سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ئێدوارد سەعید لە کوردستان، وەڵامێک بۆ کاک سەروەر پێنجوێنی

پێشڕەو محەمەد

لە دوا پۆستی فەیسبووکم دا دەربارەی دووڕوویی ڕۆژئاواییەکان و داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین دا، کاک سەروەر پێنجوێنی، بە سێ کۆمێنت کۆمەڵێک بۆچوونی دەربڕیون، کە هەم کێشەسازن و هەمیش هەڵەپیشاندانی هەڵوێستی منە و بەسیاسییکردنییەتی. ئەوە لەکاتێکدایە کە کۆی نووسینەکەی من دژی بەسیاسییکردنی پرسی فەڵەستین‌ـە. بەگشتیی من چ لە سۆشیال میدیا، چ لە بواری نووسیندا، هەرگیز وەڵامی هیچ ڕەخنەگر و نووسەر و ڕووناکبیرێک نادەمەوە، تا ئێستا ئەم کارەم نەکردووە و لە داهاتووشدا نایکەم، بەڵام لەبەر خۆشەویستیی دێرینم بۆ سەروەری هاوڕێم، بەپێویستم زانی ئەم وەڵامە بنووسم بۆ ئەو و هەموو خوێنەرانی دیکە. هەڵبەت لێرەش زۆر بەخێرایی.

پۆست-کۆلۆنیالیزم، ڕیسایکلکردنی بەعسیزم و ئیسلامیزم

چوارچێوەی فیکریی بۆچوونەکانی کاک سەروەر ڕیشەیان لەنێو گوتاری پۆست-کۆلۆنیال دایە، جا خۆی پێی بزانێت و بەزانایانە ئەم بۆچوونەی دەربڕی بێت یاخود ناڕاستەوخۆ و لەڕێگەی گوتاری باڵادەستی ڕووناکبیرانی عەرەب‌ـەوە کەوتبێتە ژێر ئەم کاریگەرییە. ڕیشەی پۆست-کۆلۆنیالیزم بۆ ئێدوارد سەعید دەگەڕێتەوە، بەتایبەت لە کتێبی «ڕۆژهەڵاتناسی». سەعید دەڵێت ڕۆژئاوا لەڕێگەی دانانی «ڕۆژهەڵات» وەک دواکەوتوو و سەرەتایی و ناعەقڵانیی، باڵایەتیی خۆی چەسپاندووە و ئەمەش لە کۆتاییدا کۆلۆنیالیزمی لێ کەوتووەتەوە. تیورەکەی ئێدوارد سەعید بە ئاراستەیەکدا دەڕوات کە دەبێتە مانیفێستی جیهادی ئیسلامیی و هەروەها ئیهانەکردن بە هەر زانین و مەعریفەیەکی دەرەوەی ڕۆژهەڵات و بینینی وەک «زانینی/مەعریفەی پیاوی سپیپێست». بۆ نموونە، هێگل دەبێتە پیاوێکی سپیپێستی گەمژەی بێکەڵکی ڕاسیست (بڕوانە وتارەکەم بە زمانی ئینگلیزیی بەناوی: دەباشیی و هەڵەنواندنەوەی هێگل: هێگل لای جووەکان و کوردەکان).

لە دیدی پۆست-کۆلۆنیالیزم ڕۆژئاوا دەبێتە سەرچاوەی هەموو کارەساتەکان: ڕاسیزم، فاشیزم، پیاوسالاریی، باوکسالاریی، جەنگ، ئیمپریالیزم، کۆلۆنیالیزم، سەرمایەداریی. لە بەرانبەردا ڕۆژهەڵات دەبێتە سەرچاوەی هەموو باشییەکان: نەبوونی هەموو ئەوانەی سەرەوە. لێرەوە چوارچێوەی ئیمپریالیزم و دژە-ئیمپریالیزم هەمان داڕشتنەوەی «دارالسلام» و «دارالحرب» یاخود «دار الایمان» و «دار الکفر»ی ئیسلامی جیهادییە. تەنها کێشەیەک لە باشووری جیهان هەبێت (ڕۆژهەڵات و وڵاتانی ئاسیا) ئەوەیە ئیمپریالیزم و کۆلۆنیالیزم وڵاتێکیان قووت کردووەتەوە بەناوی ئیسرائیل بۆ ئەوەی نەهێڵێت «دارالسلام» دروست ببێت. ڕێک وەک چۆن بە ناڕاستەوخۆیی هەمان بۆچوون لە نووسینەکەی کاک سەروەردا هەیە. کەواتە لەناوبردنی ئیسرائیل، بە بەهەشتبوونی «ڕۆژهەڵاتە»، ڕۆژهەڵاتی عەرەبیی/ئیسلامیی. کاک سەروەر ناو لە ئیسرائیل دەنێت «دەوڵەتی شێرپەنجە»، هەمان گوتاری سەید قوتب و ئیسلامیزم و جیهادییە ئیسلامییەکان.

ئایدیۆلۆیای بەعسیی/ئیسلامیی و کورتکردنەوەی مێژووی کورد بۆ زایۆنیزم

کاک سەروەر هاوشێوەی زۆربەی پۆست-کۆلۆنیالەکان، پان-عەرەبیستەکان و ئیسلامییە جیهادییەکان، ڕقی عەرەب و ئەوانی دیکە لە کورد، بۆ شتێکی سەرتاپا تازە کورت دەکاتەوە: گوتاری بەلاغیی ئیسرائیل و پشتیوانیی لە کورد کە بووەتە هۆی وروژاندنی هەستی عەرەب و ئیسلامیی بەرانبەر بە کورد و سەرهەڵدانی ڕق. کاک سەروەر توێژەرێکی ئێجگار زانای ناو بواری ئیسلامییە، چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرێت زۆر وردتر شارەزای مێژووی ئیسلام و نواندنەوەی وێنەی کورد بێت. بەتایبەت لە ئیلاهیاتی شیعەدا کورد وەک جنۆکە و نەوەی شەیتان و سەدان ناو و ناتۆرەی دیکە دێوێندراوە. لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی‌ـدا و لە خانەدانی سەفەوی‌ـیەوە تا سەرهەڵدانی دەوڵەت-نەتەوەکان. مێژووی هۆشیاریی نەتەوەیی کورد زۆر کۆنترە لە هی جووەکان. مێژووی خەباتی جیاجیای کوردیش بۆ سەربەخۆیی ڕێژەیی نزیکی سێ سەد ساڵ زیاتر پێش دەوڵەتی ئیسرائیل دەکەوێتەوە. بەڵام ئەمڕۆ پۆست-کۆلۆنیالەکان کە گوتاری “ئیسلامیزم” و “بەعسیزم”یان ڕیسایکل کردووە و دایان ڕشتووەتەوە، کۆی پڕۆژەی کورد دەبێتە «نەخشە و پیلانێکی نهێنیی جوو»، بۆ «بەئیسرائیلیکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست».

حەمید دەباشی، دیارترین پۆست-کۆلۆنیالی ئێرانیی-ئەمریکیی، ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان لە ٢٠١٧دا وەک «هەوڵی بەئیسرائیلیکردنی جیهانی ئیسلامیی» لەقەڵەم دەدات بۆ لەناوبردنی «ئێران و تورکیا» و پێشتریش لەناوچوونی «عێڕاق و سووریا». کورد دەبێتە «دووەم جوو» و کوردستانیش دەبێتە «ئیسرائیلی دووەم». ئەم گوتارە لە بنەڕەتەوە لە گوتاری بەعسیزم‌ـەوە هاتووە کە عێڕاق و سووریا وەک بەشێک لە نیشتمانی عەرەبیی دەبینێت و ئەویش خۆبەخۆ لە ئیخوان موسلمین‌ـەوە داکەوتووە، پاشان دەپەڕێتەوە لای بەعس. بۆ نموونە وەزیری بەرگریی عێراقی لە ١٩٦٧دا، عەبدولعەزیز ئەلعوقەیلی، دەڵێت «ئێستا لە باکووری وڵات خەریکە ئیسرائیلی دووەم دروست دەکەن» و ئەو هەڵەیەی عەرەب «لە ١٩٤٨ کردی، نابێت ئەمڕۆ دووبارەی بکاتەوە».

لە ڕاستییدا کۆی ئەم گوتاری پۆست-کۆلۆنیال/بەعسیزم/ئیسلامیزم بۆ ئەوەیە هەم ئیسرائیل بدێوێنێت و هێرشی بکاتە سەر و هەم کۆی مێژووی کورد لە ڕەوایەتیی بخات و بیکاتە شتێکی بێکەڵکی دەسکەلای «زایۆنیزم» (بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە بابەتێکی من بە هەردوو زمانی ئەڵمانیی و ئینگلیزیی بەناوی: هاوپەیمانیی ناپیرۆز: چەپ، ئیسلامیزم و پۆست-کۆلۆنیال یاخود: ئەنتی-سێمیتیزم و ئەنتی-کوردیزم: چەپ و ئیسلامیزم).

ئەم گوتارە کە کاک سەروەر‌ـیش نوێنەرایەتیی دەکات، دەڵێت کورد ئەو کاتە باشە کە هەوڵی نزیکبوونەوە لە زایۆنیزم نەدات، پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل دروست نەکات، ئەگینا ئەوان “هار دەبن” بەرانبەر بە کورد. بۆ مەگەر مێژووی عەرەب، ئێرانیی و تورک بەرانبەر کورد زۆر هاوڕێیانە بووە، ئێستا بە نزیکبوونەوەی کورد لە ئیسرائیل عەرەب و تورک دڕدۆنگ دەبن؟ میشێل عەفلەق لە کتێبی «لەپێناوی بەعس»دا کاتێک باسی پرسی کورد دەکات، دەڵێت دەبێت لەنێو ئایدیۆلۆجیا و چوارچێوەی عەرەبیزم دا چارەسەر بکرێت و نابێت ڕێگە بدرێت پەنابەرێتە بەر «زایۆنیزم و ئیمپریالیزم». ئەم گوتارە کە کاک سەروەر ناڕاستەوخۆ دەیخاتەڕوو، دەڵێت بۆ هەموو ئەوانی دیکە ڕەوایە هەموو پەیوەندییەکیان هەبێت، بەڵام بۆ ئەوەی عەرەب و تورک و ئێرانی لە کورد ڕازیبن، نابێت کورد هیچ پەیوەندییەکی دەرە-هەرێمی و ناو-هەرێمیی دروست بکات.

فەڵەستین خاکی مێژوویی عەرەبە؟ فەڵەستین بە چ مانایەک دێت؟

هە‌ڵەیەکی دیکەی ناو نووسینەکەی کاک سەروەر پەیوەندیی بە بەکارهێنانی وشەی فەڵەستین‌ـەوە هەیە. یەک دوو نموونە دەهێنێتەوە تا بیسەلمێنێت کە فەڵەستین خاکی عەرەبە: یەکەم لای کاک سەروەر جووەکان هیچ پەیوەندییان بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌ـەوە نییە و هاوردە کراون، هەمان بۆچوونی گوتاری باڵادەستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم گوتارە کۆی مێژووی ئامادەیی جووە میزراحییەکان، جووەکانی ڕۆژهەڵات پشتگوێ دەخات و تەنها تەرکیز دەکاتە سەر جووەکانی ئەوروپا و ئەمریکا. دووەم کاک سەروەر دەڵێت: “زۆر پێش ئیسلامیش عەرەب هەمیشە لە باشووری فەلەستین، هەتا لە عەسقەلان و غەززە‌ـیش، هەبوون. هەتا بنەماڵەی پێغەمبەری ئیسلام‌ـیش لەوێ پەیوەندی و خزمایەتییان هەبووە (بۆ نموونە، “هاشم” باپیرە گەورەی محەمەد لە غەززە نێژراوە. دواتریش پێشەوا شافیعی، وەکوو قوڕەیشییەک، لەوێ لەدایک‌ بووە)”

ئەمە ئەگەرچی ئارگیومێنتێکی لاوازە، بەڵام دەیەوێت مێژووی ناوی فەڵەستین عەرەبیزە بکات و ڕیشەی فەڵەستین بۆسەر عەرەب بگەڕێنێتەوە. لەکاتێکدا خودی ناوی فەڵەستین هیچ پەیوەندییەکی بە عەرەب‌ـەوە نییە. کەواتە با بزانین لە چییەوە هاتووە:

کاک سەروەر باس لەوە دەکات کە ناوی فەڵەستین (پەڵەیستین) لە یۆنانیی-ڕۆمانیی دا بەکارهاتووە، بەڵام باس لە ڕیشەکەی ناکات. ئەم زاراوەیە خۆی عیبرییە و بە «پێلیشتین» (פְּלִשְׁתִּים) هاتووە و بە هەرێمە بەندەرییەکەشی گوتراوە «پەلەشێت» (פְּלֶשֶׁת)، زاراوەکە بەمانای «داگیرکردن» یاخود «تاڵانکردن» و «دەستبەسەرداگرتن» هاتووە. یۆنانییەکان زاراوەی «پالایستینە» لە عیبریی وەردەگرن و هیرۆدۆتوس لە نووسینە مێژووییەکانیدا بۆ لێڤانت، ئێستای ئیسرائیل، غەززە بەکاری دەهێنێت. ڕۆمانەکانیش لە یۆنانییەکانەوە وەری دەگرن. بەڵام بۆ ڕاپەڕین و یاخیبوونی بار کۆخبا (١٣٢-١٣٥ی زایینیی) بەکاری دەهێنن کە هۆزە بەربەرە ئاژەییەکان هێرش دەکەنە سەر پاشایەتیی یودێیا (پاشایەتیی جوو) و لەناوی دەبەن.

لە بنەڕەتدا یۆنانییەکان وشەی پیلیستە یاخود «پالایستینە» بۆ ئەو هۆز و گەلە بەربەر و «بێکولتوور» و «ناشارستانانە» بەکاردەهێنن کە بەدەریای ئاژەدا (ئیجە) دەپەڕنەوە و پەلاماری هەردوو پاشایەتیی یودێیا و ئیسرائیلییەکان دەدەن. کاک سەروەر پێیوایە فەڵەستین و سووریا یەکێکن و بەشێکە لە خاکی شام، دەڵێت «سیریا پالەستینا» بەکارهاتووە. بەڵام ئەوەی کاک سەروەر باسی ناکات، کەی و چۆن بەکارهاتووە؟

یەکەم نە سووریا خاکی عەرەبیی بووە لەو سەردەمەدا و نە ئەم گۆڕانەش لەخۆیەوە ڕوویداوە. دوای یاخیبوونی بار کۆخبا، ئیمپراتۆر هادریان ناوی «یودێیا» یاخود «یسراییل» دەگۆڕێت بۆ هەرێمی «سیریا پالایستینا» بۆ ئەوەی پەیوەندیی جووەکان بە خاکەکەوە ببڕێت و بەکۆیلە بیانبات بۆ دەوڵەتی ڕۆمانیی. ژۆزیفوس فلاڤیوس، فەیلەسوفی جوو و دوای شکستی یودێیا و ئاوارەبوونی جووەکان، دەبرێتە ڕۆما و لەبەر ژیرییەکەی دەکرێتە فەرماندە و فەیلەسوفی فەرمیی، بە وردیی باس لەوە دەکات چۆن ڕۆمانەکان ویستیان بەم ناوگۆڕینە پەیوەندیی جووەکان بە خاکی یودێیایەوە بپچڕێنن. تەنانەت هادریان ئەوکات ناوی ئۆرشەلیم (یوریشەلایم)یشی گۆڕی بۆ «ئایلیا کاپیتۆلینا» و قەدەغەی کرد جووەکان پێ بنێنە شارەکەوە.

هێشتا نە لە ئەدەبیاتی ڕۆمانیی، نە یۆنانیی، نە عیبریی دا و نە تەنانەت زۆر درەنگتر لە ئەدەبیاتی دەوڵەتی عوسمانیی‌ـشدا شتێک نییە بەناوی «فەڵەستینی عەرەبیی». بۆ یەکەمجار دروستکردنی «فەڵەستین وەک خاکی عەرەب» لە نازیزمی ئەڵمانیی دا دێتە ئاراوە.

خەیاڵی پێکەوەژیان

کاک سەروەر پێیوایە ئەگەر دەوڵەتی ئیسرائیل دروست نەبووایە دەکرا جووەکان و مەسیحییەکان و موسڵمانەکان بێ کێشە پێکەوە لە دەوڵەتی فەڵەستین دا بژینایە. ئەمەش گوتاری یەکێتیی سۆڤێت و مارکسیزم لینینیزمە. ئەم گوتارە مێژووی ئیهانەکردن بە جووەکان لە ئایدیۆلۆجیای ئایینیی مەسیحیی و ئیسلامیی دا لەبەرچاو ناگرێت، کە تا بینەقاقا هەڵگری گوتاری جینۆسایدە و تەنانەت ئەمڕۆ ئەو خەیاڵەش بەدرۆ کەوتووەتەوە کە دەڵێت جووەکان بەشێوەیەکی ڕێژەیی لە ئیسلام دا ئازادانە ژیاون. ئیبن مەیمون، ڕاوێژکاری تایبەتی سەڵاحەدینی ئەیوبی، باس لەوە دەکات کە جووبوون هەموو ڕۆژێک واتا بچووکبوونەوە و جوێنپێدران و ئیهانەپێکردن. ئێستا چۆن دەکرێت لەسەردەمی ئایدیۆلۆجیای بەعسیزم، ئیسلامیزم و ئیخوان موسلمین و ئایدیۆلۆجیاکانی دیکەدا، جووەکان بە ئارامیی بەپاڵ دراوسێ «جیهادیی»یەکانیانەوە بژین؟

ئەم دیدە ئاساییە دەوڵەت بۆ تورکەکان، ئێرانییەکان و عەرەبەکان بە ڕەوا دەبینێت، بەڵام نەک بۆ جووەکان و لە کۆتاییشدا کوردیش «کە ئێستا کراوە بە دووەم جوو» لە ڕەوایەتیی دەکەوێت.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO