لانە کرمانج
ئۆج؟ ەل/ان لە پەیامە ڤیدیۆییەکەی ئەم ساڵیدا ئێژێ، “ئهم مانیفێستۆیه بە سەرکەوتوویی شوێنی مانیفیستۆی 50 ساڵەی “ڕێگای شۆڕشی كوردستان” دەگرێتەوە.” کەواتە، ئەوە دوایین تێگەیشتنی وییە لۆ پرسی کورد. کە شیکاری ئەمەمان کرد، لەوەش دەگەین کە چی لە تورکیا دەگوزەرێ و پڕۆسەی ئاشتییەکەی ئەم جارە چلۆن مامەڵە دەگەڵ دۆزی کورد دەکا. لەم وتارەدا شیکاری مانیفێستۆ، بەرنامە، ڕێگەیەکە دەکەین تاوەکوو دوا ڤێرژنی فکر و فەلسەفەی ئۆج؟ ەل/ان لۆ پرسی کورد بناسین.
تێبینی: تاوەکوو وتارەکە نەکەوێتە بەر سانسۆری فەیسبووك، لەباتی پەك/ ەک؟ کە، (پەك) بەکار دەهێنین. لەباتی عەب/ دو ؟؟ڵڵە ئۆج؟ ەل/انیش (عەبدجەلان) بەکار دەهێنین.
مانیفێستۆیە تازەکە لە ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ بڵاوکراوەتەوە. عەبدجەلان مانیفێستۆیەکە دابەشی سەر ٧ بابەت دەکا؛ ئەوانیش سروشت و مانا، سروشتی کۆمەڵایەتی و کێشەکانی، دوالیزمی دەوڵەت و کۆمۆن لە کۆمەڵگەی مێژووییدا، مۆدێرنەتە، ڕاستینەی کورد و کوردستان، پەکەکە و کۆتاییهێنان بە کار و خەبات لەژێر ئەو ناوەدا، لەگەڵ دیدگایەکان بۆ قۆناغی نوێ.
چەند ڕاستییەك و هەڵسەنگاندنی گشتیی مانیفێستۆیەکە
سەرەتا زۆر لە کنم گرنگە هەندێك ڕاستیی و وردەکاریی پڕۆسەی ئاشتیی ئەم جارە و دیوە شاراوەکانی ناو مانیفێستۆیەکە ڕوون بکەینەوە. لێرەدا، دەقی قسەکانی عەبدجەلان وەکوو خۆی لەناو جۆتوێرگوڵ (“”) دادەنێم تاوەکوو خوێنەران بزانن ئەو قسانە ڕێك هی خودی وین:
یەکەم، ڕاستە مانیفێستۆیەکە لە پاش کۆنگرەی ١٢ی پەك بڵاوبووەتەوە، بەڵام پێدەچێ پێش ئەنجامدانی کۆنگرە ئاراستەی قەندیل کرابێ. عەبدجەلان ئێژێ، “هەڤاڵانیش دەتوانن پشتئەستوور بەم پێشەکییە، پرۆسەکانی کۆنگرەکە تاوتوێ بکەن.”
دووەم، پڕۆژە و دەستپێشخەریی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی هی دەوڵەت باخچەلییە نەك هی خودی عەبدجەلان. عەبدجەلان دەڵێ، “ئەم هەنگاوە لەلای ئێمەوە نەنرا… ئەو کەسەی پێشەنگایەتیی شەڕێکی بێوچانی لە دژی ئێمە دەکرد… ئەویش دەوڵەت باخچەلییە؛ ئەو کەسەیە کە دەرگای بەسەر ئەم قۆناغە نوێیەدا کردەوە.”
سێیەم، بڕیاری چەکدانان و هەڵوەشاندەوەی پەك، وەڵامە نەك بڕیاری خودی پەك و عەبدجەلان. لەم بارەیەوە عەبدجەلان وارێ، “ئێمەش بڕیارێکی گونجاومان دا، تاوەکوو ئەو دەستەی درێژکراوە لە هەوادا نەهێڵینەوە.” هەروەها عەبدجەلان دەرێ، “بەبڕوای من، بەشداری لە دەسپێشخەرییەکەی تورکیا، هەنگاوێکی عەقڵانی و واقیعییە.” دواتر، عەبدجەلان ئێژێ، “پرسی کۆتاییهێنان بە کار و خەبات لەژێر ناوی پەك’ـدا، ئەمە بابەتێکی نوێ نییە، کاتێک داواکاری و خواستێکی وەهام لەناو دەوڵەتیش بینی، وەڵامم دانەوە.”
چوارەم، عەبدجەلان داوا دەکا لە شوێنی پەك هیچ شتێکی دیکە دروست نەکەن، عەبدجەلان وارێ، “هەتا پێویست ناکا لە شوێنی “پەك” هیچ شتێکی نوێ دروست بکەن. هەتا پێویست ناکات بڵێن سەرلەنوێ دامەزراندنەوە.” تەنانەت خودی بانگەوازەکەشی، بانگەوازی “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی” بەئیجازەی تورکیا کراوە. لەم بارەیەوە عەبدجەلان دەڵێ، “بانگەوازی کۆتاییم، بانگەوازە بۆ “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک” ئەم بانگەوازییە بە مۆڵەتی کۆماری تورکیا کرا، ئەمە خاڵێکی گرنگە.”
پێنجەم، عەبدجەلان وەکوو یەك کەس و وەکوو سەرۆکی ناوەندگیریی پەك، تاکلاینە، پێش ئەنجامدانی کۆنگرە، بڕیاری کۆنگرەی داوە و کۆتایی پێی هێناوە. عەبدجەلان دەرێ، “بۆ من کۆنگرە لە مێژە تەواو بووە، بەڵام با هێزی کادرەکانمان ئەم بابەتە بکەن بە ڕۆژەڤی خۆیان و بەفەرمی ئەنجامی بدەن.”
وەك لە بەشەکانی ڕابردوو ڕوونمان کردەوە کە پەك و عەبدجەلان لە نەوەتەکانی سەدی ڕابردووەوە باوەڕیان بە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی نەماوە. عەبدجەلان یێژێ، “کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەرنامەی سیاسیی ئەم قۆناغەیە، دامەزراندنی دەوڵەت ناکاتە ئامانجی خۆی.”
شەشەم، وەك لە وتاری “ماگا و چەکدانانی پەك”، لە دوای بانگەوازەکەی عەبدجەلان لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥، ئاماژەم بەوە دا کە ئەوە تەنها لۆ باکووری کوردستان نییە، بەڵکوو لۆ هەموو کوردستانە، ئاماژەیەکی وەها لە مانیفێستۆیە تازەکەدا دەبینین. عەبدجەلان وارێ، “سەرکەوتنێک لێرە بەرکەماڵ ببێت، کاریگەری لەسەر ئێران، عێراق و سووریاش دەکات، بۆ کۆماری تورکیاش شانسی خۆتاجدارکردن بە دیموکراسیی و پێشەنگایەتیکردنی هەرێمەکە هاتووەتە پێشەوە.” دیقەت بدەن، ئاماژە بە پێشەنگایەتیی تورکیا دەکا لۆ ناوچەکە!
حەفتەم، پێدەچی کۆنگرەی ١٢ی پەك لەژێر چاودێری تورکیادا ئەنجام درا بێ؛ بەوەی، عەبدجەلان دەڵێ، “لەم دانیشتنەدا لەژێر چاودێریی دەوڵەتدا، بەرنامەی خۆمان ئامادە دەکەین.” ئاماژە بە “لەم دانیشتنەدا” پێدەچێ ئاماژە بێ بە کۆبوونەوەی کۆنگرەی ١٢، کە خودی عەبدجەلانیش بەشداری کردییە.
هەشتەم، لەو مانیفێستۆیەدا، بە یەك ڕستەیش ئاماژە بە شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شۆڕشی ڕۆژاڤای کوردستان و خۆڕێبەری ڕۆژاڤا ناکا!
بەڵگەهێنانەوە بەدژی بەشێك لە قسەکانی عەبدجەلان
لەبەر ئەوەی عەبدجەلان دەیەوێ بەپشتبەستن بە مێژوو و بە خوێندنەوەی مێژووی کێشەکانی کۆمەڵگە، مانیفێستۆیە تازەکەی بەڵگەدار بکا و چارەسەری پرسی کورد بکا، زۆر باس و پرسی مێژوویی هێناوەتە بەر باس. لۆ خوێنەری ورد، هەموو ڕستەیەك شیاوی هەڵوەستە و دڵنیابوونەوەیە. لەم بارەیەوە، بەڵگەهێنانەوە (factcheck)، دڵنیایی لە ڕاستی، پشتڕاستکردنەوە بە بەڵگەی بەشێکیانم کرد. وابوو، قسەکانی ڕاست نەبوون و پێچەوانەی سەرچاوە مێژوویی و زانستییەکان بوون، لۆ نمونە:
یەکەم، عەبدجەلان ئێژێ، “بەڵام فیکری میتۆلۆجی فیکری لاساییکردنەوە تێدەپەڕێنێت. ئەمەش لەلایەن مێشکی ناوەڕاستەوە نوێنەرایەتی دەکرێت.” مەبەست لە مێشکی ناوەڕاست (subcortex, central brain)ـە کە کۆمەڵێك ناوچە دەگرێتەوە. مێشك دابەشی سەر بەشی ناوێ و دەرێ دەکرێ. هەردووکیان پێکەوە بیرکردنەوە ئەنجام دەدەن. لاساییکردنەوە و ئەفسانە و ئەفسانەناسیش کاری هەردووکیانە نەك تەنها بەشی ناوەوە.
دووەم، عەبدجەلان ئێژێ، وەک ئەوەی سەلمێنراوە، پێش ٣٠٠ ملیۆن ساڵ، دابەشبوونی زیندەوەران بۆ سەر نێر و مێ ڕوویداوە.” ئەو زانیارییە دروست نییە. سەرچاوەکان لۆ ١.٢ تا ٢ ملیار (نەك ملیۆن) ساڵی دەگێڕنەوە.
سێیەم، عەبدجەلان دەڵێ، “کاتێک تەماشای مرۆڤ دەکەین زاینێکی زەحمەتی هەیە و زۆر جیاوازترە، هەتا پێنج بۆ شەش ساڵان یارمەتی دایک نەبێت منداڵ ناتوانێت بژی، ٢٤ کاتژمێری ئاژەڵ بۆ مرۆڤ حەوت ساڵ دەخایەنێت، ئەمە پێویستی بە چییە؟ پێویستی بە کۆمەڵگەیەک هەیە لە دەوری بن، چونکە دیار نییە کە (پیاو) چییە؟ لە بنەڕەتدا دیاردەیەکی وەکوو پەیوەندیی نێوان باوک و منداڵ بوونی نییە.” ئەوە ناڕاستە. هیچ سەرچاوەیەکی زانستی نییە بیسەلمێنێت کە “پەیوەندیی نێوان باوك و منداڵ بوونی نەبووە و نییە.” عەبدجەلان زۆر ستاییشی ژن دەکا، لەوەدا وەکوو ژنێك سپاسی دەکەم، بەڵام ئەو هەموو دژایەتیکردنەی پیاو هەڵەیە.
چوارەم، عەبدجەلان کە باسی داستانی گلگامێش دەکا، دەرێ، “لە زۆر کولتووردا ئەمە هەیە، کاتێک پیاو لەگەڵ ژنێک مانگێک یان ساڵێک دەمایەوە دواتر پیاوەکەیان دەکوشت، دوای کوشتنی جگەریان دەخوارد… خوداوەند نەیویستووە خودا شوێنی بگرێتەوە، بەشێوەیەکی ئاشکرا دەتوانم بڵێم ئەم تێزە تێزی منە.” هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی نییە بیسەلمێنێ کە پیاو وەهای لێکرابێ دوای جووتبوون تا هێزی پیاو لەناو ببەن.
پێنجەم، هەر لەو بەشەدا، کاتەك عەبدجەلان باسی داستانی گلگامێش دەکا، دەڵێ، “لە ڕێگەی ژنەوە پیاوی چیایی ڕام دەکرێت، پەرستگا دەبێتە خانەی لەشفرۆشی، گلگامش چیتر دەبێتە پاشا، هەم خودایە و هەم پاشا. گلگامش بۆ ئەوەی بتوانێت سوپایەک لە پیاوەکان دروست بکات، موساقەدیمەکان واتا خانەی لەشفرۆشی بەکاردەهێنێت. بەم ڕەنگە لە کوردەکان سوپایەک بۆ خۆی دروست دەکات. پیاوە چیاییەکان دەهێنن بۆ موساقەدیمەکان و لەگەڵ لەشفرۆشەکان دەیانخەوێنن، چیتر پیاوان ناتوانن خۆیان کۆبکەنەوە، لەبەرئەمەش هەرگیز نایانەوێت بگەڕێنەوە سەر چیاکان، بۆچی؟ چونکە چیتر فێری لای لەشفرۆشەکان بوون، لەو ساتەوە تا ڕۆژی ئەمڕۆمان کۆمەڵگە بەوجۆرە لەڕێ دەرکراوە. بنەمای لەشفرۆشی ژن و کەوتنی پیاو لێرەوە دێت. جەوهەری داستانی گلگامش ئەمەیە!”
لە ڕووی مێژوویییەوە ئەوە هەڵەیە. ئەو تێکستەم بە مێژوونووسێکی کورد نیشان دا، مێژوونووسەکە وەها وەڵامی داومەتەوە، “بەداخەوە، ئەم لێکدانەوەیە بۆ بەزاگرۆسیکردن و بەمەبەستیش کوردیکردنی داستانەکەیە. ئەنکیدۆ نە خەڵکی چیا بووە و نە ناوی زاگرۆس ئەوکات هەبووە. هاوکات ڕووداوەکانی گلگامێش زۆر پێش هاتنی کورد و گەلانی دی هاوزمان لەگەڵ ئێمە بۆ بنارەکانی زاگرۆس تۆمار کراوە، بەستنەوەی بە کورد، کارێکی نەگونجاوە. دیسان گلگامێش وەک ڕێبەرێکی ئاینیی ناوی نەهاتووە، بۆیە نە سرووتە ئاینییەکانی پەرستگای گۆڕیوە، نە ئەویش ژنە لەشفرۆشی لە پەرستگاکان داناوە، بەڵکو پێش ویش هەبوون. لە داستانەکەدا، ئەنکیدۆ کە لە قوڕ دروستکراوە، لەگەڵ ئاژەڵی کێوی دەژیت و لەڕێگای ژنێکەوە دەستەمۆ دەکرێت. دواتر دەبێتە هاوڕێی گلگامێش و بەیەکەوە گەشتێکی پڕ لە جەربەزەیی دەکەن. ئینجا دەمرێت. بە مردنی وی، گلگامێش بیر لەوە دەکاتەوە کە ئاخۆ ئەویش دەمرێت، یان چونکە دایکی لە تیرەی خودایانە و ئەویش بە نەمری دەمێنێتەوە. دوای ئەمە هەموو داستانەکە گەڕانی گلگامێشە بە دوای نەمری.”
هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی نییە بیسەلمێنێ کە گلگامێش بەهۆی تووشکردنی پیاوی کورد بە لەشفرۆشانەوە، سوپایەکی لە پیاوی کورد دروست کردبێ. هەروەها، لەشفرۆشی زۆر پێش گلگامێشیش هەبووە. جگە لەو سەرنجە، شیکار و ڕایەکەی عەبدجەلان بێڕێزکردنێکی زۆرە بە پیاوی کورد (ئەگەرچی شیکارە مێژوویییەکەی هەڵەیە) کە پیاوی کورد لە زاگرۆس هاتوونەنە خوارێ و تێکەڵی لەشفرۆشان بووبن و پێیان تەرك نەکرابێ و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە شاخ و تا ئێستا ئاوا کۆمەڵگە لە ڕێ لادرابێ!
شەشەم، عەبدجەلان وارێ، “لەناو هەزار ژندا یەك ژن لە پیاو نادات، کەچی لەناو هەزار پیاودا ٩٩٩ی لە ژن دەدات.” ئەو قسەیە ناڕاستە. داتا و توێژینەوە دەڵێ، “یەك لە چار پیاو توندوتیژییان بەرانبەر کراوە لە لایەن هاوژینەکانیانەوە.” هەروەها، ئاماری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی نیشانی دەدا کە “سەتی ٢٧ی ژنان دەریانخستووە کە توندوتیژییان بەرانبەر کراوە.” داتای ئەمریکا دەڵێ، “یەك لە سێی ژنانی جیهان توندوتیژییان بەرانبەر کراوە.” تەنانەت یەکێتیی پیاوانی کوردستانیش ئەوەیان نیشان داوە کە پیاوان لە کوردستان توندوتیژییان بەرانبەر کراوە.
حەفتەم، عەبدجەلان ئەڵێ، “جوگرافیای کوردستان یەکەمجار لەلایەن سۆمەرییەکانەوە وەک “کورد، هوریی، ئور” ناوبراوە. بەمەش یەکەم پێناسەی جوگرافی خراوەتەڕوو. ئەوکاتە لە هیچ جێیەکی دنیا، ناوی هیچ وڵاتێک نییە. بەڵام ئێرە (کوردستان) وەها ناونراوە. پاشان وەک “کوردیا” لە نووسینە مێژووییەکانی یۆناندا جێ دەگرێت. مێژووی هیرۆدۆت نزیکەی نیوە زیاتری دەربارەی ڕاستی کوردستانە. کۆمەڵگەی یۆنان چاو لە مادەکان دەکات. لاسایی مادەکان دەکەنەوە. لەژێر کاریگەریی مادەکاندا، دیموکراسیی خۆیان ئافراند.”
سومەرییەکان (٣٥٠٠-٢٠٠٠ پ. ز.) وشەکانی “کورد و کوردستان”یان بەکار نەهێناوە. وشەی کورد لە سەدەکانی یەکەمی زایینی دەرکەوتووە. هەروەها، هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی نییە بیسەلمێنێ دیموکراسییەکەی یۆنان لە مادەکان وەرگیرابێ. وەك ئەوە وایە بڵێی ئەفڵاتون ناوەڕۆکی ‘کۆمار’ی لە مادەکان وەرگرتبێ.
هەشتەم، عەبدجەلان دەرێ، “هەرچەندە کە دەوڵەت-نەتەوە لەسەر دیدگای سۆسیالیزمی بونیادنراو دامەزرا بێت، بەڵام خزمەتی بە سیستەمی سەرمایەداریی کرد. بوو بە مۆدێلێکی سەرمایەداریی.” دەوڵەت-نەتەوە لە سەدەی حەڤدەیەم پەیدا بوو، پێش پەیدابوونی فەلسەفەی سۆشیالیزمی لە سەدەی نۆزدە. هەروەها، سۆشیالیزمی بنیاتنراو لە سەدەی بیستەم دروست بوو.
نۆیەم، کاتەك عەبدجەلان باسی کەمینەی سێکسیی جیاواز دەکا، ئاماژە بە نێوانەسێکس (intersex)دەکا. بەداخەوە کە تا ئێستا لەناو کورد دا زاراوە کۆنەکە بەکاردێ، کە نێرەمووک (هێرمافرۆدایت)ە. نێزیکەی سەد ساڵە زاراوە کۆنەکە لەلایەن ئەو کەسانە خۆیان و توێژەرانەوە ڕەتکراوەتەوە چونکە لەمرۆڤخستن و جیاکاری تێدایە. عەبدجەلان دەڵێ، “چەندین کەسی هێرمافرۆدیت (نێرەمووک)هەن، تایبەتمەندیی نێرینە و مێینەیان هەیە. لەڕێی نەشتەرگەرییەوە، دەبنە پیاو یان ژن. نەشتەرگەری وەها زۆر دەکرێن. ئەوە جێی سەرنجە، هیچ کەلێنێک لەنێوان ژن و پیاودا نییە کە شیاوی تێپەڕاندن نەبێت.” ئەو تێگەیشتنەی عەبدجەلان هەڵەیە. زانستی نییە. ئەوە تێڕوانینێکی ئیسلامییە. توێژینەوەی نوێ دەڵێ نەشتەرگەریی بژاردەیەکی کەسییە. زەروور نییە. مەرج نییە هەموو نێوانەسێکسێك بیەوێ ببێتە نێر یان مێ.
شیکاری پڕۆژە و فەلسەفییەکەی عەبدجەلان
ئەگەرچی توێژینەوەی نوێ باسی تەنها یەك جۆر مۆدێرنەتە (modernity) ناکا، بەڵکوو دابەشی سەر چەند جۆرێکی دەکا. کە تەماشای پێکهاتەکانی دەکەین، مۆدێرنەتە پێك دێ لە سێکولاریزم، دیموکراسی، مافی مرۆڤ، جیهانگەری، پیشەسازی، دەوڵەت-نەتەوە، داهێنانی تەکنەلۆژیا، یەکسانیی ڕەگەزی، تاکگەرایی، سەرمایەداری، هتد، بەڵام عەبدجەلان دەڵێ مۆدێرنەتە لە سێ شت پێك دێ: سەرمایەداری، دەوڵەت-نەتەوە، و پیشەسازیگەرایی. ئەوەش تێڕوانینێکی کلاسیکیی سۆشیالیستەکانە. عەبدجەلان لە بەرانبەر ئەو سێیەدا، سێ دانەی دی پێشنیار دەکا؛ ئەوانیش، نەتەوەی دیموکراتیك، کۆمین/کۆمینالی، هەروەها ئابووری ئیکۆلۆجیی (ئیکۆ-ئیکۆنۆمی). ئەگەر لەو سێیە گەیشتین، لە کۆی پڕۆژەکەی عەبدجەلان-باخچەلی-ئەردۆگان دەگەین.
لەبەشەکانی ڕابردوو باسی کاریگەریی تێگەیشتنی “موڕای بوکچین” و “کارل مارکس”مان کرد لەسەر ئۆجەلان. ئەو سێ دانە، هەر لەوێوە هاتوون، بەڵام بە دەستکارییەوە. با بزانین کوو.
نەتەوەی دیموکرات: ئەگەر ئاگادار بن، ئەم ساڵ زنجیرە وتارێکم دەست پێ کردییە لۆ تێگەیشتن لە ژن و پیاو. گەڕاینەوە لۆ ٣٠٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا. مێژوو وا دەڵێ: ئەو کاتەی مرۆڤ لە ئەشکەوت و سروشت ژیاوە، بەشێوەی گرووپ ژیاون. گرووپەکان ژمارەیان لە نێوان ١٠ تا ٥٠ کەس بووە. پیاوان ڕاویان کردووە و ژنانیش منداڵیان بەخێوە کردووە و بەروبوومی ڕووەك و میوەیان کۆکردووەتەوە. عەبدجەلان پێی وایە، لەو سەردەمدا، مرۆڤە جیاوازەکان (زمان و پێکهاتەی جیاواز، وەك ئەوە وایە بڵێ نەتەوە و گەلی جیاواز) بەیەکەوە ژیاون. هەرچییەکیان دەستکەوتبێ دابەشیان کردووە و بەیەکەوە خواردوویانە. مارکسیش کاتەك قۆناغە مێژوویییەکانی کۆمەڵگە شی دەکاتەوە و دابەشی سەر حەفت قۆناغی دەکا، بەوەی یەکەم ئێژێ کۆمۆنیستی بەرایی، ئەوە هەوە. ئەوە سەردەمی ڕاوە. عەبدجەلان پێی وایە ئەوە ڕێگە دروستەکەی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەکانە تا پێکەوە بژین. عەبدجەلان دەڵێ، “دەبێت لە ماتریالیزم و مێژوودا لە جێی شەڕی چینایەتی “کۆمۆن” دابنرێت.” هەروەها عەبدجەلان وارێ، “پێناسەی ماتریالیزمی مێژوویی و سۆشیالیزم نابێت لەسەر شەڕی چینایەتی بێت، لەجێی ئەوە خۆی بسپێرێت بە دوالیزمی دەوڵەت و کۆمۆن.” هەروەها دەڵێ، “لە بنەڕەتدا کۆمەڵگە ڕووداوێکی کۆمیناڵە… کۆمەڵگەبوون لە کۆمۆنەوە سەرچاوە دەگرێت.” لێرەدا ئەوە دەبینین کە عەبدجەلان باوەڕی بە شەڕی چینەکان نەماوە. باوەڕی بەوە نییە کورد وەکوو چینێك دژایەتی دەوڵەت بکا، دەبی شەڕەکە بسپێردرێ بە کۆمۆن. عەبدجەلان دەڵێ، “کۆمۆن بە چەمکی کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسیی ڕووبەڕووی دەوڵەت دەبێتەوە.” لۆیێ، بەڕوونی باسی ئەوە دەکا کە وازی لە پڕۆژەی دەوڵەت هێناوە کە دەنووسێ، “ئێمە ئازادیی کۆمۆن بپارێزین. بۆخۆی ئەو ناوەی لەسەرە؛ ئێمە زمانی دەوڵەتپارێزی دەست لێبەردەین.” هەروەها وارێ، “کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەرنامەی سیاسیی ئەم قۆناغەیە، دامەزراندنی دەوڵەت ناکاتە ئامانجی خۆی.”
دیموکراسیی ڕاستەوخۆ: ئەوەیان بەشێکە لە تێزی موڕای بوکچین. بوکچین لێرە باس لە هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی تاك دەکا لۆ هەڵبژاردنی سەندیکا و شارەوانییەکان. بوکچین بەوە دەڵێ شارەوانیزمی ئازادی (libertarian municipalism). عەبدجەلانـیش دەستکەوتی شارەوانییەکانی تورکیا (ئەگەرچی تورکیا زۆربەیانی دەستگیر کردووە و لاداوە؛ بۆ نموونە، لەباتی وان قەیوومی داناوە) بەدەستکەوتێکی “دیموکراسی، کۆمۆن” دەزانێ. عەبدجەلان دەڵێ، “ئێستا حقوقێک هەیە، یاسای شارەوانی هەیە.” هەروەها عەبدجەلان دەرێ، “کۆمەڵگەی کۆمین کۆمەڵگەی دیموکراتیکە.” ئاوا، عەبدجەلان زۆر ڕوون باسی شارەوانی و کۆمۆن دەکا و دەڵێ، “ژیانی ئازادی گەلان بە کۆمین بەرکەماڵ دەبێت، چۆن دەوڵەت-نەتەوە چەکی سیستەمی سەرمایەدارییە، ئاواش کۆمین چەک و زمانحاڵی گەلانە. لە ڕێگەی شارەوانییەکانیشەوە ئەم کۆمەڵگەیە دەتوانرێت ڕێک بخرێت.”
ئێستا دەتوانین زۆر ڕوونتر لەو زاراوانە بگەین کە عەبدجەلان بەکاری هێناون. عەبدجەلان کۆمەڵگەی کۆمینی پێ کۆمەڵگەیەکی دیموکراسییە. ئەو ناوی ئەو گرووپە مرۆڤانەی سەدان هەزار ساڵ پێش ئێستا لە ئەشکەفت و سروشت ژیاون ناوە “نەتەوە.” پێیشی وایە بەدیموکراسی پێکەوە ژیاون. لۆیێ، ئەو پێی دەڵێ “نەتەوەی دیموکراتیك، یان کۆمەڵگەی دیموکراتیك.”
سەرمایەداری و ژینگە: کاتەك بوکچین لە کتێبی “ژینگەناسیی ئازادی” باسی کێشەکانی بەروبووم و ناهەوسەنگی کۆمەڵگە و سەرمایەداری دەکا، باسی ئەوە دەکا کە هۆکارەکە کاریگەریی مرۆڤ نییە بەسەر ژینگە و بەروبوومەوە، بەڵکوو هۆکارەکە ڕژێمی هەڕەمی و سەرمایەدارییە. ئەو پێی وایە نابێ ژینگە وەکوو هۆکاری زیادکردنی سەرمایەداری بەکاربێ، بەڵکوو دەبێ وەکوو سەرچاوەی بەرهەم تەماشای بکرێ و بەهاوسەنگی بهڵێدرێتەوە و بەردەوامی پێ بدرێ (ecology sustainability). ئاشکرایە کە عەبدجەلان سیستەمی سەرمایەداری ڕەت دەکاتەوە. لەبەرانبەردا، داوای سیستەمی ئابووریی ژینگە (eco-economy) دەکا. هێشتا سادەی بکەینەوە، عەبدجەلان پێی وایە، مادامەکی لە سەردەمی ئەشکەفت مرۆڤ لە سروشت پێداویستیی خواردن و مانەوەی وەرگرتییە، دەکا، ئەو سیستەمە سیستەمێکی ئابووریی ژینگەیی دروستە.
عەبدجەلان لەباتی پێکهاتەکانی مۆدێرنەتەی سەرمایەداری ئەو سێ دانەیە پێشکێش دەکا. لەباتی ناوی ‘مۆدێرنەتەی سەرمایەداری’ش زاراوەی “مۆدێرنەتەی دیموکراتیك” دەنووسێ.
عەبدجەلان پێی وایە کە ئەوە مۆدێرنەتەی سەرمایەدارییە دژی مافەکانی کورد بووە، بۆیە دەنووسێ، “ڕاستینەی کورد بە هاتنی مۆدێرنەتە کۆتایی هاتووە و نەماوە.” بەڕاست، نکۆڵیکردنی مافەکانی نەتەوەی کورد لە تورکیا و ئێران و سووریا و عێراق بەهۆی مۆدێرنەتەی سەرمایەدارییەوەیە یان بەهۆی فاشیزم و ڕەیسیسزم و دیکتاتۆرییەتی ئەو وڵاتانەیە؟
عەبدجەلان بەرهەمی مۆدێرنەتەی سەرمایەداری بە قیامەت و مەحشەرەی ڕۆژی دوایی دەشبوهێنێ. دەڵێ، “مۆدێرنەتە بە هەر سێ سوارچاکە قیامەتییەکەی مرۆڤایەتیی بەرەو قیامەت- پەلکێش دەکات… لە ئایینە تاک خوداییەکاندا وشەی قیامەت-مەحشەر تەنها بۆ کۆتایی دنیا وتراوە، ئەم وشەیە بۆ ئەم دنیایەش گونجاوە. ئەو مەحشەرەی پەڕتووکە پیرۆزەکان باسی دەکەن هەر ئەمەیە. مۆدێرنەتەی سەرمایەدارییش مەحشەرێک بۆ مرۆڤایەتی دەهێنێتە ئاراوە.”
پرسیارەکی سادە لۆ کوردانی دانیشتووی ئەوڕوپا و ئەمریکا: ئەرێ ئەوڕوپا و ئەمریکا قیامەتە؟ دنیا وێران بووە؟ یان ئەوە ئایدۆلۆجیا و فاشیزمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە جەهەندەمێکی لۆ ناوچەکە و جیهان خولقاندووە؟ خۆزگە عەبدجەلان ١٠ ساڵ لە وڵاتێکی ئەسکەندەنافیا دەژیا، دڵنیام گۆڕانی گەورە و ڕیشەیی بەسەر بیرکردنەوەیدا دەهات.
ئەنجامگیری
وەك لەو وتارە شیمان کردەوە، دوا ڤێرژنی عەبدجەلان هەر “کۆنفیدڕاڵیی دیموکراسی”یەکەی موڕای بوکچینـە، بەڵام بەئیزافەیەکەوە؛ ئەویش، تێگەیشتنی کۆمۆنیستی (کۆمین، کۆمۆن، کۆمەڵگەی بەرایی)یەکەی مارکسـە. دەشتوانین ناو لە کۆی تێگەیشتنەکە بنێین ئامێزان (integration) ئینتیگرەیشن. عەبدجەلان لە پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا بە “ئینتهگراسیۆنیستی ئهرێنی” ناوی دەبا. ئینتیگراسیۆن بریتییە لە تێکەڵبوونەوەی گشتیی کۆمەڵگە. ئەوە ڕای خۆمە: پێم وایە براوەی ئەو یارییە تورکیایە چونکە کورد داوای هیچ دەستکەوتێکی نەتەوەیی لۆ خاك و سەربەخۆیی و خۆڕێبەری و جوودابوونەوە ناکا.
پوختەی وتارەکە
وەك لەو وتارە شیمان کردەوە، پڕۆژەکە هی دەوڵەت باخچەلییـە. دەوڵەتی تورکیا سەرپەرشتی کۆی پڕۆسەکەی کردییە، تەنانەت کۆنگرەی پەك و کۆبوونەوەکانیان. داواکردنی هەڵوەشاندنەوەی پەك و چەکدانانی ئەم جارەی پەك هی دەوڵەتی تورکیایە. دوا چارەسەری عەبدجەلان لۆ پرسی کورد “کۆنفیدراڵیی دیموکراسی”ی مورای بوکچینـە، لەگەڵ بەبنەماگرتنی گەڕانەوە لۆ سەردەمی کۆمۆنی سەرەتایی پێش سەدان هەزار ساڵ کە مرۆڤ لە ئەشکەفت و سروشت ژیاوە. عەبدجەلان شارەوانی وەکوو کۆمۆن دەبینێ. عەبدجەلان داوای خاك و سەربەخۆیی ناکا. عەبدجەلان فیدڕاڵی و خۆڕێبەری و ئۆتۆنۆمیش لۆ کورد ڕەت دەکاتەوە. بەهۆی ئەم شیکارەوە، دەکا، لە ئەنجامنامەی کۆنگرەی ١٢ی پەکیش گەیشتین.
پرسیار و شیکار
دەپرسین، بەڕاستی تورکیا ڕێگە دەدا داهاتی باکووری کوردستان لۆ کورد خۆی بێ؟ بەڕاست، داهاتی کەرتی گەشتیاری و بەنداوەکان لۆ خەڵکی باکووری کوردستانە؟ نەك ئەوە ڕوو نادا، بەڵکوو تورکیا داهاتی نەوت و گازی باشووری کوردستانیش تاڵان دەکا.
هەروەها دەپرسین: ئەرێ مومکینە دەیان قۆناغی گەشەکردنی کۆمەڵگە بگێڕێینەوە و بگەڕێینەوە دواوە و بچینەوە سەردەمی ژیانی ئەشکەوت و ڕاو؟ بەڕاستی عەبدجەلان پێی وایە لە ٢٠٢٥، لە جیهانی ئێستای سەرمایەداری و دەوڵەت و یاسا نێودەوڵەتییەکان و ململانێی هێزەکان، ئاوا بەسانایی، ئێمە لە جیهان دادەبڕێین و وەکوو سەردەمی کۆمۆن/کۆمینی سەرەتایی، سەردەمی سەدان هەزار ساڵ پێش ئێستا، سەردەمی ڕاووشکار، دەژیین؟
یەك لە کێشە هەرە گەورەکانی ئامێزان (ئینتیگراسیۆن) توانەوەی زمان و کولتووری کەمینەکانە لەناو زمان و کولتووری زۆرینە. دیقەت بدەن، لە ئەمریکای باکوور و باشوور، بەڕاستی “سەدان” نەتەوە و زمان و کولتوور توانەوە و لەناوچوون. ئەمریکییە ئەسڵزادەکان (بەهەڵە پێیان دەگۆترێ هیندییە سۆرەکان) کە خاوەنی هەموو ئەمریکا بوون، نە خاکیان ما، نە زمان و نە کولتووریش. سەدان نەخۆشم هەبووە لەوان، بەڵام زۆر دەگمەنیان دەتوانن بە زمانی خۆیان بدوێن. ئەوە هەر هیچ کە زمانەکەیان پێی ناخوێندری و پێی نانووسرێ. لۆیێ، ئاشکرایە کە کێشەی کورد کێشەی مافی هاووڵاتیی و مافی ژیان نییە لەناو وڵاتانی داگیرکەر، بەڵکوو کێشەی کورد داگیرکردنی خاکەکەیەتی. بەهۆیەوە، کورد خۆڕێبەری و سەروەریشی لەدەستداوە. بەهۆیانەوە، کورد لەبەردەم گەورەترین مەترسیدایە، ئەویش لەناوچوونی زمان و کولتوورەکەیەتی. دیقەت بدەن، ئەگەرچی دەستووری عێراق زمانی کوردی وەکوو زمانی دووەمی وڵات ناساندووە، بەڵام هەر ئەو وڵاتە زمانی کوردی لەناو ناوچە کوردستانییەکانی دەرێی هەرێـم قەدەغە دەکا. پڕۆژەکەی عەبدجەلان بە هیچ شێوەیەك باسی سەربەخۆیی/جوودابوونەوە و خۆڕێبەری و خاوەندارێتیکردنی “خاك”ی کوردستان ناکا و داوای ناکاتەوە!
لە ئێستادا، کورد لەژێر گەورەترین مەترسیی داگیرکەرانی دایە، ئەگەر چەك و هێزی نەبێ، ئەوا دەبێتە پاروویەکی ئاسانی داگیرکەرانی. دیقەت بدەن، ڕۆژاڤای کوردستان بە خوێن و چەك پارێزگاری لە مانەوەی خۆی کرد. داخۆ بەڕاستی لە ئێستای جیهاندا و بەتایبەتیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەتی تریش لۆ کورد، چی دیکە چەك و هێز گرنگ نییە و نامانەوێ؟
لە چوار بەشدا پەك و عەبدجەلانـمان ناسی. لە بەشەکانی داهاتوو مێژووی تورکیا هەڵدەدەینەوە داخۆ بزانین لە هەزار ساڵی ڕابردوودا بەڕاستی کورد و تورك هاوپەیمان بووینە. بزانین داخۆ تورکیا چلۆن مامەڵەی دەگەڵ کورد کردووە، تاوەکوو بەرچاوڕوونیمان هەبێ لۆ پڕۆسەکەی ئەم جارە و داهاتووش. ئەوکات دەزانین کە مەرام و پلانی تورکیا لە پشتەوەی ئەو پڕۆسەیە چییە. لە بەشی کۆتایی بەدیل و ڕێگەچارەی بەدیل دەخەمە ڕوو. دووبارە ئەوە دەڵێمەوە: هەڵوەشاندنەوەی پەك و چەکدانان هەڵەیە، هەڵەیە، هەڵەیە.
دووبارە ئەوە دەنووسمەوە: ڕێز لە خەبات و فکر و کەسایەتیی عەبدجەلان دەگرم. ڕێز لەوە دەگرم کە نووسەرە. ڕێز لەوە دەگرم کە تەمەنێكی زۆری بە کورد بەخشییە. ڕێز لە خەبات و هەوڵەکانیشی لۆ ئازادیی کورد و کوردستان دەگرم. زیندانیکردنەکەی بە پەڵەیەکی ڕەش دەزانم بە نێوچاوانی تورکیاوە و شەرمەزاری دەکەم. داوای ئازادکردنی دەکەم. “هەموو” تەمەنم پێی سەرسام بوویمە و بەرگریم لە خۆی و بزووتنەوەکەی کردییە. ئێستاش هەر وا. بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە عەبدجەلان لە دەرێی ڕەخنەیە. کاتەك باسەکە دێتە سەر پرسی نەتەوەیەك، ئەوا هیچ کەسێك لە دەرێی ڕەخنە نامێنێتەوە.
*****
عەبدجەلان لە مانیفێستۆیە تازەکەیدا دەڵێ، “ئێمە ڕەخنەی توند لە ناوی “پەك” دەگرین و خۆمان ڕەخنە دەکەین، تێکۆشانی ٥٠ ساڵە بە لایەنی باش و خراپی خۆیەوە، هەگبەی خۆڕەخنەکردنە بەبێ خۆپەڕاندنەوە.” ئەو زنجیرە وتارەی منیش خۆڕەخنەکردنە. دەبێ خودی عەبدجەلان و پەك و وڵاتپارێزانی قەندیل سپاسگوزاری ئەو جۆرە لێکۆڵینەوانە بن. کە هەموو بەشەکانم تەواو کرد، پێـم خۆشە هاوڕێیانی قەندیل ئەو زنجیرە وتارە لۆ عەبدجەلان بنێرن و پێی بڵێن، “ئەوە لێکۆڵینەوەی کچە کوردێکی پزیشکە لە ئەمریکاوە. تەنانەت بەدەم چێشتلێنانەوەش، خەریکی خوێندنەوە بووە، تا ئەو لێکۆڵینەوانە ئامادە بکا.”


