عوسمان ساوجی
وڵاتی سووریا هاوشێوەی هەریەک لە عێراق و ئێران و تورکیا وڵاتێکە کە خاوەنی فرەییەکی نەتەوەیی و ئایینیی و ئایینزایی فراوانە، ئەگەر سیستەمێکی سیاسی دیموکراسی هەبوایە دەکرا ئەو فرەییە ببوایە بە مایەی دەوڵەمەندی و سامانێکی گەورەی مەعنەوی لە ڕووی زمان و کولتوور و موزاییکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی. بەڵام چونکە سیستەمی سیاسی ئەم وڵاتە بەتایبەتی لە سەردەمی ئەسەدی باوک و کوڕ دا هێندە بەتوندی پەیوەست بوو بە پیادەکردنی سیاسەتی یەک خاک و یەک نەتەوە و یەک زمان و یەک ئاڵا، ئاسان نییە ئەو وێنەیەی لە زەینی دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆ و پێکهاتەی عەرەبی سوننی سووریا هەیە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات بەو خێراییە کاڵببێتەوە. سوننەکانی سووریا هاوشێوەی شیعەکانی عێراق دەیانەوێت دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرن و مۆرکی سیاسی و ئایینزایی خۆیان لە کۆمەڵگەی سووری و ئەم قۆناغەی فەرمانڕەوایی خۆیان بدەن.
ئەوە سەرباری دەستتێوەردانە دەرەکییە بەردەوامەکانی وڵاتان بەتایبەتی تورکیا کە گەیشتوەتە ئاستێک بەرپرسەکانیان لێدوان لەسەر سیستەمی سیاسی و ئاییندەی دەوڵەتەکە و شێوازی مامەڵەی حکومەت لەگەڵ پێکهاتەکان دەدەن، کە ئەمەش کارێکە هیچ دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی پێی قبووڵ ناکرێت، سووریاکەی ئەحمەد شەرع نەبێت.
سەرەتای هاتنە سەرکاری ئەحمەد شەرع (ئەبو محەمەد جولانی) هەوڵەکانی بەجۆرێک بوو کە لەگەڵ هەر پێکهاتەیەک بەجیا مامەڵە بکات بەوەش هەریەکەیان ناچاربن بەلاوازی بچنە دیمەشق و سازشی گەورەیان پێ بکات. ڕووداوەکانی سویەیداش بەشێک بوون لەو پەیامەی دیمەشق، بەوەی ئەگەر دروزەکان یان عەلەوییەکان یان هەر پێکهاتەیەک بیەوێت داوای مافەکانی بکات ئەوە بەهێز ڕووبەڕووی دەبنەوە.
لە ١٠ی ئابی ئەم ساڵدا، لە حەسەکە کۆنفرانسی زۆرێک لە پێکهاتەکانی سووریا بەسترا لەژێر ناوی کۆنفرانسی یەک هەڵوێستی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە نوێنەری دروز و عەلەوییەکانیشی تیایدا بەشدار بوو و ستایشی هێزەکانی “هەسەدە”یان کرد کە پێویستە بۆ پێکهێنانی سوپایەکی نیشتمانی پشتیان پێ ببەسترێت و ڕێککەوتنی “مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع”یان بەگرنگ وەسف کرد و پشتگیری ئەو کۆنفرانسەشیان کرد.
ئەوەی لە کۆنگرەکەدا وتووێژی لەسەرکرا ڕەتکردنەوەی عەقڵیەتی ناوەندگەرایی و یەکڕەنگ بینینی کۆمەڵگەی سووری بوو. لەجیاتی ئەوە داوای دەستوورێکی نوێ کە لەسەر بنەمای فرەیی و یەکتر قبووڵ کردن نووسرا بێت و سیستەمێکی سیاسی لامەرکەزیش کە ڕەچاوی ڕۆڵی هەموو پێکهاتەکان بکات پێشنیاز کرا، کە ئەمە لەلایەک پێچەوانەی خواستی دەسەڵاتدارانی دیمەشقـە، لەهەمانکاتدا تورکیاش دژیەتی. لەبەرئەوە کاردانەوەی توندی دیمەشق چاوەڕاوان کراو بوو، دیارە هەر ئەوەش ڕوویدا و دەسەڵاتدارانی دیمەشق لەلایەک کۆنفرانسەکەیان ڕەتکردەوە و بەدەستی دەرەکی و هەوڵی دابەشکاری وڵاتەکەیان لەقەڵەمدا. هاوکات، کۆبوونەوەی پاریس کە بڕیار بوو لەنێوان نوێنەرانی ئیدارەی خۆسەر و دیمەشق بەڕێوە بچیت ڕاگیرا. لە ڕاستیدا کۆتایی هێنان بە گفتوگۆ، بڕیارێکی مەترسیدارە بەتایبەت کە ئێستا چەندین گرووپی چەکداری پەڕگیر لە سووریا هەن کە بەتەواوی گوێڕایەڵی دەسەڵاتی دیمەشق نین و بەوەش لەلایەک لەمەودوا ئەگەری هێرشی ئەم گرووپانە بەبێ بڕیاری دیمەشق کراوە دەبێت و ئەگەری جڵەو شلکردن بۆیان لەلایەن دیمەشقـەوە نزیکە، هەروەک چۆن بەرانبەر دروزەکان کرا.
دیارە دەسەڵاتدارانی دیمەشق جگە لەو تۆمەتە ئامادەکراوانەی هەر دەسەڵاتێکی سیاسی بیەوێت دەیخاتە سەرشانی بەرانبەرەکەی، ناڕەزاییان بەرانبەر بەشداربووانی کۆنفرانسەکە هەبوو. بۆ نموونە، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلەوییەکان، شێخ غەزال غەزالیان، تۆمەتبار کرد کە سەر بە ڕژێمی “ئەسەد”ـە، “حیکمەت هیجری”شیان تۆمەتبار کرد کە سەر بە ئیسرائیلـە و مورشید خەزنەویش گوایە سەر بە قەندیلـە.
یەکێکی تر لە لە هۆکارەکانی توڕە بوونی دەسەڵاتدارانی دیمەشق مۆرکی ئایینیی کۆنفرانسەکە بوو، کە گوزارشت بوو لە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایین و ئایینزاکان کە ئەوە بۆ ڕەوتێکی ڕادیکاڵ و پەڕگیری وەک هەیئەی تەحریری شام تاوانێکی گەورەیە. لەهەمووشی زیاتر سەندنەوەی ڕەوایەتی بوو لە دەسەڵاتی دیمەشق لەسەر بەشێکی فراوانی خاکی سووریا کە ئەوەش بۆ ئێستای ئەو دەسەڵاتە ڕاچڵەکانێکی بەهێز بوو.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا گواستنەوەی ناوەندی بڕیار بۆ ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هەسەدە کە کورد تیایدا باڵادەستە قبوڵکردنی بۆ دەسەڵاتدارانی دیمەشق کارێکی ئێجگار قورسە، بەتایبەت کاتێک گوشارەکانی تورکیا لەسەریان لەو پەڕیەتی، ئەم کۆنفرانسە ئەگەر هەنگاوەکانی بەباشی بڕوات بەڕێوە و پێکهاتەکانی تری سووریا سوور بن لەسەر ئەوەی سیستەمی سیاسی ئەو وڵاتە لە ناوەندگەرێتی دوور بخەنەوە هەنگاوێکی گرنگ و کاریگەرە بۆ ئەوەی لانی کەم ئیدارەی خۆسەر وەک هەرێمی کوردستان بەتەنها نەبێت لە خواستی فیدراڵیدا، کە دوای جێگیربوونی پایەکانی حکومەتی نوێی عێراق ڕێگە نەدرا هیچ هەرێمێکی تر دروست ببێت.



