سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ڕووداوەکەی هەولێر لە دەلاقەی برینداربوونی هەستی نەتەوەییەوە

نەوید قادری

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی سێ کەس لە بەنزینخانەیەکی شاری هەولێر، وەکوو زۆربەی خەڵک، کۆمەڵێک پرسیار بەنیسبەت هۆکارەکانی چێبوونی ئەو ڕووداوە، کە سەرجەم تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیبوو، لە زەینمدا دەهاتن و دەچوون. پاش ڕووداوەکە، لەسەر نەریتی جاران، زۆربەی میدیاکان زوومی کامێراکانیان خستبووە سەر قوربانیان و کەسوکاریان کە من بە بازرگانی مەرگ، واتە بەکارهێنانی هەست و سۆزی کەسوکاری قوربانیان بۆ ڕاکێشانی شۆپێنەری زیاتر لە سۆشیال میدیا، ناوی دەبەم. لەو بەینەدا پرسيارێکی جەوهەری، واتە هۆکاری ڕاستەقینەی پشت ڕووداوەکە بزر ببوو و پەراوێز خرا بوو. ئەوەش بۆ ڕۆڵی میدیا دەگەڕێتەوە کە یەکێک لە کارە مەترسیدارەکانی لەو کاتانەدا، زوومکردن و پیشاندانی بەشێک لە ڕاستییەکان و شاردنەوەی بەشێکی تریانە. واتە کاتێک میدیا 20 چرکەی ڤیدیۆیەک هەڵدەبژێرێت و 20 چرکەی پێش وی، کە بەشی سەرەکی ڕووداوەکەیە لە بەردەنگ دەشارێتەوە، وێنەیەکەی ناتەواو دەگوازێتەوە کە دەبێتە هۆی چێبوونی لێکتێگەیشتنی سەقەت لە ڕووداوەکە و لە ئەنجامدا، بڕیاردانی یەکلایەنە کە دەبێتە هۆی ئیدانەکردنی لایەنێک و لاواندنەوەی لایەنێکی تر، ئەویش پشتبەستوو بە چەند چرکە لە ڤیدیۆیەک.

لەڕاستیدا، ئەوەی لەو ڤیدیۆیەدا وەکوو هۆکاری سەرەکی هێرشەکە دەردەکەوێت، هەڵسوکەوتی نەشیاو و توندئاژۆیانەی چەند کەسێکە، گەشتیارە عارەبەکان، کە نەک هەر بێڕێزی بە کارمەندەکانی بەنزینخانەکەی هەولێر دەکەن، بەڵکوو یەکێکیان تەنانەت هێرشی فیزیکی دەکاتە سەر کارمەندامەکان. ئیتر لێرە دایە کە ئەو ڕووداوە لە حاڵەتێکی دەمەقاڵەی ئاسایی نێوان چەند کەس دەگوازرێتەوە بۆ ئاستێکی تر. بە وردبوونەوە لە شێوازی هەڵسوکەوتی گەشتیارە عارەبەکە لەگەڵ کارمەندەکان، جۆرێک لە مامەڵەکردنی ناتەندروست دەبینرێت. واتە جۆرێک لە دەسەڵاتخوازی خۆسەپێنانە، فەرمان پێکردن و هەڕەشەکردن، دەبینرێن.

بۆیە، بۆ تێگەیشتن لە چییەتی ئەو ڕووداوە گرنگە بگەڕێینەوە بۆ دواوە و لە چییەتی و چۆنێتی پێوەندی بەغدا-هەولێر لە دە ساڵی ڕابردوودا ورد بینەوە کە تەژی بووە لە خۆفەرزکردن و هەڕەشە. لەڕاستیدا، شێوازی هەڵسوکەوتی بەغدا لەگەڵ هەولێر تاکلایەنە و تەژی لە گوشار و هەڕەشە گوازراوەتەوە بۆ تاکەکان و تاکی عارەب، کە چاو لە دەسەڵات دەکات، لێی فێر دەبێت، هەمان شێواز لە مامەڵەکردن دەگوازێتەوە بۆ پێوەندی نێوان خۆی و تاکی کورد. کەوابوو، کاتێک تاکێکی عارەب (کە میوانە لە پایتەختی کوردستان) ئیجازە بە خۆی دەدات لەسەر بابەتێکی زۆر سادە پەنا بۆ هێز بەرێت و هێرشی فیزیکی بکاتە سەر کارمەندێکی بەنزینخانە، نەک هەر سنوورەکانی پێوەندی میوان-میواندار تێدەپەڕێنێت، بەڵکوو بە جۆرێک ئاستی ڕێز و حورمەتی خۆی بۆ خاوەنماڵ (کوردستان) نیشان دەدات و دەیەوێت وەبیری بێنێتەوە کە ئەو (عارەبەکە) هاوشان نییە لەگەڵ کورد و بۆی هەیە فەرمان/ئەمر یان ژی هەڕەشە لە تاکی کورد بکات، چونکە بەغداش هەر بە هەمان شێوە مامەڵە لەگەل هەولێر دەکات. ئیتر کاتێک لۆجیکی زۆر لەپێوەندی نێوان تاکەکان و ئەکتەرەکاندا دەبێتە فاکتەری یەکلاکەرەوە، هێندێک جار ئەنجامی چاوەڕواننەکراوی لێ دەکەوێتەوە.

لەلایەکی ترەوە، هاتنی بەلێشاوی عارەب بۆ کوردستان و کڕینی ماڵ و مڵک، لەکاتێکدا کە دەسەڵاتەکەیان هەموو هەوڵێکی بۆ لاوازکردنی هەرێم داوە، کاردانەوەی هاووڵاتییانی هەرێمی لێ کەوتووەتەوە کە دەتوانێ بەستێنی کۆمەڵایەتی و سیاسی بۆ کێشەی نێوان تاکی کورد-عارەب خۆش بکات. هەر لە پەیوەندی بەو ڕووداوەوە، وتەیەکی پێشینیان هەیە کە دەفەرموێت: “مرۆڤ بەرد لە کانیەک ناگرێت کە ئاوی لێ دەخواتەوە.”

ئاوڕدانەوەیەک لە کاردانەوەی بەکارهێنەرانی سۆسیال میدیا لە کوردستان بۆ ئەو ڕووداوە دەری دەخات کە زۆربەیان ئەو ڕووداوە (هێرشی میوانە عارەبەکە بۆسەر کارمەندانی بەنزینخانەکە) وەک بێڕێزییەک بە خەڵکی کوردستان و هەوڵدان بۆ “تێکشکاندنی کەرامەتی تاکی کورد” دەبینن و پێیان وایە کە گەشتیارێکی عارەب بۆی نییە بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ خەڵکی کوردستان بکات. ئەوەش کە مرۆڤەکان بەنیسبەت کردارە نەشیاوەکانی کەسێکی بیانی زووتر و زۆرتر کاردانەوە نیشان دەدەن تاکوو هەڵسوکەوتی تاکێکی خۆماڵی، دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی نەتەوەکان و پێوەندی بە سەروەرییەوە هەیە. میناک، ئەگەر لە وڵاتێکی ڕۆژئاوایی کەسێکی خۆماڵی بە چەقۆ هێرش بکاتە سەر کۆمەڵێک خەڵک، کاردانەوەی میدیاکان زۆر کەمتر دەبن لەوەی کە کەسێکی بیانی لەو وڵاتە هەمان هێرش ئەنجام بدات.

واتە، هەموو نەتەوەیەک تا ئەو کاتە ڕێز لە میوانەکەی دەگرێت کە بە شێوەیەکی گونجاو هەڵسووکەوت بکات و ڕێز لە خاک و خەڵکی خاوەنخوێ بگرێت. بەڵام لەکاتێدا کە بەغدا، ڕۆژانە بۆ لێدان لە هەرێمێ کوردستان لە بەئامانجگرتنی هیچ شتێک (ئابووری، زمان، کتێب، خاک) کە پێوەندی بە کورد و کوردستانە هەبێت درێخی ناکات، ئەمە دەبێتە هۆکار کە تاکی عارەبیش بە چاولێکەری لە دەسەڵاتەکەی ڕێگە بەخۆی بدات کە هەمان هەڵسوکەوت لەسەر ئاستی تاکەکان لەگەڵ خەڵکی کوردستان دووبارە بکاتەوە، بێگومان ئەو هەڵسوکەوتە لەگەڵ گەلی کورد کە بناغەکەی لە بەغدا داڕێژراوە، دەبێتە هۆی خوڵقاندنی دۆخێک کە ڕەنگە لە حاڵەتی ووکوو ئەو ڕووداوەی هەولێردا، بەشێک لە دووکەڵەکەی بچێتە چاوی خەڵکی خۆیانەوە.

لەکۆتاییدا، بەغدا بە درێژایی مێژوو سەلماندوویەتی کە نە تەنیا بەرد دەگرێتە ئەو کانیەی کە ئاوی لێ خواردۆتەوە، بەڵکوو تەنانەت هەوڵی داوە کانییەکە وشک بکات و بە چیمەنتۆ پڕی بکاتەوە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO