لانە کرمانج
خوێندنەوە زانستە. کردنەوەی کۆدەکانی وشە و ڕستەکان بەشێکی جیانەکراوەی خوێندنەوەن. ناکرێ درشتخوێن و درشتبین بین. وردبینی لە خوێندنەوە واتا دۆزینەوە کۆد و پەیامەکانی وشەکان و نێوانی وشەکانیش. گلەیی لە کەس ناکەم، بەڵام بەڕاستی کارەکی زۆر نازانستییە بێ ئەوەی لە کۆدەکانی ناو وشەکانی بانگەوازەکەی ئۆج// ە؟لان لۆ “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی” بگەین، شاگەشکە بین، پەك هەڵبوەشێنینەوە، چەك دابنێین، و قەندیلیش چۆل بکەین. تاوەکوو بزانین داخۆ ئێستا عەینجەلان باوەڕی بە چی هەیە و چلۆن لە پرسی کورد دەڕوانێ، دەبێ لە کۆدەکانی هەموو وشەکانی ناو بانگەوازەکەی ئەم ساڵی وی بگەین. بەڕێزان، ئەمن دەیان لاپەڕە شیکارم لۆ ئەو پەیامە هەیە. بەرانەکینێ، لەو بەشەدا، هەوڵ دەدەین چاوخشاندنێکی خێرا بە پەیامەکەی بکەین. لەو بەشەدا، پەڕەگراف بە پەڕەگراف بانگەوازەکەی ٢٧ی ٢ی ٢٠٢٥ی عەینجەلان شی دەکەینەوە.
تێبینی: تا وتارەکە نەکەوێتە بەر سانسۆری فەیسبووك، لە باتی پەك ؟ەک ؟کە، پەك بەکار دەهێنین. لەباتی عەبد// وڵڵا ئۆج// ٪ەلانیش، عەینجەلان بەکار دەهێنین.
پەڕەگرافی یەکەم
لەوێندەر کە عەینجەلان باسی هەلومەرجی دروستبوونی پەك دەکا، دوو هۆکار باس دەکا. یەك، بەهۆی جەنگی سارد و جەنگی چەپی سۆشیالیزمی. لە وتاری ڕابردوو لە بابەتی جەنگی ڤێتنام دا ئەوەمان ڕوون کردەوە. دووەم، نکۆڵیکردن لە ڕاستینەی کورد و قەدەغەکردنی ئازادییەکان، بەتایبەتی ئازادی فکری. ئەوەشیان هۆکاری ئەوە بوو کە سەرەتا پەك داوای دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی گەورەی دەکرد.
پەرەگرافی دووەم
عەینجەلان لەبەر دوو هۆکار داوای هەڵوەشاندنەوەی پەك دەکا. هۆکاری یەکەم، ڕووخانی سۆشیالیزمی واقیعی و بنیاتنراو لە نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو. سۆشیالیزمی واقیعی واتە مارکسیی-لینینیی. سۆشیالیستی بنیاتنراو واتە یەکێتیی سۆڤییەتی جاران. عەینجەلان دەڵێ، “بەهۆی ڕووخانی سۆشیالیزمی بنیاتنراو، پەك وەکوو ئەوانی دی، گەیشتووەتە کۆتایی ژیانی خۆی و پێویستی بە هەڵوەشاندنەوە هەیە.” دوو، شکاندنی نکۆڵیکردن لە ناسنامە لە وڵات و پێشکەوتنی ئازادیی فکری. چیدیکە نکۆڵی لە ناسنامەی کورد لە تورکیا ناکرێ؟ داخۆ “هەر” کورد دەتوانێ بەئازادانە بڵێ کوردم؟ بەڕاست، ئازادیی فکری لە تورکیا هەیە؟ نەك هیچ کەسێك ناتوانێ بڵێ ئەمن ئەندامی پەکم، بەڵکوو قسەکردن بە زمانی کوردیش قەدەغەیە. ئەتوو، بەڵێ ئەتووی خوێنەری خەڵکی باشوور، کە دەچیتە تورکیا، لەناو مۆبایلەکەت، تەماشای پۆستی فەیسبووك و نامە و لایك و کۆمێنتیشت دەکرێ! ئەدی ئەو چل هەزار کوردەی لە زیندانەکانی تورکیان لەبەر کوردبوونیان نییە؟
پەڕاگرافی سێیەم
کە دەڵێ “کورد و تورك لە مێژووی زیاتر لە هەزار ساڵدا دژی هێزە هەژموونخوازەکان بەدڵخوازی بە هاوپەیمانی بمێننەوە”, لێرەدا عەینجەلان وەها باسی مێژووی هەزار ساڵەی کورد و تورك دەکا، کە هاوپەیمانی یەك بوونە و دژی هێزە هەژموونخوازەکان بوونە. داخۆ بەڕاستی کورد و تورك لە هەزار ساڵی ڕابردوودا هاوپەیمان بوونە دژی ئەوانی دی؟ ئەرێ لە مێژوودا، خوێنی کورد نەڕژاوە بەدەستی دەسەڵاتدارانی تورك؟ ئەوە هەڵەیەکی ئێجگار گەورەیە بەرانبەر بە مێژووی کورد. ئەوە وەك ئەوە وایە مێژووی هەزار ساڵی تاوانی تورك، عوسمانییەکان و دەوڵەتی تورك ڕەش بکاتەوە. لە بەشەکانی داهاتوو ئەوە باشتر ڕوون دەکەینەوە. ئەو نامەیەی عەینجەلانم بە زیرەکیی دەستکرد (زێدێ) نیشان دا، زێدێ دەڵێ، “عەینجەلان مەترسیی دەخاتە سەر ڕەشکردنەوەی مێژووی چەوساندنەوەی کورد و بێبەریکردنی دەوڵەتی تورکیا.” دەپرسین، داخۆ بەڕاستی عەینجەلان شارەزای مێژووی هەزار ساڵی نێوان کورد و تورك نییە، یان هەموو قوربانییەکانی کورد بە لا دەنێ و پێی وایە هاوپەیمان بوونە؟
پەڕەگرافی چارەم
کە عەینجەلان دەڵێ، “لە دوو سەدەی کۆتایی، مۆدێرنەتەی سەرمایەداری، شکاندنی ئەو هاوپەیمانییەتییەی کردووەتە ئامانجی خۆی،” ئەو تێڕوانینەی کە هەموو کێشەکان دەگێڕێتەوە لۆ کاپیتالیزم، تێڕوانینێکی مارکسییە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوە نەك پاساو هێنانەوەیە لۆ هەموو ئەو کۆمەڵکوژی و کیمیابارانکردن و کووشتن و زیندانیکردنەی تورکیا دەرحەق بە کورد کردوویەتی، بەڵکوو هەموو ململانییەکانی نێوان کورد و تورك دەخاتە سەر ئەستۆی مۆدێرنەتەی سەرمایەداری. بەمە تورك بێبەری دەکا لە بەرانبەر تاوانەکانی دژی کورد. ئەوەیش گەورەترین دەستهەڵگرتن و خۆبێخاوەنکردن و نکۆڵیکردنە لە مێژووی کورد، بەتایبەتی ئەو مێژووەی کە تورك خوێنی کوردی ڕشتووە.
پرسیارەکی زۆر سادە و ئاسان: ئەدی سیستەمی دەوڵەتی تورکیا بەخۆی سیستەمێكی سەرمایەداری نییە؟ ئایا تورکیا ئەندامی ناتۆ نییە؟ داخۆ لە دەیان لاوە، تورکیا و ئەمریکا هاوپەیمان نین؟ ئەدی لۆ کە باسی مۆدێرنەتەی سەرمایەداری دەکرێ، یەکسەر ڕوو لە ئەمریکایە، کەچی تورکیا بەشێکە لەو سیستەمە و عەینجەلان نایبینێ؟ ئەوە مۆدێرنەتەی سەرمایەدارییە کە باکووری کوردستانی پشتگوێ خستووە و هیچ پڕۆژەیەکی بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری تێدا ناکا یان تورکیا خۆیەتی؟ ئەوە مۆدێرنەتەی سەرمایەدارییە کە بەشێکی زۆری خاکی کوردستان و شوێنەوارە مێژوویییەکانی باکووری کوردستانی خستە ژێر ئاوی بەنداوەکان و لەناوی بردن یان تورکیا خۆی بوو؟
لەو پەڕەگرافەدا، عەینجەلان کۆی هۆکارە ناوخۆییەکانی تورکیا و دیکتاتۆرییەتی دەوڵەتی تورکیا لە سەد ساڵی ڕابردوو و ناسیۆنالیزمی تورکیی-ئەتاتورکی و ئەردۆگان باس ناکا و ئاماژەیان پێ نادا. عەینجەلان بە یەك پیتیش باسی ناسیۆنالیزمی ئەتاتورکی و ئەردۆگانی و کۆی کۆماری تورکیا ناکا کە خوێنی هەزاران ڕۆڵەی کوردیان ڕژاندووە، کەچی دێ هەموو شتێك دەخاتە ئەستۆی سەرمایەداری!
پەڕەگرافی پێنجەم
کاتێک عەینجەلان دەڵێ: “لە مێژووی کۆماری تورکیاـدا، پەك درێژترین و بەرفراوانترین تەڤگەری سەرهەڵدان و توندوتیژییە،” ئایا حەقی خۆمان نییە بپرسین: بەکارهێنانی وشەی “توندوتیژیی” لۆ وەسفی پەك، هەمان زمان و خیتابی دەوڵەتی تورکیا لۆ پەك و کورد نییە؟ دەپرسین، ئەرێ کەس هەیە بە خەباتی خۆی لۆ ئازادیی خۆی، بڵێ “توندوتیژیی”؟
هەر لەو پەڕەگرافەدا، کاتەك عەینجەلان دەبێژێ: “دەوڵەت-نەتەوە جیاوازەکان، فیدراسۆنەکان، خۆبەڕێوەبەری ئیداری، ڕێبازە کولتوورییەکان، بوون بە دەرئەنجامی نەتەوەپەرستییەکی توند، ناتوانن ببنە وەڵامدەرەوەی کۆمەڵناسیی کۆمەڵگەی مێژوویی”، نەك دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ڕەت دەکاتەوە کە لەمێژە باوەڕی پێی نەماوە، بەڵکوو تەنانەت خۆڕێبەری و فیدراسیۆن و ڕێبازە کولتوورییەکانیش ڕەت دەکاتەوە. بەمانایەکی دیکە، لێرەدا، عەینجەلان هەموو مافێکی یاسایی، لۆ هەبوونی هەر دەسەڵاتێکی یاسایی لۆ کورد، وەکوو دەوڵەتی سەربەخۆ و فیدڕاڵی و ئۆتۆنۆمی و خۆڕێبەری (وەکوو ئەوەی لە ڕۆژاڤا هەیە)، تەنانەت فیدراسیۆن (دروستکردنی تیم و دەستە)یش، ڕەت دەکاتەوە. بەشێك لەوانەی گومانیان لە کۆی پڕۆسەی ئاشتیی ئەم جارە هەیە، دەپرسن، لە ماوەی تەمەنی کۆماری تورکیاـدا، داخۆ ئەوە هەمان ئامانج و داواکاریی دەوڵەتی تورکیا نەبووە لۆ کورد؟ ئایا دەوڵەتی تورکیا لە سەر زاری عەینجەلانـەوە دەدوێ؟
لەو پەڕەگرافەدا، هەردوو دەستەواژەی (دەوڵەت-نەتەوە و کۆمەڵناسیی کۆمەڵگەی مێژوویی) زۆر گرنگن. لە بەشی داهاتوو شییان دەکەینەوە.
پەڕەگرافی شەشەم
ئەو پەڕەگرافە دوا ڤێرژنی بیرکردنەوەی عەینجەلانە بەرانبەر بە دۆزی کورد. لە مانیفیستۆیە تازەکەیدا زیاتر ڕوونی کردووەتەوە. ئەو دەڵێ، ڕێزگرتن لە ناسنامەکان، ئازادیی فکر، دامەزراندنی کۆمەڵگەی ئابووری و سیاسیی هەموو پێکهاتەکان، تەنها بە هەبوونی کۆمەڵگە و گۆڕەپانی سیاسیی دیموکراتیك بەدی دێ. لەو پەڕەگرافەدا، ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێ بدەین ئەوەیە عەینجەلان دەستنیشانی جۆری دیموکراسییەکە ناکا. دیموکراسی جۆری زۆرە، تەنانەت کاتی خۆی ڕژێمی سەدام و ئەسەدـیش خۆیان پێ دیموکراسی بوو، بەس دیکتاتۆریش بوون. ئەسڵەن حەقی خۆمانە بپرسین کە داخۆ دیموکراسی بەخۆی سیستەمێکی سیاسیی بێ خەلەلە؟
پەڕەگرافی حەفتەم
ئەو پەڕەگرافە باسی ئەوە دەکا کە ئەو دیموکراسییەی عەینجەلان لۆ تورکیا داوای دەکا، نەك نابێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت-نەتەوەی تورکیا، بەڵکوو زۆر بەڕوونی باسی مانەوەی بەهێزی سەد ساڵی داهاتووی کۆماری تورکیا دەکا. عەینجەلان دەرێ: “سەد ساڵی دووەمی کۆمار، تەنها کاتێك بە دیموکراسی ڕەنگڕێژ دەبێت، دەتوانێت ببێت بە خاوەنی یەکگرتوویی و مانەوە و بەردەوامییەکی مسۆگەر.” وەك لە دوو بەشی ڕابردوو نیشانمان دا، پەك و عەینجەلان باوەڕیان بە خەباتکردن لۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان نەماوە، بەڵام لێرەدا ئەوە دەبینین لە عەینجەلان لە خەمی سەد ساڵی داهاتووی دەوڵەتی تورکیایە تا یەکگرتوویی و مانەوە و بەردەوامییەکی مسۆگەریشی لۆ داوا بکا.
ئەگەر کەسانێك پێیان وایە بانگەوازەکەی عەینجەلان دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت-نەتەوەی تورکیا، ئەوا خودی عەینجەلان پێچەوانەکەی دەڵێ. لێرەدا، عەینجەلان ئەوە بەڕوونی دەنووسێ کە مسۆگەربوونی یەکگرتوویی و مانەوە و بەردەوامیی تورکیا لە ڕێگەی دیموکراسییە. تکایە دیقەتی هەر وشەیەك بدەن کە ئۆجەلان بەکاری هێناوە! هیچ وشەیەکی بێ هۆ هەڵنەبژاردووە.
پەڕەگرافی هەشتەم
کاتەك عەینجەلان دەڵێ: “ئەو بانگەوازییەی کە بەڕێز دەوڵەت باخچەلی کردی و ئەو ئیرادەیەی سەرۆك کۆمار نیشانیدا، منیش داوای دانانی چەك دەکەم”. لێرەدا ئەوەمان لۆ ڕوون دەبێتەوە، بەئەگەرێکی زۆرەوە، پڕۆسەی ئاشتیی ئەم جارە، پڕۆژەی ئەو سێ کەسەیە بەدیاریکراوی، هیچ دەستی ئەمریکا و ئەوڕوپا و ئیسرائیلی تێدا نییە. ئەمن ئاگاداری بەشێکی زۆری سیاسەتی ئێستای ئەمریکاـم و بەهۆیەوە ئاگاداری سیاسەتی ئیسرائیلـیشم، هەرگیز ئەمریکا و ئیسرائیل کارەکی وەها ناکەن. ستراتیجیی کارکردنی ئەمریکا، لە ئێستادا، هەرگیز کاری وەهای تێدا نییە.
پەڕەگرافی نۆیەم
کاتەك عەینجەلان وارێ: “دەبێت هەموو گرووپەکان چەك دابنێن و پەك هەڵبوەشێتەوە”، لێرەدا وشەی ئەمری “دەبێت”ی بەکار هێناوە. هەروەها، کە دەڵێ “هەموو گرووپەکان” ئاشكرایە کە قەندیل یەك گرووپی تێدایە، کە پەکە، بەڵام لێرەدا مەبەستی هەموو حیزبە سیاسییەکانی کوردستانە، بە ئەوانەی ڕۆژئاوا و باشوور و ڕۆژهەڵاتیشەوە.
*****
لە بەشی ڕابردوودا، باسی ڕێبەری ناوەندگیر (centralized leader)مان کرد لە تێڕوانینی ستالین/ستالینیزم دا، کە هەمان بنەما لە پەكدا هەیە. لە ١٩٨٥ـەوە، عەینجەلان وەکوو ڕێبەری ناوەندگیریی پەك سەرۆکی پەکە، لەو پێگەیەوە قسان دەکا و داوای چەکدانانی هەموو گرووپەکان دەکا. لەبەر ئەوەی ڕۆژاڤا کاریگەریی تەواوی فەلسەفە و ئایدۆلۆجیای پەك، مارکسیی-لینینیی-ماویی-ستالینیی لەسەرە، لۆیێ، عەینجەلان بەمتمانەوە دەتوانێ داوایان لێ بکا تا چەك دابنێین. وابوو، ڕاستەوخۆ پاش پەیامەکەی عەینجەلان، دەولەت باخچەلی بەپەلە گۆتی: “داواکاریی عەینجەلان هەسەدەش دەگرێتەوە.” وابوو، دوای پەیامەکەی عەینجەلان، عەینجەلان داوای بینینی مەسعود بارزانی کرد. ئەوانە هەموویان یەك پاکێجن. پێکەوە ڕوو دەدەن. ئێستا باسەکە خاو بووەتەوە لەبەر ئەوەی وەزعی ناوخۆی سووریا سەقامگیر نییە، دەنا، کە وەزعی ناوخۆی سووریا سەقامگیر دەبێ، ئەوا ئەو باسە جارەکی دیکە بەڕوونی دێتەوە گۆڕی و یەکسەر شەڕەکە بەرۆکی ڕۆژاڤا و یەکێتیی و پارتی و پژاکـیش دەگرێ. هەر ئەوەش بوو کە لە ڕۆژی بڵاوبوونەوەی پەیامەکەی عەینجەلان، نووسیم، “کەنگینێ سەردەمی ئەوە ماوە یەك کەس بڕیار لە چارەنووسی گەلێکی ٦٠ ملیۆن کەسی بدا؟”
سێ پرسیاری گرنگ
یەکەم، داخۆ، لۆ ئێستا، ئەو بانگەوازە سوودی لۆ پرسی کورد هەیە؟
دووەم، پەك بەرهەمی نەتەوەیی لۆ کورد لە تورکیا هەبووە؟ وەڵامی من لۆ هەردووکیان: بەڵێیە.
داخۆ دەبێ پەك و حیزبە کوردستانییەکانی تریش چی بکەن؟ لە بەشەکانی داهاتوو باسیان دەکەین.
دووبارە ئەوە دەنووسمەوە: ڕێز لە خەبات و فکر و کەسایەتیی عەینجەلان دەگرم. ڕێز لەوە دەگرم کە نووسەرە. ڕێز لەوە دەگرم کە تەمەنێكی زۆری بە کورد بەخشییە. ڕێز لە خەبات و هەوڵەکانیشی لۆ ئازادی کورد و کوردستان دەگرم. زیندانیکردنەکەی بە پەڵەیەکی ڕەش دەزانم بە نێوچاوانی تورکیاـوە و پڕۆتستۆی دەکەم. داوای ئازادکردنی دەکەم. ماوەیەکی زۆری تەمەنم پێی سەرسام بوویمە و بەرگریم لە خۆی و بزووتنەوەکەی کردییە. ئێستاش ڕێزیان لە کنم ماوە. بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە عەینجەلان لە دەرێی ڕەخنەیە. کاتەك باسەکە دێتە سەر پرسی نەتەوەیەك، ئەوا هیچ کەسێك لە دەرێی ڕەخنە نامێنێتەوە.
ماویەتی


