەک کەس دەیزانێت.
زمانەوانی زمانە کەمینەکان، بەشێکی گرنگ و کاریگەرن لە هەڵگرتن و و پاراستنی مێژووی نەتەوە و ناسنامەی کەمینەکان، ئەم کارەش جگە لە سوودێکی زانستی گرنگ، کاریگەرییەکی درێژخایەن لەسەر پاراستنی کولتووری و نەتەوەیی هەیە، هەروەها لە بواری نێودەوڵەتی و پاراستنی زمانە کەمینەکان بەشێوەیەکی زانستی و یاسایی، بەتایبەتی لە چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان حکومەتەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکاندا دەکرێت ببێتە هۆکارێکی گرنگ بۆ بەرگریکردن لە جیاوازی زمانی و کولتووری لە سەردەمی نوێدا.
سەرچاوەکان
١. هیوا عومەر (٢٠٢٠)، زمانەوانی و پەیوەندییەکانی بە کلتور.
٢. دڵشاد حامید دەرویش (٢٠١٧)، کەمینەکان.
٣. دیاکۆ هاشمی، (٢0٢٤)، پاراستنی زمانە کەمینەکان – فێرگەی زمانی کوردی
٤. عەبدولڕەحمان کەریم دەرویش و کۆمەڵێک نووسەری تر (٢0٢٢)، هەرێمی کوردستان و مافی کەمینەکان.



