سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

دەستگیرکردنی عەجاج، خاڵی وەرچەرخانی پرسی جینۆسایدە لەکوردستان!

هۆمەر محەمەد

ڕزگار عومەر

ڕۆژی ١ی ئابی ٢٠٢٥ دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، هەواڵی دەستگرکردنی، عەجاج ئەحمەد حەردان، بەدناوترین ئەفسەری ڕژێمی بەعسی، ڕاگەیاند. ئەو ئەفسەرە دڵڕەقەی بە عەجاج ناسرابوو، ئازار و ئەشکەنجەی لە ڕادەبەدەری قوربانییەکانی ئەنفالی دابوو لە قەڵای نوگرە سەلمان. وێڕای دەستخۆشی و سوپاسمان بۆ هەموو ئەو کەس و لایەنانەی بەدوایەوە بوون و هەتا بەئەنجامیان نەگەیاند کۆڵیان نەدا. دەستگیرکردنی لەسەر سەرداواو سکاڵای ڕزگاربووانەوە دوای زیاتر لە سێ دەیە لە خۆشاردنەوەی بەردەوام و بڵاوکردنەوەی درۆی “مردنی” لە نێو کەس و کارەکەیدا، خاڵێکی وەرچەرخانە و ئیدی لە چاوەڕێی دادگاییکردنی داین بۆ بەرەوپێشچوونی ڕەوتی دادگاییکردنەکە. ئێستا کە ڕووبەڕووی یەکەم سکاڵای فەرمی بۆتەوە لەسەر تاوانەکانی، ئەرکی کەسوکاری ئەنفالکراوانیشە کە بەخۆ بکەون و نابێت بەوەندە سکاڵایەی فەزیلە و هاوڕێکانی کۆتایی بێت.

بەپێی ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانی عێراق، دوای چەندین ساڵ لە خۆشاردنەوە و شوێن گۆڕین و خۆدزینەوە لە دادپەروەری، عەجاج لە پارێزگای سەڵاحەدین دوای وردبینی شوێنپێکەوتنی درێژخایەن دەستگیرکراوە. بۆ شاردنەوەی تاوانەکانی، کەسوکارەکەی بە درۆ ئیدیعایان کردبوو کە مردووە. ئەو پیاوە ئەفسەرێک بوو، بەرپرسی زیندانی نوگرە سەلمان بوو، هێشتا نازانرێت ئاخو ماوەی چەند بەرپرسی بەڕێوەبردنی زیندانی نوگرە سەلمان بووە، بەڵام ئەوەی ڕوونە لەماوەی دەستبەسەرکردنی ئەنفالکراوان لەو قەڵایەدا ئەفسەرێکی دڵڕەق و توندڕەفتار بووە و فەرماندەیی ئەشکەنجە و کوشتن و برسی کردن و تۆقاندنێکی گشتی دەکرد لەگەڵ دەستبەسەرکراوانی نوگرە سەلمان دا.

نوگرە سەلمان شوێنێک بوو، بۆ داماڵینی مرۆڤ لە هەموو بەها مرۆییەکان، تەنانەت لەدەرەوەی یاسا و ڕێساکانی دەوڵەتیشدا بوو. بۆیە ناوهێنانی وەک زیندانیش هێشتا پێناسەیەکی ناتەواوە، چونکە نە زیندان بوو، هەتا دەستبەسەرکراوان وەک زیندانییەک هەندێک مافییان هەبێت وەک ( سەردانیکردنی کەسوکاریان، یاخود دادگاییکردن و داکۆکی لە خۆ کردن و گرتنی پارێزەر). ئەنفالکراوان لە نوگرە سەلمان هیچ یەکێک لەم مافانەیان نەبوو. لە ڕاستیدا دەستبەسەرکردنی ئەنفالکراوان لە نوگرە سەلمان هێشتنەوەیان بوو لەدۆخێکدا هەتا ژیانێک بژین ئاوێتە بە مەرگ و مردنێک بمرن بۆ لەیادچوونەوەی هەتاهەتایی. ئەنفالکراون تەنانەت مافی ئەوەیان نەبووە گۆڕیشیان هەبێت. چ ئەوانەی بەدەستەجەمعی کوژراون و لە چاڵی ئامادەکراودا شاردراونەتەوە، چ ئەوانەی لە نوگرە سەلمان لە ترسان و لە برسان مردوون بێ کفن و گۆڕ ژێر خۆڵ دراون.

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و دادگایی کردنی هەندێک لە سەرکردەکانی بەعس و ناوهێنانی لە زاری شایەتحاڵەکانەوە، لە ناو هۆڵی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی ئەنفال لە دادگای باڵای تاوانەکاندا، وای کرد کە ئەم جەللادەی ئەنفال بیرلە حاڵی خۆی بکاتەوە و بۆ ماوەیەک خۆی لە چاوان ون بکات و لەدەست دادگا و سکاڵاکاران ڕزگاریی بێت. لە ساڵانی خۆشاردنەوەیدا پەنای بۆ ڕێوشوێنی جیاواز بردووە. ماوەیەک هەڵاتووە بۆ سووریا و دواتر گەڕاوەتەوە بۆ زێدی خۆی. جگە لەوەش، نەشتەرگەری جوانکاری کردووە و خاڵەکانی سەر ڕوخساری لابردووە هەتا نەناسرێتەوە. ئینجا پڕوپاگەندەی مردنی بڵاو کردووەتەوە و لە ناوچەیەکی لا چەپ خۆی خەریکی ئاژەڵداری کردووە. لە هەوڵی ئەوەدا بوو ئەم ڕابردووە خوێناویەی خۆی لە سایەی بەخێوکردنی مەڕ و ماڵاتدا بشارێتەوە. بەڵام خوێنی بێتاوانەکان لەگەڵ کاتدا لەناو ناچێت، بە تەوێڵی مێژووەوە دەلکێت و هەرکاتێك خاوەنێک بۆ ئەم مێژووە پەیدا دەبێت سەندنەوەی مافیش ڕێگەیەک بۆ خۆی دەدۆزێتەوە. تۆماری تاوانەکان و دڕندەیی عەجاج  بەجۆرێکە، کە لە تێڕامانیدا مرۆڤ تووشی ساردبوونەوە و بێتاقەتییەکی زۆر دەبێت.

ئەنفال

ناوی سورەتی هەشتەمی قورئانە، لە سەدەی بیستەمیشدا ڕژێمی بەعس ئەو پڕۆسە سەربازییانەشی بەناوەوە نا، کە لە ١٩٨٨ لە هەشت قۆناغی پەلاماری سەربازییدا لە دژی گوندنشینانی کوردستان ئەنجامدرا. ئەگەرچی ئەنفال تەنها بۆ پەلامار و قۆناغەکانی ئەنفال ڕاستە، بەڵام تاوانەکە بەوەندەوە نەوەستا بەڵکوو زۆربەی هەرەزۆری ئەو خەڵکانەی لەلایەن سوپاوە گیرابوون. بەکۆمەڵکوژران و بێسەروشوێنکران. لە سەرەتادا گوندنشینانی کوردستان دەستنیشان دەکرێن و لە هەشت قۆناغی پەلاماری سەربازیدا سوپای نانیشتمانی دەوڵەتی عێراق وەک ئامرازێکی پارێزەری ڕژێمی بەعس و سەدام حسێن دژی کورد دەجوڵێ. گوندەکان دەڕوخێنن و هەموو ئەو خەڵکە کۆدەکەنەوە کە دەستنیشانکراون بۆ لەناوبردن. دوای کۆکردنەوەیان هێزەکانی سوپا هەموو خەڵکە گیراوەکە ڕادەستی دەزگاکانی ئاسایش و هەواڵگری دەکەن چارەنووسی خەڵکە دەستگیرکراوەکە لە سنووری چالاکی و دەسەڵاتی سوپادا نامێنێ.

تۆپزاوا کەمپی کۆکردنەوەو پۆلێنکردن

لێرە ئەرکی ئاسایش و هەوڵگری ئەوەیە خەڵکە دەستگیرکراوەکە لە سەربازگەی تۆپزاو کۆبکەنەوە و پۆلێن دەکەن. ژن و پیاو، پیر و گەنج لێک جیادەکەنەوە، هەتا بزانن کێ بۆ مردنی خێرا و بەکۆمەڵ و کێ بۆ مەرگی شینەیی بنێرن. دوای پۆلێن کردن و جیاکردنەوەیان تەنها شەوێک ئەوپەڕی دوو شەو لە تۆپزاوا دەهێڵدرێنەوە، ئەمەش لەبەر زۆری خەڵکەکە بوو. هەرچی گەنجەکان بوون بە خێرایی بە پاسی بێپەنجەرە لە تۆپزاوا دەبرێنە دەرەوە و دابەش دەکرێنە سەر پارێزگاکانی عێراق کە پێشوەخت شوێنی گوللـەبارانکردنیان بۆ دەستنیشان کردبوون و چاڵیان بۆ شاردنەوەیان ئامادەکرد بوو. لەناویاندا پارێزگاکانی قادسیە، سەماوە، نەینەوا و سەلاحەدین) زۆرترین گۆڕی بەکۆمەڵیان تێدا دۆزراوەتەوە.

نوگرە سەلمان

لە یەک دوو مانگی سەرەتادا هەرچی پیرەمێرد و پیرەژنەکان بوون ڕەوانەی قەڵای نوگرە سەلمان کران و ژن ومنداڵیش ڕەوانەی سەربازگەی دوبز کران. نوگرە سەلمان شوێنی دەستبەسەرکردنی پیرەمێرد و پیرەژنان بوو، ئەگەرچی دواتر چەند کاروانێکی پاسی پڕ لە ژن ومنداڵیشیان لە دوبزەوە بۆ برد و تێکەڵ بە پیرەمێرد و پیرەژنەکانیان کردن. بۆئەوەی لەوێ لە برسان و لە فەرامۆشیدا بمرن. دوای ئەوانیش ئەو هەڵەبجەیی‌ـانەیان گەیاندە نوگرە سەلمان کە بە پڕوپاگەندەی لێبوردنی گشتی گەڕابوونەوە بۆ وڵات، بەڵام بەعسییەکان درۆیان لەگەڵدا کردن و ئەوانیشیان ڕاپێچی نوگرە سەلمان کرد. بەڵام ئەم ئاڵوگۆڕە هەتا دوا دەرفەتی ڕزگاربوون هیچ گۆڕانکارییەکی باشی بەسەر دۆخی نوگرە سەلمان‌ـدا نەهێنا، بەپێچەوانەوە دڵڕەقی و دەستدرێژی بۆ سەر گەنجەکان بەتایبەتیش کچ و ژنەکان ئازارێکی ویژدانی و دەروونی خستەسەر ئازاری دەستبەسەرکراوەکان. ئەگەرچی هەڵەبجەییەکان تاڕادەیەک دۆخیان لەوانەی پێشوتر باشتربوو، بەلای کەمەوە هەندێک زەخیرەی خواردنیان بەشی چەند ڕۆژێک لەگەڵ خۆیان بردبوو، بەڵام ئەوە دادی نەدان و نزیکەی ٥٢ کەسیان لەوێ لەبرسان مردن.

ئیتر نوگرە سەلمان بوو بە ناسنامەی مەزڵومییەتی کورد و فاشیزمی دەوڵەت و وەک هێمای قووڵترین تۆقاندن بۆ ئەو زیندوانەی لە پۆلێنکردندا بۆ کۆمەڵکوژی نەبران لەوێ ئەشکەنجەی عەجاج و مەرگی شینەییان پێ بڕا.

ئەوانەی لەوێ ئازاریان چەشتووە و بەڕێکەوت ڕزگاریان بووە، بیریان دێتەوە کە عەجاج وەکوو دڕندەیەکی بێبەزەیی لە نێو حەوشە و هۆڵەکاندا دەگەڕا، ئازاری هەموو کەسێکی دەدا. ئەفسەرێکی دڵڕەق و پیاوێکی باڵابەرز و دەموچاو تاریک بوو کە هەموو جاران دەرکەوتنی بە مانای مردن یان ئەشکەنجەدان بوو. شێوازەکانی بۆ شکاندنی حورمەتی مرۆڤەکان نەک تەنها جەستەیی بوو، بەڵکوو ئازاردانی ڕۆح و شکاندنی شکۆی دەستەبەسەرکراوان بوو. پیاوان هەڵدەواسران و ئەندامەکانیان پارچە پارچە دەکران، منداڵان لە باوەشی دایکان دەکوژران و کچانی گەنجیش لەبەردەم دایک و باوکە بێدەسەڵاتەکانیان ئەتک دەکران و دەستدرێژی سێکسیان دەکرایە سەر.

سەردان بۆ نوگرە سەلمان و سەرەداوی دۆزینەوە

دوای ئەوەی چەند جارێک، دوای ئازادبوونیان بە ماوەیەک و دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام حوسێن، کەسوکاری ئەنفالکراوەکان سەردانی نوگرە سەلمان دەکەن، لە ١٥ی ئایاری ٢٠٢٣دا بەڕێژەیەکی زیاتر و بەشێوەیەکی ڕێکخراوتر، کەسوکاری ئەنفال و هەندێک لە چالاکوانانی ئەو بوارە چوونەوە بۆ نوگرە سەلمان. ئەو ڕۆژە هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی گۆڕی بەکۆمەڵ لە عێراق‌ـدا، بەکاروانێک ماشێن و پاس چالاکوانەکان چوون بۆ نوگرە سەلمان. بەڵام خزمێکی قایمقامی سەلمان زۆری لێ کردبوون گوتبووی “هەردەبێ بچنەوە بۆ قەزای سەلمان و ڕێگەنادەم بە شەو لەم بیابانە بمێننەوە”  دوای ئەوەی چالاکوانەکان لە ماڵی قایمقام کاتێک بە بەقسە و دۆخی عێراق و کوردستان بەسەر دەبەن، بۆ خەوتن دابەشکران بەسەر چەند ماڵێکدا، خاوەن ماڵێک لەگەڵ نووسەری دیاری بواری ئەنفال “سمکۆ سابیر” دەکەوێتە گفتوگۆ، لەوێ باسی کتێبەکەی خۆی بەناوی “نوگرە سەلمان قەڵای مەرگ و پاکتاوی نەژادی” بۆ کرد بوو. کاتێک باس هاتە سەر عەجاج و ڕەفتارەکانی خاوەن ماڵ بە “عەجاج” ناوی دەبات، تەنانەت جەخت دەکاتەوە و بە عەرەبی دەڵێت: “کاکە اخوية إنتَ غلطان، هو اسمه عَجّاج مو حَجّاج… يعني عَجّاج بالعين مو بالحاء”. بۆ بەیانیەکەی چالاکوانەکان دەچن بۆ نوگرە سەلمان لەوێ عەرەبەکان دڵنیایان دابوو کە ناوی “عەجاج‌”ـەو لە عەشیرەتی ئەبولناصرە و ئێستاش لەناو خزمەکانیدا دەژی. ئەمە بۆ سمکۆ وەڵامێکی شۆک ئامێز دەبێت چونکە شایەتحاڵێک بەبێ دوودڵی قسەی بۆکردووە و لەکتێبەکەیدا چاپی کردووە و گوتوویەتی کە لە سووریا مردووە! جگە لەویش عەرەبێکی خەڵکی قەزای سەلمان قسەی بۆ کەناڵی ڕووداو کردووە و دیسان جەخت دەکاتەوە لەوەی کە مردووە. ئیتر دوای ئەوەی عەرەبەکانیش چەند جارێک سەردانی گەرمیان و کەلار دەکەن و میواندارییان دەکەن دڵنیا دەبن لەوەی عەجاج لە ژیاندا ماوە و دیوەخانداریشە.

دوای بەدواداچوون و دڵنیابوونەوە لە ڕاستییەکە چەند کەسێکیان دەچنە سەماوە و لەوێ سکاڵای یاسایی لەسەر عەجاج تۆمار دەکەن و دوای کەمتر لە ٤٨ کاتژمێر بەسەر تۆمارکردنی سکاڵاکەدا عەجاج دەگیرێت. بەڵام دوای دوو ڕۆژ ئینجا هەواڵی گرتنەکەی بڵاودەکرێتەوە.

فەزیلە محەمەد، کە ئەوسا کچێکی ١٥ ساڵان بووە و بەختی ڕزگاربوونی لە نوگرە سەلمان هەبووە، ئەم یادەوەریە خوێناویانە سی و حەوت ساڵە لەسەر ڕۆحی برینداری خۆی هەڵگرتووە. ئەو ئێستا یەکێکە لەو کەسانەی سکاڵای لە دژی عەجاج تۆمارکردووە. بیری دێتەوە کە عەجاج بە لێدانی زیندانییەکان و دەستدرێژیکردنە سەر کچانی گەنج و کوشتنی خوشکەکەی وێنەی دڕەندەیی بێ هاوتای جێگیر کرد. بیری ناچێتەوە کە لە بەیانییەوە تا ئێوارە لەگەڵ خوشکە گەورەکەی ئەشکەنجە درا، پێستی دەستەکانیان بە ئاسنی زیندانەکەوە مابوو، شکایەت ئیفادەکەی فەزیڵە لە ئەمڕۆدا تەنها بیرهێنانەوەی چیرۆکێک، یاخود برینێکی ڕابردوو نییە. بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ دۆسێی کراوەی کۆمەڵکوژی کورد. فەزیڵە و ڕزگاربووانی دیکە نیشانیاندا کە کاتێک قوربانییەکان بوێری قسەکردن و تۆمارکردنی سکاڵایان هەیە، دەتوانن سەرلەنوێ دادپەروەریش بگێڕنەوە، جا با درەنگیش بێت. لە ١٦ی ئایاردا، سکاڵاکەی فەزیڵە و ڕزگار و عەلی. دەرگای زیندانی بەڕووی بەدڕەفتارترین و دڕندەترین مەخلوقدا کردەوە ئەوان نەبوونایە “عەجاج”ی جەلاد هەر پیاوی ناو پیاوانی دیوەخان دەمایەوە. فەزیلە و هاوڕێکانی دەنگی ڕزگاربووەکانن؛ کە بە شەهامەتەوە دەرگایەکی کردەوە کە “بێباکی سیاسی” بۆ دەیان ساڵە دایخستبوو!

ئێمە لەبەردەم ڕووداوێکی گەورەداین، نابێت گرنگی ئەم ساتەوەختە لەدەست بدەین. دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق کە بۆ لێپێچینەوە و دادگاییکردنی تۆمەتبارانی جینۆساید و تاوانەکانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە عێراق دا دامەزرا، چەند کەسێکیشی بەتۆمەتی ئەنجامدانی ئەنفال دادگایی کرد. بەڵام دوای ئەوەی دۆسێکانی یەکلایی کردەوە هەڵپەسێردراو ئێستا لە ڕووی یاساییەوە ناچالاکە. بۆیە دەستی یاسایی تایبەت بە کۆمەڵکوژی بەهۆی گۆڕانی ئەولەویەتەکان و پشتگوێخستنی سیاسییەوە نزیکەی دە ساڵێکە مات ببوو. ئەوە لە کاتێکدایە کە هێشتا زۆرێک لە تاوانباران بە ئازادی لە سەرانسەری عێراق و دەرەوەی عێراق دەژین بەبێ ئەوەی دادگا بێ تاوانی یەکلایی کردبنەوە.

ئەرکی “دەوڵەتی عێراق”ـە دۆسێکە بەکراوەیی بهێڵێتەوە و دادگاکەش چالاک بێت بۆ هەر حاڵەتێکی دەستگیرکردنی تۆمەتباران یاخود هەر کەسێکی وەک ئەم نموونەیەی ئێستا، چونکە ئێستا نابێت کەسوکاری ئەنفالکراوان و خەڵکی کوردستان قایل بن بەوەی لەدادگایەکی بەرایدا “عەجاج ئەحمەد حەردان” دادگایی بکرێت. بەڵکوو ئەرکی دەوڵەتە ئەم تۆمەتبارەش وەک هەر تۆمەتبارێکی ئەنجامدەری جینۆساید دادگایی بکات و هەمان ئەو یاسایانەی بەسەردا جێبەجێ بکرێت کە لە بەندەکانی (١١ و١٢ و ١٣)دا هاتوون.

ڕاستە بێدەنگی و خەمساردی و داڵدەدانی ئاشکرا و شاراوەی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بۆ ئەوانەی ناویان لە لیستی داواکراوانی ئەم دادگایە دایە؛ ژانی ئەم برینەی قووڵتر کردووەتەوە؛ پرسی جینۆساید بووەتە بارگرانییەک کە کەم کەس هەیە لە حیزب و کەسایەتییەکانی دەسەڵات بیانەوێ هەڵی بگرن کاتێک ڕووبەڕووی قەیرانە بێکۆتاکانی ئەمڕۆ و ململانێی دەسەڵات دەبنەوە. بەڵام دەوڵەت و دەوڵەتداران نابێت لە ئەرکی یاسایی و دەستووریدا کەمتەرخەمی بنوێنن بە پاساوی ئەوەی حیزبەکان و قەوارە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق هاوکار نین. چونکە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی لە دۆسێی جینۆسایددا تێپەڕبوونی کات بەسەر تاوانەکەدا نابێتە ڕێگر لەبەردەم دادگا و مافی بەدواداچوونی دۆسێی جینۆساید هەر بەکراوەیی دەمێنێتەوەو کۆن نابێت و هەرچەندی ماوەی بەسەردا تێپەڕ بێت، تاوانباران لە سزا دەرباز نابن و مافی قوربانییەکان بەهۆی کۆن بوونەوە نادیدە ناگیرێت.

ڕازیبوون بە بێدەنگی زۆر مەترسیدارە. کاتێک جینۆساید لە هۆشیاری گشتیدا کاڵ دەبێتەوە، تۆوی نائومێدی دەڕێژرێ و زەمینەی دڕندەیی نوێ خۆش دەبێ و لەوەها حاڵێکیشدا نائومێدی و هەستی دڕندایەتی و تاوانکاری دەتوانێت بە هێمنی ڕەگ داکوتێت. زیندووکردنەوەی یادەوەری ئەنفال پەیوەندی بە کردنەوەی برینە کۆنەکانەوە نییە بەڵکوو لە دوورمەودا پەیوەندی بە ڕێگریکردنە لە برینە نوێیەکان. پەیوەندی بە گەڕاندنەوەی کەرامەتی نەتەوەییەوە هەیە، لەنگەرگرتنی ناسنامەی بەکۆمەڵ لە ڕاستیدا نەک لە “بیرکردن”. هەموو تاوانبارێکی ڕاکردوو لە سزا بوێری ئەوانی تر دەدات کە پێیان وایە کات دەتوانێت گوناهەکانیان بسڕێتەوە.

گرتنی عەجاج تکریتی بەڵگەیە کە زەمانە یان مێژوو لێی خۆش نابێت؛ جا با توانیبیشێتی بۆ ماوەیەکی درێژ خۆی بشارێتەوە. ڕزگاربووان و چالاکوانانی بواری جینۆسایدی کورد و کۆمەڵگەی مەدەنی ئەگەر بخوازن دەتوانن ئەم گرتنە بکەنە خاڵی وەرچەرخان.

یەک سکاڵا تۆمار کراوە دەبێ سەدان سکاڵای ئامادەکراوی تۆکمەی یاسایی هەبن. پێویستە فشار بخرێتە سەر دەسەڵاتی دادوەری فیدراڵی عێراق بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆی لە دادگاییکردنی مانەوەی تاوانبارانی ئەنفال دا کارابکاتەوە، گرنگ نییە لە ئەمڕۆدا شوێنی حەشاردانیان هەبێت.

گرنگە دلسۆزبین، بەڵام مەترسیدارە دڵسۆزی نەزان بین

بەداخەوە هەندێک کەس لە دڵسۆزیانەوە پێشنیاری ئەوە دەکەن؛ دادگاییکردنی ئەو تۆمەتبارە بهێندرێتە گەرمیان یان کوردستان بەڵام ئەو داوایە جگە لەوەی زۆر خراپە و دەشێت دۆسێکەی لە جینۆسایدەوە بگۆڕن بە دۆسێی “کەسیی”. ئەوەش واتا سووک کردنی تۆمەتەکە لەسەری، هاوکات، تێنەگەیشتنێکی یاسایشە لە تاوانی جینۆساید و تاوانە نێودەوڵەتییەکان، چونکە ئەو تۆمەتبارانە نەک هەر لە کوردستان بەڵکوو لە هیچ دادگایەکی تری عێراقی‌ـشدا ناتوانرێت ئەو جۆرە تۆمەتبارانە دادگایی بکرێن. تەنها لە دادگای باڵای تاوانەکان نەبێت. تکایە وەها داوایەک مەکەن و ڕێگەمەدەن بەهیچ یاسایەکی تر تۆمەتبارانی ئەنفال دادگایی بکرێن تەنها بەمادەکانی (١١ دژ بەکۆمەڵکوژی و ١٢ دژ بەتاوانی دژەمرۆڤایەتی و ١٣) نەبێت بەهەموو بڕگەکانیانەوە لە یاسای ژمارە ١٠ی یاسای سزادان لە دادگای باڵای تاوانەکان ٢٠٠٥.

دادپەروەری بۆ خوشک و براکانی فەزیڵە و ئەو کچانەی لە نوگرە سەلمان دەستدرێژییان کراوەتە سەر، یان بۆ ئەو منداڵانەی لە نێو باوەشی دایکیان کوژران، بۆ ئەو دایکانەی منداڵەکانیان بەبەرچاویانەوە لە تینوێتیدا خنکان و لە برسان وشک بوونەوە و مردن دەبێت بخرێنەوە بەردەم دادگا. ئەگەرچی ئەمە تەنها “ئەرکی دادگا و دادوەرەکان نییە” بەڵکوو بەرپرسیارێتی هەر دەنگێکە کە تا ئێستاش دۆسیەی ئەنفال لەیادەوەریدا زیندووە.

گرتنی عەجاج نابێت وەک مانشێتێک بمێنێتەوە کە لە ماوەی هەفتەیەکدا کاڵ ببێتەوە. دەبێت ببێتە هاوارێکی کۆکردنەوە: بۆ ڕاستی، بۆ لێپرسینەوە و بۆ ئەو بەڵێنەی کە تەنانەت دەیان ساڵ دواتر هیچ جەلادێک نەتوانێت لە دەستی دادپەروەری ڕزگاری بێت. ئەمەش سادەترین مافی قوربانییە کە دەبێت وەری بگرێتەوە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO