سەباح موفیدی
لە سەردەمی هاوچەرخدا، کورد کوردستانی بە کۆلۆنیکراو زانیوە؛ کۆلۆنی ناوخۆیی لەلایەن دەوڵەتە پێوەندیدارەکانەوە کە پێویستە ڕزگار بکرێت.(٢) بزووتنەوەی کورد لە کوردستاندا سێ قۆناخی تێپەڕاندووە: شۆڕشی میرنشینەکان، ڕاپەڕینی سەرکردە ئایینییەکان و چالاکی حێزبە سیاسییەکان. لە سەدەی نۆزدەدا، شۆڕشی میرنشینەکان بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی کورد لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە و زۆرتر لە ژێر ناوی ئایین و ڕەمزی خەلافەتدا سەرکوت کرا. سەرەرای ئەوە، گەرچی هەلی پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ نەتەوە جیاوازەکان لەوانە کورد نەڕەخسا، هەندێ مافی هاووڵاتێتی بەرابەر ڕەچاو دەکرا لە سەردەمی ئیسلامیدا تاکوو دەیەکانی کۆتایی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، کاتێ کە ئەوان کەوتنە ژێر کاریگەریی سەرهەڵدانی پان-ئیسلامیزمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم (١٨٧٦-١٩٠٨) و سەرهەڵدانی پان-تورکیزم بەتایبەت لە دژی پان-سلاڤیزیمی سزار، و هەروەها کاریگەریی ناسیۆنالیزمی عەرەب (Bruinessen 1992, 269). ناسیۆنالیستە بووژانەوەخوازەکانی عەرەبی موسڵمان وەک عەبدوڕڕەحمان کەواکبی (١٨٥٥-١٩٠٢)، چەمکە ئیسلامییەکانیان لە بەرژەوەندی ناسیۆنالیزمی عەرەب ڕاڤە کردەوە. لە ڕوانگەی ئەوانەوە ئیسلام و عەرەب لێکتر جیا ناکرێنەوە. لە بەرانبەر تورکانی عوسمانی کە هەوڵیان دەدا یەکپارچەیی ئیمپراتۆریەتەکەیان بپارێزن، عەرەبەکان یەک ئومەت/نەتەوەی ئیسلامییان ڕەت کردەوە و تیشکیان خستە سەر ئومەم/نەتەوە موسڵمانەکان کە لە نێوانیاندا ئومەتی عەرەب گرنگترینیان بوو (بڕوانە: Soleimani 2018). پاشان، وەک دژکردەوە بۆ سیاسەتی پان-تورکیستی تورکانی لاو (١٩٠٨-١٩١٤)، ڕووناکبیرانی عەرەب و کوردی موسڵمان زیاتر ئاگایی ناسیۆنالیستی خۆیان پەرە پێ دا (Maoz 1999, 12). نزیکەو هاوکات لە ئێراندا، لێرەش لە دژکردەوە بۆ پەرەسەندنی سیاسەتی پان-فارسیست بەتایبەت لە کاتی هاتنە سەر دەسەڵاتی ڕەزا شا (١٩٢٥) و پێکهێنانی دەوڵەتی نیمچە-مۆدێرنی بەناوەندیکراو، ئێتنۆ-ناسیۆنالیزمە جیاوازەکان، بەتایبەت ناسیۆنالیزمی کورد، گەشەی سەند.(٣)
لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستدا، هۆزایەتی و ئایینیی بوون دوو تایبەتمەندیی کۆمەڵگای کوردی بوون (Barkey and Fuller 1998, 65). بۆیە، هاوتەریب لەگەڵ بەکارهێنانی ئایین لەلایەن نەتەوە موسڵمانەکانی تر و دەوڵەتەکانیانەوە، کوردیش هەوڵی دا بۆ بەکارهێنانی ئایین بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی خۆی. ئەمە لە سەردەمی ڕاپەڕینەکان بە سەرکردایەتی کەسایەتییە ئایینییەکان، بەتایبەت شێخانی تەریقەتەکان و بنەماڵەکانیان، کە لە تەشەنەی خۆیان لە کۆمەڵگا کەڵکیان وەرگرت، ڕوویدا. بۆ نموونە، بزووتنەوە سەرنەکەوتووەکانی شێخ عوبەیدوڵڵا، شێخ سەعید بەرزەنجە، شێخ مەحموود، شێخ سەعید پیران، سەید ڕەزا، شێخ سەلام بارزانی، مەلا موستەفا بارزانی و قازی محەمەد. پڕۆژەی ناسیۆنالیستی شێخ عوبەیدوڵڵا لە ١٨٨٠ ز. دا لە دژی تورکانی عوسمانی و قەجەر، نموونەیەک بوو لە تێکەڵاوی ئیسلام و ناسیۆنالیزم لە نێوان نەتەوە موسڵمانەکان کە لە سەدەی نۆزدەدا دەستی پێکردبوو. لە دیمانەیەکدا لەگەڵ بانگخوازی ئەمریکی هێنری ئۆتیس دوایت (Henry Otis Dwight) لە ١٨٨١ ز. دا، هەوڵی دا پیشان بدات کە سەرکردە تورک و فارسەکانی نەتەوە زاڵەکان ئیمانی ڕاستەقینەیان نییە و تەنیا لە باری سیاسییەوە بەکاری دەهێنن (Soleimani 2018).
پاش شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵا، پێکهێنانی سوپای سوارەی حەمیدییە و بیانووی هەڕەشەی شەڕ لەگەڵ ڕووسیای ناموسڵمان بووە هۆی لاوازبوونی بزووتنەوەی کورد.(٤) پاش ١٩٠٩ ز.، کاتێک تورکانی لاو و یەکێتیخوازەکان گەیشتن بە دەسەڵات، حکوومەتی کۆمیتەی یەکیەتی و پێشکەوتن (CUP) چەندین ئەنجومەنی کوردی لە ئەستەمۆڵ، بەغدا، موسڵ، هەروەها چەندین گۆڤاری لە ئەستەمۆڵ، داخست و سەرکوت کرد. حکوومەتەکە سیاسەتێکی نوێی بەناوەندیکردنی گرتەبەر کە ئامانجی ڕوونی ئەوە سەپاندنی زمان و چاندی تورکی لە سەرتانسەری ئیمپراتۆریەتەکە بوو، و تایبەتمەندییە نائایینییەکانی یاسای بنەڕەتی نوێی عوسمانی ڕەچاو کران. ئەم کردەوانە بووە هۆی دژایەتی شێخ سەعید بەرزنجی ڕێبەری تەریقەتی قادری لە سلێمانی لە ١٩٠٩ ز. و دوابەدوای ئەوە دوورخستنەوەی بۆ موسڵ. هەر لەو ساڵەدا، لە پێکدادانێکی پیلاناوی گەورە لە موسڵ لە کاتی دانوستان لەگەڵ حکوومەت کوژرا. پاشان، شێخ مەحموودی کوڕی گەڕایەوە سلێمانی. ئەو پشتیوانی هۆزی حەمەوەندی هەبوو کە لە ١٩١٤ دا هێشتا سەرکوت نەکرابوو (Fieldhouse 2001, 36 & 164). لەگەڵ شێخە عەرەبەکاندا، شێخ مەحموود لە دژی بەریتانیا لە ١٩١٤-١٩١٥ دا شەڕی کرد. پاش ئەوەی کە بەریتانیا حومکڕانەکانی عوسمانی لە بەغدا و بەسرە تێکشکاند، ئەو بۆشایی سیاسی لە باشووری کوردستان پڕ کردەوە. لە ١٩١٨ ز. دا، لەگەڵ خەباتی شێخ مەحموود لە باشوور، ناکۆکی کوردی باکووری کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتی تورک بەردەوام بوو. پاش ڕووخانی خەلافەتی عوسمانی و دامەزراندنی دەوڵەتی تورک، ناکۆکییەکە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و دواتر سەرکوتی ئەوەی لە ١٩٢٥ ز. لێکەوتەوە. دوای ئەوەش، بزووتنەوەی کورد زۆرتر بە سەرکردایەتی کەسایەتییە ئایینییەکان درێژەی پێ درا.
لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە، قۆناخی سێهەمی بزووتنەوەی کورد دەستی پێکرد کە زیاتر حێزبە کوردییەکان و سەرکردەکانیان لە هەر چوار پارچەی کوردستان بزووتنەوەکەیان ڕێبەرایەتی دەکرد. بەوەشەوە، ناسیۆنالیستە سێکولارەکان ئایینیان وەک ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی خەڵک ڕەچاو کرد، بەتایبەت خەڵکی سوننە کە بە وتەی ڤان بروینسێن (٢٠٠٠) زۆربەی کات بڕبڕەی بزووتنەوەی کوردیان پێکهێناوە. بەم شێوەیە، پاش لەنێوچوونی میرنشینە کوردەکان، ڕاپەڕینی زۆر هەبوو و هەندێ جار بۆ ماوەیەکی کورت کورد خۆی کۆنتڕۆڵی بەشگەلێک لە کوردستانی دەکرد؛ دەوڵەتە خۆڕاگەیندراوەکانی شێخ عوبەیدوڵڵا (١٨٨٠-١٨٨١) و سکمۆ (١٩١٨-١٩٢٢)، حکوومەتی شێخ مەحموود (دەیەی ١٩٢٠)، کۆماری کوردستان (١٩٤٦)، خودموختاری کوردستان لە باشوور (١٩٧٠-١٩٧٤)، کۆنتڕۆڵی حێزبە کوردییەکان بە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ماوەیەکی کورت پاش شۆڕشی ١٩٧٩، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە باشوور (١٩٩١-) و لە کۆتاییدا خۆسەری لە ڕۆژاوای کوردستان (٢٠١٣-).
کاریگەریی ئەو گۆڕانکارییە سیاسییانەی سەرەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەردەوامی بزووتنەوەی کورد، ڕووبەڕووبوونەوەی نەتەوەییخوازانەی درێژخایەنی لێکەوتەوە. دوای شەڕی جیهانی یەکەم، ڕووخانی خەلافەتی عوسمانی و دەسەڵاتی قاجار، پاشان پێکهاتنی دەوڵەتە نوێیەکان، لەو چوار وڵاتەی کە هەرکام بەشگەلێک لە کوردستانیان لەبەر گرتووە، ئێتنۆ-ناسیۆنالیستە زاڵەکان و کورد بە توندی ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە. “کورد لەلایەن نەتەوەکانی تورک، عەرەب و فارسەوە کە لە ڕووی نەتەوەییخوازانەیی یان ئایینییەوە ڕێکخراوتر و بەهێزتر بوون، دەکرێت بە ئەوی تر” (Dehzani 2008, 4).(٥) گەرچی لە نێوان چوار وڵاتەکەدا تا سەرهەڵدانی دەسەڵاتی نوێی پاش ئەسەد لە سووریا، تەنیا حکوومەتی ئێرانی پاش ١٩٧٩ ئایینیی بووە، هەموو دەوڵەتەکان ئایینیان لە بەرژەوەندی سیاسەتی خۆیان لە دژی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بەکارهێناوە کە لە لەم وتارەدا چۆنیەتی ئەم بەکارهێنانەی ئایین لە ڕووبەڕووبوونەوە نەتەوەییخوازانەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان تاوتوێ دەکرێت.
کاریگەری وێژمانی ئیسلامی لە ماوەی سەرپەرشتیارێتی فەڕەنسا (١٩٢١-١٩٤٦)
پاش ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، سووریاش یەکێکی تر لە وڵاتە تازەپێکهاتووەکان بوو. لە سووریای بندەستی دەسەڵاتی کۆلۆنیالی فەڕانسە (١٩٢١-١٩٤٦)، پێوەندییەکانی عەرەب-کورد تاڕادەیەک باش بوو (Nazdar 1993, 198). یاریزانەکان لە بزووتنەوەی چاندیی کورددا هەندێ پاڵپشتیان لە بەڕێوەبەرایەتیی دەسەڵاتە سەرپەرشتیارەکەدا دۆزیەوە. لە ساڵانی بیستەکاندا، کۆمەڵە خەڵکە جیاوازەکان گەشەسەندنێکی هاوتەریبیان بەدواداچوون کرد. بەوەشەوە، عەرەبەکان وردە وردە لە سۆزی ئێتنۆ-نەتەوەیی و هەستی ئایینیی لە دژی سیاسەتی فرەییخواز یان پلورالیستی فەڕەنسا کەڵکیان وەرگرت کە بووە هۆی زاڵبوونیان. لە سەرەتادا، ململانێی نێوان تورکەکان و هاوپەیمانەکان بووە هۆی بەهێزتربوونی ناسیۆنالیستە عەرەبەکان. هەر بەو شێوەی لە دژی بەریتانیا لە عێراق، دەوڵەتی تورکیا هەوڵی دا لە بانگەشەی ئیسلامی و برایەتی موسڵمانان کەڵک وەرگرێت بۆ ورووژاندنی عەرەب و کورد لە دژی فەڕەنسا لە سووریا لە ساڵانی بیست و سییەکاندا (Tejel 2009, 12, 23 & 32). هەروەها، پێوەندیی ئایینیی نێوان زۆرینەی کورد و عەرەب وەک سوننە لەلایەک، و جۆراوجۆریی ئایینیی بریتی لە ئێزدی، مەسیحی و جوو لە ڕۆژئاڤا لەلایەکی ترەوە، کاریگەریی نەرێنی لەسەر یەکیەتی کورد لە بەرژەوەندی ناسیۆنالیزمی عەرەبیدا هەبوو (Fuccaro 2003, 196).
لەگەڵ گەشەی داواکاریی ناسیۆنالیستی عەرەبیدا، لە ساڵی ١٩٢٤ەوە کورد داوای خودموختاری بۆ خۆی کرد و داواکارییەکانی تۆمار کرد. بە سەرهەڵدانی ڕێکخراوە ناسیۆنالیستییەکانی عەرەب وەک ‘حێزبی گەل’ دامەزراو لە ساڵی ١٩٢٥، و حێزبی یەکیەتی سووریا (بڕوانە: Khoury 1987, 144-147)، ناسیۆنالیستە کوردەکان بە سەرکردایەتی یەکێتی خوەبوون/خۆیبوون(٦) ، بە یارمەتی شێخ و مەلا خاوەن تەشەنەکانی وەک شێخ عەبدولڕەحمان گەریسی، ئەندامی کارای خۆیبوون، لە سالی ١٩٢٧ دا هەوڵیان دا بۆ بەنەتەوەییکردنی ناسێنەی ئێتنیکی کورد، بەتایبەت لە ڕێگەی خوێندنگەکانی قورئانەوە. لە ساڵی ١٩٢٨ دا داواکارییەکیان لە ئاڕاستەی خودموختاری خۆجێییدا تۆمار کرد و داوایان کرد کە هەموو کاربەدەستەکان لە ناوچە کوردنشینەکاندا بگۆڕدرێن و ببن بە کورد، کورد بە کوردی بخوێنن، و هێزێکی چەکداری کورد پێکبێت بۆ پاراستنی سنوورەکانی باکوور، بە ئەگەرەوە لە بەرانبەر هێرشی تورکەکان بۆ سەر کورد (Tejel 2009, 27-28 & 96).
لە ساڵانی سییەکاندا، ڕێکخراوی ناسیۆنالیستی عەرەبی سووریایی(٧) زۆرتر سەریانهەڵدا کە هەندێکیان وەک هاوپەیمانی/بلۆکی نیشتمانیی گەیشتن بە دەسەڵات، لەکاتێکدا هەموویان هەوڵیان دەدا بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی سووریا. گەرچی ئەم حێزبانە سێکولار بوون، لە پرسە ئایینییەکان کەڵکیان وەرگرت. عەرەبەکان لە هاتنی ئاشوورییەکان بۆ جەزیرە لە ساڵی ١٩٣٣ دا و داواکاریی ژمارەیەک جوو کە دەیانەویست لە سووریا جێگیر ببن کەڵکیان وەرگرت. بانگەشەیان دەکرد کە فەڕەنسا وەک ئەوەی لە فەلەستین کراوە پڕۆژەی زایۆنیی هەیە، بۆ ئەوەی کە هەستی ئایینیی لە دژی فەڕەنسا بورووژێنن. بەم شێوەیە، ئەوە کاریگەریی لەسەر کورد هەبوو. گەرچی پێکهاتنی هاوپەیمانی/بلۆکی کورد-مەسیحی خودموختاریخواز لە ساڵی ١٩٣٦ دا کاریگەریی هەبوو و بە هێوری وێژمانەکەی گۆڕی، بە واژۆکردنی پەیمانی فەڕانسە-سووریا کە سەربەخۆیی سووریای پێشبینی دەکرد، هاوکاری فەڕەنسا-کورد لە ساڵی ١٩٣٦ دا کۆتایی پێهات (هەر ئەوە، ٢٩-٣٣).
هەروەها، لەگەڵ ڕاپەڕینەکان لە دژی دەسەڵاتی کۆلۆنیال، ناسیۆنالیستە سوورییەکان لەوانە عەبدولڕەحمان شاهبەندەر (١٨٧٩-١٩٤٠) کە لەلایەن سەرکردە ئیسلامییەکانەوە وەک وەحید ئەلحەکیم و موستەفا ئەلزەرقە پشتگیری دەکرا، هەڵمەتێکی پان-ئیسلامییان لە ساڵی ١٩٣٧ دا خستە ڕێ کە کاریگەریی لەسەر خەڵکی کورد هەبوو و دەستەبژێرە ئایینییەکانی کوردی بەرەو خۆ ڕاکێشا (Fuccaro 2003, 213). ئەوان لە هەستی ئیسلامیی کەڵکیان وەرگرت و لە ڕاپەڕینەکانیاندا وێژمانێکی ئیسلامییان بریتی لە زاراوە و ڕەمزە ئیسلامییەکان، بەتایبەت ‘شەڕی پیرۆز (جیهاد)’ لە دژی کافرەکان، بەرز کردەوە. هاوکات، ناسیۆنالیستە کوردەکان بەردەوام بوون لە تێکۆشانیان لە بزووتنەوەیەکی خودموختاریخوازدا. ئەو بزووتنەوەیە لە ساڵی ١٩٣٨ دا گرنگ بوو. هاوپەیمانییان لەگەڵ مەسیحییەکان کە لەلایەن سەرکردە ئایینییەکانەوە پشتگیری دەکرا، تەشەنەیانی بەرفراوانتر کرد. ناسیۆنالیستە عەرەبەکان لە دژی بزووتنەوەی خودموختاریخوازی کورد و مەسیحییەکان ڕاوەستان (Tejel 2009, 16, 30-34).
بەم شێوەیە، هەرچەندە کورد لە بەدەستهێنانی هەندێ داواکاریی لە نێوان ساڵانی ١٩٢٨ و ١٩٣٦ ز. دا پێشکەوتنی هەبوو، لە ژێر گوشاری ناسیۆنالیستە عەرەبەکان لە ساڵانی سییەکاندا، سیاسەتی فەرمی چی تر پاڵپشتی لە خودموختاری خۆجێیی و کەمینە ئێتنیکییەکان نەدەکرد. بە هۆی دژایەتی عەرەب لەگەڵ خوێندنی کوردی، کوردەکان بە ناچاری ستراتیجی جۆراوجۆریان بۆ پاراستنی زمانەکەیان لەبەر گرت، لەوانە بە کوردی وانەوتنەوە لە خوێندنگەکانی قورئاندا کە هاوکات وەک ‘خوێندنگەی کوردی’ کاریان دەکرد، پۆلەکانی شەوانە، و هەوڵە تاکەکەسییە جیاوازەکان. لە نێوان ساڵانی سییەکان و چلەکانی سەدەی بیستدا، کوردی زمانی سەرەکی پێوەندیی لە خوێندنگە ئایینییەکاندا بوو (هەر ئەوە، ٢٦، ٢٩ & ٩٧).
لە سەرەتای ساڵانی چلەکاندا، ناسیۆنالیستە عەرەبە یەکگرتووخوازەکان بە ناوی برایەتی موسڵمانیی لە نێوان عەرەب و کورد، دراوسێیە موسڵمانەکانیان لە دژی مەسیحییەکان ورووژاند و ئایدۆلۆجیای ئیسلامییان بەکارهێنا بۆ لاوازکردنی ناسیۆنالیزمی کوردی. بەم شێوەیە، زیانیان گەیاند بە هاوپەیمانی/بلۆکی کورد-مەسیحی خودموختاریخواز (هەر ئەوە، ٣٦). هەروەها، ناسیۆنالیستە عەرەبە سێکولار و تەنانەت ناموسڵمانەکان لەوانە لیبڕاڵێکی وەک قوستەنتین زورەیق (١٩٠٩-٢٠٠٠) و میشڵ ئەفلەق (١٩١٠-١٩٨٩)(٨) ، کە هەردووک مەسیحی بوون، ئیسلامیان بەکارهێنا و وەک بەشێک لە ناسیۆنالیزمی عەرەبی ڕەچاویان کرد. بە ڕای ئەم کەسانە ئیسلام ئیلهامبەخشی نەتەوەی عەرەبە و لە هەر کوێ ئیسلام هەبێت، عەرەبیزمیش هەیە (بڕوانە: Kedourie 1992; Mofidi 2015a, 48). لە کۆتاییدا، گەرچی نوێنەرانی کورد دیسانەوە لە ساڵی ١٩٤٥ دا داواکارییەکانیان پێشکەشی سەرۆک کۆمار، شوکری ئەلقووەتلی(٩)، کرد و وێرای بەڵێنییەکانی حکوومەت، سەردەمی سەرپەرشتیارێتی فەڕەنسا لە ١٩٤٦ دا بە بێ بەدیهاتنی داواکارییەکانی کورد، کۆتایی پێهات. لە دوای ئەوە، ئیتر ناسیۆنالیستە عەرەبەکانی سەر بە ئیسلامی سوننە بە تەواوی زاڵ بوون بەسەر سووریای سەربەخۆدا (Tejel 2009, 37-9).
بەکارهێنانی ئیسلام لە دژی کورد لەلایەن دەوڵەتی عەرەبی سێکولارەوە (١٩٤٦-٢٠١٣)
سەرەڕای بوونی دەوڵەتێکی سێکولار لە کاتی سەربەخۆیی سووریاوە لە ساڵی ١٩٤٦، ڕژێمی ئیسلامی وەک ئامرازێکی تواندنەوە لە دژی کورد، هەروەها وەک بنەمایەک بۆ هاوپەیمانی عەلەوی-سوننە لە بەرژەوەندی ناسیۆنالیزمی عەرەبی وەک یەکێک لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی سیاسەتی یەکپارچەیی نیشتمانی ڕژێمیی سووریا، بەتایبەت لە سەردەمی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد تا ساڵانی سەرەتایی سەدەی بیست و یەکەم، بەکارهێنابوو (بڕوانە: Maoz 1999, xiii & 68). پاش سەربەخۆیی، دوو ڕەوت لە نێو یاریزانە سیاسییەکانی سووریادا هەبوو؛ لایەنگرانی ناسێنەی نیشتمانیی سووریا و ناسیۆنالیزمی عەرەبی. ناسیۆنالیزمی عەرەبی بە شێوەی تێکەڵێک لە پان-عەرەبیزم و سۆسیالیزمی عەرەبی، وردە وردە بوو بە ناسێنەی زاڵ (Schott 2017). ئەمانە لەگەڵ ناسێنەی ناعەرەبی هەڵیان نەدەکرد. هەرچەندە دووان لە پێنج حوکمڕانە سوورییەکان بە ڕەچەڵەک کورد بوون(١٠) کە ستراتیجییەکی سێکولار و بێلایەنیان هەبوو، ڕێکخراوە ناسیۆنالیستە عەرەبەکان بە سێکولار و ئایینییەوە لەوانە حێزبی نیشتمانیی (١٩٤٧-١٩٦٣)، حێزبی گەل (١٩٤٨-١٩٦٣)، ئیخوان موسلمینی سووریا(١١) دامەزراو لە ١٩٤٥ و حێزبی بەعس، لە بەرانبەریاندا ڕاوەستان و تەنانەت کۆتاییان هێنا بە هەبوونی ڕواڵەتیی کورد لە سیستەمەکەدا (Tejel 2009, 40-45). پێکهێنانی دەوڵەتێکی یەکدەستی عەرەب-موسڵمان دەستی پێ کرد و بەکارهێنانی زمانەکانی تر بێجگە عەرەبی سنووردار کرایەوە (Yildiz 2005, 31). لە کۆتایی پەنجاکاندا، ناسیۆنالیستە عەرەبەکان بە تەواوەتی زاڵ بوون و هەموو چالاکییە کوردییەکانیان ڕاگرت (بڕوانە: Tejel 2009, 48). لە بەرانبەردا، بزووتنەوەی کورد بەتایبەت بە سەرکردایەتی حێزبەکان لەوانە حێزبی دێمۆکراتی کوردی لە سووریا (حدکس) دامەزراو لە ١٩٥٧، درێژەی پێ درا (بڕوانە: Vanly 1968, 7).(١٢)
سەرکردە سیاسییەکانی عەرەب دامەزراوە ئیسلامییەکان و وێژمانی ئیسلامییان لە دژی سەرکردە کوردەکان بەکارهێنا، لەکاتێکدا کە هەردوو لایەنەکە سێکولار بوون. لەلایەکەوە، لەو کاتەدا پرسی کورد بە توندی کەوتە ژێر کاریگەریی پرسی فەلەستین، و بە پاساودانی ناسیۆنالیزمەکەیان بە ئیسلامخوازیی، سەرکردە عەرەبەکان ناسیۆنالیزمی کوردیان پێوەند دا بە زایۆنیزمەوە (Yildiz 2005, 31). لەلایەکی ترەوە، ئەوان هەوڵیاندا بۆ بەناوەندیکردنی دامەزراوە ئایینییەکان بۆ بەکارهێنان و کۆنتڕۆڵکردنی چالاکی ئایینیی لە ڕێگەی سەرکردە ئایینییەکانی سەر بە خۆیان. لە ساڵی ١٩٦١ەوە ڕژێمی لە ڕێگەی وەزارەتی ‘ئەوقاف’ەوە لە پێکهاتەی بەناوەندیکراوی دامەزراوەی ئایینیی سوننە کەڵکی وەرگرت بۆ زیاتر کۆنتڕۆڵکردنی ئەوە، لەکاتێکدا پێشتر لە نێوان ساڵی ١٩٤٩ و ١٩٦١ دا سەرکردە ئایینییەکان سەربەست بوون لە کردنەوەی ڕێگای خۆیان بەرەو ئاستێکی بەرزتر. لە حکوومەتی دواتردا، دامەزراوەکە بوو بە ئامرازێک لە دەست ناسیۆنالیستە عەرەبەکان لە دژی کورد. لەگەڵ کۆتایی ڕژێمیی پارێزکار لە ساڵی ١٩٦٣ دا، بەعسیستە پان-عەرەبەکان گەیشتن بە دەسەڵات. لە ساڵی ١٩٦٤ دا، لە وەزارەتی ‘ئەوقاف’ کەڵکیان وەرگرت بۆ هەڵبژاردنی شێخێکی بە ڕەچەڵەک کورد، ئەحمەد کوفتارو (١٩١٥-٢٠٠٤)، بۆ پۆستی موفتی گەورەی کۆماری سووریا تاکوو سیاسەتەکانیان جێبەجێ بکەن (Tejel 2009, 53 & 97). بەم شێوەیە، ئیسلام و برایەتی موسڵمانان بەکارهێنران بۆ داپۆشینی قەڵشتە ئێتنۆ-نەتەوەییەکان، هەروەها داواکارییە نەتەوەییخوازانەکانی کورد.
لە ساڵانی شەستەکاندا وانەوتنەوە بە زمانی کوردی قەدەغە کرا و حێزبی ‘بەعس’ پلانی دانا بۆ بە عەرەب کردنی بەشگەلێک لە ڕۆژاوای کوردستان. بۆ نموونە، لە ١٢ی نۆڤەمبەری ١٩٦٣ ز. دا عەرەبێکی ناسیۆنالیست و سەرۆکی پێشووی دەزگای هێمنایەتی نهێنی لە حەسەکە، محەمەد تەلەب هیلال، ڕاپۆرتێکی لەسەر کورد بڵاو کردەوە کە پلانێکی دوانزە خاڵی پێشنیار دەکرد بریتی لە چارەسەریی و ڕێنوێنی بۆ بەڕێوەبردنی کێشەی کورد، هەروەها کردەوە پێویستەکان بۆ سڕینەوەی ‘مەترسی کورد’ لە سووریا. دوو لەو خاڵانە پێوەندییان بە بەکارهێنانی ئایینەوە بوو. ناوبراو دەوڵەتی ئاگادار کردەوە لەسەر تەشەنە و کاریگەریی زانا ئایینییەکانی کورد کە “بە شێوەیەکی قبووڵ کراو بە عەرەبی قسە ناکەن.” خاڵی شەشەمی ڕاپۆرتەکە پێشنیاری دەکرد بۆ: “دوورخستنەوەی زانا ئایینەکانی کورد بۆ باشوور و جێگرتنەوەیان لەلایەن زانا ئایینییە عەرەبەکانەوە.” خاڵی حەوتەم لەسەر “جێبەجێکردنی سیاسەتێکی ‘ناکۆکی بنێوە و حکوومەت بکە’ لە دژی کورد” بوو. ئەگەری ئەوە هەیە کە بەشێکی ئەم سیاسەتەش پێوەندی بە بەهێزکردنەوەی ململانێیەکان لە نێوان کەمینە ئایینییەکان لە کوردستاندا هەبووە لەوانە موسڵمانەکان، مەسیحییەکان، ئیزدییەکان هتد. لە ئاڕاستەی پلانەکەی ‘هیلال’دا، لە ساڵی ١٩٦٥ سەرکردایەتی ‘بەعس’ دەستی کرد بە چێکردنی ‘پشتوێنەی عەرەبی’ بە درێژایی سنوورە دەسکردەکانی نێوان سووریا و تورکیا. بۆ وێنە، لە جزیرە ڕەگەزنامە و هاووڵاتێتی زۆرێک لە خەڵکی کورد هەڵوەشایەوە (Nazdar 1993, 200; Schott 2017; Tejel 2009, 7 & 60-61; Vanly 1992, 155-7; Yildiz 2005, 34).(١٣)
پاش ساڵی ١٩٦٦، بە هۆی تەشەنەی سیاسیی حافز ئەسەد، کابرایەکی عەلەوی، وەک وەزیری بەرگری و پاشان سەرۆکی سووریا، عەلەوییەکان زاڵ بوون بەسەر ڕژێمیی ‘بەعس’دا. زاڵبوونی شیعە عەلەوییەکان بەسەر سوننەکاندا تەنانەت لە ئابووریشدا دەبینرا (Kedourie 1992, 304 & 334). لە کۆتایی ساڵانی شەستەکاندا هاوپەیمانییەکی کردەیی هەبوو لە نێوان عەلەوییەکان، وەک کەمینەیەکی ئایینیی، و کورد. حافز ئەسەد لە ڕایەڵەکانی کورد و عەلەوی خۆی کەڵکی وەرگرت بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات (Tejel 2009, 62). بەوەشەوە، بە ڕەچاوکردنی هێزی ستراتیجیکی هاوپەیمانی عەلەوی-سوننە، ئەسەد کوردی وەک هەڕەشەیەک لەسەر دەوڵەتی عەرەبی سەیر کرد و لە هێزە سیاسییە کوردەکان دووری کرد. لە بری ئەوە، ناوبراو پەنای برد بۆ لایەنگرانی بیانی، بەتایبەت لە دەوڵەتی فارس-ئێرانی شیعە کە لەگەڵیدا بە جۆرێک پێوەندیی ئایینیی هەبوو، و هەروەها پرسی کورد مەترسی هاوبەش بوو بۆ هەر دوو دەوڵەتەکە. بەم شێوەیە، وردە وردە عەلەوییەکان زیاتر زاڵ بوون.
ئەم زاڵیەتییەی عەلەوی وردە وردە بووە هۆی ململانێی نێوان زۆرینەی سوننە و کەمینەی عەلەوی. بەوەشەوە، بە گەیشتن بە دەسەڵات، ئەسەد لە گرنگایەتی عەرەبی سوننە بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی تێگەیشت و سیاسەتێکی پان-عەرەبیزمی درێژە پێ دا. لە ساڵانی حەفتاکاندا، گەرچی هەندێ کورد گەیشتن بە دەسەڵات، بەو مەرجەی کە هیچ ناسێنەی کوردی خۆیان دەرنەدەخست، ئەسەد لە مامەڵە لەگەڵ کورددا هەندێ ڕێوشوێن و کردەوەی توندی گرتە بەر، بەتایبەت لە دژی ‘حدکس’ (هەر ئەوە، ٦٦). ناوبراو هەروەها بەردەوام بوو لە چێکردنی پشتوێنەی عەرەبی لە نێوان کوردی ڕۆژاڤا و ئەوانەی باکوور و باشوور لە تورکیا و عێراق (Gunter 2011, 135). لە ساڵی ١٩٧٥ دا ڕژێمیی بەعسی سووریا بڕیاری دا کە مێژووی عەرەب بنووسێتەوە. بە ناوی عەرەبیزمەوە، جەختی لەسەر یەکێتی لە هەموو کاتێکدا و ڕەوتەکانی یەکخستن لە باری سیاسیی و چاندییەوە کرد. هەندێ لە پاڵەوانە کوردەکان، لەوانە سەلاحەدین ئەییوبی(١٤)، بەرزکرابوونەوە بۆ ئاستی ڕەمزێکی نەتەوەیی، بە بێ هیچ ئاماژەیەک بە ڕێخەی ئێتنیکییان. بۆ ڕاپەڕاندنی سیاسەتەکە، ئەو ڕژێمیە لە ناسێنەی ئاشکرای موسڵمانێتی زۆرینەی کورد کە هاوبەشیشە لەگەڵ زۆرینەی عەرەب کەڵکی وەرگرت (Tejel 2009, 64).
لە سەردەمی شۆڕشی ‘ئیخوان موسلمین’ لە ‘حەما’ لە دژی ڕژێمیی ئەسەد لە فێبریوەری ١٩٨٢ دا، بەعسییەکان لە هێزەکانی بەرگری(١٥) پێکهاتوو لە خەڵکانێک لە عەلەوییەکان، کورد و دیکەی کەمینەکان، کەڵکیان وەرگرت بۆ سەرکوتی ئەو شۆڕشە. بەوەشەوە، دوای شۆڕشەکە، لەکاتێکدا کە کورد وەک هاوبەشی ڕژێمی لە سەرکوتەکەدا پیشان دەدرا، عەرەبە عەلەوی و سوننە سێکولارەکان یەکیانگرت لە دژی حێزبە کوردەکان، و لە ساڵی ١٩٨٥ دا ئەسەد نزیکتر بووەوە لە عەرەبە سوننەکان (هەر ئەوە، ٦٢-٦٧). زۆربەی کات هاوپەیمانی لە نێوان دەستەبژێرەکانی عەلەوی و سوننەدا هەبوو و ناسیۆنالیزمی عەرەبی سوورییان بەهێزتر کرد. لەکاتێکدا کە مافەکانی کورد ڕەچاو نەدەکران و لانیکەم بەشێکیان کران بە عەرەب و توێندرانەوە، هەروەها کە زۆرێکیشیان مافی هاووڵاتێتی سووریایان نەبوو (بڕوانە: Moaz 1999, 67-68). لەم پەیوەندییەدا، بەعەرەب کردنی هەندێ ناوچەی کوردستان بە ئیسلامیکردنی کوردە ئێزەدییەکانیشی زیاتر کرد (Yildiz 2005, 24).
ناسیۆنالیستە عەرەبەکان لە پەرەسەندنی ئایدۆلۆجیای ئایینیی لە پانتایی گشتیی سووریا و بەئیسلامیکردن، بەتایبەت لە ڕێگەی تێکەڵاوبوونی عەرەب و کورد لە چوارچێوەی برایەتییە ئایینیی جیاوازەکان لەوانە تەریقەتە عیرفانییەکان، کەڵکیان وەرگرت بۆ بێ دەنگکردنی کورد. وەک چۆن ڕژێمیی بەعسی عێراق لە هەندێ شێخی قادریە کەڵکی وەرگرت، ڕژێمیی سووریاش لە نێوان ساڵانی ١٩٧٠ و ١٩٩٠ دا شێخە سۆفییە کوردەکانی بەکارهێنا بۆ تەشەنە لە نێو کۆمەڵگای کورد لە ڕێگەی ڕایەڵەکانیەوە. بۆ وێنە، وەک پێشتر ئاماژە کرا، شێخ ئەحمەد کوفتارو، ڕێبەری ڕۆحی ناسراوی لقی کوفتارییەی نەقشبەندی و تەریقەتەکەی بوو بە پێوەندیدەری نێوان ڕژێمیەکە و کۆمەڵگای کوردی. ‘محەمەد سەعید ڕەمەزان ئەلبۆتی’ (١٩٢٩-٢٠١٣)، ڕێبەرێکی ئایینیی کە پشتگیری لە ڕژێمی دەکرد، جۆرێکی تری برایەتی ئایینیی برەو پێ دا. بە بەکارهێنانی وێژمانی ئیسلامی، و بە بێ نکۆڵی لە ڕەگوڕیشەی ئێتنیکی خۆی، ئەلبۆتی کە گومانی پێوەندیی لەگەڵ ‘ئیخوان موسلمین’ی لەسەر بوو، هانی برایەتی کورد-عەرەبی دەدا تاکوو بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە و پێشڕەوانە بەرەو پێکهێنانی دەوڵەتێکی ئیسلامی بچنە پێش. بەوەشەوە، ئەلبۆتی داکۆکی لە ڕژێمی دەکرد و بە ڕاشکاوی ڕەخنەی لە ‘ئیخوان موسلمین’ دەگرت. بەو پێیەی کە نوێنەرایەتیکردنی کۆمەڵگای کوردی بە وێژمانی فەرمی عەرەبیزمەوە ئاستەم بوو، ڕژێمی وەک بەشێک لە ستراتیجییە سیاسییەکەی لەم کەسایەتییە ئایینییانە وەک نوێنەری فەرمی ئیسلام، و کورد و عەرەبی سوننەی زۆرینە لە سووریا، کەڵکی وەرەگرت بۆ بەدەستهێنانی ڕەوایی و بێ دەنگکردنی دژبەرانی سوننە و کورد (Tejel 2009, 65-6 & 95).
ڕژێمیی سووریا تا کاتێ کە ئەو جۆرە سەرکردە ئایینییانە دژایەتی سیاسەتەکەیان نەکردایە، پشتگیریی لێیان دەکرد. بۆ نموونە، ڕژێم بە هۆی خوێندنەوەی لیبڕاڵ و مۆدێڕنی لە قورئان، پشتگیریی لە شێخ محەمەد مەعشووق خەزنەوی، سۆفییەکی زۆر ناسراو، دەکرد. بەڵام کاتێک ناوبراو پشتگیری کرد لە بزووتنەوەی کورد لە ماوەی ‘ڕاپەڕینی قامیشلۆ’ کە لە ٢٠٠٤ دا سەرکوت کرا، وازی لێ هێنرا و وەک هەڕەشەیەکی لەناخداهەڵگر لەسەر ڕژێمی بینرا. کاریزما ئایینییەکەی کە لەگەڵ ناسیۆنالیزم تێکەڵ بوو، بووە هۆی تەشەنە و ناسراوبوونی لە بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی کورددا. لە کۆتاییدا، هەڵوێستی ناوبراو بووە هۆی تێرۆرکردنی لە ساڵی ٢٠٠٥ دا کە بە دوای ئەوەدا چەندین هەزار کورد لە قامیشلۆ خۆپیشاندانیان کرد (هەر ئەوە، 101-2 & 126).
لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمدا، وەک ناوەڕواستی سەدەی بیستەم، ڕژێمیی سووریا چالاکییە کوردییەکانی، تەنانەت چالاکییە چاندییەکانی، پێوەند دەدا بە بانگەشەی زایۆنیستییەوە. بەوەشەوە، بە گەشەسەندنی چالاکی ‘ئیخوان موسلمین’، وێرای ڕاگەیاندنی سەرکردایەتییەکەیان لە پێوەندی لەگەڵ داواکارییە چاندییەکانی کورد، هێزە کوردەکان دەترسان لە سەرهەڵدانی هێزێکی ئیسلامی و زێدەبوونی دەسەڵاتی زۆرینەی عەرەبی سوننە لە سیاسەتدا (هەر ئەوە، ١٠٧ و ١٣٠). دوا بە دوای شۆڕشی بەهاری عەرەبی لە ساڵی ٢٠١١ دا، بشێوی و ئاژاوە ئەم وڵاتەشی گرتەوە. ململانێ و ناکۆکییەکان بیچمی ئایینیی لە نێوان عەلەوییەکانی لایەنگری ڕژێمی و سوننەکانی دژی ڕژێمی گرتە خۆی (بڕوانە: Ungor 2020). ئەم ململانێیە ئایینییە کاتێک زیاتر دەرکەوت کە هەرکام لەو دوو لایەنە لەلایەن دەوڵەتانی بیانی سوننە و شیعە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتگیری کران. کورد بەشداری کرد لە شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتەدا. بەڵام سیاسەتێکی مامناوەندیان لە نێوان ڕژێمیی سێکولار-عەلەوی و ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی (هێزە توندئاژۆوە سوننەکان) گرتە پێش، لەکاتێکدا کە لە نێوان دژمنانی خراپ و خراپتردا، ڕژێمیی بەعس وەک دژمنە خراپەکە دەبینرا. هێزە کوردەکان لەو دۆخە ئاماژەپێکراوەی سەرەوە و دژایەتی ئەو دوو لایەنە کەڵکیان وەرگرت بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان و پێکهێنانی بەڕێوەبەرایەتییەکی خۆسەر. پاش زیاتر لە دە ساڵان بەردەوامبوونی وەها دۆخێک، دەرەنجام لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ دا هێزە ئیسلامییە سوننەکان سەرکەوتن بە سەر ڕژێمیی بەعسی ئەسەددا. لەم بارودۆخە نوێیەدا ئەم جارە کورد بە ئەزموونی باشتر و لە پێگەیەکی بەهێزترەوە هەوڵی دا بچێتە قۆناخی دانوستان لەگەڵ ڕژێمیی ئیسلامی تازەپێکهاتوو لە سووریا تاکوو بتوانێت لانیکەم خۆسەری خۆی لەو بەشەی کوردستان بپارێزێت.
پەڕاوێزەکان:
- ئەم وتارە پێشتر وەک بەشێک لە پەرتووکی “کردەی سیاسی ئایین لە ڕووبەڕووبوونەوە نەتەوەییخوازانەکان لە کوردستانی گەورە” لەلایەن بڵاوگەی ترانسنەشناڵ لە لەندەن بەو ناونیشانەی خوارەوە بڵاو بووەتەوە:
Mofidi, S. (2022), The Political Function of Religion in Nationalistic Confrontations in Greater Kurdistan, London: Transnational Press. ISBN: 978-1-80135-108-9
- تەنانەت هەندێ گروپی تێکەڵی کورد و ناکورد پشتگیرییان لە تێزی کۆلۆنی بوونی کوردستان کردووە. بۆ وێنە، دەکرێ ئاماژە بکرێت بە بزووتنەوەی کورتولوش (بزووتنەوەی ڕزگاریی)، ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی لە تورکیای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، کە دێرسیم بنکەی سەرەکییان بوو (بڕوانە: Deniz 2020; Orhan 2016).
- لەبەر نەبوونی هەندێ پێوەر کە دەوڵەتە مۆدێڕنەکان هەیانە و ئەم نییەتی، نووسەر ئەم دەوڵەتە بە ‘دەوڵەتی نیمچە-مۆدێڕن’ دەزانێت (بۆ زانیاریی زیاتر، بڕوانە: Mofidi and Rahmani 2018).
- هێزێکی تایبەت لە هۆزە کوردەکان پێکهێنراو لەلایەن سوڵتان عەبدولحەمید دووەم (١٨٧٦-١٩٠٩) لە ١٨٩١ کە زۆربەی هێزەکە پێکهاتبوو لە کورد، لەکاتێکدا هەموو پلەکانی سەرووی سەرهەنگ بۆ تورکەکان تەرخان کرابوون (Mofidi 2021; White 2000, 60).
- لەم وڵاتانەدا هەندێ کورد بە بێ ئاماژە بە نەتەوەی سەرەکی خۆیان لە سیستەمە سیاسییەکاندا بەشدارییان کردووە، وەک دوو سەرۆک کۆماری سووریا لە دەیەی ١٩٥٠، هەندێ کورد لە کابینەی حکوومەتی بەعس لە بەغدا، و هەندێک لە حکوومەتەکانی تورکیا و ئێراندا، وەک بیژەن زەنگەنە کە زۆر جار وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە. بەڵام کورد ئەوانەی وەک نوێنەرانی ناسێنەی بەکۆمەڵی خۆی لە گۆڕەپانی سیاسیدا ڕەچاو نەکردووە، و تەنانەت ئەوانە وەک خزمەتکارانی ئێتنۆ-نەتەوە زاڵەکان ناسراون. بوونی ئەوانە لەو سیستەمانەدا تەنانەت جۆرێ لە تۆکێنیزمیش نەبووە، لەبەر ئەوەی کە ئەو کەسانە لە ‘ئەوی تری’ کورددا تواونەتەوە و خۆیان وەک کورد ناناسێنن.
- ڕێکخراوێکی ناسیۆنالیستیی کورد دامەزراو لە ساڵی ١٩٢٧ و چالاک لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، کە پاشان لە ساڵی ١٩٣٠ ز. دا ڕاپەڕینی ئاراراتی لە باکووری کوردستان ڕێبەرایەتی کرد.
- بلۆکی نیشتمانیی دامەزراو لە ساڵی ١٩٢٩ (بە فەرمی لە ١٩٣٢)، حێزبی نیشتمانیی سووریا دامەزراو لە ١٩٣٢، حێزبی سۆسیال ناسیۆنالیستی سووریا لە ١٩٣٢، یەکێتی/لیگی کردەوەی نیشتمانیی دامەزراو لە ١٩٣٣، بەرەی نیشتمانیی یەکگرتوو لە ١٩٣٥-١٩٣٨، حێزبی لاوانی نیشتمانیی دامەزراو لە ١٩٣٩ (کە بوو لە ١٩٥٠ بە حێزبی سۆسیالیستی عەرەب و پاشان لە ١٩٥٣ دا لەگەڵ حێزبی ‘بەعس’ تێکەڵ بوو).
- یەکێک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی بەعسی (ژیانەوە یان هەستانەوەی) عەرەبی لە ١٩٤٠-١٩٤١ ز. دا، هەروەها یەکێک لە دامەزرێنەرانی حێزبی بەعسی سۆسیالیستی عەرەبی، دامەزراو لە دیمەشق سەرەتا لە ١٩٤٣ ز. و بە فەرمی لە ١٩٤٧ ز. دا.
- شوکری قووەتلی (١٨٩١-١٩٦٧) تا ساڵی ١٩٤٧ سەر بە هاوپەیمانی/بلۆکی نیشتمانیی و پاشان سەر بە حێزبی نیشتمانیی/نەتەوەیی بوو.
- حوسنی ئەلزەعیم لە ١٩٤٩ (سەرۆک وەزیرانەکەشی، موحسین ئەلبەرازی، لە ڕەچەڵەکی کورد بوو) و ئەدیب ئەلشیشەکلی لە ١٩٥٣-١٩٥٤.
- چالاکییەکانی وەک ‘کۆمەڵی/جەمعییەت ئیسلامی’ لە ساڵانی سیییەکاندا دەستی پێ کرد. پاش سەربەخۆیی، ململانێی نێوان ئیخوان موسلمین و سوپا، بەتایبەت لەگەڵ کۆدەتای حوسنی ئەلزەعیم و پاشان ئەدیب ئەلشیشەکلی، دەستی پێ کرد.
- بێجگە حدکس یان ‘پارتی’ (پارتییا دێمۆکراتا کوردی ل سووریێ)، بزووتنەوەی وکرد لە سووریا بریتی بوو لە زۆر حێزبی تر لەوانە: حێزبی یەکیەتی دێمۆکراتیکی کوردی لە سووریا (پارتییا یەکێتییا دێمۆکراتیا کوردی ل سووریێ)، حێزبی دێمۆکراتی پێشڕەوی کورد لە سووریا (پارتییا دێمۆکراتا پێشڤەروویا کوردی لە سووریێ)، حێزبی یەکیەتی کوردی لە سووریا (پارتییا یەکێتییا کوردی ل سووریێ)، حێزبی ئازادی کورد لە سووریا (پارتییا ئازادییا کورد ل سووریێ)، حێزبی دێمۆکراتی کورد لە سووریا (پارتییا دێمۆکراتا کوردی ل سووریێ)، حێزبی چەپی کورد لە سووریا (پارتییا چەپا کوردی ل سووریێ)، حێزبی نیشتمانیی کوردی لە سووریا (پارتییا دێمۆکراتا وەڵاتپارێزی کوردی لە سووریا)، حێزبی دێمۆکراتی کوردی سووریا (پارتییا دێمۆکراتا کوردییا سووری)، حێزبی یەکێتی دێمۆکراتیک (پارتییا یەکێتیا دێمۆکرات)، حێزبی ڕێکەوتنی دێمۆکراتیکی سووریا (ڕێکەفتنا دێمۆکراتا کوردییا سووری)، بزووتنەوەی داهاتووی کورد لە سووریا (شەپێلا پێشەڕۆژێیا کوردی ل سووریێ) (بڕوانە: Tejel 2009, 139).
- بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر تووبڕکردن یان جینۆسایدی کورد لە سووریا، بڕوانە: Vanly 1968.
- سەرکردە و دامەزرێنەری دەوڵەتی کوردی ئەییوبییەکان لە سووریا و میسر لە سەدەی دوانزەیەمدا.
- هێزێکی چەکداری تایبەت بوو کە لە ساڵی ١٩٧١ دا بۆ بەرگری لە حکوومەتی ئەسەد دامەزرا و لە ساڵی ١٩٨٤ دا وەک بەشێک لە هێزەکانی پاراستنی کۆماری سووریا تێکەڵی سوپای عەرەبی سووریا بوو.
سەرچاوەکان:
- Bruinessen, Martin Van (1992), Agha, Shaikh and State, The Social and Political structures of Kurdistan, London and New Jersey: Zed Books.
- Soleimani, Kamal (2018), “A Kurdish Sufi Master and His Christian Neighbors.” Zanj: The Journal of Critical Global South Studies, vol. 2, no. 1, pp. 6–21.
- Maóz, M. (1999), Middle eastern Minorities between integration and conflict, The Washington Institute for Near East Policy.
- Barkey, H. J. and Fuller G. E. (1998). Turkey’s Kurdish Question, USA; ROWMAN & LITTLEFIELD.
- Fieldhouse, D. K. (2001), KURDS, ARABS and BRITONS; The Memoir of Lieutenant-Colonel W. A. Lyon CBE in Iraq 1918–44, London; I.B.Tauris & Co Ltd.
- Dehzani, J. (2008), “Nihilism and Technologies of Othering: The Kurds in Iran, Iraq and Turkey,” PhD diss., Carleton University, Canada.
- Nazdar, M. (1993). “The Kurds in Syria”, in A People without a country; The Kurds and Kurdistan, Edited by Gerard Chaliand, London: Zed Books, Pp. 194-201.
- Tejel, J. (2009), Syria’s Kurds; History, politics and society, Translated from the French by Emily Welle and Jane Welle, Routledge.
- Fuccaro, N. (2003). “Kurds and Kurdish Nationalism in Mandatory Syria: Politics, Culture and Identity”. In Essays on the Origins of Kurdish nationalism, Edited by: Abbas Vali, Mazda Publisher, 2003, pp. 191-217.
- Khoury, P. S. (1987), Syria and the French Mandate: The Politics of Arab Nationalism, 1920-1945. London: I.B. Tauris.
- Kedourie, E. (1992), Politics in the Middle East, New York: Oxford University Press.
- Mofidi, S. (2015a), The Political functions of religion in contemporary India (Hinduism and Islam), New Delhi: Swastik Publications.
- Schøtt, A. S. (2017). “The Kurds of Syria; From the Forgotten People to World-Stage Actors,” Royal Danish Defence College, Copenhagen.
- Yildiz, K. (2005), The Kurds in Syria; The Forgotten People, first published, London; Pluto Press.
- Vanly, I. c. (1968), The Kurdish Problem in Syria; Plans for the Genocide of a National Minority, published by the Committee for the Defence of the Kurdish People’s Rights.
- Gunter, M. M. (2011). The Kurds Ascending; the Evolving Solution to the Kurdish Problem in Iraq and Turkey, second edition, New York; Palgrave Macmilan.
- Ungor, U. U. (2020). “Shabbiha: Paramilitary groups, mass violence and social polarization in Homs,” Violence: An international journal, Sage, pp. 1-21, DOI: 10.1177/2633002420907771



